ئابووریكۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

ڕه‌وشی كرێكاران له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان

ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی*، سەرنجی خستووەتە سەر ڕەوشی کرێکاران و کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا. ڕاپۆرتەکە، کۆمەڵێک زانیاری و داتای گرنگ لەخۆدەگرێت، کە دەتوانێت وێنەیەکی گشتی لەمەڕ دۆخی کرێکاران و کرێکارانی بیانی لە کوردستان و عێراق بخاتەڕوو. لە خوارەوە دەقی ڕاپۆرتەکە هاتووە.

 

ڕەوشی مافی کرێکاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی پێوەرەکانی مافە جیهانییەکان کە ساڵانە لە لایەن یەكێتی نێودەوڵەتی سەندیکاکانی کرێکاران دەردەکرێت و هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ دۆخی مافەکانی کرێکاران لە ئاستی جیهانیدا دەخاتە ڕوو. ڕاپۆرتی ٢٠٢٣ تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاستەنگ و پێشێلکاریانەی کە کرێکاران لە سەرانسەری جیهاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە بەپێی وەڵاتان پلەبەندی دەکرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا نیگەرانییەکی قووڵ لە زیادبوونی پێشێلکردن و ڕەتکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران ئاشکرا دەکات، لەوانەش مافی مانگرتن، پێکهێنانی سەندیکا و بەشداریکردن لە دانوستانی بەکۆمەڵ. شیکارییەکە ١٤٩ وڵات دەگرێتەوە و لەسەر بنەمای ستانداردە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی مافە بنەڕەتییەکان لە شوێنی کاردا دامەزراوە. دۆزینەوەکانی ڕاپۆرتەکە گرینگن بۆ تێگەیشتن لە دیمەنی ئێستای مافەکانی کرێکاران. هەروەها ئامرازێکە لە ڕێنماییکردنی دارشتنی سیاسەت و داکۆکیکردن و هەنگاوە کردەییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە جیهانییە کە ڕووی لە زیادبوونە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە عێراق لە پلەی سییەمدایە لەنێو ئەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین مافی کرێکاران پێشێل دەکەن، لە کۆی 149 وڵات. هەمان پێگەی خۆی پاراستووە کە ساڵی ڕابردوو لە ساڵی 2022 تۆمارکرابوو، لەکاتێکدا لە جیهانی عەرەبیدا پلەی دەیەمی بەدەستهێناوە. پێوەرەکە خاڵەکانی لە 1 بۆ +5 بۆ وڵاتان دەدات. وڵاتێک تا زیاتر مافی کرێکاران پێشێل بکات، نمرەکەی بەرزتر دەبێتەوە. بۆ نموونە ئەفغانستان لە پێشێلکردنی مافی کرێکاران پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و نمرەکەی (+5) بووە، لە کاتێکدا عێراق نمرەی 5ی بەدەستهێناوە،

لە ڕووی چوارچێوەی یاسایی لە عێراق یاسای کار ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥ و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە ١٨ی ساڵی ٢٠٢٣ جێبەجێدەکات لە ڕێکخستنی کارکردن لە کەرتی تایبەت و  دابینکردنی مافەکانی کرێکاران. ئەم یاسایانە تا ڕادەیەک ڕەنگدانەوەی ستاندارد و واقیعی هاوچەرخی بازاڕی کارن، بەڵام تا چەند بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ دەکرێن، هێشتا بابەتێکە بۆ گفتوگۆکردن. هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەکارهێنانی یاسای کار ژمارە ٧١ ساڵی ١٩٨٧، بەڵام  یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتییەکەی لە ساڵی ٢٠١٢ بە یاسای ژمارە ٤ هەموارکراوەتەوە، هەرچەندە ئەم یاسایە تا نەیتوانیوە میکانیزمێک بۆ سودمەندبوونی مافی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کەرتی کارە ناڕێکخراوەکان دیاری بکات. بۆیە پێداویستیەکی هەنووکەییە هەردوو یاساکە هەموار بکرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی ئازاری ٢٠٢٣ یاسایەکی نوێی کاری دەرکرد، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، جێبەجێکردنی یاساییەکە ڕاگیرا.

ئەم ڕاپۆرتە ڕۆشنایی دەخاتە سەر لایەنە جیاوازەکان سەبارەت بە مافەکانی کار لە چوارچێوەی یاسایی کار و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە عێراق و کوردستان، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی مافەکانی کرێکاران دەکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی و هەمەچەشنی مافەکانی کرێکاران، rاپۆرتەکە ئامانجی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر و بەرفراوان نییە بۆ بارودۆخی گشتیی مافرکانی کرێکاران. بەڵکو سەرنج دەخاتە سەر هەندێک کەیسی تۆمارکراوە بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێک دەربارەی دۆخی ژیانی کرێکاران. ئەو زانیاریانەی لە ڕاپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو، یان لە ڕێگەی هەوڵی ڕاستەوخۆی تیمی چاودێری مافی کرێکارانی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی خۆیەوە بە درێژایی ساڵی  ٢٠٢٣  بەدەستهاتوون، یان لە کەناڵە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە کۆکراونەتەوە. لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە کۆمەڵێک پێشنیار بۆ لایەنە پەیوەندییەکان پێشنیار دەکات بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی دەستبەرکردنی مافەکانی کرێکاران.

 

دەستەبەری کۆمەڵایەتی

مافەکانی کرێکارانی عێراق، وەک کازم ئەلعەزاوی و عەبدولڕەزاق مەشهەدانی ئاماژەی پێدەکەن ، یەکێکە لەو کێشانەی لەگەڵ ئەوەی ئاسان پێشێل دەکرێت بەڵام بایەخی پێویستی پێ نادرێت. کرێکاران ڕووبەڕووی چەندین تەحەدا دەبنەوە لەوانە مامەڵەی خراپ، هەڵاواردن، هەڕەشەی دەرکردن لە کار ، و لاوازی بەرچاوی کاریگەری سەندیکاکان بەهۆی هۆکارە سیاسی و حزبییەکانەوە. کەمی ڕۆڵی سەندیکاکانی کرێکاران وایکردووە کرێکاران بێبەش بن لە ئامرازێکی بەهێزی داکۆکیکردن بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارکردنیان. لەگەڵ زیادبوونی ئەم نیگەرانیانە، ئەلمەشهەدانی، کارمەندی کۆمپانیای گشتی بۆ بەرهەمهێنانی شووشە، ئاماژە بە پرسی جددی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکات. کرێکارانی بەتەمەن، یان ئەوانەی لە شوێنی کارەکەدا بریندار دەبن، خۆیان لە دەرەوەی هەموو دەستەبەرییەکانی سەلامەتی یان مافێک دەبیننەوە بۆ پشتگیریکردنیان دوای ئەوەی توانای کارکردنیان لەدەستداوە. نەبوونی ئەم پشتیوانییە درێژدەبێتەوە بۆ نەبوونی مافی خانەنشینی، وەک کەمال حەمید، کرێکاری کەرتی تایبەت ئاماژەی پێکردووە. سەرەڕای ساڵانی درێژخایەن لە خزمەتکردن، زۆرجار کۆمپانیاکان خۆیان لە تۆمارکردنی کارمەندەکانیان لە سندووقی دستەبەری کۆمەڵایەتیدا بەدوور دەگرن، ئەمەش لە مافێکی بنەڕەتی داهاتوو بێبەشیان دەکات. حەمید زیاتر ڕوونی دەکاتەوە کە کرێکاران خۆیان دوودڵن لە ناو تۆمارکردن بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەهۆی ئەو لێبڕینەی لە مووچەکانیان دەکرێت و کەمی کرێ و بارودۆخی ئابوورییانەوە باری سەرشانیان قورستر دەکات. ئەمەش ئاماژەیە بۆ شکستێکی سیستماتیکی دەکات لە دابینکردنی پاراستنی سەرەتایی کرێکاران، هەروەها تیشک دەخاتە سەر پێویستی چاکسازیی بەپەلە بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و مافەکانی کرێکارانی عێراق، بەتایبەتی لەڕووی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و مافی خانەنشینییەوە.

 

زۆرجار کۆمپانیاکان خۆیان لە تۆمارکردنی کارمەندەکانیان لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا بەدوور دەگرن، ئەمەش لە مافێکی بنەڕەتی داهاتوو بێبەشیان دەکات

 

یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە عێراق ژمارە (١٨) لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بەرزکردنەوەی باری ژیانی کرێکاران دادەنرێت. یاساکە بە شێوەیەکی بەرچاو مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە کەرتی تایبەتدا فرەوانتر دەکات، لەوانە کرێکارانی ڕێکخراو و ناڕێکخراو وەک خاوەن تاکسی، دروومان، و خاوەن بازرگانی مۆبایل، کە سوودمەند دەبن لە یاساکە بە مەرجێک بەشدارییەکانی خانەنشینی کە دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان بدەن. ئەم یاسایە کە لە چوارچێوەی چاکسازییە ئابوورییەکانی حکوومەتدا دەرچووە، ڕووماڵێکی فراوان و مامەڵەی یەکسان بۆ هەموو کرێکاران مسۆگەر دەکات، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە کەرتە ناڕێکخراوەکان و یەکسانی جێندەری. تایبەتمەندییە سەرەکییەکان بریتین لە پشتگیری دەوڵەت بە ڕێژەی 8% بۆ کرێی کەرتی ڕێکخراو، 15% بۆ کرێی کەرتی ناڕێکخراو، بڕگەکانی خانەنشینی ئیختیاری، و لەخۆگرتنی چاودێری تەندروستی بۆ خانەنشینەکان.یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی ئەم یاسایە فراوانکردنی یارمەتییەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی کارمەندان بگرێتەوە، ئەوانەش کە لە دەرەوەی کەرتی فەرمی کاردەکەن، وەک لە مادەی ٦٩دا هاتووە. بەپێی ئەم یاسایە گەنجینەی گشتی 15% بەشداری بکات بۆ بەشداریکردنی ئەوانەی لە کەرتی نافەرمی کاردەکەن یان خۆبەخشن، لەکاتێکدا بەرپرسیارێتی بەشداربوو تەنها 5% سنووردارە، وەک لە مادەی 71دا وردەکارییەکانی هاتووە. جگە لەوەش، مادەی ٢٩ ساڵی خزمەت بۆ شایستەیی مووچەی خانەنشینی بۆ کەسانی بیمەکراو دیاری دەکات: پیاوانی تەمەن ٦٣ ساڵ کە ١٥+ ساڵ خزمەتیان کردووە، یان ٦٠ ساڵان بە ٢٠+ ساڵ، یان ٥٠ ساڵان لەگەڵ ٣٠+ ساڵ؛ ژنان لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا لەگەڵ ١٥+ ساڵ، ٥٥ ساڵ لەگەڵ ٢٠+ ساڵ، یان ٥٠ ساڵ لەگەڵ ٢٥+ ساڵ. سەرەڕای ئەوەش، ئەوانەی بەپێی مادەی ٢٩ دەگەنە تەمەنی خانەنشینی کە ساڵی پێویستیان نیە بۆ شایستەی موچەی خانەنشینی دەتوانن تا ٥ ساڵ خزمەت بکڕن، بەڵام دەبێت هەم پشکی خۆیان و هەم بەشداریی خاوەنکارەکەی ١٧% دەدەن، بە پشتبەستن بە تێکڕای مووچەکانیان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، بە مەرجێک لە لانیکەمی کەمترین مووچە کەمتر نەبێت .

 

ژمارەی کرێکاران لە عێراق بە ١٥ ملیۆن دەخەمڵێندرێت، بەڵام تەنیا (650 هەزار)یان بەپێی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون. ٩٠%ی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نییە

 

بەڵام بەشێک لە چاودێران ڕەخنە لە ناڕوونی یاساکە دەگرن و گومان لە جێبەجێکردنەکەی دەکەن، فیدراسیۆنی ئەنجوومەن و سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق (FWCUI) بە فەرمی ڕەتکردنەوەی یاساکەیان ڕاگەیاندووە، بەبێ گوێدانە پەسەندکردنی پەرلەمان. فیدراسیۆن دژایەتی هەر یاسایەک دەکات کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت کە بەشداری چالاکانەی نوێنەرانی کرێکاران بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی مافەکانیان لەخۆ نەگرێت. هەندێکی تر بە هەنگاوێکی بەرچاوی دەزانن بۆ پاراستنی مافی نزیکەی ١٥ ملیۆن کرێکار کە ئێستا زۆربەیان لە دەرەوەی سیستەمی دەستەبەری کۆمەڵایەتین. سەرۆکی فیدراسیۆنی گشتی سەندیکای کرێکارانی عێراق، ستار دێنبۆس، ئاماژە دەکات بە جیاوازی نێوان ژمارەی زۆری کرێکاران لە عێراق (مەزەندە دەکرێت بە 15 ملیۆن) لەگەڵ ئەو ژمارە کەمە (650 هەزار) کە بەپێی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون؛ ٩٠%ی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نییە. فیدراسیۆنی سەندیکاکان ئاماژە بەوە دەکەن خاوەن کۆمپانیا تایبەتەکان یان خۆیان دەدزنەوە لە تۆمارکردنی کارمەندەکانیان یان تەنیا بەشێک لە کارمەندەکانیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار دەکەن. ئەم کارە زۆرجار بۆ دوورکەوتنەوەیە لە پابەندبوونی بەو بڕە پارەیەی کە بۆ دەستەبەری کارمەندەکانیان دەبێت بیدەن بە سندووقی خانەنشینی. کەرتی ناڕێکخراو کە بەشێکی گەورەی چینی کرێکار پێکدەهێنێت لەوانەش ئەو کەسانەی خۆیان خاوەنکاری خۆیانن یان کرێکارانی ڕۆژانە، بەدەست نەبوونی مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنن. هۆکاری ئەمەش بە پلەی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ چاودێریکردنی حکوومەت لەسەر کەرتی تایبەت.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کوردستان 144 هەزار و 930 کرێکار لە بواری دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا ناویان تۆمارکراوە. بەڵام تا ئێستا ڕێژەی وردی ئەم کرێکارانە لە پێوەندی لەگەڵ کۆی ژمارەی کرێکاران و فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتدا نادیارە، چونکە کۆی قەبارەی هێزی کار لە کەرتی تایبەتدا بە ڕوونی دیاری نەکراوە. ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ژمارەیە بەردەوام نوێ دەکرێتەوە، بەڵام حساب بۆ ئەو کرێکارانە ناکات کە یان گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە یان کارەکانیان دەگۆڕن. لە کاتێکدا کە دۆخی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە هەرێمی کوردستان لەبارتر دەردەکەوێت، وەک بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمدا، باس لەوە دەکات کە 30%ی کرێکاران دەستەبەرکراون. بەڵام ئەم ژمارەیە لە ڕێگەی ئاماری وردەوە پشتڕاستکردنەوەیەکی نییە، بەتایبەتی سەبارەت بە ژمارەی کرێکارانی کەرتی تایبەت. سەرەڕای ئەوەش، هیچ ڕێنمایی یان بڕیارێکی دامەزراو بۆ کرێکارانی ڕۆژانە و کەرتی نافەرمی و ناڕێکخراو نییە. بەڕێوەبەری گشتی باسی لەوە کرد کە بە هاوکاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار دەکەن بۆ داڕشتنی ستراتیژێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە.

