ڕاپرسییەکی جیهانی: تورک، فارس و عەرەبی عێراقی لە ڕەگەزپەرستترین نەتەوەکانی جیهانن
زێدپرێس-شکۆ شێرکۆ
ئەگەرچی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وڵاتانی فرەنەتەوە و فرەئاین ناسراون، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانیان، بە فۆڕمی سیاسی و حکوومڕانی هەمەجۆریانەوە، بەردەوام شکستیان هێناوە سوود لەو جیاوازییانە وەرگرن. بەدرێژایی ساڵان، دەمارگیریی ئاینی و نەتەوەیی، تایبەتمەندی و پێوەری سەرکردەکان و دەسەڵات بووین. سەرەڕای هەبوونی هەموو ئەو ئاژاوانەی نەتەوەپەرستی و جیاوازی لەسەر بنەمای ئاین لە کۆن و ئێستادا درووستیان کردوون، لایەنانی دەسەڵاتدار ئامادە نەبووین بۆ جارێکیش بێت مافی پێکهاتەکانیان بپارێزن، ئێستاش لە گەرمەی پێشکەوتنی گشت ڕەهەندەکان لە سەرانسەری جیهان، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست سەرەتاییترین کێشەکانەوە دەناڵێنن.
بەهۆی ئەنجامدانی ڕاپرسییەکە لەسەر ئاستی وڵاتەکان و پۆلێنکاری بەو پێوەرە، کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت جیا نەکراوەتەوە و مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ نەکراوە.
ئەگەر بمانەوێت لە ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە زانیاریی پێوەست بە دۆخی کورد هەڵبهێنجین، دەبێت سەرنج بخەینەسەر وەڵامی هاووڵاتییانی عێراق، ئێران و تورکیا. لە هەمان کاتدا، بەهۆی بەهەڕەمەکی هەڵبژاردنی نموونەکان، پێویستە لە نەتەوەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە دڵنیا ببینەوە.
بەهۆی ئەنجامدانی ڕاپرسییەکە لەسەر ئاستی وڵاتەکان و پۆلێنکاری بەو پێوەرە، کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت جیا نەکراوەتەوە
لە ئەنجامە دێمۆگرافییەکان دەردەکەوێت، کورد لە عێراق ١٤.٧٪، لە ئێران ٦.٨٪ی نموونەکان پێک دەهێنن، لە تورکیاش بەبێ ڕوونکردنەوە، نەتەوەی نموونەکان بە بەتاڵی جێهێڵدراوە. لە عێراق و ئێران، عەرەب و فارس زۆرینەی ڕەهای نموونەکان پێک دەهێنن، ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکەین لە تورکیاش تورک زۆرینە پێک بهێنن، دەتوانین وای دابنێین کە هەڵوێست و بیروڕای نموونەکان پتر نوێنەرایەتی کۆمەڵگەکانی عەرەب، فارس و تورکەکان دەکەن، نەک کوردەکان.
بەگوێرەی ئەنجامی ئەو پرسیارانەی کە تایبەتن بە پێکەوەژیانی نەتەوە و زمان جیاوازەکان، ٤١.٢٪ هاووڵاتیانی تورکیا، ٣١.٨٪ لە عێراق و ٢٧.٦٪ لە ئێران، قبووڵیان نییە هاوسێی خێزانێکی ڕەگەز جیاواز بن، ئەوەش یەک لە دوای یەک دەیانخاتە پلەکانی ٦١، ٥٧، ٥٥ ڕەگەزپەرستترین وڵاتەکان لە کۆی ٦٤ وڵات.
سەبارەت بە هاوسێی پەنابەر/کرێکاری بیانی، ٤٨.١٪ هاووڵاتیانی تورکیا، ٤١.٨٪ هیی ئێران و ٣٨.٥٪ لە عێراق، ناڕەزاییان دەربڕیوە، دووبارە هەر سێ وڵاتەکە لە پلەکانی کۆتایی دێن.
بۆ هاوسێی زمان-جیاوازیش، سەرسامکەرانە عێراق ئەمجارەیان لە پێشەوەی سێ وڵاتەکەیە، بە ڕێژەی ٤٠.٢٪، ئەوە سەرەڕای ئەوەی عێراق تاکە وڵاتە لە نێوان ئەو سێیە بە دەستوور زمانێکی دیکەی -کە زمانی کوردییە- بە زمانی فەرمی دانابێت، جیا لە زمانی زۆرینەی دانیشتووانی کە عەرەبییە.
لە تورکیا ٣٥.٩٪، ئێرانیش ٣١.٤٪، سێبارە لە پلەکانی کۆتا دێن. کاتێک پرسیاری ڕاستەوخۆ لە بەشداربووان کرا، سەبارەت بە متمانەکردن بە نەتەوەی جیاواز، ٦٦.٨٪ وەڵامدەرانی عێراق پێیان وابوو متمانەیان هەر پێ ناکرێت یان زۆر کەم متمانەیان پێ دەکرێت، ٦٤.٤٪ بیروڕای ئێرانییەکان بوو، لە تورکیاش ٦٥.١٪.
سەبارەت بە قبووڵکردنی ئاینی جیاوازیش، ٦٢.٨٪ی نموونەکانی تورکیا زۆر کەم متمانەیان بە کەسانی ئاین-جیاواز هەیە یان پێیان وایە متمانەیان هەر پێ ناکرێت، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە ٦٤.٢٪ بەرزترینە لە عێراق، هەروەها نزمترینە لە ئێران، ٦٣.١٪ خەڵکەکە تا ڕادەیەکی باش یان هەر زۆر متمانەی بە کەسانی ئاین جیاواز دەکەن. کاتێکیش پرسیاری هەبوونی هاوسێی ئاین-جیاوازیان لێ کرا، ٤١.٤٪ بەشداربووانی تورکیا بیرۆکەکەیان بەدڵ نەبوو، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە لە عێراق ٣٤.٨٪ و لە ئێرانیش ٣٣.٨٪ بوو، کە یەک لە دوای یەک دەیانخاتە پلەکانی ٦٠، ٥٨ و ٥٧.
شەپۆلی شەشەمی ڕاپرسییهكه دەریدەخات کە فۆڕمهكانی دەمارگیری، له توركیا و عێراق، بە ڕێژەی ٥-١٠٪ بە گشتی، لە ماوەی ٥-٦ ساڵدا بەرزبوونەتەوە
شەپۆلی شەشەمی هەمان ڕاپرسی کە لە ساڵانی ٢٠١٢ لە تورکیا و ٢٠١٣ لە عێراق ئەنجامدراون (ئێران وڵاتێکی بەشدار نەبوو لەو شەپۆلەدا)، دەریدەخەن کە گشت ئەو فۆڕمانەی دەمارگیری، کە لە سەرەوە باسکراون، بە ڕێژەی ٥-١٠٪ بە گشتی، لە ماوەی ٥-٦ ساڵدا بەرزبوونەتەوە. ئەو ئامارانە پێویستە زەنگی مەترسی بن بۆ حکوومەتەکان و هەڵوێستەی جددیان لەسەر بکرێت تاوەکوو گرووپی توندڕەوانەی زیاتر لەناو کۆمەڵگەکان سەریان هەڵنەداوە.