سیاسیكۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

تێکەڵ نەکردنەوەی یاخیبووانی سووننەی عێراق بە کۆمەڵگە زیانی زۆر دەبێت

خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی پێشتر بە داعش بەسترابوونەوە هەڵەیە

لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

 

سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا بۆ ماوەی دوو سەدە سەرقاڵی جەنگ دژی تیرۆر بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمریکا پێشڕەوی وڵاتانی جیهانی کرد لە دژی داعش، هێزێکی پێکهاتوو لە موسڵمانی سووننەی جیهادی، کە تاوەکوو ٢٠١٦، حکوومڕانی ناوچەیەکی هێندەی بەریتانیایان دەکرد و بە تامەزرۆییەوە ویستی داگیرکردنی جیهانیان هەبوو بۆ خەلافەتەکەیان. بەڵام چوار ساڵ دوای ئەوەی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا کۆتا جێگەی ژێردەستی داعشیان لە عێراق و سووریا گرت، نیازی جێهێشتنی پاشماوەکەیان هەیە.

 

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیان هەزار ژن و منداڵ لە جیهادییە گیراوەکان لە کەمپی (هۆل)دا گیراون. لە عێراقدا، لایەنگرانی جیهادییەکان، خێزانەکانیان، ئەو ئاوارانەی لەلای داعش گیرسابوونەوە، لەگەڵ ئەوانەی لە کەمپەکاندا گیرابوون، کەمێک ژیانیان باشتر بووە. ئێستا گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگەکانی عێراق دوورە، بۆیە هێشتا دەکرێت هەڕەشە بن، “عێراق هێشتا لاوازە،” دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوا لە بەغدا گوتی. “بەبێ گەڕانەوەیەکی سەقامگیرانە، ئەگەرێکی زۆر هەیە ئاوارەبووان بگەڕێنەوە ژێر کاریگەرییە توندڕەوانەکەی داعش.”

نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی ئەوان و خێزانەکانیان دەخاتە ئەستۆی ڕژێمە شیعەییەکەی عێراق و میلیشیا هاوپەیمانەکانی، کە مێژوویەکی پڕ تۆڵەیان لەگەڵ دوژمنەکانیان هەیە. لە نووسراوێکی مانگی شوباتی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتبوو، ٨٠٪ی پڕۆگرامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پارێزگاریکردن لە منداڵان و قوربانیانی توندوتیژییە جێندەرییەکان ئەم هاوینە دادەخرێن.

نزیکەی ١٠٠ هەزار ئافرەت و منداڵانی بەستراو بە چەکدارانی داعشەوە لە کەمپی هۆل کەرەنتینە کرابوون لە دوای جەنگەکە. ژنانی فەرماندەکانی داعش لەگەڵ ئەو کچانە دانراون، کە بە ناچاری هاوسەرگیریان پێکراوە. وڵاتانی وەک بەریتانیا ڕەتیان کردووەتەوە هاووڵاتیانی خۆیان وەربگرنەوە. عێراقیش گەڕانەوەی نیشتمانیانی لە کەمپی هۆلەوە ڕاگرتووە.

ئەو گرووپە کوردییە دەسەڵاتدارەی ناوچەکە، کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکات، دەبێت کەمپەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام کارمەندانی هاریکاری دەڵێن هەر کەس بۆ خۆیەتی. ئەو ئافرەتانەی دڵسۆزی داعشن لەڕێی چەکەوە دەسەڵاتیان گرتووەتەدەست و ڕاهێنان بە نەوەیەکی نوێ دەکەن بە پەیڕەوکردنی ئایدیۆلۆجی جیهادییەکان. کوشتن باوە. “زیاتر بنکەیەکی داعشە وەک لەوەی زیندان بێت،” بە گوتەی توێژەرێکی ڕۆژئاوایی کە ئاگاداری شوێنەکەیە.

 

ئەو ئافرەتانەی دڵسۆزی داعشن لەڕێی چەکەوە دەسەڵاتیان گرتووەتەدەست و ڕاهێنان بە نەوەیەکی نوێ دەکەن بە پەیڕەوکردنی ئایدیۆلۆجی جیهادییەکان

 

کەمپەکە بە چەندین تونێل کوونکراوە، کە داعش لەڕێگەیانەوە چەک دەهێنێتە ژوورەوە. زیندانیان بەبێ ئاگاداری دێنە دەرەوە. لە کاتێکدا پڕۆسەی گەڕانەوەی دەستبەسەرکراوان بۆ زێدی خۆیان زۆر بە خاوی دەڕوا، دانیشتوانی هۆل نزیکەی نیو ئەوەندە کەمی کردووە، بەهۆی بە نهێنی دەرچوونیان. بەڵام هێشتا نزیکەی ٤٢ هەزار کەس لەخۆ دەگرێت، لەوانەیش، ٢٤٥٠٠ کەسیان عێراقین.

