شرۆڤه‌كۆمه‌ڵایه‌تی

پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان و داهاتوو

 

لەم ڕۆژگارەی ئێستاماندا بەهۆی سۆشیالمیدیا و فرەوانبوونی لێکدانەوەکان دەیان جۆر لێکدانەوەی نوێ بۆ جۆری پەیوەندییەکانی مرۆڤەکان درووست بووە، کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرهاویشتەکانی بە هیچیەک لە لێکۆڵەرەوەکانیش کۆنتڕۆڵ نەکرێت و چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە.

سۆشیالمیدیا دۆخێکی خولقاندووە کە هەموومان پێمان وابێت ڕاستی تەنیا لای ئێمەیە و ئێمە ڕێگەداڕێژەری هەمووانین، لەڕاستیشدا ڕەنگە ڕێگەی خۆشمان بۆ دانەڕێژرێت.

ئەم دۆخە وادەکات هەمووان بکەوینە هەڵەی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرانبەر و هەستەکانی بەرانبەر.

لەگەڵ گۆڕانکاری هەمیشەیی و درووستبوونی دەستەواژەی نوێ بۆ ناو قامووسی پەیوەندییەکانی هەموومان بەشێک لەو پەروەردەیەی پێیدا تێپەڕیوین و ماوەتەوە لە خودنائاگایی گشتیماندا، وا دەکات لە هەموو کات قورستر بتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستەواژانەدا بکەین.

قورسایی گەورە لەناو ژناندایە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو دەستەواژانەدا.

بەشی زۆری ژنان شێوازی پەروەردەکەیان وەهایە کە مامەڵەیان لەگەڵ توڕەیی ناوەوەیان بە خەندەیەک و ئارامی بێت، چونکە دڵخۆشی و ئارامی ئەوان بەستراوەتەوە بە ئارامی و دڵخۆشی ئەوانی ترەوە.

لە بنەڕەتەوە ئارامی و دڵخۆشی هیچ کەس بەویترەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو دوو هەستن لە ناخی مرۆڤەوە بۆ خۆی سەرچاوە دەگرێت و ڕەنگدانەوەی دەبێت.

ژنان ئێستا کەوتوونەتە دۆخێک کە پێویستیان بەوەیە دەیان و سەدان جار لە جاران زیاتر بیر لە دەرهاویشتەی هەر ئاکارێکیان بکەنەوە لەگەڵ بەرانبەرەکانیان، تا بەپێی ئەو پەروەردەیەی پێیدا تێپەڕیون بیگونجێنن لەگەڵ ئارامی و دڵخۆشی ئەوانی تردا، کە پێیان وایە ڕێگەداڕێژەری هەمووانن، ئەم دۆخەش بە ڕادەیەک ژیانی ژنان قورس و تاقەتپڕوکێن دەکات کە بەرگەگرتن و مامەڵە لەگەڵ کردنی تا ڕادەی ئەستەم، ئەستەم دەکات.

سەرووی هەموو ئەو کێشانەی کە هەمانە لەسەر ماف و ئازادییەکانی ژنان، دادپەروەری لە مامەڵەکردن و شێوازی ژیانکردنی ژنان دەبێت لە پێشینەی کارەکانمان بێت.

بۆ ئەم بابەتە، دەبێت ورد بیر لە دەرهاویشتەی ئەم دۆخە نوێیانە بکەینەوە کە ئایا ژیانی ژنان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان چی لێ بەسەر دێت و چۆن دەتوانین ڕێڕەوی کارەکانمان بگونجێنین.

بەگشتی دۆخێکی ئاڵۆز لە ئارادایە و پەیوەندییەکان پێویستیان بە بیرلێکردنەوەی وردتر هەیە لەگەڵ هەر یەک لەو گۆڕانکارییانەی دێنە پێشمان و لە ئارادان، ئەوەی دەبێت بکرێت زۆر و زەوەندن و سەرچاوەی دەیان کێشەی جیاوازن لە نێوان مرۆڤەکاندا بە گشتی و بۆ ژنان بەتایبەتی.

 

شادی نەوزاد

چالاکی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...