 

سەندیکاکانی کرێکاران

بەپێی یاسای کار لە عێراق چەمکی فرە سەندیکایی چەسپاوە، کە ڕێگە بە بوونی زیاتر لە سەندیکایەکی کرێکاران دەدات کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی کرێکاران دەکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان. بەپێی ئەم بنەمایە، لە هەر دۆخێکدا کە پێویستی بە نوێنەرایەتی کرێکاران هەبێت، ئەو سەندیکایەی زۆرترین ژمارەی نوێنەری کرێکارانی تێدایە، دانپێدانراوە. بەڵام ئەم بنەمایە لەگەڵ یاسای ڕێکخستنی سەندیکای کرێکاری ژمارە ٥٢ی ساڵی ١٩٨٧ کە لەسەر بیرۆکەی تاک سەندیکا دامەزراوە، ناگونجێت. لە ساڵی 2017 عێراق بە فەرمی ڕێککەوتننامەی ئازادی کاری سەندیکایی و پاراستنی مافی ڕێکخستن ژمارە 87ی ساڵی 1948ی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی پەسەند کرد، لە ڕێگەی یاسای ژمارە 87. بەپێی مادەی 11ی ئەم یاسایە عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو پێویستی و هەنگاوی کردەیی گونجاو بۆ گەرەنتیکردنی مافی هەردوو  لایەنی کرێکار و خاوەنکار کە دەتوانن بە ئازادی مافی خۆیان بەکاربهێنن بۆ دامەزراندنی سەندیکا و ڕێکخراوی تایبەتمەند بە خۆیان. چاوەڕوان دەکرا ئەم یاسایە بناغەیەک بۆ پەرەپێدان و دەرکردنی یاسایەک سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی سەندیکاکان دابنێت.

(بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی سەندیکاکانی کرێکاران لە کوردستان و عێراق، لەم بەستەرەدا ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بەردەستخراوە).

دوایین هەنگاو لەم پێشکەوتنەدا، لە رێککەوتی ٣ و ١٠ی ئابدا، فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی عێراق (GFIW) کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە وەک تاکە سەندیکای نوێنەرایەتی ناسێندرا لە غیابی یاسایەک کە پشتگیری لە بنەمای فرە سەندیکایی بکات، دوو کۆبوونەوەی بۆ ئەندامان ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی یاسای ئازادی کاری سەندیکای لە عێراق. هەروەها لە 15ی ئەیلولی 2023، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار لە هەولێر لەگەڵ نوێنەرانی سەندیکاکان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی یاسای پێشنیازکراوی ڕێکخستنی کارەکانی سەندیکاکان لە عێراق. لە 16ی ئابی 2023، لێژنەی ڕێکخراوەکانی کار و کۆمەڵگەی مەدەنی بە سەرۆکایەتیی نوێنەری ناهیدە ئەلدایینی و بە هاوبەشی چەند ئەندامێکی، لەگەڵ شاندێکی کۆنفرانسی فیدراسیۆن و سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق (CIFWU) کۆبووەوە. لەم کۆبوونەوەیە تیشک خرایە سەر تاوتوێکردنی یاسای پێشنیارکراوی ڕێکخراوەکانی سەندیکای کرێکاران بۆ کرێکاران و فەرمانبەران لە عێراق، بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە ئامانجی هاوتەریبکردنی عێراق بوو لەگەڵ ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی ئازادی کاری سەندیکاکان.

 

لە کاتێکدا کە پرەنسیپێکی پراکتیکی فرە سەندیکایی لە عێراقدا هەیە، بەڵام هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نییە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی یەکێتییە جیاجیاکانی کرێکاران

 

لە عێراقدا بزووتنەوەی سەندیکاکان بەسەر دوو گرووپی سەرەکیدا دابەش بووە. گرووپی یەکەم، کۆنفرانسی فیدراسیۆن و سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق (CIFWU)، بەپێی ئامانجی ڕاگەیەندراوی خۆیان ئەم چوارچێوەیە جەخت لە سەر چەسپاندنی هەوڵەکانی بزووتنەوەی سەندیکای کرێکارانی عێراق دەدات و بە پابەندبوون بە ئازادی و سەربەخۆیی و دیموکراسی و پیشەگەرییەوە کاردەکات. حەوت سەندیکا و فیدراسیۆنی سەرەکی عێراق لەخۆدەگرێت کە بریتین لە:

  1. فیدراسیۆنی گشتی سەندیکای کرێکارانی عێراق (GFITU)
  2. فیدراسیۆنی سەندیکای بازرگانی و پیشەیی سەربەخۆ لە عێراق (FITPUI)
  3. فیدراسیۆنی گشتی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق (GFWUI)
  4. فیدراسیۆنی یەکێتی نەوتی عێراق (IFOU)
  5. یەکێتی پیشەی ئەندازیاری تەکنیکی (UTEP)
  6. فیدراسیۆنی ئەنجومەن و سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق (FWCUI)
  7. فیدراسیۆنی نیشتمانی ناوەندی سەندیکای کرێکارانی عێراق (CNFITU)

لایەنێکی تری سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق بریتییە لە فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی عێراق (GFIW)ە، کە پێگەیەکی تایبەتی هەیە و تاکە سەندیکایە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دانپێدانراوە. لە چەندین ڕووەوە هەڵوێستی GFIW سەبارەت بە پرسەکانی کرێکاران لە هەڵوێستی سەندیکاکانی دیکە جیاوازە. لە کاتێکدا کە پرەنسیپێکی پراکتیکی فرە سەندیکایی لە عێراقدا هەیە، بەڵام هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نییە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی ئەم یەکێتییە جۆراوجۆرانە. بۆچوونی جیاواز لەم دوو بەرەیەدا هۆکارێک بووە بۆ دواخستنی پەسەندکردنی یاسایەک سەبارەت بە ڕێکخستنی سەندیکاکان. پەیوەندی و هاوکاری کاریگەر لە نێوان هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی هاوبەشی کێشەکانی کرێکاران کەم بووە. بە پێچەوانەوە هەندێک جار یەکتر بە شتی جۆراوجۆر تۆمەتبار دەکەن، وەک لە بەیاننامەکەدا کە لەلایەن GFIW لە ٣ی تشرینی یەکەمدا بڵاوکرایەوە، CIFWU بە شێوەیەکی نایاسایی کاردەکات و پێشینەی تاوانکاری هەیە. وا دیارە GFIW پشتگیری لە سیاسەتەکانی حکوومەت دەکات و CIFWU هەڵوێستێک لە دژی ئەم سیاسەتانەی حکوومەت دەگرێتەبەر. ئەم جەمسەرگیرییە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرژەوەندی کرێکاران دەبێت.

 

سەندیکاکان ئامادەیی سنوورداریان لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا هەیە. لە سەردەمێکدا کە سۆشیال میدیا وەک سەکۆیەکی زانیاری باو و دەستڕاگەیشتوو کاردەکات

 

نەبوونی کاریگەری سەندیکا کرێکارییەکانی عێراق لەسەر نایەکسانی و سیاسەتی ئابووری دەوڵەت جێگای سەرنجە. بەگشتی ئەرکێکی گرینگی سەندیکاکان بریتییە لە کۆکردنەوەی ڕای گشتی، بەتایبەتی لەنێو کرێکاران، بۆ پیشاندانی ناڕەزایەتی دژی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت کە کاریگەری خراپی لەسەر چینی کرێکار هەبێت، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا هەڵوێستی سەندیکاکان ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان هەبێت. وەک وێناکردنێک بۆ ئەرکی سەندیکاکان لەم ڕووەوە، ئێمە سوودمان لە سۆشیال میدیای سەندیکاکان وەرگرتووە، سەندیکاکان ئامادەیی سنوورداریان لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا هەیە. لە سەردەمێکدا کە سۆشیال میدیا وەک سەکۆیەکی زانیاری باو و دەستڕاگەیشتوو کاردەکات، سەندیکاکان بە شێوەیەکی بەرچاو لەم کەناڵانەدا ئامادە نین، سەرەڕای ئەوەی دەتوانن پەیامەکانیان بە جەماوەرێکی بەرفراوان بگەیەنن. پێویستە بگوترێت فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی عێراق لەڕووی بوونی سۆشیال میدیاوە وەک چالاکترین سەندیکای کرێکاران لە عێراقدا دەردەکەوێت، کە ژمارەیەکی بەرچاو پۆستیان لە ساڵی 2023دا تۆمارکردووە، زیاتر لە 90%ی پۆستەکانیان لەسەر ڕاپۆرتکردنی سەردانە فەرمییەکانە، هەروەها ڕێکخستن یان بەشداریکردن لە چالاکییە جۆراوجۆرەکاندا. لە ساڵی ٢٠٢٣، CIFWU کە وەک ڕێکخراوێکی چەتر بۆ حەوت سەندیکا کاردەکات، تەنیا سێ پۆستی لە پەیجی فەیسبووکەکەیدا کردووە بە درێژایی ساڵ , GFWUI و IFOU هیچ لاپەڕەیەکیان لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا نییە. تەنیا یەکێک لە شەش پۆستەکەی FITPUI لە ساڵی ٢٠٢٣دا باس لە پرسێکی ڕاستەقینە دەکات کە کرێکاران ڕووبەڕووی دەبنەوە. CNFITU و UTEP بە ٣٠ و ٣٦ جار لە پەیجەکانیان لە فەیسبووکدا پۆستیان کردووە، بەڵام زۆربەی ئەم پۆستانە لەسەر سەردان و بەشداریکردنی فەرمی جەخت دەکەنەوە، کە تەنیا بەشێکی کەمیان باس لە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران دەکەن. لەساڵی 2023دا GFITU  ٢٠ پۆستی کردووە، بەشێوەیەکی سەرەکی تیشکی خستۆتە سەر ڕۆژ و بۆنە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ هەندێک بابەتی تایبەت بە عێراق، وەک مامەڵەی ناڕەوا لەگەڵ کرێکارێکی سەندیکا لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، مەترسیی بە تایبەتکردن یان هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان و فرۆشتنیان و پشتگیریکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی کرێکارانی خانەنشین و ئازادیی سەندیکایی لە ڕۆژی جیهانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کرێکارانی کۆچبەردا. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، وەک چالاکترین یەکێتی سەندیکایی لە نێوان ئەندامانی CIFWU، FWCUI ٦٤ جار پۆستی کردووە، کە زۆرینەیان لەسەر پرسەکانی کار بووە. بەشێوەیەکی بەرچاو چەندین خۆپیشاندانی پەیوەست بە کاری لە عێراقدا رووماڵ کردووە، وەک مانگرتنی ٢٥٠ کرێکاری کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئاسنی پتەوکراوی بی سی لە کەرکووک لە ٢٣ی کانوونی دووەم، ناڕەزایەتیی کرێکارانی پاڵاوگە و نەوت لە بەسڕە لە ٦ی تەممووز، خۆپیشاندانی کارمەندانی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕێککەوتی ٢٩ی ئایار دژی مادەی ٤٢ی ڕەشنووسی بودجە، هەروەها ناڕەزایەتی جووتیارانی ناحیەی ئەلنەشوەی بەسڕە لە ٢٨ی ئایار دژی پڕۆژەی دیزاینکردنەوەی قەزاکە. یەکێک لەو نیگەرانیانەی کە FWCUI لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣دا بە بە شێوەیەکی بەرفراوان تیشکی خستۆ سەر، ستراتیژی فرۆشتنی سەروەت و سامانی کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و دەرکردنی کرێکارەکانیان بووە، ئەمەش وەک بەشێک لە سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەتی عێراق. ئەم سیاسەتانە کە زۆرجار لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا خۆیان دەگۆڕدرێن، سەرنجیان لە خستنە خزمەتی سەروەت و سامانی گشتییە بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیای تایبەت.

 

یەکێتیی گشتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان کە تاکە سەندیکای کرێکارانە لە هەرێمی کوردستان، لە سۆشیال میدیادا، وەک زۆرێک لە سەندیکاکانی تر، ئامادەیی سنوورداری هەیە

 

داڕشتنەوەی ئەم کۆمپانیایانە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی بانکی نێودەوڵەتی، وەک کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، گوایە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی ئاسایی لە زۆر رووەوە دەبێت. بەڵام لە عێراقدا ئەم ڕێوشوێنانە بە پلەی یەکەم ئامانجیان کردنەوەی بازاڕە بەڕووی کاڵای بیانیدا بەهۆی پشتبەستنی ئابووری بە سامانە سروشتییەکان. کاریگەری کۆمەڵایەتی ئەم سیاسەتانە قووڵە، دەبێتە هۆی زیادبوونی بێکاری و هەژاری و دابەزینی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەر چینی کرێکار و بێبەشەکان دەبێت، لە کاتێکدا کەمینەیەک سامانێکی بەرچاو دەچنێتەوە. ئەم بنەمایە هاوتەریبە لەگەڵ ئەجێندای سەرمایەداریی جیهانی، سوود بە دامەزراوە داراییەکان دەگەیەنێت بە تێچووی هەژارکردنی ملیۆنان خەڵکی تر بە تایبەتی لە چینی کرێکاران، حکوومەتی عێراق و بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان لە بەرژەوەندی و ئاسانکاری ئەم سیاسەتە نێودەوڵەتییانە کاردەکەن. یەکێتیی گشتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان کە تاکە سەندیکای کرێکارانە لە هەرێمی کوردستان، لە سۆشیال میدیادا، وەک زۆرێک لە سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق، ئامادەیی سنوورداری هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٣ سەندیکاکە تەنیا حەوت جار لە پەیجی فەرمی خۆی پۆستی کردووە. جگە لە ڕاگەیاندنێک بۆ ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە یەکەمی ئایاردا، هەموو پۆستەکانی تر پەیوەندییان بە هەواڵی سەردانە فەرمییەکانەوە هەبوو.

بەگشتی، جگە لە هەندێکیان، ئەو ناوەڕۆکەی کە سەندیکاکانی کرێکاران لە سۆشیال میدیادا هاوبەشی دەکەن، بە پلەی یەکەم لەسەر پرسەکانی کرێکاران نییە. جێگای سەرنجە، کەمی ڕاپۆرت لەسەر ڕووداوەکانی شوێنی کار هەیە، سەرەڕای ڕوودانی هەزاران ڕووداوی لەو جۆرە ڕۆژانە. سەرەڕای ئەوەش، کەمی ڕاپۆرتی ورد لەسەر ژمارەی ئەو کرێکارانە هەیە کە بەهۆی نەبوونی ڕێوشوێنی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە شوێنەکانی کاردا بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە.

 

بارودۆخی کارکردنی ناجێگیر

کاری ناجێگیر ئاماژەیە بۆ  نەبوونی سەقامگیری لە کاردا؛ بەواتای ئەوەی کارمەند و کرێکار دڵنیا نییە لە بەردەوامی کارەکەی و  مافە بنەڕەتییەکانی بۆ دەستەبەر ناکرێت، کارێکی کورتخایەنە و لە هەر کاتێکدا دەکرێت کارەکە کۆتایی پێبێت. بە شێوەیەکی گشتی مووچەیەکی خراپ لە بەرامبەر کارێکی قورس دەدرێت. لە بنەڕەتدا، کاری ناجێگیر ئاماژەیە بۆ بارودۆخی دامەزراندن کە لە ڕوانگەی کرێکارەوە نادیار و پێشبینینەکراو و پڕە لە نادڵنیایی، زۆرجار ئەو زەمانەتە ئاساییانەی پەیوەستن بە کارێکی “ئاسایی”ەوە دابین ناکرێت لە گرنگترینیان گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتی. لە هەرێمی کوردستان مامۆستایانی وانەبێژ نموونەیەکی ئەم جۆرە کارەیە.

