سیاسی
ئاراستەکان

هەڵوێستی عێراقییەکان لە دژی هێرشەکەی ئێران پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر بە جۆش دەخاتەوە

هەڵوێستە سیاسی و جەماوەرییەکانی عێراق لەدژی بۆردمانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دوای چەند مانگێک لە گرژیی نێوانیان، جۆش و خرۆش بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەداتەوە. چاودێران پێشبینی دەکەن کاردانەوەکان کاریگەری ئەرێنییان لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لایەن هەبێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەوەی سەرەوە، دەستپێکی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئەلنەهاری عەرەبییە، پێوەست بە هێرشە هاژەکییەکەی ئێران و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

ڕەتکردنەوەی گوتار و بانگەشەکانی ئێران

هێرشە هاژەکییەی ئێران بۆ سەر ماڵێکی مەدەنی لە شاری هەولێر، کاردانەوەی سیاسی بەرچاوی لە عێراق بەدوای خۆیدا هێنا، کە هەمووان لایەنی هەولێریان گرت و هێرشەکەیان شەرمەزار کرد. ئەو گوتارە ئێرانییەیان ڕەتکردەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ناوەندێکی هەواڵگریی سەر بە مۆسادی ئیسرائیلییە. پاڵپشتییەکە لە عێراقەوە، پشتیوانی خۆی بۆ هەرێم وەک بەشێک لە عێراق دووپات دەکاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لە سەروەری عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییانی هەیە؛ هەرکەسێک بن و لە هەر بەشێکیدا بێت. بەو شێوەیەش هاوکێشەکە لەوەی پرسێکی ڕووبەڕووبوونەوە بێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بۆ پرسێکی عێراقی- ئێرانی گۆڕا.

 

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاستەوخۆ دوای ڕوودانی هێرشەکە، سەرکۆنەی ئێرانی کرد، هەروەها فەرمانی دەرکرد بە پێکهێنانی لێژنەیەکی ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لێژنەکە ڕاستەوخۆ بۆ ڕۆژی دواتر دەستی بە کارەکانی کرد و سەردانی شوێنە بەئامانجگیراوەکەی کرد. ئەعرەجی بانگەشەکانی ئێرانی ڕەتکردەوە و سروشتی مەدەنی ماڵەکەی پشتڕاستکردەوە، لەپاڵ ڕاگەیاندنی ئامادەیی عێراق بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتییەکانی.

 

ئەعرەجی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، باسی لەوە کرد، هێرشەکە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران پێوەست بە هەرێمی کوردستان هەیە.

 

ڕاستەوخۆ دوای ئەوە، سوودانی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە، کە بڕیاربوو لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس کۆببنەوە، هەروەک مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم کە لە هەمان کۆڕبەنددا بەشدار بوو، کۆبوونەوەکەی ڕەتکردەوە.

 

زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسی و پەرلەمانی و گشتییەکان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش هەمان هەڵوێستیان نواند، تەنانەت ئەوانەی نزیک لە ئێرانیش بوون. هێرشەکەی ئێران کە قوربانی سڤیلی لێکەوتەوە و لەناویاندا منداڵێکیش هەبوو، جگە لە ناسازی بانگەشە ئێرانییەکە، بواری بێلایەنی بۆ لایەنە جیاجیاکانی عێراق نەهێشتەوە، ئەمەش وایکرد هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستان ستایش و سوپاسیان بکەن، لەکاتێکدا هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و کەسایەتییەکی سیاسی دیاری ناوچەکە، بە تەنیا سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی ڕەوتی سەدر کرد.

ڕادەی توڕەیی هەرێمی کوردستان لە بەشداری بەربڵاوی فەرمی و جەماوەری لە پرسەی قوربانیانی هێرشەکە، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی دهۆک دەرکەوت.

 

هەڵپەساردنی ڕێککەوتنی ئەمنی

لە بەهێزترین هەڵوێستی نیشتمانیدا، سابت ئەلعەباسی، وەزیری بەرگری عێراق ئاماژەی بە ئەگەری هەڵپەساردنی ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران کرد. ناوبراو سەرکۆنەی بۆردمانی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و بە تەواو قبوڵنکراوی دانا و ئاماژەی بە ئامادەیی هێزەکانیان کرد بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە دەرەکییەکان، ئەمە یەکەمجارە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بەرانبەر بە ئێران لەلایەن هەر بەرپرسێکی عێراقییەوە ڕابگەیەندرێت.

