كۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

لە فەڕەنسا چەند قوتابی موسڵمان گەڕێندرانەوە ماڵەوە؟

هانا چۆمانی

 

ڕۆژی دووشەم، ٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، یەکەم ڕۆژی خوێندن بوو لە فەڕەنسا، بڕیاڕی قەدەخەکرنی عەبای عەرەبی کە مۆرکێکی ئاینی وەرگرتووە، خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

بڕیاری قەدەخەی حیجاب بوو یان عەبا

حکوومەت و سیستەمی فەڕەنسا سیکۆلارە، لە ساڵی ١٩٩٦ەوە حکوومەت بڕیاریداوە سەرجەم ڕەمزە ئایینییەکان قەدەغەبن لە ناوەندەکانی خوێندن دا.

هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، جارێکی دیکە بڕیاریدا، کە سەرجەم ڕەمزەکانی (خاچ، جلی ڕاهیبەکانی کەنیسە، ڕەمز و کڵاوی جووەکان و جلوبەرگی هاخامەکان، ڕەمزی پێڕەوانی زەردەشتی، جلوبەرگ و تەسبیحی بودا و هیندۆس و هەموو جۆرە ملەوانکە و گوستیلەیەکی ڕەمزی ئاینی و بێ ئاینی) لەناوەندەکانی خوێندندا قەدەغەن.

بەو شێوەیە، لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە، حیجاب لە ناوەندەکانی خوێندن و دواتریش لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە کرا، ئەوەش لە مانگی ڕابردوو بڕیاری قەدەغەکردنی درا، حیجاب نەبوو، بەڵکو “عەبا” بوو.

لە ساڵی ٢٠١٠، بەهەمان شێوە نیقاب و تاتۆش ئەگەر ڕەمزی ئاینی بێت قەدەغەکران، ساڵی ٢٠١٨دا بۆرکینی لەکەناراوە ئاوییەکانی فەڕەنسا قەدەغەکرا.

ئەمساڵ حکوومەتی فەڕەنسا بەفەرمی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن “عەبا یان مانتۆی عەرەبی”، کە گوایە ئیسلامییە، بەڵام ئیسلامی نییە و بەڵکو ستایلێکی عەرەبی ـ تورکییە قەدەغە کرد.

دوێنێ دووشەم، یەکەم ڕۆژی خوێندن، بڕیارەکە لە گشت ناوەندەکانی خوێندن خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەگوێرەی دوایین ئاماری (زە لۆکەڵ) نزیکەی ٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار موسڵمانی (جەزائیر، مەغریب، تونس، سودان و سۆماڵ، تورکیا، یوگسلافیایی کۆن، کۆسۆڤۆ و بولگاریا…هتد)، لە فەرەنسا دەژین. بەڵام تەنیا ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزاریان نوێژ دەکەن و پابەندی بنەماکانی ئیسلامن، ئەوانەی دیکە تەنیا بە موسڵمانی یان لەدایک و باوکێکی موسڵمان لەدایک بوون.

لە فەڕەنسا ٢ هەزار و ٤٠٠ مزگەوت هەن. بەپێی نوێترین داتای نووسینگەی ئاماری نیشتمانی فەڕەنسا، بەڕێژەی ٢٠٪ی موسڵمانانی وڵاتەکە بە بەردەوامی دەچنە مزگەوتەکان.

تەنیا ٣٠٪ی ژنانی موسڵمان لە فەڕەنسا لەچک و حیجاب دەکەن، هەروەها لەکۆی گشتی ژنانی موسڵمان لەو وڵاتەدا، بەڕێژەی ٥٨٪یان ئامادەنین هەرگیز حیجاب و نیقاب بکەن و باوەڕیان پێی نییە.

 

لە یەکەم ڕۆژی خوێندندا

لە فەڕەنسا نزیکەی ٤٥ هەزار قوتابخانە هەن. یەکەم ڕۆژی خوێندنی ئەمساڵ، ١٢ ملیۆن قوتابی چوونە بەر خوێندن، لەو ژمارەیە نزیکەی ٥٦ هەزاریان موسڵمانن، ٦٤ قوتابخانەی تایبەت بە موسڵمانان هەیە، لەو ناوچانەی کە سەدا سەدی موسڵمانن.

لە کۆی ٥٦ هەزار قوتابی موسڵمان لە فەڕەنسا، تەنیا ٢ هەزار و ٧٠٠ قوتابی کچ عەبای عەرەبی ـ تورکی ـ ئیسلامیان دەپۆشی و پۆشیوە، بەڵام دوای بڕیاری قەدەغەی عەبا تەنیا نزیکەی ٣٠٠ قوتابی بە “عەبا”ەوە چوونەتەوە قوتابخانە، بەڵام جگە لە ٦٧ قوتابی، سەرجەم کچە قوتابییەکانی دیکە لەبەردەم قوتابخانەکە پابەند بوون بە لابردنی عەبا.

بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی فەڕەنساوە داڕێژراون، لە هەنگاوی یەکەمدا کارمەندانی قوتابخانەکان گفتوگۆیان لەگەڵ ئەو کچە قوتابییانە کردووە، کە بە جلوبەرگی قەدەغەکراوەوە هاتوونەتە قوتابخانە، تەنیا ٦٧ لە کچە قوتابییەکان ڕازی نەبوون عەباکانیان لابدەن و هەموو ئەوانی دیکە ڕەزامەندییان لەسەر لابردنی عەبا داوە و چوونەتە هۆڵەکانی خوێندنەوە.

هەنگاوی دووەمی وەزارەتەکە گفتوگۆکردنە لەگەڵ بنەماڵەی کچە قوتابییەکان لەپێناو پابەندبوونیان بەپۆشینی جلوبەرگی ڕێپێدراو و ئەگەر هەر ڕەزامەند نەبن. ئیتر بەیەکجاری لە خوێندن بەدەر دەکرێن.

ئەو ٦٧ قوتابییە ئامادەنەبوون عەباکەیان دابکەنن، گەڕانەوە ماڵەوە و ڕێگەیان نەدرا بچنە هۆڵەکانی خوێندنەوە. ئەوانی دیکە سەرجەمیان پابەند بوون بە بڕیارەکە و عەباکانیان داکەند و دەستیان بە خوێندن کرد.

حکوومەتی فەڕەنسا دەڵێت، هیچ ڕەمز و هێمای ئایینییەکانی (موسڵمانان، جوو، مەسیحییەکان، هیندۆس و بودا …هتد) قبوڵکراو نین لە ناوەندی خوێندن و پەروەردە، چونکە سیستەمی فەرەنسا سیکۆلارییە و ئەوەی ڕازی نییە دەتوانێت وڵاتەکە جێبهێڵێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button