عەباس زوهێر ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی عێراق (GFIW) تیشک دەخاتەسەر ئاستەنگە بەردەوامەکان و پێشنیاری چاکسازی لە بازاڕی کاری عێراقدا دەکات. لیژنەکانی پشکنین کە نوێنەرانی GFIW و وەزارەتی کاریشیان تێدایە، چاودێری کارگەکانی خشت لە دیالە دەکەن بۆ پێشێلکردنی یاسای کار، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی و کەمترین مووچە. زوهێر ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرجار خاوەنکارەکان هەوڵدەدەن راستییەکان بشارنەوە، هەندێکیشیان کەمتر لە کەمترین مووچەی یاسایی کە ٣٥٠ هەزار دینارە، مووچەی کرێکاران دەدەن. هەروەها ئاماژە بەوەدەدات ئەو کۆمپانیایانە کە لەلایەن حکوومەتەوە گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بۆ خزمەتگوزاری پاککردنەوەی نەخۆشخانەکان تەنیا 150-200 هەزار دینار مووچەی کرێکاران دەدەن. جگە لەوەش زوهێر باسی لە لێشاوی کرێکارانی بیانی کرد کە بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی مووچە (200-300 دۆلار) و ئامادەیی بۆ کارکردنی کاتژمێری زیاتر (تا 14 کاتژمێر)، تادێت خاوەنکارەکان کرێکاری بیانی زیاتر دەخاتە سەر کار بە بەراورد بە کرێکارانی عێراقی، کە بەلایەنی کەمەوە بەدوای 500 دۆلاردا دەگەڕێن یان 500-600 هەزار دینار مانگانە و 8 کاتژمێری رۆژانە. ئەم دۆخە ئاڵۆزییەکانی بازاڕی کاری عێراق پیشان دەدات، لەوانەش خراپی لە مووچە، ئیستغلالکردنی کرێکاران و  هەروەها جێبەجێکردنی یاساکانی کار بە گشتی.

 

کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان کرێکاران لە کارەکانیان دووردەخەنەوە، ئەم حاڵەتە لە زۆر ناوچەی تری عێراق ڕوودەدات، بەتایبەتی لە بەسڕە

 

ئێستا پیشەسازی عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووەتەوە و زۆرێک لە کارگەکان کاریان راگرتووە و ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێکاری هەتا لە نێوان کرێکارانی لێهاتوودا. وەزارەتی پیشەسازی نزیکەی 290 دامەزراوەی بەرهەمهێنان و تاقیگەیی لە سەرانسەری عێراق بەڕێوەدەبات، لەو ژمارەیەش نزیکەی 100 دامەزراوە کارکردنیان وەستاوە. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم داخستنە بریتین لە خراپ بەڕێوەبردن، گەندەڵی، پشتبەستنی بەردەوام بە هاوردەکردن و نەبوونی پشتیوانی لە بەرهەمە ناوخۆییەکان. راگرتنی کارکردن لەم ناوەندانە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ملیۆنان دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەتی عێراق. کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکان لەناکاو بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە یان پەیڕەوکردنی پرۆتۆکۆڵە یاساییەکان، دەرکەوتنێکی دیکەی ناجێگیری کارکردنە کە کرێکارانی کەرتی تایبەت ڕووبەڕووی دەبنەوە. بۆ نموونە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتی لە هەولێر بەبێ هیچ پاساوێکی ڕوون لەناکاو ١٥ کارمەندی خۆی لە کارەکانیان دوورخستەوە. لە مانگی نیساندا کۆمپانیایەک لە سلێمانی دامەزراندنی 14 کەسی هەڵوەشاندەوە کە بۆ ماوەی ساڵ و نیو تا دوو ساڵ لەگەڵ کۆمپانیاکە بوون. ئەم کارە لە وەڵامی ڕێنماییەکی حکوومەتدا ئەنجامدرا کە کۆمپانیاکە داوا دەکات ئەم کرێکارانە لە مووچەی ڕۆژانەوە بگوازێتەوە بۆ دامەزراندن بە گرێبەست. لە هەرێمی کوردستان، هەزاران کرێکار کە لە لایەن کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەمنیەوە دامەزراون، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە. ئەوان باس لەوە دەکەن کە مووچەی کەمیان پێدەدرێت، لە کۆی ٨٠٠ هەزار دینار کە لەلایەن کڕیارەکانەوە دەدرێت بە کۆمپانیاکان بۆ هەر کارمەندێک، تەنیا ٤٠٠ هەزار دینار وەردەگرن. جگە لەوەش کارمەندان تێچووی جلوبەرگی کارەکانیان لە ئەستۆ دەگرن، لەوانەش جلوبەرگ و پێڵاو، زۆرجار ١٠٠ هەزار دینار لە گیرفانی خۆیانەوە خەرج دەکەن. مەرجەکانی کارکردن بریتین لە کاتژمێری درێژ لەگەڵ کەمترین پشوو، و نەبوونی پشتیوانی لە کاتی باری نائاساییدا، هەروەها بێڕێزیکردن لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند و خێزانی بەرپرسان. سەرەڕای مەترسییەکان، ئەم کارمەندانە کەرەستەی پێویست و پاراستنی یاسایییان نییە. هەوڵەکانی کارمەندانی ئەمنی بۆ داواکردنی مووچە و گرێبەستی باشتر لەگەڵ کۆمپانیاکان تەنیا بەڵێنی پووچ و هەندێکجاریش سزای لێکەوتەوە. ئەم حاڵەتە لە زۆر ناوچەی تری عێراق ڕوودەدات، بەتایبەتی لە بەسيە، کە کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان کرێکاران لە کارەکانیان دووردەخەنەوە. هەموو ئەمانە ئاماژەیەکی روونن بۆ ناسەقامگیری بازاڕی کار لە عێراقدا، کۆکاری سەرەکیش بوونی کەرتی کاری ناڕێکخراوە بەشێوەیەکی بەرفراوان. ئەم ناسەقامگیرییە، کرێکاران لە بنەڕەتیترین مافەکانیان بێبەش دەکات، بەتایبەتی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە بنەڕەتیترین مافی کرێکارانن.

 

گەنجان و ئافرەتان

ئافرەتانی گەنج ژمارەیەکی بەرچاو لە رێژەی بێکاری لە عێراق و هەرێم پێکدەهێنن. ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کاردا نزیکەی ١٠،٥٪ ، کە لە ڕیزبەندی نزمترینەکاندایە نەک تەنیا لە ڕووی ناوچەییەوە، بەڵکو بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە سەرانسەری کیشوەری ئاسیادا. زۆربەی ئەوانەشی کاردەکەن لە کەرتی گشتیدا دامەزراون، و بەپێی خەمڵاندنەکان رێژەیەکی کەمیان لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن، سەرەڕای ئەوەی ١٣ ملیۆن ئافرەت لە تەمەنی کارکردندان لە عێراق. ئەم پرسە زیاتر دەردەکەوێت بەهۆی بەرزی ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا. بەپێی راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی نزیکەی لەسەدا ٣٤.٥ی دانیشتووانی گەنجانی عێراق کە تەمەنی کارکردنیان هەیە بێکارن، گریمانە دەکرێت بەشێکی بەرچاو لەم گرووپە لە ژنانی گەنج پێکهاتبێت. هەڵاواردن و مامەڵەی نادادپەروەرانە ئەو ئاستەنگە بەرچاوانەن کە ڕووبەڕووی ژنانی دووگیان دەبنەوە لە هێزی کاری کەرتی تایبەتی عێراقدا. لەم نزیکانە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کە پەیماننامەی ژمارە ١٩٠ ی رێکخراوی نیودەوڵەتی کار پەسەند بکات، بە پێی ئەم پەیماننامە نێودەوڵەتییە کە دان بە مافی هەموو کەسێکدا دەنێت بۆ کار کردن لە ژینگەیەدا کە دوور بێت لە هەر توندوتیژی و هەراسانکردنێک، لەوانەش توندوتیژی و هەراسانکردن لەسەر بنەمای رەگەز. ئەمەش هەنگاوێکە بە ئاراستەی زیادکردنی بەشداری ئافرەت لە بازاری کار ئەگەر رێوشوێنی یاسایی و جێبەجیکردنی گونجاوی بەدوادا بێت.

 

ژنانی وەک سوعاد عومران، سابرین هاشم، فاتیمە جاسم، بەهۆی دووگیانییانەوە، سەرەڕای کاری زۆر و ماندووبوونیان، ڕووبەڕووی لەدەستدانی کار یان ناچاری مۆڵەتی بێمووچە بوونەتەوە

 

ژنانی وەک سوعاد عومران، سابرین هاشم، فاتیمە جاسم، بەهۆی دووگیانییانەوە، سەرەڕای کاری زۆر و ماندووبوونیان، ڕووبەڕووی لەدەستدانی کار یان ناچاری مۆڵەتی بێمووچە بوونەتەوە. ئەم کەیسانە ڕێژەیەکی بەرزی پێشێلکارییەکان دژی ژنانی کرێکار لە کەرتی تایبەتدا نیشان دەدەن، کە بە پلەی یەکەم بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاساکانی کار و چاودێری لاوازی دەسەڵاتی جێبەجێکرنە. یاسای کاری عێراقی ژمارە (37)ی ساڵی 2015 بڕگەی پاراستنی ئافرەتانی دووگیان و شیردەر لەخۆدەگرێت، لەوانە مۆڵەتی منداڵبوون بە مووچە، هەروەها پشوودانی شیرپێدان لەکاتی دەوامدا. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە بەهۆی ئیستغلالکردنی خاوەنکارەکان و نەبوونی زانیاری یاسایی و بارودۆخی ژیانی سەخت و ناچاری پێشێلکردنی ئەو مافانەی لێکەوتۆتەوە. حسێن ئەلکەعبی لە فیدراسیۆنی سەندیکاکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە خاوەنکارەکان زۆرجار ئەم پابەندبوونە یاساییانە پشتگوێ دەخەن، ئەمەش دەبێتە هۆی پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی ئافرەتان لە کەرتی تایبەتدا. نەبوونی گرێبەستی یاسایی دامەزراندن لە کەرتی تایبەتدا زیاتر پرسەکە خراپتر دەکات، وەک ئەبو عەلی خاوەن کارێک ئاماژەی پێکردووە. بارگرانی دارایی و یاسایی وەک پاساو بۆ بەفەرمی نەکردنی گرێبەستی کارکردن لەگەڵ کرێکارانی ئافرەت دەهێنێتەوە .

ئابووری عێراق لەگەڵ سنوورداربوونی هەلی کار و خاوی ڕەخساندنی هەلی کاردا کێشەی هەیە، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گەنجان هەبووە. سەرهەڵدانی ئابووری گیگ (Gig economy) کە تێیدا کرێکار بۆ کارێکی کاتی بێ هیچ گرێبەست و مافێک بەکرێ دەگیرێت زیاتر بارودۆخی ناجێگیری کارکردن خراپتر دەکات، زۆرێک لە گەنجانی عێراقی بەبێ پارێزبەندی یاسایی و کۆمەڵایەتی گونجاو سەرقاڵی کارێکی کاتی و لەسەر بنەمای خواستی خاوەنکارەکان بە تایبەتی ئێستا ئەم جۆرە کارە لە ماركێت و مۆڵەکان و شوێنە بازرگانیەکانی تر رووی لە زیادبوون کردوە، گەنجانی تازە دەرچووی زانکو لە رووی ناچارییەوە ئەم جۆرە کارانە دەکەن. هەموو ئەم جۆرە کارانە لە دەرەوەی سیستەمی پاراستی ئاسایشی کۆمەڵایەتیە.

 

سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی

لە ساڵی ٢٠٢٣، سەنتەری نیشتمانی بۆ تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی بە گشتی ٣٣٦٥ برینداری لە شوێنی کاردا ڕاگەیاندووە، لەگەڵ جیاوازییەکی بەرچاوی ڕەگەزی کە ٩٨% (٣٣١٢) بریندارەکان پیاو بوون و تەنیا ٢% (٥٣) ژن بوون. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم برینانە بریتی بوون لە کەوتن و خلیسکان (٩٤٧ حاڵەت)، ڕووداوەکانی پەیوەست بە ئامێرەکان (٨٨٢ حاڵەت)، هەروەها برینداربوون بەهۆی ئامێری کاری دەستی (٥٥٣ حاڵەت). هۆکارە دیارەکانی دیکە بریتی بوون لە ڕووداوەکانی هاتوچۆ (281)، کەوتنەخوارەوەی کەرەستە و شتومەک (٢٤٣)، و تەزووی کارەبا (١٢٥)، لەنێو ئەوانی تردا.

(لەم بەستەرەدا ڕاپۆرتێکی پێشووی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لەمەڕ ئازادی کاری سەندیکایی و سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی لە ڕێککەوتنەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی).

ئەم زانیارییانە تیشک دەخاتە سەر نیگەرانییە بەپەلەکانی سەلامەتی لە کەرتە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی سەبارەت بە خۆپاراستن لە کەوتن و سەلامەتی ئامێرەکان، و جەخت لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی ڕێوشوێنی سەلامەتی شوێنی کار و دەستێوەردانی ئامانجدار دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەترسیانە بە شێوەیەکی کاریگەر. لە ڕاپۆرتەکەدا زانیارییەکانی مردنی کرێکاران ئاماژەی پێنەکراوە، بەڵام ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی کرێکاران ئاماژەی بە ٢٦ حاڵەتی مردن کردووە لە کەرتە جیاوازەکانی کاردا. سەرەڕای ئەوەش، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، لە ڕێگەی تیمی چاودێریکردنەوە ، ٦٩ گیانلەدەستدانی کرێکاری تۆمارکردووە کە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان روویانداوە. نوێنەری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی کوردستان ئاشکرای دەکات، تەنیا لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ٧٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە ١٨ کرێکاریان بیانین، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە کە ٥٩ حاڵەتی گیانیان لەدەستدان هەبووە.