دایکان پارەی دەرچوونیان لە هۆل دەست دەکەوێت بە فرۆشتنی منداڵەکانیان بە میلیشیا کوردەکان، سووننەکان، شیعەکان، یان داعش، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بکرێن بە سەرباز. دەگوترێت، کەتائیب حزبوڵا، کە گرووپێکی میلیشیایی شیعەیە لە عێراق، بڕی ٣٠٠٠ دۆلار داوا دەکات بۆ ئەوەی زیندانییەک لە کەمپەکە دەربێنێت و لە سنوور بیپەڕێنێتەوە بۆ عێراق. حکوومەتانی ڕۆژئاوا، کە خواستی گەڕانەوەی توندڕەوانیان نییە، دەستیان لە کێشەکە دەشۆنەوە. “ئەوان خوازیاری سەرهەڵدانی پەتایەکی کۆلێران،” بە گوتەی ڕاوێژکارێک کە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کار دەکات.

 

کەتائیب حزبوڵا، کە گرووپێکی میلیشیایی شیعەیە لە عێراق، بڕی ٣٠٠٠ دۆلار داوا دەکات بۆ ئەوەی زیندانییەک لە کەمپەکە دەربێنێت و لە سنوور بیپەڕێنێتەوە بۆ عێراق

 

بە نووسراو، عێراق گەورەترین پڕۆگرامی گەڕانەوەی هەیە بۆ ئەوانەی لە هۆل گیراون. لە ٢٠١٩، حکوومەتەکەی بەڵێنی بە گێڕانەوەی هەموو عێراقییەکانی ناو کەمپەکەی دا. بۆیە کەمپێکی کاتی لە عێراق، بە ناوی (جەدە ١) دروست کرد، لە باشووری مووسڵ، گەورەترین شاری ژێر دەسەڵاتی خەلافەتەکە، بۆ ئەوەی ببێتە ڕێڕەوێک بۆ وەرگرتنەوەی گیراوانی هۆل، دواتریش گەڕاندنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگەکان. بڕیار بوو لە (جەدە ١) سێ مانگ چارەسەری دەروونی پێشکەشیان بکرێت، بەڵام کارمەندانی هاریکاری ناوی “گوانتانامۆی عێراق”یان پێی دابوو. زیندانیان پێویستیان بە مۆڵەتی ئاسایش و کەفیلە بۆ ئەوەی بەجێی بهێڵن. بەڵام کەم کەس ئەوانەیان پێ دەدرێت و زۆریش لەوێ گیریان خواردووە.

مرۆڤدۆستانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ پاسەوانانی عێراق بەردەوام لە مشتومڕدان لەسەر ناوچەی ژێردەسەڵاتیان، پارەی هاتوو و ئەجێندایان. کارمەندانی هاریکاری دەڵێن گێچەڵی سێکسی باوە، لە لایەن کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو عێراقییانەی بەرپرسیارن لە پێدانی مۆڵەتی ئاسایش لە (جەدە ١)، ئەوە لە کاتێکدایە، کە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لێکۆڵینەوەی لێ ناکرێت. دوای چەندان هەفتە داواکاری، ئەو ئاژانسانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بەرپرسیارن لە پارەتەرخانکردن بۆ ئەم پڕۆسەیە، ڕەتیان کردەوە چاوپێککەوتن لەسەر ئەم وتارە ئەنجام بدەن.

 

تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لێکۆڵینەوەی لێ ناکرێت. دوای چەندان هەفتە داواکاری، ئەو ئاژانسانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بەرپرسیارن لە پارەتەرخانکردن بۆ ئەم پڕۆسەیە

 

حکوومەتی عێراق ئەو کەمپانەی داخست کە ٥ ملیۆن کەسی ئاوارەبوویان، بەهۆی داعش، لەخۆ دەگرت. زۆرینەیان ماڵیان نییە بۆی بگەڕێنەوە. هەزاران خانوو و باڵەخانە ڕووخێنران لەماوەی جەنگی داعش، یان کەسانی دی هاتوونەتە ناویان. ئەو کەسە بەبەختانەی گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان زۆرجار خراپ و نادادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. “کاتێک دەچنە دەرەوە لە لایەن هاوسێکانیان گێچەڵیان پێ دەکرێت و پێیان دەڵێن ‘ئێوە داعشن'” بە گوتەی توێژەرێکی دامەزراوەیەکی ئەمریکی.

