هه‌واڵ

حکوومەت و کۆمپانیاکان تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن

شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی چوارشەم ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز  کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە سەبارەت بە یاسای بودجە و نەوت و تیشک خراوەتە سەر هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستورییەکانی هەرێم بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا “نیازی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ڕیشەیی جەختی لێکرایەوە و ئاماژە بەوەدرا ئەوەی لەسەر حکوومەتی هەرێم بووە ئەنجامیداوە تاکو گفتوگۆکان بگەنە ڕێککەوتن و چارەسەر، ئاماژە درا هەرێمی کوردستان ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکان خستوویەتییە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.

لە هەمان لە کۆبوونەوەدا “خواستی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو، کە ئەم بابەتەش پێویستی بە ڕێگاچارەی هاوبەش و  لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگارییانە کراوە کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هاتۆتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت، کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروستبووە، “بەسوپاسەوە تیشک خرایە سەر خۆڕاگری کۆمپانیاکان و  لەبەرانبەر ئەو ئاستەنگانەی کە هاتۆتە بەردەمیان و ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن و بڕیار درا کە ئەم جۆرە کۆبوونەوە هاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، ئەمەش لە پێناو دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق”، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...