 

گۆڕانی کەشوهەوا و کرێکاری کەرتی کشتوکاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق بە پێنجەم وڵات دادەنێت کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەمەش ئاماژە دەکات سەر پێویستی هەڵسەنگاندنەوەی شێوازەکانی کارکردن و جێبەجێکردنی پاراستنی باشتر لە بیناسازی و کەرتە کارچڕەکانی تردا. لە عێراق بەهۆی شەپۆلی گەرمای زۆرەوە کرێکاران بەتایبەتی لە کەرتی ناڕێکخراودا ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی سەخت بوونەتەوە و پلەکانی گەرما 50 پلەی سەدی تێپەڕاندووە بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا هەندێک جار کرێکار دەبورێتەوە بەهۆی گەرمای توندەوە. ئەم دۆخە بەهۆی ئەوەی لەیاسای کار بە شێوەیەکی گونجاو باس نەکراوە هیچ رێوشوێنێکی پیویست ناگیرێتەبەر. سعر عەبدولموعین ئەلسوڵتان، بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی دیالە، ئاماژە بە کەمبوونەوەی چالاکیی کرێکاران دەکات بە ڕێژەی ٥٠٪ بەهۆی پلەی گەرمی بەرزەوە، کە ئەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی گەرما زیاد دەکات. ئەم دۆخە سەختە بەشێکە لە چوارچێوەیەکی فراوانتر لە گۆڕانی کەشوهەوا، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. یاسای کاری عێراقی ژماره 37ی ساڵی 2015 کاتی کارکردن له کاتی بەرزی پلهکانی گەڕمادا ڕێکناخات، هەروەها پارێزگاری له سەلامه تی و تەندروستی پێویست بۆ کرێکاران دابین ناکات. لە ئەنجامدا کرێکارانی بوارەکانی وەک بیناسازی ناتوانن کار بکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر داهات و بژێوی ژیانیان دەبێت. پشتگوێخستنی حکومەت لە کەرتە تایبەتەکان و نەبوونی ڕێوشوێنی پاڵپشتی وەک بیمە یان قەرەبووکردنەوە، پرسەکە خراپتر دەکات و کرێکاران زیاتر زەرەرمەند دەبن. کەیسێک کە لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادییەوە تۆمارکراوە، تیشک دەخاتە سەر بارودۆخی نالەباری کارکردن لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە کاتی گەرمای هاویندا، کە چەند کرێکارێک بەهۆی نەبوونی سیستەمی ساردکەرەوەی گونجاو و شوێنی پشوودانی گونجاو دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

 

پێشبینی دەکرێت بەهۆی کاریگەری گۆرانی کەشوهەواوە لێشاوێکی کۆچی ناوخۆیی رووبدات

 

بوارێکی دیکە کە پەیوەندییەکی نزیک بە گۆڕانی کەشوهەوا هەیە و ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر بێت، کشتوکاڵە. بە پشتبەستن بە ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە جۆراوجۆرەکان، ئەم کەرتە ئێستا لە دۆخێکی لەباردا نییە لە عێراقدا. توێژینەوەیەک کە لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ILO) ئەنجامدراوە، تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکی گرنگ لە کەرتی کشتوکاڵی عێراق، بەتایبەتی لە بەسرە لەنێو ئەو جووتیارانەی کە بە پلەی یەکەم کارەکانی لەسەر ئاستی خێزانی دەکەن بە تایبەتیش زیاتر ئافرەتان پێی هەڵدەستن. توێژینەوەکە بۆشایییەکی بەرچاو لە پشکنینی کاردا ئاشکرا دەکات، کە تەنها 2%ی بەشداربووان توێژینەوەکە ئاگاداری سەردانەکانی پشکنینی کارن لە لایەن دامەزراوە چاودێرییەکانی بواری کارکدن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شوێنە دوورەکانی کێڵگەکان و سونرداری توانای پشکنەرەکان. نەبوونی ئەم چاودێرینەکردنە بووەتە هۆی چەندین پێشێلکاری سەلامەتی و تەندروستی: زۆربەی کرێکاران ئاشنا نین بەو ماددە کیمیاییانەی کە بەکاردەهێنرێن، ڕاهێنانیان نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە مەترسیدارەکان، و بەرکەوتەی مەترسییە بایۆلۆژی و کیمیاییەکان دەبن. سەرەڕای ئەوەش، نەبوونی دەرفەتی یەکسانی جێندەر و جیاوازی مووچە لە کەرتەکەدا دیارە. هەروەها توێژینەوەکە ئاماژە بە نەبوونی گرێبەست دەکات، کە کرێکاران رووبەرووی ئیستغلالکردن و بێ ئاگا لە مافەکانیان دەکات، لەوانەش سوودمەندییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و ستانداردەکانی کەمترین مووچە. کارکردنی منداڵ پرسێکی جێگای نیگەرانیە لەم کەرتەدا، زۆرجار بەهۆی چوارچێوەی کاری خێزانییەوە لەبەرچاو ناگیرێت. سەرەڕای ئەم تەحەددایانە، توێژینەوەکە سنوورداری هۆشیاری و بەکارهێنانی رێگاکانی سکاڵا لەنێو کرێکاراندا ئاشکرا دەکات. ئەم توێژینەوەیە جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکاتەوە بۆ باشترکردنی پشکنینی کار، ڕاهێنانی سەلامەتی، هۆشیاری لە مافەکانی کرێکاران، و جێبەجێکردنی یاساکانی کار بۆ دڵنیابوون لە خۆشگوزەرانی و مامەڵەی دادپەروەرانە لەگەڵ کرێکاران لە کەرتی کشتوکاڵی عێراقدا. جگە لەمە بەهۆی وشکەساڵی کەمی رێژەی باران بارین لە ناوچەکانی خوارووی عێراق هەتا لەم دۆخە خراپەشدا دەرفەتی کشتوکاڵکردن کەمتر دەبێتەوە، پێشبینی دەکرێت بەهۆی کاریگەری گۆرانی کەشوهەواوە لێشاوێکی کۆچی ناوخۆیی رووبدات. هەندێک لە پێشبینیەکان باس لە کۆچکردنی نزیکەی ٨ ملیون هاوڵاتی لەو ناوچانە دەکەن.

 

ئەنجام

لەگەڵ ئەوەی کرێکارانی عێراق ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی جیاواز دەبنەوە، بەڵام سەندیکاکانی کرێکار رۆڵێکی سنورداریان هەیە لە داکۆکیکردنی مافەکانی کرێکاران. پرسێکی گرنگ بۆ کرێکاران نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتییە، بەهۆی دوودڵی هەردوو کرێکار و خاوەنکارەکان بۆ بەشداریکردن لە سیستەمەکەدا لەبەر پابەندییە داراییەکان بۆ هەردولا، هەروەها کەمی چاودێریکردنی شوێنی کارەکان لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان  وایکردوە ژمارەیەکی زۆر کەمی کرێکاران لەم مافە سوودمەند بن . یاسای نوێی خانەنشینی و دەستبەری کۆمەڵایەتی ژمارە (١٨)ی ساڵی ٢٠٢٣ هەنگاویکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە فراوانکردنی روماڵکردنی هەموو  جۆرە کرێکارێک، بەتایبەتی لە کەرتی ناڕێکخراودا، و ناساندنی ڕێوشوێنی وەک پشتگیری دەوڵەت بۆ کرێ و چاودێری تەندروستی بۆ خانەنشینان.

 

بارودۆخی ناجێگیری کار و ناسەقامگیری و کەمی مووچە یەکێکی ترە لە کێشەکانی کرێکاران. لێشاوی کرێکاری بیانی و داخستنی کارگەکان و دەرکردنی کرێکاران بەبێ پاساوی یاسایی ئەم دۆخە خراپتر دەکەن

 

سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراقدا لە نێوان فرە سەندیکاگەرایی و یەک سیستمی سەندیکادا دابەشبوون، گفتوگۆ و کۆبوونەوە بەردەوامە بۆ هاوتەریبکردن لەگەڵ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و چارەسەرکردنی ئەم کێشە لە چوارچیوەی یاساکانی کە عێراق پابەندبوونی پێوە چەسپاندوە. لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندی و هاوکاری پێویست لە نێوان سەندیکاکاندا نیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر توانایان هەیە بۆ کاریگەریکردن لەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەت و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران. بارودۆخی ناجێگیری کارکردن و ناسەقامگیری و کەمی مووچە یەکێکی تر لە کێشەکانی کرێکاران. لێشاوی کرێکاری بیانی و داخستنی کارگەکان و دەرکردنی کرێکاران بەبێ پاساوی یاسایی ئەم دۆخە خراپتر دەکەن. ئافرەتان و گەنجان ڕووبەڕووی ئاستەنگی وەکو جیاکاری دەبنەوە لەگەڵ ڕێژەی کەمی بەشداریکردنیان لە هێزی کار و کەمی هەلی کار. سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی نیگەرانی سەرەکین، ژمارەیەکی زۆری برینداربوون و گیان لەدەستدان لە شوێنی کاردا هەیە، بەتایبەتی لە کەرتی بیناسازیدا. کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەت لە بواری بیناسازی و کشتوکاڵ ئاستەنگی زیاتر دروست دەکات، کرێکاران بەهۆی جێبەجێنەکردنی  یاسا و رێنماییەکان ولاوازت پشکنینی کارەوە ڕووبەڕووی بارودۆخی کارکردنی توند و مەترسی تەندروستی و ئیستغلال دەبنەوە.

 

پێشنیازەکان بۆ لایەنی پەیوەندیدار

بە پشتبەستن بە شیکاری ئەو کێشە و ئاستەنگیانەی کە ڕووبەڕووی کرێکارانی عێراق دەبنەوە، ئەم ڕاسپاردانەی خوارەوە پێشنیار دەکەین لایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە بە شێوەیەکی کاریگەر:

  1. بەرزکردنەوەی رێژەی سوودمەند بوونی کرێکاران لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی: پێویستە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە (١٨)ی ساڵی ٢٠٢٣ بە باشی جێبەجێ بکرێت بە داناانی ڕێوشوێنی توندی پابەندبوون. پێویستە هەڵمەتێکی هۆشیاری هەبێت بۆ هەردوو خاوەنکار و کارمەند سەبارەت بە گرنگی تۆمارکردن لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سوودە درێژخایەنەکانی. سەرەڕای ئەوەش، دەتوانرێت هاندان یان یارمەتی دارایی پێشکەش بکرێت بۆ بزنسە بچووکەکان و کەرتە ناڕێکخراوەکان بۆ ناو تۆمارکردن لە سیستەمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
  2. پتەوکردنی ماف و نوێنەرایەتی سەندیکاکان: پێویستە عێراق چوارچێوەیەکی یاسایی بگرێتەبەر کە پاڵپشتی سیستەمی فرە سەندیکایی بکات، کە نوێنەرایەتی دادپەروەرانەی سەرجەم کرێکاران مسۆگەر بکات. پێویستە سەندیکاکانی کرێکاران دەسەڵاتیان پێبدرێت بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە پرۆسەکانی یاسادانان، دڵنیابوون لەوەی کە مافەکانی کرێکاران بە شێوەیەکی گونجاو پارێزراون. پێویستە هاوکاری نێوان سەندیکاکان بەرەوپێش ببرێت بۆ چارەسەرکردنی ئامانجە هاوبەشەکان و کەمکردنەوەی جەمسەرگیری.
  3. باشترکردنی سەلامەتی پیشەیی و ستانداردە تەندروستییەکان: پێویستە حکومەت ڕێسای توندی سەلامەتی لە سەرانسەری کەرتەکاندا جێبەجێ بکات، بە گرنگیدانی تایبەت بە پیشەسازییە مەترسیدارەکانی وەک بیناسازی و کشتوکاڵ. پشکنینی بەردەوامی سەلامەتی و ڕاهێنانی ناچاری بۆ کرێکاران و سزای توند بۆ پابەندنەبوون بە ستانداردەکانی سەلامەتی زۆر گرنگن. سەرەڕای ئەوەش، پێویستە بنکەیەکی زانیاری گشتی ڕووداوەکانی شوێنی کار و کوژراوەکان بپارێزرێت بۆ شەفافیەت و لێپرسینەوە.

4- چارەسەرکردنی بارودۆخی ناجێگیری کار: جێبەجێکردنی یاسای کار بۆ ڕێگریکردن لە ئیستغلالکردنی کرێکاران، بەتایبەتی لەڕووی دەرکردنی نادادپەروەرانە و لە خوار کەمترین مووچەوە. هەروەها پێویستە حکومەت لێشاوی کرێکارانی بیانی ڕێکبخات بۆ ئەوەی کێبڕکێی دادپەروەرانە و ئاسایشی کار بۆ کرێکارانی عێراق دەستەبەر بکات. پێویستە سیاسەتەکانی پشتگیریکردن لە ڕەخساندنی هەلی کار و سەقامگیری لە کەرتە جیاوازەکاندا لە پێشینەدا بن.

  1. پێشخستنی دامەزراندنی ژنان و گەنجان: پەرەپێدانی بەرنامەی ئامانجدار بۆ زیادکردنی بەشداری ژنان و گەنجان لە هێزی کاردا. ئەمەش بریتییە جێبەجێکردنی یاساکانی دژی جیاکاری لە شوێنی کار، دابینکردنی دەرفەتی ڕاهێنانی پیشەیی و خوێندن، و ڕەخساندنی هەلی کار لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.
  2. سوودوەرگرتن لە سۆشیال میدیا بۆ داکۆکیکردن لە سەندیکاکان: سەندیکاکان پێویستە ئامادەیی خۆیان لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەکی فراوانی کرێکاران پەیوەندی بکەن و داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و شتیوانی بۆ دۆزی کرێکاران کۆبکەنەوە. هەروەها ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە پرسەکانی کرێکاران لە نێو خەڵکی گشتیدا.

7- گونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا: پەرەپێدان و جێبەجێکردنی یاسای کار کە بارودۆخی کەشوهەوای عێراق لەبەرچاو بگرێت، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ و بیناسازی. ئەمەش ڕێساکانی کاتی کارکردن، پشوودانی ناچاری و دابینکردنی ئامرازی پێویست و ساردکردنەوەی گونجاو لەخۆدەگرێت.

  1. باشترکردنی بارودۆخی کەرتی کشتوکاڵ: چڕکردنەوەی پشکنینی کار لە ناوچە کشتوکاڵییە دوورەکان، پێدانی ڕاهێنان لەسەر مامەڵەکردنی سەلامەت لەگەڵ ماددە کیمیاییەکان، و جێبەجێکردنی یاساکانی کار بۆ پاراستن لە ئیستغلالکردن، بەتایبەتی ژنان و کرێکارانی مندال. هەڵمەتی هۆشیاری سەبارەت بە مافی کرێکاران و کەناڵە بەردەستەکانی سکاڵا لە ناوچە گوندنشینەکان ئەنجام بدرێت.
  2. ڕێکخستنی دامەزراندنی نافەرمی: پەرەپێدانی ستراتیژیەت بۆ فەرمیکردنی کەرتی نافەرمی، پێشکەشکردنی پاراستنی یاسایی بە کرێکاران و دەستڕاگەیشتن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و مووچەی دادپەروەرانە. ئەمەش بریتییە لە دروستکردنی میکانیزم بۆ ئەوەی کرێکارانی نافەرمی ناوی خۆیان تۆمار بکەن و هەمان دەستەبەرییەکانی کرێکارانی کەرتی فەرمی وەربگرن.
  3. بەرزکردنەوەی جێبەجێکردن و چاودێریکردنی یاسای کار: بەهێزکردنی توانای دەزگاکانی پشکنینی کار و بەرزکردنەوەی میکانیزمەکانی چاودێریکردن بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە یاساکانی کار لە سەرانسەری هەموو کەرتەکاندا. ئەمەش پێویستە ڕێوشوێنی خێرا و کاریگەر لە دژی خاوەنکارەکان کە یاساکانی کار پێشێل دەکەن لەخۆبگرێت.

 

 ڕەوشی كرێكاری بیانی لە هەرێمی كوردستان

په‌یامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان

–     له‌ هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌كی تایبه‌ت نییه‌ بۆ ڕێكخستنی دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌ندێك له‌ به‌نده‌كانی یاسای كار و یاسای وه‌به‌رهێنان و چه‌ند ڕێنماییه‌كی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانی جێی كراوه‌ته‌وه‌‌. هه‌ندێك هه‌وڵی دیاریكراو هه‌ن له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ ڕێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌كرێكارانی بیانی، به‌ڵام هێشتاش یاساو رێنماییه‌ به‌ركاره‌كان به‌جۆرێكن كه‌ كه‌موكوڕیان تێدایه‌ و ده‌قه‌كان لێكدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرن و وایكردووه‌ كه‌ ڕێكخستنی دۆسیه‌ی ئه‌م كرێكارانه‌ ئاسان نه‌بێت.

