كۆمه‌ڵایه‌تی

فریال خدر کچە ڕفێنراوی ئێزدی چۆن ڕزگار کرا

زێدپرێس

 

ڕزگارکردنی کچێکی ڕفێنراوی دەست داعش لە سوریا، بە چەند جۆرێك گێڕدرایەوە، بەڵام لە بەدواداچوونی زێدپرێسدا، دەرکەوت گێڕانەوەکان ڕاست نین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەفتەی ڕابردوو، هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕزگارکردنی کچە ڕفێنراوێکی ژێر دەستی داعشیان ڕاگەیاند. گوایە، کچەکە لەلایەن هێزەکانی یەپەشە و یەکینەکانی بەرخودانی ژنانی ڕۆژاڤا لە کەمپی هۆل دۆزراوەتەوە و ئەوانیش دەربازیان کردووە.

هاوکات، ڕۆژی چوارشەم ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی ژێر دەستی داعش، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، کچە ڕفێنراوە ئێزدییەکە، پاش دۆزینەوەی لە کەمپی هۆل، ڕۆژی پێشتر(١٩ی ئەیلوول) لەلایەن چەند کەسێکەوە ئازاد کراوە.

فریال خدر، تەمەن ٢١ ساڵ، ئەو، تەمەنی ١٢ ساڵ بوو، کە لەگەڵ هەزاران کچ و ئافرەتی دیکەی ئێزدی، لەسەروەختی داگیرکارییەکانی شنگال لە ئابی ٢٠١٤ ڕفێنرا و بۆ سوریا گواسترایەوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس، کچە ڕفێنراوەکە، نە لە کەمپی هۆل بووە و نە لەلایەن ئەو کەس و هێزانەیشەوە ئازاد کراوە، کە بانگەشەی بۆ دەکەن. بەڵکوو، کچەکە بە هاوکاری ئەفسەرێکی پێشمەرگە و چەند هاووڵاتییەک لە هەرێمی کوردستان و سوریا ڕزگار کراوە.

موقەدەم ئیسلام زێباری، ئەفسەری پێشمەرگە، بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، میدیاکارێکی عەرەب کە لە هەولێر دەژی و هاوڕێیەتی لە نێوانیان هەیە، پەیوەندی بە ناوبراوەوە دەکات و زانیاری لەبارەی کچێکی ڕفێنراوی ئێزدی پێدەدات.

موقەدەم ئیسلام زێباری باسی لەوە کرد، هاووڵاتییە عەرەبەکە، ئاگاداری کردووەتەوە، لەوەی کچێکی ڕفێنراوی ئێزدی لە ماڵی هاووڵاتییەکی سوریا لە شاری ئێدلب داڵدە دراوە و دەیانەوێ هاوکاربن لە ڕزگارکردنی.

بۆ زێباری دەردەکەوێت، کچەکە ڕفێنراوەکە، لەلای داعشێک بووە لە ئێدلیب، شارەکە لەژێر دەستی چەکدارانی بەرەی نوسرەیە. پێش ماوەیەک، ئەو چەکدارە داعشەی کچەکە ڕفێنراوەکەی لابووە، هەڵاتووە و کچەکە ڕفێنراوەکەیش کە ئێستا منداڵێکی هەیە، لەلایەن دراوسێیەکیانەوە داڵدەدراوە.

هەرئەوکات، وێنەی فریال و منداڵەکەی بۆ ئەفسەرەکە دەنێرن. هەمان ئەم وێنەیەی بۆ یەکەمجار لە زێدپرێس بڵاودەکرێتەوە(بۆ پاراستنی کەسێتی منداڵەکە، وێنەکەی لەلایەن زێدپرێسەوە لابردراوە).

بۆ ڕزگارکردنی کچەکە، زێباری پەیوەندی بە چەند کەسێکەوە دەکات، لەناویاندا دوو سەرۆک هۆزی ئێزدی، ئەفسەرێکی دیکەی پێشمەرگە، کە هاوکات ئێزدییە و هەروەها ئەو ماڵە عەرەبەی کچەکەیان لە سوریا داڵدە داوە.

کاتێک فریال خدر دەگەیەننە سەر سنوری نێوان ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ڕۆژئاوا ئاگاداریان دەکەنەوە، کە دەبێت نووسراوێکی بۆ بکرێت بۆ پەڕاندنەوە لە سنور و بەو شێوەیەش کچەکە دەگێڕنەوە، تا نووسراوەکەی بۆ دەکرێت و پاشان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

موقەدەم ئیسلام زێباری، ڕوونیکردەوە، فریال خدر خەڵکی گوندی دووگرێیە، زۆرینەی کەسوکارەکەی بەرەو کەنەدا کۆچیان کردووە و تەنیا برایەکی لێرە ماوەتەوە، کە مامۆستایە لە گوندی دووگرێ.

فریال خدر ئێستا دایکی کوڕێکە و بەخۆی و منداڵەکەیەوە لە هەرێمی کوردستانن، پاش ئەوەی بۆ ماوەی ٩ ساڵ لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش مایەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی موقەدەم ئیسلام زێباری، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، مەراسیمێکی تایبەت بە پێشوازیکردنەوەی ساز بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...