پەڵەی پەیوەستبوون بە داعش بە شێوەیەکە، کە ئەوانەی گەڕاونەتەوە زۆر جار بە مەرگ هەڕەشەیان لێ دەکرێت. تەنانەت هەندێکیان کوژراون. ئەو میلیشیا عێراقییانەی دەستیان لە گرتنەوەی ناوچەکە هەبوو، ئەوانیان دەردەکرد، بەگوێرەی نووسراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان لە بنکەکانی پشکنین بەرتیلیان وەردەگرت. نزیکەی ملیۆنێک لەوانە، ئێستا لە ناوچە بێ چاودێرییەکان دەمێننەوە، وەک گەراجەکانی مووسڵ. نزیکەی ٤٣٠ هەزار کەس ناسنامە بنەڕەتییەکانیان نییە. دەسەڵاتدارانی عێراق ئامادەنین ددان بە نووسراوەکانی هاوسەرگیری، لەدایکبوون، یان مردن بنێن، کە لە لایەن داعشەوە دەرکراون. بەرپرسە ناوخۆییەکان ئافرەتان ناچار دەکەن لە مێردە داعشەکانیان جیا ببنەوە تاوەکوو مۆڵەتی ئاسایشیان پێ بدرێت، تەنانەت ئەگەر بێوەژنیش بن. ئەوانە هەمووی سەختتری دەکەن بۆ ئەوەی کار بدۆزنەوە و لە کاتی پێویستی سەردانی بنکەکانی تەندروستی بکەن، بە خاڵەکانی پشکنیندا تێبپەڕن، یان منداڵەکانیان لە قوتابخانەکاندا تۆمار بکەن.

 

بەرپرسە ناوخۆییەکان ئافرەتان ناچار دەکەن لە مێردە داعشەکانیان جیا ببنەوە تاوەکوو مۆڵەتی ئاسایشیان پێ بدرێت، تەنانەت ئەگەر بێوەژنیش بن

 

هەندێک لە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ڕوونی دەکاتەوە لەبەرچی ڕێکخراوە جیهانییەکە چی دیکە چاودێری پڕۆسەی گەڕانەوەکە ناکات، دەڵێن پێویستە عێراق بەرپرسیارێتیی تەواو هەڵبگرێت، چونکە نوقمی نەوتە. ئەم ساڵ، بودجەکەی ١٥٠ ملیار دۆلارە. بەڵام هەمان ئەو بەرپرسانە، ناپرسن کە ئاخۆ حکوومەتی شیعە-باڵادەستی عێراق، ئەگەری چەندە پارێزگاری لەو سووننانە بکات، کە هێشتا گومانی ئەوەیان لێ دەکات سۆزیان بۆ ئەو دوژمنەیان هەبێت، کە شیعەکانی جینۆساید کردووە.

زۆربەی ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتی داعش ژیاون، خوازیاری سەرەتایەکی نوێن. دوای ئەوەی داعش لە کۆتا بەرەنگاربوونەوەی، لە سەرەتای ٢٠١٩ شکستی پێ هێنرا، لە شارۆچکەی باغووزی سووریا، کە دەکەوێتە سەر فوڕات، ڕێک لە باکووری سنوورەکەی لەگەڵ عێراق، بەشێک لە پاڵپشتیکارانی ڕوویان لە ناوچە دوورەدەستەکانی وەک ساهێڵ و ئەفغانستان کرد.

تاوەکوو ئێستا، هاوسۆزانی کینە لە دڵی ماون. ئەم هاوینە، یەکێکی دیکە وەک خەلیفەی نوێی داعش ڕاگەیەنرا، ئەبوحافز ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی. لەو کاتەوە هێرشی سەر ڕێگاوبانەکان و هێرشی دیکەی لە سووریا دەست پێ کردووە. “تەنیا ڕێ بۆ نەوەیەکی نوێی داعش خۆش دەکەن،” چاودێرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی. هەڵەکردن لە پڕۆسەی گەڕانەوەکە دەکرێت ببێتە کڵپەی گەڕانەوەیەکی کارەساتئامێزتر.

 

 

سەرچاوە: ئێکۆنۆمیست.

ئەم وتارە لەژێر ناونیشانی “هێشتا دەرفەتی ناونووسکردن ماوە” لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای ڕۆژنامە چاپکراوەکە دەردەکەوێت.

 

سه‌رچاوه‌
لینکی ڕاپۆرتەکە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...