–     چه‌ندین ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی جێبه‌جێكردن، چاودێری و به‌دواداچوون، و دادوه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی، به‌ڵام له‌هه‌موویان گرنگتر ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌ وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌رپرسن له‌ ڕێكخستنی دۆسیه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ی كه‌ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ماهه‌نگی كردن له ‌نێوان ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم‌ له‌ڕێگای لیژنه‌ی باڵاو لیژنه‌ تایبه‌تیه‌كانی سه‌ر ئاستی ووزاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ ڕێك خراوه‌، به‌ڵام‌ ژماره‌ی لیژنه‌كان‌ و توانای ئه‌ندامه‌كانیان و پاڵپشتی لۆجیستی بۆ كاره‌كانی ئه‌م لیژنانه‌ سنورداره‌ به‌جۆرێك كه‌ ناتوانن سه‌ردان و چاودێریه‌كی چڕی ژیانی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

 

زیاتر لە ڕێگایەک و لە ناویشیاندا ڕێگای نایاسایی هەیە بۆ هێنان و هاتنی کرێکاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كرێكارانی بیانی تووشی چه‌ندین جۆری پێشێلكاری ببنەوە

 

–     سەرەڕای ئەوەی کە ڕێنماییه‌كانی وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و وەزاره‌تی ناوخۆ ڕێکاری فەرمی دیاریکردووه‌ بۆ چۆنیەتی هێنانی دەستی کاری بیانی، بەڵام زیاتر لە ڕێگایەک و لە ناویشیاندا ڕێگای نایاسایی هەیە بۆ هێنان و هاتنی کرێکاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كرێكارانی بیانی توشی چه‌ندین جۆری پێشێلكردنی مافه‌كانیان ببنه‌وه‌.

–     بۆشایی یاسایی، لاوازی میكانیزمه‌كانی چاودێریكردن و به‌دوداچوون بۆ مافی كرێكارانی بیانی، نزمی ئاستی هوشیاری خوودی كرێكارانی بیانی زۆرجار ده‌رفه‌تی ڕه‌خساندووه‌ كه‌ كرێكاران تووشی پێشێلكاریه‌كانی وه‌ك نەبوونی گرێبەستی کار، نه‌بوونی سەلامەتی ژینگەی کار، نەدان و دواخستنی کرێی کار و زیاد کارپێکردن،جیاوازی کلتوری و پێشێلکردنی مافە کەسیەکان، بازرگانی پێوه‌كردن، نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، توندوتیژی سێکسی، و دەستبەسەرداگرتنی دۆکیومێنت ده‌بنه‌وه‌.  كرێکارانی بیانی خزمەتکاری ماڵان كه‌ له‌ ڕه‌گه‌زی مێن له‌ زۆر باردا لاوازترین جۆری ئه‌و كرێكارانه‌ن كه‌ تووشی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ ده‌بن‌.

–     كرێكارانی بیانی ڕێگا پێنه‌دراون بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ و سه‌ندیكا و  ڕێكخراوی تایبه‌ت به‌ خۆیان. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ كرێكارانی بیانی مافی ئه‌ندامێتیان هه‌یه‌ له‌ سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، به‌ڵام مافی ئه‌ندامێتی ته‌واو نیه‌.

–     كرێكارانی بیانی به‌شێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ ده‌ستی ده‌خه‌ن بۆ ووڵاته‌كانی خۆیانی ده‌نێرنه‌وه‌، به‌شداریكردنیشیان له‌گه‌شه‌پێدانی ئابوری هه‌رێم ناڕاسته‌وخۆیه‌ له‌و ڕووه‌وه‌ی كه‌ به‌شێكیان یارمه‌تی په‌ره‌پێدانی توانای كرێكارانی ناوخۆ ده‌ده‌ن و به‌شێكی تریشیان یارمه‌تیده‌رن له‌ زیادبوونی ڕێژه‌ی به‌شداری ئافره‌تانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بازاڕی كار. ئه‌مانه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌م گووتاری ئه‌رێنی و هه‌م گوتاری نه‌رێنیش ده‌رباره‌ی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ووجودی هه‌بێت.

 

 

پێشه‌كی

له‌ چوارچوه‌ی پرۆگرامی تایبه‌ت به‌ ماف و ئازادیه‌كان، ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ دۆسیه‌ی كار و كرێكارانی وه‌ك به‌شێك له‌ بواری كاركردنی خۆی دیاریكردووه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا و له‌ ڕێگای پڕۆژه‌ی جیاوازه‌وه‌ ته‌ركیزی كردۆته‌ سه‌ر په‌ره‌پێدان و پاراستنی مافی كرێكاران و ئازادی كاری سه‌ندیكایی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رباری ئه‌نجامدانی چه‌ندین توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی كرێكارانی كه‌مینه‌كان، كرێكارانی ڕه‌گه‌زی مێ، ئازادی كاری سه‌ندیكایی، ڕه‌وشی بێكاری، ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی ساڵانه‌ ڕاپۆرتی تایبه‌ت به‌ ڕه‌وشی  پێشێلكاریه‌كان به‌رانبه‌ر به‌ كرێكاران و سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی پیشه‌یی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌‌. هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ كرێكارانی بیانی، ڕێكخراوه‌كه‌ جگه‌ له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٨ ئه‌نجامیداوه‌‌، سالانه‌و له‌ چوارچێوه‌ی ڕاپۆرته‌كانی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی كرێكاران ئاماژه‌ی به‌ ڕه‌وشی گشتی كرێكارانی بیانیش كردووه‌.

ئه‌م ڕاپۆرته‌ش به‌شێكه‌ له‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی باشتر تێگه‌یشتن له‌ ڕه‌وشی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ئامانجی دروستكردنی بونیادێكی مه‌عریفی كه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ و ڕێنیشاندانی به‌رهه‌مهێنانی زانیاری به‌رده‌وام ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی مافه‌كانی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان. ووردتر بڵێن، ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌ڕێگای ناساندنی حه‌وت ڕه‌هه‌ندی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانییه‌وه‌ ده‌بێته‌ بناغه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتێكی گشتگیر ده‌رباره‌ی‌ كرێكارانی بیانی  له‌هه‌رێمی كوردستان. ڕه‌هه‌نده‌كانی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانیش بریتین له‌ (١) چوارچێوه‌ی یاسایی كرێكارانی بیانی، (٢) ژینگه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسا و ڕێنماییه‌كان، (٣) میكانیزمه‌كانی هاتن و گه‌ڕانه‌وه‌ی كرێكارانی بیانی، (٤) بارودۆخی پێشێلكاریه‌كان و میكانیزمه‌كانی ڕیپۆرتكردنی پێشێلكاریه‌كان، (٥) ئازادی كاری ڕێكخراوه‌یی و سه‌ندیكایی بۆ كرێكارانی بیانی، (٦) كرێكارانی بیانی و بازاڕی كار،(٧) وێنه‌ی گشتی و به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌ی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانی.

له‌ ڕووی میتۆدۆلۆجیه‌وه‌، داتاو زانیاریه‌كانی ئه‌م ڕاپۆرته‌ پشتی به‌ستوه‌ به‌ شه‌ن و كه‌ونكردنی دۆكیومێنتی یاسایی، ڕاپۆرتی ده‌زگا فه‌رمیه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چاودێریكردنی ڕه‌وشی مافه‌كانی كرێكارانی بیانی له‌ڕێگای تیمێكی تایبه‌تی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی و ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان، سه‌ندیكاكانی كرێكاران و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، كۆمپانیاكانی هێنانی ده‌ستی كاری بیانی، توێژه‌رانی بواری كرێكاران و چه‌ندین كرێكاری بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان. به‌شداربووانی چاوپێكه‌وتنه‌كان هه‌موویان هه‌مان پرسیاریان ئاڕاسته‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ربنه‌مای باكگراوند و په‌یوه‌ستی هه‌ربه‌شداربوویه‌ك به‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی كرێكارانی بیانیوه‌ پرسیار له‌به‌شداربووانی چاوپێكه‌وتنه‌كان كراوه‌.

 

چوارچێوه‌ی یاسایی

له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ئێستاشه‌وه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت نییه‌ بۆ ڕێكخستن و ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی. به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ یاسای كاری عێراقی ژماره‌ (٧١)ی ساڵی ١٩٨٧ جێی كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هێشتا تاكه‌ یاسای به‌ركاره‌ بۆ ڕێكخستنی كار و مافی كرێكاران له‌ هه‌رێمی كوردستان. له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، ووزاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ فه‌رمیه‌كانی تر سه‌رقاڵی داڕشتنی ڕه‌شنوسێك بوون بۆ” یاسای كار “ كه‌ وه‌ك یاسایه‌كی نوێ ببێته‌ جێگره‌وه‌ی یاسای كاری ژماره‌ ٧١ی ساڵی ١٩٨٧. هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌شنوسی یاسا نوێیه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ١ی ئازاری ٢٠٢٣ ده‌نگی له‌سه‌ردرا، به‌ڵام تا ئێستاش به‌فه‌رمی له‌ وه‌قایعی كوردستان بڵاونه‌كرایه‌‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌! یاسا نوێیه‌كه‌ ئه‌گه‌ر بڵاوبكرێته‌وه‌ و بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هاوشێوه‌ی یاسای ژماره‌ ٧١ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ كرێكارانی بیانی. به‌پێی ڕه‌شنوسێكی یاساكه‌ كه‌ ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی له‌ ووزاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستی كه‌وتووه‌و ناتوانرێت وه‌ك دواكۆپی یاسا ده‌نگ له‌سه‌ردراوه‌كه‌ ته‌ماشابكرێت، به‌شێكی تایبه‌ت له‌م یاسا نوێیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تایبه‌ت بێت به‌ كرێكارانی بیانی. ئه‌مه‌ جگه ‌له‌وه‌ی كه‌ زۆرێك له‌ مادده‌ و به‌نده‌كانی یاساكه‌ هاوشێوه‌ی یاسای ژماره‌ ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ به‌سه‌ر كرێكارانی بیانیش جێبه‌جێ ده‌بن. به‌پێی ڕه‌شنوسه‌كه‌ بێت، هاوشێوه‌ی یاسا كۆنه‌كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات كه‌ ڕێنمایی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانی ده‌ربكات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و مادده‌ و بڕگانه‌ی كه‌ باس له‌ پێویستی هه‌بوونی گرێبه‌ستی كارو پابه‌ندكردنی خاوه‌نكار و هه‌بوونی مۆڵه‌تی كاركردن و ئه‌و سزایانه‌ش ده‌كه‌ن له‌كاتی سه‌رپێچی كردنی به‌نده‌ یاساییه‌كان. ئه‌گه‌ر به‌راوردی ئه‌م ڕه‌شنوسه‌ و یاسای ژماره‌ ٧١ بكه‌ین، ده‌توانین بڵێین به‌پێی ڕه‌شنوسه‌كه‌ بێت،چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چوارچێوه‌ی یاسایی مافی كرێكارانی بیانی باشتربێت له‌ ڕابردوو، به‌ڵام هێشتاش كه‌لێن و كه‌م و كوڕی یاسایی په‌یوه‌ست به‌كرێكارانی بیانی هه‌یه‌. پاش په‌سه‌ندكردنی ڕه‌شنوسی یاساكه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كه‌ له‌بواری كرێكاران كارده‌كه‌ن سه‌رنجی خۆیان خسته‌ڕوو. سه‌رنجی ڕێكخراوه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ پێویستی هه‌بوونی یاسای تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانی، یاخوود جێكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بواروبابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ كرێكاری بیانی له‌چوارچێوه‌ی یاسای كار به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر له‌وه‌ی كه‌ ئێستا ده‌نگی له‌سه‌ردراوه‌.

 

جگە له‌ یاسای كار، لە چوارچێوەی هەندێک یاسا و ڕێنمایی تر باس لە کرێکاری بیانی کراوە. یاسای وەبەرهێنان یەکێکە لەو چوارچێوە یاساییانەی کە پەیوەندیدارە بە کرێکاری بیانی

 

جگه‌ له‌یاسای كار، لە چوارچێوەی هەندێک یاسا و ڕێنمایی تر باس لە کرێکاری بیانی کراوە. یاسای ژمارە (٤)ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠٠٦) کە بە یاسای وەبەرهێنان ناودەبرێت یەکێکە لەو چوارچێوە یاساییانەی کە پەیوەندیدارە بە کرێکاری بیانی. لە دەروازەی دووەمی یاساکە و لە بەشی سێیەم باس لەوە دەکرێت کە وەبەرهێن مافی ئه‌وەی هەیە کە دەستی کاری بیانی لە پڕۆژەکانی وەگەڕ بخات لە هەرێمی کوردستان. بەدیاریکراوی، ماددەی حەوت، بەندی دووی یاساکە دەڵێت “وەبەرهێن بۆی هەیە کار بە کرێکاری خۆجێیی و بیانی پێویست بۆ پڕۆژەکە بکات لەگەل پێشخستنی کرێکاری خۆماڵی لە کارپێکردندا، بەپێیی یاساکانی کار لە هەرێمدا.”لە هەمان ماددە (واتە ماددەی حەوت)، بەڵام لە بەندی چوار باس لە مافی کرێکاری بیانی دەکات سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بەو پارەیەی یان کرێیەی کە وەری دەگرن، هەروەک دەڵێت “کرێکارە ناعێراقیەکانی پڕۆژەکە و ئەوانەی لە دەرەوەی هەرێمدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن بۆیان هەیە پارە و کرێیەکانیان بۆ دەرەوه‌ ڕەوانە بکەن“.

پاڵپشت بە ماددەی (٢٣) لە یاسای کاری عێراقی ژمارە (٧١)ی ساڵی (١٩٨٧)، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە چەند ڕێنماییەکی دەرکردووە بۆ ڕێكخستنی چۆنیه‌تی هێنان و ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی له‌‌ هه‌رێمی كوردستان. یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كیترینی  ئه‌م ڕێنماییانەش بریتیە لە ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٥) کە لە (٢٨) ماددە پێکدێت و جەخت دەکاتە سەر ڕێکارەکانی هێنانی کرێکاری بیانی و ڕێکخستنی ئەرک و مافی ئەم تویژە . لە ماددەی دووەمی ڕێنماییەکە (لە بەندی یەکەم)دا هاتووە کە “مۆڵەتی هێنانی کرێکار لە لایەن وەزیرەوە یان هەرکەسێکی ڕێپێدراو لەلایەن وەزیرەوە دەدرێتە کۆمپانیا دوای دەستەبەرکردنی مەرجەکانی هاتوو لەو ڕێنماییە.”هەروەها لە ماددەی چواری ڕێنماییەکەدا هاتووە کە “نابێت خاوەنکار لە کەرتی تایبەت و تێکەڵاو و هاریکاری، کار بە هیچ بیانییەک بکات ئەگەر مۆڵەتی کارکردنی بەدەست نەهێنابێت بە پێیی ئەو مەرج و ڕێکارانەی لەو ڕێنماییە دیاریکراون.” لە ماددەی حەوتی ڕێنماییەکەدا باس لە ڕێکارەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن کراوە و بە دیاریکراوی لە بەندی یەک دەڵێت”پێشکەش کردنی داواکارییەکی نووسراو بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و یان لە ڕێیی ئەو خاوەنکارەی کە دەیەوێت کاری پێبکات.” پاشان لە بەندی دووەمی هەمان ماددەدا هاتووە کە “پێشکەش کردنی بەڵگەنامەی یاسایی کە تیایدا هاتنە ژوورەوەی بۆ ناو هەرێم و نیشتەجێ بوونی بە شێوەیەکی یاسایی چەسپێندرابێت.” لە بەندی سێیی ماددەی حەوتدا هاتووە کە “پێویستە داواکاریەکە گشت ئەو زانیاریانە لەخۆ بگرێت کە پەیوەندیدارن بە لێهاتووی کرێکارو پاڵپشت بێت بە بڕوانامە و بەڵگەنامەی پێویست کە ناو و ڕەگەزنامە و بەڵگەنامەی بێ تاوانی و جۆری کارو ماوەی کارکردن و ناوی خاوەنکارەکەی و ناونیشانی تەواوی تیابێت.”

