هه‌واڵ

نزیکەی ١٤٥ هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر کراون

زێدپرێس

 

ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی ١٤٥ هەزار کرێکار و بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵاتییش دەڵێ، هەندێک لە خاوەنکاران نایانەوێت کرێکاران دەستەبەر بکرێن.

 

مەریوان عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی ڕاگەیاند: “پێویستە هەر خاوەن پڕۆژەیەک کرێکارەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێرێت تاکوو خۆیان دەستەبەر بکەن. لەو دەستەبەرەدا، ٥٪ی مووچەی کرێکار و ١٢٪ی داهاتی خاوەنپڕۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنەشینی و دوای ئەوەی کرێکار گەیشتە خانەنشینبوون، خانەنشینییەکەی دەدرێتێ”.

گوتیشی “جگە لە پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نابێت هیچ کرێکارێک مووچەکەی لە ٣٥٠ هەزار کەمتر بێت”.

بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە ٣٩ی ١٩٧١ و یاسای کاری ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧.

بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، ٢٠ ساڵ خزمەت و ٦٠ ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش ١٥ ساڵ خزمەت و ٥٥ ساڵ تەمەن دیاری کراوە. بەوەش تاکوو ئێستا ٨٨٠ کەس خانەنشینی وەردەگرن.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، تا ئێستا ١٤٤ هەزار و ٩٣٠ کرێکار دەستەبەرکراون.

ناوبراو گوتیشی: “هەندێک خاوەنکار دەیانەوێت کرێکاران دەستەبەر نەکرێن، هانیان نادەن و زانیارییان لێ دەشارنەوە، لەبەر ئەوەی نایانەوێت داهاتیان کەم بێتەوە، ئەمەش سزای لەسەرە، بەپێی ماددەی ٩٦، شاردنەوەی زانیاری سزای لەسەرە و تۆمەتبار لێپرسینەوەی لێ دەکرێت. بۆیە پێویستە کرێکاران هۆشیار بن و خۆیان تۆمار بکەن، تا دواتر مافی خۆیان وەرگرنەوە.”

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...