 

سەرکۆنەکردنی فەرمی و سکاڵای نێودەوڵەتی

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر کوردستان کرد، وەزارەتەکەی بانگهێشتی بەرپرسی کاروباری ئێرانی لە عێراق کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی پێدا، کە تیایدا جەختکراوەتەوە لەوەی هێرشەکەی سەر شاری هەولێر دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری وڵات و خراپ بەکارهێنانی دراوسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەکە.” ئەوە ڕاستەوخۆ دوای چەند ڕۆژێک لە ڕووداوەکە، هەروەها یەکەم ڕێکاری لەبەرگیراوبوو لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا.

 

چاودێران چاوەڕوانی هەڵوێستی لەو جۆرەیان لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە نەدەکرد، کە لە ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە پەیوەستن بە ئێرانەوە و تەنیا کاتێک هەڵوێستیان هەبووە، کە خاکی عێراق کەوتبێتە بەر هێرشی تورکیا و ئەمریکا. هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە شێوەیەکی نەریتی پشتیوانی گێڕانەوەی ئێرانیان کردووە، لە ڕێگەی کەسایەتی و پلاتفۆرمی میدیایی خۆیانەوە، کە هەرێمی کوردستان و ستراتیژییەکانی بە بەرپرسیار دەزانن لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆردمانی ئێران، چونکە بەشێک لە بەرهەڵستکارانی ئێرانی لەخۆدەگرێت. هەندێک کەسایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتی ڕووداوەکەی ئەم دواییەدا هەمان کاریان کرد، بەڵام بە شێوەیەکی ترسنۆکانە.

 

هۆکارەکانی هەڵوێستە نیشتمانییەکان

سلێمان عوسمان توێژەر لە سەنتەری ئەلفورات بۆ لێکۆڵینەوە، لە ئەو هۆکارانەی ڕوونکردەوە کە وایکرد زۆربەی هێزەکانی عێراق و دەسەڵاتە فەرمییەکان بە ئیرادەیەکی ڕوون لەتەک هەرێمی کوردستان بوەستن و دەڵێت: ئەوەی لەوێ ڕوویدا، شتێک بوو کە نەدەکرا بێدەنگی لێ بکرێت، قەبارەی کارەساتەکە و قوربانییە مەدەنییەکانی و ناسازی گێڕانەوە و پاساوەکانی ئێران، لەگەڵ لێکەوتەکان لە دۆخی چاوپۆشیکردن لە داهاتوودا، دۆخێکی لەمەڕ هەرێمی کوردستان دروست دەکرد، کە دەسەڵاتی فەرمی بەسەرەوە نەبێت-بەمانای بەشێک لە عێراق نەبێت- لەبارێکدا دەسەڵاتی فیدڕاڵی داکۆکی لە ئەرکە دەستوورییەکانی نەکردووە، “ئەمەش وردبینی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و حکوومەتی فیدڕاڵی نییە بە ئاڕاستەی پارێزگاری لە کورد لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسی وڵاتدا، لەبارێکدا کە هەر ساتێک چاوەڕوانی گەڕانەوە و پەرەسەندنی ڕەوتی سەدر دەکات لە بەرانبەریاندا، لەکاتێکدا کە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی لەکارخراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەهێزەوە دەرکەوتووەتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەو هێزە سیاسییانە قورساییە کەمترەکەیان هەڵبژارد، شتێک کە تاڕادەیەک لای ئێران قبوڵکراو بێت و لە داهاتوودا بتوانێت تێیپەڕێنێت و هەرێمی کوردستانیش بەرپرسیار بێت لە دەرئەنجامەکانی هەڵوێستی پارێزگارانەی خۆی لە داهاتوودا”.

 

لەئاستی جەماوەری و سیاسی و گشتیی هەرێم هەڵوێستی دەسەڵات و لایەنە عێراقییەکان بەرز نرخێندرا، بەتایبەتیش لەو کاتەدا کە ڕێککەوتن لەمەڕ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە کرا  و ئەمەش کەشێکی ئەرێنی بۆ پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی هێنایە ئاراوە.

 

بەیاننامەکەی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەرکراوە و تیایدا هێرشەکەی ئێرانی سەرکۆنە کردووە، کاردانەوەیەکی ئەرێنی وەرگرتووەتەوە، بەتایبەتی کە ئاسایشی هەرێم و سەلامەتی دانیشتووانەکەی بە بەشێک لە ئاسایش و سەلامەتی گشتی لە سەرتاسەری عێراق لەقەڵەمداوە، ئەمەش سیمایەکی هەرێمایەتی بە پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بەخشی. هەڵوێستی کۆمکاری عەرەبی توڕەیی ئێرانی بەداواداهات و داوای کرد “هەوڵ و توانا سیاسی و یاسایی و نێودەوڵەتییەکانی خۆی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەکاربهێنێت”، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وای گوت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button