 

بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ڕێژه‌ی ده‌ستی كاری بیانی پڕۆژه‌كان له‌ هیچ بارێكدا نابێت له‌ ٢٥٪ تێپه‌ڕبكات

 

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ڕێنماییه‌كان، وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌ له‌ ٢٢ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٢ له‌ ژماره‌ ٢٩٥ی وه‌قایعی كوردستان ڕێنمایی ژماره‌ (٨)ی ساڵی ٢٠٢٢ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕێكخستنی چۆنیه‌تی سوودوه‌رگرتن له‌ كرێكارانی بیانی. ڕێنماییه‌كه‌ ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌ كرێكارانی پڕۆژه‌كان و ئه‌و كرێكارانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ كارمه‌ندی ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ حكومی و ناحكومییه‌كان، نێردراوه‌ دیپلۆماتكاره‌كان و كونسوڵخانه‌كانن، هه‌روه‌ها ئه‌و بیانیانه‌ش كه‌لای حكومه‌ت كارده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك له‌ مادده‌ی (١٨)ی ئه‌م ڕێنماییه‌ هاتووه‌، ئه‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی كه‌ وه‌ك خزمه‌تكار له‌ناوماڵه‌كان كارده‌كه‌ن به‌ده‌ر ده‌بن له‌م ڕێنماییه‌. ناوه‌ڕۆكی مادده‌كانی ئه‌م ڕێنماییه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت هاتنی كرێكارانی بیانی سنورداربكات و سوود له‌ توانای مرۆیی و كارامه‌یی ناوخۆ وه‌ربگرێت. هه‌روه‌ك له‌ مادده‌ی دووه‌م له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌م هاتووه‌ كه‌ “له‌ پڕۆژه‌كانی بازاڕ و كه‌رتی تایبه‌ت و پڕۆژه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت ئه‌وله‌ویه‌ت به‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت به‌جۆرێك كه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ڕێژه‌ی (٧٥٪) ده‌ستی كاری پڕۆژه‌كان له‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بن“. له‌ بڕگه‌ی دووه‌می هه‌مان مادده‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ڕێژه‌ی ده‌ستی كاری بیانی پڕۆژه‌كان له‌ هیچ بارێكدا نابێت له‌ ٢٥٪ تێپه‌ڕبكات. هه‌ر له‌ ڕێنماییه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌هه‌ندێك ڕێكار كراوه‌ كه‌ خاوه‌نكار ده‌بێت پابه‌ندی بێت هه‌ر له‌ چۆنیه‌تی داواكردنی ده‌ستی كارو جۆری كارامه‌یی‌ تا به‌دواداچوون و دیاریكردنی سزای سه‌رپێچیه‌كان به‌پێی یاساو ڕێنماییه‌ به‌ركاره‌كان، كه‌ مه‌به‌ست لێیان هه‌ریه‌ك له‌ یاسای كار و یاسای وه‌به‌رهێنان و ڕێنمایی تایبه‌ت به‌ هێنانی كرێكاری بیانی ژماره‌ (٢)ی ساڵی ٢٠١٥یه‌. گرنگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌بكرێت كه‌ ئه‌م ڕێنماییه‌ جێگره‌وه‌ی هیچ ڕێنماییه‌كی تر نیه‌‌ كه‌ پێشتر ده‌رچووه‌، به‌ڵكو به‌ته‌واوكه‌ری ڕێنماییه‌ به‌ركاره‌كان داده‌نرێت.

له‌ ٢٠ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٣ له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆكرا ده‌رباره‌ی ڕه‌شنوسی ڕێنماییه‌كی نوێی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانی كە ئامانج لە ڕێنماییه‌كه‌، ڕێكخستنی مۆڵەتی كار و ڤیزا و نشینگە و ڕێگریكردنە لە هاتنی كرێكاری بیانی بە شێوەی نایاسایی و ڕەخساندنی هەلی كاری زیاترە بۆ گەنجانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك كە خاوەنی كۆمپانیاكان زیاتر ڕوو لە كرێكار و كارمەندانی ناوخۆ بكەن، لە هەمانكاتدا، دڵنیایی و پارێزراوی كار و مانەوەی كرێكارانی بیانیش بێت لە هەرێم تاكوو سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو كارمەندە بیانیانە وەربگیرێت كە پسپۆڕییان لە بوارە جیاجیاكاندا هەیە. ئه‌م ڕه‌شنوسه‌ش وه‌ك هه‌ر یاساو ڕێنماییه‌كی تر پێویستی به‌وه‌یه‌ له‌ جه‌ریده‌ی وه‌قایع بڵاوبكرێته‌وه‌ تا بچێته‌ بواری جێ به‌جێكردنه‌وه‌ و كاری پێ بكرێ كه‌ تا ئێستا ڕوون نیه‌ ناوه‌ڕۆك و مادده‌ و بڕگه‌كانی چین! یه‌كێك له‌و سه‌رنجانه‌ی كه‌ ده‌رباره‌ی چوارچێوه‌ی یاسایی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانی هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گشتگیرنیه‌ و ده‌رفه‌تی لێكدانه‌وه‌ی زۆری تێدایه‌ كه‌ له‌كاتی جێ به‌جێكردندا كێشه‌ی جۆراو جۆر دروست ده‌بن.

 

ژینگه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسا و ڕێنماییه‌كان

تاچه‌ند یاسا و ڕێنماییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌‌ كرێكارانی بیانی به‌شێوه‌یه‌كی كرداری جێبه‌جێ ده‌كرێن په‌یوه‌سته‌ به‌چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌ له‌وانه‌ش (١) تاچه‌ند ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت هه‌یه‌، (٢) ڕێكاری به‌دواداچوون و چاودێریكردنی كاریگه‌ر تاچه‌ند سه‌رپێ خراوه‌، (٣) تاچه‌ند میكانیزمه‌كانی هه‌ماهه‌نگیكردن له‌ نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بوونیان هه‌یه‌. هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی چه‌ند ووزاره‌تێك، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ش و یه‌كه‌ی جیاواز هه‌یه‌ كه‌‌ كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی ده‌كه‌ن. بۆ نمونه‌، له‌ ووزاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كارو ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ و كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كرێكاری بیانی ده‌كه‌ن. ئه‌م به‌شه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ  به‌شی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانی له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی كار له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بۆ كاركردن دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان. هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كار وده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی لیژنه‌كانی پشكنینی كار (پشكنه‌رانی كار) هه‌ن كه‌ ئه‌م لیژنانه‌ جگه‌ له‌ كارمه‌ندانی وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌ندامانی سه‌ندیكای كرێكاران و ژووره‌كانی بازرگانی تێدایه‌ كه‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارن به‌ دۆسیه‌ی كارو كرێكار و خاوه‌نكار. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌بوونی به‌شی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی پیشه‌یی كه‌ له‌ڕێگای لیژنه‌كانی (پشكنه‌رانی سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی) و هاوشانی لیژنه‌كانی پشكنینی كار سه‌ردان و پشكنین بۆ شوێنی كارو پڕۆژه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ دڵنیابوون‌ له‌ جێبه‌جێكردنی یاساو ڕێنماییه‌كان و‌ پاراستنی مافی كرێكاران. ژماره‌ی لیژنه‌كان‌ و توانای ئه‌ندامه‌كانیان و پاڵپشتی لۆجیستی بۆ كاره‌كانی ئه‌م لیژنانه‌ سنورداره‌ به‌جۆرێك كه‌ ناتوانن سه‌ردان و چاودێریه‌كی چڕی ژیانی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ڕێكاره‌كانی به‌دواداچوون و دۆكیومێنتكردنی كاره‌كانیان به‌پێی پێویست یه‌كنه‌خراوه‌ و به‌‌ دیجیتاڵی نه‌كراوه‌.

 

لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ نه‌هێشتنی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ هه‌یه‌ و به‌دواداچوون بۆ ژیانی كرێكارانی بیانی ده‌كه‌ن له‌حاڵه‌تی بازرگانی پێوه‌كردنیان

 

له‌سه‌ر ئاستی وەزاره‌تی ناوخۆ هه‌ر‌یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تاوانه‌ ڕێكخراوه‌كان (له‌ناویشیاندا تاوانی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ) كه‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ناوخۆیه‌ و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری نشینگه‌ كه‌ سه‌ربه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شت و وڵاتنامه‌ی گشتیه‌ دامه‌زراوه‌ی حكومی په‌یوه‌ندیدارن بۆ كاركردن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی. جگه‌ له‌وه‌ی‌‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ نه‌هێشتنی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ هه‌یه‌ و به‌دواداچوون بۆ ژیانی كرێكارانی بیانی ده‌كه‌ن له‌حاڵه‌تی بازرگانی پێوه‌كردنیان، لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی باڵا دروستكراوه‌ كه‌ نوێنه‌ری ووزاره‌ته‌ جیاوازه‌كان و فه‌رمانگه‌ی به‌دواداچون و هه‌ماهه‌نگی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی تێدایه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ و چاودێریكردنی بازاڕی كارو‌ پاراستنی مافی كرێكاران و جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێنماییانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ هێنانی ده‌ستی كاری بیانی و رێكخستنی مانه‌وه و كاركردنی كرێكارانی بیانی.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ لایه‌نێكی تری فه‌رمی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی كه‌ له‌ رێگای نوسینگه‌كانیه‌وه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ به‌ گشتی ده‌كات، له‌ناویشیاندا به‌دواداچوون و پاراستنی مافی كرێكارانی بیانی. هه‌رچه‌نده‌ ده‌سته‌كه‌ داتاو ئامار و ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی نیه‌ ده‌رباره‌ی كرێكارانی بیانی، به‌ڵام له‌ ساڵی ٢٠١٥ ڕاپۆرتێكی تێر و ته‌سه‌لی ده‌رباره‌ی كرێكارانی بیانی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ تیشكی خستۆته‌ سه‌ر دیمۆگرافیای كرێكارانی بیانی و ڕه‌وشی ژیان و گوزه‌رانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

 

به‌پێی داتاكانی وەزاره‌تی كار، ٤٦٩٣ كرێكاری بیانی له‌ سێ چاره‌كی یه‌كه‌می ٢٠٢٣ له‌ ڕێگای وەزاره‌ته‌كه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان

 

له‌ ڕووی دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ریه‌وه‌، دادگاكانی كار له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان لایه‌نێكی تری په‌یوه‌ندیدارن به‌ كه‌یسی كرێكارانی بیانی. دادگاكانی كار وه‌ك هه‌ر كه‌یسێكی تری په‌یوه‌ست به‌ كارو كرێكاره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌یسانه‌ی كرێكارانی بیانیش ده‌كه‌ن كه‌ ده‌گه‌نه‌ دادگاكان. به‌هۆی نه‌بوون یان كه‌می خزمه‌تگوزاری وه‌رگێڕان له‌ دادگاكان و هاتنی به‌شێك له‌ كرێكارانی بیانی به‌ ڕێگای نایاسایی،‌ كرێكارانی بیانی كه‌مجار ده‌توانن سوود له‌ خزمه‌تگوزاری دادگاكانی كار وه‌ربگرن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هیچ داتا و ئامارێكی وورد و دروست به‌رده‌ست نیه‌ كه‌ نیشانی بدات ساڵانه‌ چه‌ند كه‌یسی كرێكارانی بیانی ده‌گه‌نه‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان و چۆن یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هیچ ناوه‌ندێكی تایبه‌تمه‌ند نیه‌ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان بۆ چاره‌كردنی ناكۆكی تایبه‌ت به‌ كه‌یسی كرێكارانی بیانی پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ دادگاكان.

 

میكانیزمه‌كانی هاتن و گه‌ڕانه‌وه‌ی كرێكارانی بیانی

به‌پێی ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و له‌پێناومسۆگه‌ركردن و پاراستنی مافه‌كانیان، ده‌بێت كرێكارانی بیانی له‌ ڕێگای یاداشتی لێك تێگه‌یشتنی نێوان هه‌ردوو ووڵاتی ڕه‌سه‌ن و خانه‌خوێوه‌ یان له‌ ڕێگای بریكاری فه‌رمیه‌وه‌ هاتووچۆیان ڕێك بخرێت، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێنمایی ژمارە (٢) ی ساڵی ٢٠١٥ لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، ڕێکاری فەرمی دیاریکردووه‌ بۆ چۆنیەتی هێنانی دەستی کاری بیانی، بەڵام زیاتر لە ڕێگایەک و لە ناویشیاندا ڕێگای نایاسایی هەیە بۆ هێنان و هاتنی کرێکاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.

وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی ڕه‌سمی حكومی به‌رپرسی سه‌ره‌كیه‌ له‌ ڕێكخستن و ئیداره‌دانی به‌شێكی زۆری ئه‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی كه‌ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان. زۆرینه‌ی كرێكارانی بیانی، به‌دیاریكراویش كرێكاری پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و گه‌شتوگوزارى و خزمه‌تكارانى پاككه‌ره‌وه‌ و كرێكارانى ناوماڵان له‌ڕێگای كۆمپانیاكانی هێنانی‌ ده‌ستی كاری بیانییه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ مۆڵه‌ت له‌ وەزاره‌تی كار وه‌رده‌گرن. به‌پێی داتاكانی وەزاره‌تی كار، ٤٦٩٣ كرێكاری بیانی له‌ سێ چاره‌كی یه‌كه‌می ٢٠٢٣ له‌ ڕێگای وەزاره‌ته‌كه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان.

جگه‌ له‌و كرێكارانه‌ی كه‌ به‌ڕێگای كۆمپانیاكانی هێنانی ده‌ستی كاری بیانی و له‌ژێر چاودێری وەزاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی تری كرێكارانی بیانی له‌ڕێگای وەزاره‌تی ناوخۆ  و به‌ ڤیزای سه‌ردان دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان‌، ئەمانەش به‌زۆری ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە پسپۆڕن له‌ بوارێكی دیاریكراو و زۆرجار بەهۆی پێویستی خێرایی کۆمپانیا گەورەکان یاخوود کۆمپانیاکانی بواری نەوت دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا بگەنە هەرێم بۆ ئەنجامدانی کارێک. هەربۆیەش وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێگای پێدانی ڤیزاوە ڕێگا دەدات ئەم کرێکارانە زوو بتوانن بگەنە هەرێم و دەست بە کارەکانیان بکەن. ئه‌گه‌رچی پێشتر جۆرێك له‌ كه‌لێن هه‌بووه‌ له‌ پرۆسه‌ی هاتنی ئه‌و كرێكارانه‌ی كه‌ به‌ڕێگای وەزاره‌تی ناوخۆ ده‌هاتن و ڕێگای خۆش ده‌كرد بۆ قۆرخكردن و پێشێلكردنی مافی ئه‌و كرێكارانه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا‌ پرۆسه‌ی پێشكه‌ش كردنی داواكاری ڤیزا كراوه‌ به‌ ئۆنلاین و ده‌رفه‌تی قۆرخكردنی تێدا سنورداركراوه‌‌.

 

لەكاتێكدا كرێكارانی بیانی ته‌نیا به‌ یه‌ك ڕێگا ناگه‌نه‌ كوردستان و ته‌نیا یه‌ك داموده‌زگایش چاودێری و سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی هاتن و چوونه‌وه‌یان ناكات، بۆیه‌ كێشه‌ له‌ ئیداره‌دانی كه‌یسی كرێكارانی بیانی هه‌یه‌

 

هەندێک  جار کرێکاری بیانی بە ڕێگای نایاسایی دەگەنە هەرێمی کوردستان. ئەم جۆرە کرێکارانە زیاتر ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی دراوسێن، به‌تایبه‌تیش ئێرانی و تورکی كه‌ بەهۆی هاوسنوریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەتوانن خاڵە سنورییەکان ببڕن و بە نایاسایی بگەنە ناو هەرێمی کوردستان. جگه‌ له‌مانه‌، وادیاره‌ هاوڵاتیانی وڵاتانی تری بیانیش به‌ڕێگای نایاسایی هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه‌ له‌ سنوره‌كان ده‌ده‌ن. لەکاتێکدا ئەم کەسانە بەڕەسمی نایەنە ناو هەرێم، بۆیە ئەگەری زۆرە یان له‌كاتی په‌ڕینه‌وه‌ له‌خاڵه‌ سنوریه‌كان یان لەهەر کاتێکدا له‌ناو خاكی هه‌رێم ده‌ستگیربكرێن و ڕووبەڕووی سزای یاسایی بكرێنه‌وه‌. نمونه‌ی ئه‌م جۆره‌ كه‌یسانه‌ش بریتین له‌ ده‌ستگیركردنی ١٦ هاووڵاتی پاكستانی له‌ سنوری ده‌ربه‌ندیخان له‌ ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٣ كه‌ به‌پێی ڕاپۆرته‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان له‌ خاكی ئێرانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو هه‌رێمی كوردستان.  ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم-سلێمانی له‌ ڕاگه‌یندراوێكی ڕۆژنامه‌وانیدا بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ١٦ی ته‌مموزی ٢٠٢٣ هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی ده‌زگای ئاسایش توانیویانه‌ ٦٤ كۆچبه‌ری بیانی و شه‌ش قاچاخچی و ڕێبه‌ر ده‌ستگیربكه‌ن كه ده‌یانویست به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی سنوره‌كان ببه‌زێنن و بێنه‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.  هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كان له‌ ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣ ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ سنوری ده‌ربه‌ندیخان ١٤ كۆچبه‌ری ئه‌فغانی ده‌ستگیركران كه‌ له‌لایه‌ن قاچاخچیه‌وه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ هێنرابوون و له‌وێ به‌جێ هێڵرابوون.

له‌كاتێكدا كرێكارانی بیانی و كۆچبه‌ر ته‌نیا به‌ یه‌ك ڕێگا ناگه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌نها یه‌ك داموده‌زگای دیاریكراویش چاودێری و سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی هاتن و چوونه‌وه‌یان ناكات، بۆیه‌ كێشه‌ له‌ ڕێكخستن و ئیداره‌دانی كه‌یسی كرێكارانی بیانی هه‌یه‌. بۆ نمونه‌، هاتنی كرێكارانی بیانی به‌نایاسایی بۆناو خاكی هه‌رێم ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆئه‌وه‌ی كرێكاران تووشی پێشلكردنی مافه‌كانیان ببنه‌وه‌. لە حاڵەتێکدا ئه‌گه‌ر تووشی هەر کێشەیەک بن لەگەڵ خاوەنکار، ئەوە لەڕووی یاساییەوە پاڵپشتیەکی بەهێزی یاساییان نابێت تا لەو ڕێگەیەوە داوای مافەکانیان لە خاوەنکار بکەنەوە، چونکە ئەوان لە بنەڕەتدا بە نایاسایی هاتوون، ئەوەش وادەکات زۆرجار لەلایەن خاوەنکارەوە مافەکانیان پێشێل بکرێت.

هه‌روه‌ك چۆن میكانیزمی جیاواز هه‌یه‌ بۆ هاتنی كرێكارانی بیانی، ئاواش یه‌ك میكانیزمی دیاریكراونیه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كرێكارانی بیانی. هه‌رچه‌نده‌ یاساو ڕێنماییه‌كان ڕێوشوێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی كرێكارانی بیانیان دیاریكردووه‌ و پاش ته‌واو بوونی ماوه‌ی یاسایی مانه‌وه‌یان یان ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان به‌جێ بهێڵن یان مۆڵه‌تی مانه‌وه‌یان نوێ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام له‌هه‌ندێك باردا كرێكارانی بیانی مۆڵه‌تی نشینگه‌یان به‌سه‌رده‌چێ و ده‌كه‌ونه‌‌ بارودۆخیێكی نایاساییه‌وه‌, هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕێگا خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كرێكارانی بیانی تووشی چه‌ندین پێشێلكاری ببنه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی لێره‌و له‌وێ ئه‌و كرێكارانه‌ی كه‌ بارودۆخی نایاساییان هه‌یه‌ ده‌ستگیرده‌كرێن، به‌ڵام به‌ ئێستاشه‌وه‌ ڕوون نیه‌ كه تاچه‌ند‌ پرۆسه‌ی به‌زۆرناردنه‌وه‌یان جێ به‌جێ ده‌كرێت‌ و چۆن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تێچووی به‌زۆر ناردنه‌وه‌یان ده‌كات.

 

پێشێلكارییه‌كان و میكانیزمه‌كانی ڕیپۆرتكردنی پێشێلكارییه‌كان

بۆشایی یاسایی، لاوازی میكانیزمه‌كانی چاودێریكردن و به‌دوداچوون بۆ مافی كرێكارانی بیانی، نزمی ئاستی هوشیاری خوودی كرێكارانی بیانی زۆرجار ده‌رفه‌تی ڕه‌خساندووه‌ كه‌ كرێكاران تووشی چه‌ندین جۆری پێشێلكاری ببنه‌وه‌.‌ هه‌رچه‌نده‌ دا‌م و ده‌زگا حكومیه‌كان، سه‌ندیكاكانی كرێكاران، و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیش چه‌ندین میكانیزم و ده‌ستپێشخه‌ریان هه‌یه‌ بۆ هوشیاركردنه‌وه‌، ڕێگریكردن، پاراستن و به‌دواداچوونی مافی ئه‌م كرێكارانه‌، به‌ڵام هێشتاش‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌ پێی پێویست ئاست و جۆری پێشێلكارییه‌كان سنورداربكه‌ن‌‌. هێشتاش كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان تووشی پێشێلكارییه‌كانی وه‌ك نەبوونی گرێبەستی کار و کەمو کوڕیەکانی بواری گرێبەست، نه‌بوونی سەلامەتی ژینگەی کار، نەدان و دواخستنی کرێی کار و زیاد کارپێکردن، جیاوازی کەلتووری و پێشێلکردنی مافە کەسییەکان، بازرگانی پێوه‌كردن، نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، توندوتیژی سێکسی و دەستبەسەرداگرتنی دۆکیومێنت ده‌بنه‌وه‌.

 

كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان تووشی پێشێلكارییه‌كانی وه‌ك نەبوونی گرێبەستی کار، نه‌بوونی سەلامەتی ژینگەی کار، نەدان و دواخستنی کرێی کار و زیاد کارپێکردن، پێشێلکردنی مافە کەسییەکان، بازرگانی پێوه‌كردن، نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، توندوتیژی سێکسی و دەستبەسەرداگرتنی دۆکیۆمێنت ده‌بنه‌وه‌

 

ئەگەرچی تێڕوانینی جیاواز لەسەر چەندایەتی و چۆنایەتی پێشێلکارییەکان هەیە، به‌ڵام ڕوونه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ كرێكارانی بیانی زیاتر له‌وانی تر لاوازترن و زیاتر تووشی پێشێلكاری ده‌بنه‌وه‌. كرێکارانی بیانی خزمەتکاری ماڵان كه‌ له‌ ڕه‌گه‌زی مێن له‌ زۆر باردا لاوازترین جۆری ئه‌و كرێكارانه‌ن. هه‌ندێك له‌م كرێكارانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ وڵاتانی خۆیان و له‌ ڕێگای كۆمپانیاكانی ده‌ستی كاری بیانیه‌وه‌ بازرگانیان پێوه‌كراوه‌ و به‌ناوی وڵاتی تر و بۆ ئه‌نجامدانی كاری تر گه‌یه‌‌ندراونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت پێش گه‌یشتنیان به‌و ماڵه‌ی كه‌ بڕیاره‌ وه‌ك خزمه‌تكار كاری تێدابكه‌ن تووشی پێشێلكاری ده‌بنه‌وه‌ و شوێنی مانه‌وه‌ و حه‌وانه‌وه‌ی گونجاویان بۆ دابین ناكرێت. كه‌ ده‌گه‌نه‌‌ ئه‌و ماڵه‌ی كاریشی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن زۆرجار بەدواداچوونیان بۆ ناکرێت، یاخود میکانیزم و ڕێکاره‌كان به‌پێی پێویست كاریگه‌رنین بۆ گەیشتن بەم جۆرە کرێکارانە بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند مافەکانیان پارێزراوه‌. بۆیه‌ش ڕه‌وشی ئه‌م كرێكارانه‌ و ژیانیان له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی خوودی کەسایەتی خاوەن ماڵه‌ كه‌ تاچه‌ند بەتەنگەوە چون و هاوسۆزی هه‌یه‌ بۆ كرێكاره‌كه‌، بەو واتایه‌ی كه‌ ئەگەر خاوەن ماڵ کەسێکی باش نەبێت، ئه‌وا کرێکاری بیانی لەناو ماڵان تووشی چه‌ندین جۆری پێشێلكاری وه‌ك كارپێكردنی به‌زۆر، ده‌ستدرێژی سێكسی، لێدان و هه‌ڕه‌شه‌ لێكردن، زه‌وتكردنی پاسپۆرت و دۆكیۆمێنتی كه‌سی، و جیاكاری و ڕێگریكردن له‌ موماره‌سه‌ری بیروباوه‌ڕی ئاینی و كلتوری…هتد.

هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ كرێكارانی پڕۆژه‌ و كۆمپانیاكانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌شێكیان تووشی ئه‌و جۆره‌ پێشێلكاریانه‌ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌یان پێكرا، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ خراپترینیان نه‌بوونی ژینگه‌ی كاركردنی سه‌لامه‌ت بێت، به‌ تایبه‌تی له‌ سێكته‌ره‌كانی وه‌ك پیشه‌سازی، بیناسازی، خزمه‌تگوزاری كه‌ له‌هه‌ندێک باردا ده‌بێته‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی كرێكاران. به‌پێی ڕاپۆرته‌كانی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی تایبه‌ت به‌ سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی پیشه‌یی و هه‌روه‌ها داتا و ئاماره‌كانی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان و ڕاپۆرته‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان ساڵانه‌ ده‌یان كرێكار له‌ شوێنی كاره‌كانیان گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و سه‌دانیشیان بریندار ده‌بن كه‌ به‌شێكی به‌رچاویان ‌ كرێكاری بیانین.

 

ڕاپۆرتێكی نووسینگه‌ی ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ١٠٨ هاوڵاتی بیانی له‌ ساڵی ٢٠٢٢ قوربانی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ بوونه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ١٧یان گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ وڵاتی خۆیان

 

هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ میكانیزمه‌كانی ڕیپۆرتكردن و به‌دواداچوونی پێشێلكارییه‌كان، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هێشتا كاری زۆرماوه‌ بكرێت بۆ ڕیپۆرتكردن و ده‌ست گه‌یشتن به‌ هه‌موو ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه‌ تووشی كرێكارانی بیانی ده‌بنه‌وه‌. یه‌كێك له‌و میكانیزمانه‌ی كه‌ به‌رده‌سته‌ بۆ به‌دواداچوونی مافه‌كانی كرێكاران و كرێكارانی بیانیش ده‌توانن سوودی لێ ببینن بۆ ڕاپۆرتدان  و سكاڵاكردن له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌ و پێشێلكاریانه‌ی كه‌ تووشیان ده‌بێت بریتیه‌ له‌ هه‌بوونی هێڵێكی گه‌رم به‌ ژماره‌ (٥٥٠٠). تا ئێستا نازانرێت كه‌ تاچه‌ند كرێكارانی بیانی سوودمه‌ندبوون له‌م خزمه‌تگوزاریه‌، به‌ڵام وادیاره‌ كه‌می هوشیاری ده‌رباره‌ی ئه‌م هێڵه‌ گه‌رمه‌ له‌لایه‌ن خودی كرێكارانه‌وه‌ و كێشه‌ی زمان دوو له‌و به‌ربه‌ستانه‌ن كه‌ ڕه‌نگه‌ كرێكاران نه‌یانتوانیبێت سوودی لێ ببینن. ئه‌و سكاڵایانه‌ی كه‌ به‌ڕێگای هێڵی گه‌رم یان لیژنه‌كانی پشكینی كار و ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی یان به‌هه‌ر ڕێگایه‌كی تر بگات به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، لیژنه‌ی تایبه‌ت پێك ده‌هێنرێت و دادگاكانی كار له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم  به‌پشت به‌ستن به‌ یاساو ڕێنماییه‌ به‌ركاره‌كانی هه‌رێم‌ كه‌یسه‌كان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ڕیپۆرتكردن و به‌دواداچوونی‌ لیژنه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌هێشتنی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ كه‌ به‌دواداچوون بۆ ژیانی كرێكارانی بیانی ده‌كه‌ن له‌حاڵه‌تی بازرگانی پێوه‌كردنیان. ڕاپۆرتێكی نوسینگه‌ی ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ١٠٨ هاوڵاتی بیانی له‌ ساڵی ٢٠٢٢ قوربانی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ بوونه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ١٧یان گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ وڵاتی خۆیان.

جگە لەو لایەنانەی کە لەسەرەوە باسکران، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی کۆمەڵی مەدەنی شێوازو میکانیزمی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی کەیسی پێشێلکاریەکان کە دژ بە کرێکارانی بیانی ئەنجام دەدرێت لە پڕۆژەکان و ناوماڵان. گرنگترین میکانیزمێک کە ڕێکخراوەکان بەکاری دەهێنن بریتیە لە بەکارهێنانی بڵاوکراوە لە شوێنە گشتی و تایبەتیەکان کە زانیاری پێویستیان تێدایە سەبارەت بە چۆنیەتی گەیشتن بە سەرچاوەکانی هاوکاری و فریاکەوتن. ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەم رێکخراوانە بەردەوام لەڕێگای کەناڵە میدیاییەکان و سۆشیاڵ میدیاوە هەوڵی گەیشتن بە کرێکارانی بیانی دەدەن نەک تەنها بۆ بەهاناوە چونیان لە کاتی ڕووبەڕوو بونەوەی هەرجۆرە پێشێلکاریەک، بەڵکو بۆ هوشیارکردنەوەشیان سەبارەت بە مافەکانیان پێش ڕوودانی هەر حاڵەتێک. لە هەمان کاتدا، ڕێکخراوەکان لەڕێگای ئەو چالاکیانەی ئەنجامی دەدەن لەشێوەی کۆڕ و سیمینار و گفتوگۆی کراوە، لەزۆرباردا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی دەدەن لەگەڵ کرێکاران بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیان و گوزەرانیان.

 

ئازادی كاری سه‌ندیكایی و ڕێكخراوه‌یی بۆ كرێكارانی بیانی

له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ ئێستاشه‌وه‌ سه‌ندیكا و یه‌كێتی سه‌ندیكاكانی كرێكاران كار به‌ یاسای عێراقی ژماره‌ (٥٢) ساڵی  ١٩٨٧ ده‌كه‌ن. به‌ پێی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی  كوردستان، كرێكارانی بیانی ڕێگا پێنه‌دراون بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ و سه‌ندیكا و  ڕێكخراوی تایبه‌ت به‌ خۆیان. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ كرێكارانی بیانی مافی ئه‌ندامێتیان هه‌یه‌ له‌ سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، به‌ڵام مافی ئه‌ندامێتی ته‌واو نیه‌، به‌تایبه‌تی له‌و ڕووه‌وه‌ی كه‌ ناتوانن پۆستی باڵای ناو سه‌ندیكاكان‌ وه‌ربگرن و ببنه‌ نوێنه‌ری سه‌ندیكاكانی كرێكاران(كادر نقابی) له‌ شوێنی كار.‌ له‌ناو هه‌یكه‌لیه‌تی یه‌كێتی گشتی سه‌ندیكاكانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ ٨ سه‌ندیكای جیاواز پێك دێت هیچ بەشێک یان لیژنه‌یه‌كی تایبەت بە کرێکارانی بیانی بوونی نیه‌. به‌ ئێستاشه‌وه‌ هیچ داتا و ئامارێك به‌رده‌ست نیه‌ بۆ نیشاندانی ئه‌ندامێتی‌ كرێكارانی بیانی له‌ سه‌ندیكاكانی كرێكاران.

بێبەشکردنی مافی دروستکردنی سەندیکای کرێکاران لە لایەن خودی کرێکارانی بیانی خۆیانەوە وایکردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆرجار دابڕاوبن لە کرێکارانی بیانی. ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پیشێلکردن و داواكردنی مافەکانیان. ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕیكکەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان ئەم مافەیان بۆ کرێکارانی بیانی زامنکردووە.

سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نێكی گرنگی داكۆكیكاری پاراستنی مافه‌كانی كرێكارانی بیانین، به‌ڵام وادیاره‌ توانای كار و چالاكیه‌كانیان سنورداره‌ به‌هۆی كێشه‌كانی وه‌ك كه‌می توانای مرۆیی و پاڵپشتی لۆجیستی و ڕاگه‌یاندنه‌وه‌‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ سه‌ندیكاكانی كرێكاران ئه‌ندامن له‌ به‌شێك له‌و لیژنه‌ حكومیانه‌ی كه‌ به‌ فه‌رمی ڕێگه‌پێدراون سه‌ردان و پشكنین بۆ شوێنه‌كانی كار ئه‌نجام بده‌ن.

 

سه‌ندیكاكانی كرێكاران لایه‌نێكی گرنگی داكۆكیكاری پاراستنی مافه‌كانی كرێكارانی بیانین، به‌ڵام توانای كار و چالاكییه‌كانیان سنورداره‌ به‌هۆی كێشه‌كانی وه‌ك كه‌می توانای مرۆیی و پاڵپشتی لۆجیستی و ڕاگه‌یاندنه‌وه‌‌

 

ڕێكخراوه‌ ناحكومویه‌كانی بواری كرێكاران و كرێكارانی بیانیش لایه‌نێكی تری گرنگن بۆ داكۆكیكردن و پاراستنی مافی كرێكارانی بیانی. جیاوازی نێوان سه‌ندیكاكانی كرێكاران و ڕێكخراوی ناحكومی بواری كرێكاران به‌گشتی و كرێكارانی بیانی به‌ تایبه‌تی په‌یوه‌سته‌ بابه‌تی نوێنه‌رایه‌تیكردن و ڕاده‌ی كاریگه‌ری سه‌ندیكاكانه‌وه‌. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و پێگه‌ فه‌رمیه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌ندیكاكان هه‌یانه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ چینی كرێكاران و ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان نیانه‌، نمونه‌ی ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ ئه‌و پاڵپشتیه‌ یاساییانه‌ بێت كه‌ ڕێگا به‌ سه‌ندیكاكان ده‌درێت وه‌ك نوێنه‌ری فه‌رمی كرێكاران له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌ردان و چاودێری شوێنی ‌‌كاربكه‌ن بۆ ئاگاداربوون له‌ بارودۆخی كرێكاران، به‌ڵام ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان ڕێگا پێ نه‌دراون بۆ وه‌ها كارێك.

له‌ هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی‌ پێنج هه‌زار ڕێكخراوی ناحكومی له‌ فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان تۆماركراوه‌، به‌ڵام دیار نییه‌ كه‌ چه‌ند له‌م ڕێكخراوانه‌ له‌ بواری كرێكاران و كرێكارانی بیانی كارده‌كه‌ن. ژینگه‌ی كار و بارودۆخی ژیانی كرێكاران (به‌ كرێكارانی بیانیشه‌وه‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌جۆرێكه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نیا پێویستی به كاراكردنی سه‌ندیكاكانی كرێكاران هه‌یه‌، به‌ڵكو پێویست ده‌كات چه‌ندین ڕێكخراوی بواری كرێكاران هه‌بن بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی كرێكاران. ئه‌مه‌ش له‌و ڕاستیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ڕێكخراوه‌كانی بواری كرێكاران ده‌توانن چه‌ندین ڕۆڵی جیاواز بگێڕن.

ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی بواری كرێكاران و كرێكارانی بیانی ده‌توانن ڕۆڵی گرنگ بگێڕن له‌ باشكردنی چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ كاری سه‌ندیكاكان و مسۆگه‌ركردنی مافه‌كانی كرێكاران له‌ ڕێگای به‌شداریكردن له‌ داڕشتنی پڕۆژه‌ یاسای گونجاو و هه‌ڵمه‌ته‌كانی پاڵپشتیكردن بۆ جێگیركردنی مافی كرێكاران و ئازادی كاری سه‌ندیكاكانیان. ڕێكخراوه‌كان ده‌توانن لایه‌نێكی چاودێری گرنگ بن بۆ به‌دواداچوونی ڕه‌وشی پێشێلكاریه‌ یاساییه‌كان دژ به‌ كرێكارانی بیانی و ئازادی دامه‌زراندن و ئه‌ندامێتیان له‌ سه‌ندیكاكانی كرێكاران. هه‌روه‌ها ڕێكخراوه‌كان ڕۆڵی گرنگ ده‌گێڕن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ده‌رباره‌ی مافه‌كانی كرێكاران و كاری سه‌ندیكاكانی كرێكاران له‌ڕێگای كۆڕ و كۆنفرانس و ۆركشۆپ و به‌كارهێنانی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌كانی بواری كرێكاران ده‌توانن له‌ڕێگای ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت و وه‌ره‌قه‌ی سیاسی (Policy paper)یه‌وه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ سه‌ر كێشه‌ و گرفته‌كانی بواری كرێكارانی بیانی و پێشنیار و ڕاسپارده‌كانیان بخه‌نه‌ ڕوو. سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌، ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان ده‌توانن ڕۆڵی ئه‌رێنیان هه‌بێت‌ له‌ بونیادنانی توانای سه‌ندیكاكانی كرێكاران و ئه‌ندامه‌كانیان تا چالاكانه‌ داكۆكی له‌ مافی كرێكاران بكه‌ن. له‌هه‌مووی گرنگتر‌، ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان ده‌توانن له‌ ڕێگای تۆڕبه‌ندی و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌وه‌ پردی په‌یوه‌ندی بن له‌نێوان ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ گرنگی به‌ بواری كرێكارانی بیانی و ئازادی كاری سه‌ندیكایی ده‌ده‌ن بۆ كرێكارانی بیانی.

 

كرێكارانی بیانی و بازاڕی كار

به‌شداری و كاریگه‌ری كرێكارانی بیانی له بازاڕی كار و گه‌شه‌ی ئابوری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به‌پێی پۆلێنكردنی كرێكارانی بیانی و سێكته‌ری كاركردنیان لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت. بۆ نمونه‌، ئه‌و كرێكارانه‌ی كه‌ له‌ ماڵه‌كان وه‌ك خزمه‌تكار كارده‌كه‌ن و زۆرینه‌ی ژماره‌ی كرێكارانی بیانی پێك ده‌هێنن ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی و ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئابوری هه‌رێم نه‌بێت، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هۆكارێكن بۆ بردنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ وه‌ك موچه‌ی مانگانه‌ وه‌ری ده‌گرن(ئه‌گه‌ر بڕه‌كه‌ كه‌میش بێت) و ده‌ینێرن بۆ خانه‌واده‌كانیان له‌و‌ ووڵاتانه‌ی كه‌ لێوه‌ی هاتوون. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌‌ ئه‌م جۆره‌ كرێكارانه‌ كه‌مترین خه‌رجیان هه‌یه‌ به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان له‌ناو ماڵه‌كان ده‌ژین و پێداویستیه‌ به‌رده‌وام و سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك خواردن و خواردنه‌وه‌، شوێنی مانه‌وه‌ و به‌كارهێانی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن و به‌شێك له‌ پێداویستیه‌كانی تری ژیانیان له‌ ئه‌ستۆی خاوه‌ن ماڵه‌. ڕۆڵی ئه‌رێنی ئه‌م جۆره‌ كرێكارانه‌ زیاتر له‌و ڕووه‌وه‌یه‌ كه‌ تێكڕای گشتیان له‌ ڕه‌گه‌زی مێن و ده‌بنه‌ هۆی‌ زیادبوونی به‌شداری ئافره‌تانی هه‌رێمی كوردستان له‌بازاڕی كار و ئه‌ندامانی ئه‌و خانه‌وادانه‌ی كه‌ نه‌خۆش یان كه‌سانی به‌ساڵاچوویان هه‌یه‌ و پێویستی به‌رده‌وامیان به‌ ‌چاودێرێك هه‌یه‌.

 

بەشێكی تر له‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی دێنه‌ كوردستان، كرێكارانی پڕۆژه‌كانن كه‌ له‌ بواری وه‌به‌رهێنان و كۆمپانیاكانی پاككردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری چێشتخانه‌ و كافێكان كارده‌كه‌ن و زۆرینه‌یان كرێكاری ناكارامه‌ن

 

به‌شێكی تر له‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان، كرێكارانی پڕۆژه‌كانن كه‌ له‌ سێكته‌ره‌كانی وه‌به‌رهێنان و كۆمپانیاكانی پاككردنه‌وه‌ و سێكته‌ری خزمه‌تگوزاری چێشتخانه‌ و كافێكان كارده‌كه‌ن،‌‌ زۆرینه‌ی ئه‌م كرێكارانه‌ كرێكاری ناكارامه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م كرێكارانه‌ مووچه‌ی مانگانه‌شیان سنورداربێت، به‌شێكی زۆری مووچه‌كه‌یان ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌شێكی كه‌می له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج ده‌كه‌ن‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌زۆرباردا ئه‌م جۆره‌ كرێكارانه‌ به‌ كۆمه‌ڵ له‌ خانوویه‌ك یان شوقه‌یه‌ك ده‌ژین. كاریگه‌ری ئه‌رێنی ئه‌م جۆره‌ كرێكاره‌ بیانیانه‌ له‌ گه‌شه‌ی ئابوری هه‌رێم زۆرجار وا لێك ده‌درێته‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌ق ده‌ستێكی كه‌م ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان نایكه‌ن. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ زۆرجار ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ كرێكارانه‌ بوونه‌ته‌ هۆی زیادبوونی ڕێژه‌ی بێكاری له‌ناو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت به‌شێكیان شه‌وانه‌ كاری ده‌ستی سه‌رجاده‌كان ده‌كه‌ن.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی كرێكارانی پڕۆژه‌كان ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سانی بیانی هه‌یه‌ له‌ سێكته‌ره‌كانی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا، ته‌ندروستی، ڕاگه‌یاندن، هونه‌ری، وه‌رزشی و شوێنه‌كانی جوانكاری كارده‌كه‌ن كه‌ زیاتر وه‌ك كرێكاری لێزان و كارامه‌ هه‌ژمارده‌كرێن. داتا و ئاماری ورد و دروست نییه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م جۆره‌ كارمه‌ندانه‌‌ ڕێژه‌ی چه‌ندی هێزی كاری هه‌رێم پێك ده‌هێنن و به‌شداریان له‌ گه‌شه‌ی ئابوری هه‌رێم چۆنه‌، به‌تایبه‌تی له‌و ڕووه‌وه‌ی كه‌ نازانرێت تاچه‌ند ئه‌م جۆره‌ كارمه‌ندانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پسۆڕی ده‌گمه‌ن هاتوون یان هێنراونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ناشزانرێت تاچه‌ند ئه‌م كارمه‌نده‌ بیانیانه‌ به‌شدارن له‌په‌ره‌پێدانی توانا و پسۆڕی كارمه‌ندانی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان. موچه‌ی مانگانه‌ی ئه‌م جۆره‌ كارمه‌ندانه‌ تاڕاده‌یه‌ك موچه‌یه‌كی شایسته‌تره‌ به‌به‌راورد به‌ كرێكارانی خزمه‌تگوزاری ناو ماڵه‌كان و كرێكارانی كۆماپانیاكانی پاككه‌ره‌وه‌. ئه‌گه‌رچی به‌شێكی زۆری ئه‌م كرێكارانه‌ش پاره‌كانیان ده‌به‌نه‌وه‌ ئه‌و ووڵاتانه‌ی كه‌ لێوه‌ی هاتوون، به‌ڵام ڕێژه‌یه‌كی دیاریكراوی موچه‌ی مانگانه‌كه‌یان هه‌ر له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی شێوازی ژیانیان‌ تاڕاده‌یه‌ك هاوشێوه‌ی شێوازی ژیانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ ڕووی خه‌رجی و دابینكردنی پێداویستیه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌یه‌یان.

جۆرێكی تری كرێكارانی بیانی كارمه‌ندانی كۆمپانیاكانی نه‌وت و كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردن و ئه‌و پڕۆژه‌ زه‌به‌لاحانه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ كرێكاری لێزان و كارامه‌ هه‌یه‌ و له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌گمه‌نن یاخوود نین. به‌هۆی فراوانبوونی بازاڕی كاری نێوده‌وڵه‌تی و گه‌شه‌ و جوڵه‌ی خێرای كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ ده‌یه‌ی ڕابردوو له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له‌م جۆره‌ كرێكارانه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام نازانرێت به‌ دروستی ژماره‌یان چه‌نده‌. مووچه‌ی مانگانه‌ یاخوود حه‌قده‌ستی كاری ئه‌م جۆره‌ كرێكارانه‌ پێده‌چێ بڕێكی زۆربێ، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ نازانرێت كۆی گشتی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ چه‌نده‌ كه‌ له‌ڕێگای ئه‌م كرێكارانه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم. به‌شداری ئه‌رێنی ئه‌م كرێكارانه‌ له‌ گه‌شه‌ی ئابوری هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی كه‌ تاچه‌ند ئه‌م كه‌سانه‌ یارمه‌تیده‌ری كرێكارانی ناوخۆیین له‌په‌ره‌پێدانی ئه‌و توانا و پسپۆڕیانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نین.

 

به‌شێكی تر له‌ كه‌سانی بیانی وه‌ك كارمه‌ندی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كارده‌كه‌ن. فراوانبوونی سێكته‌ری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بۆخۆی یه‌كێكه‌ له‌سه‌رچاوه‌كانی زیادبوونی داهات و گه‌شه‌ی ئابووری له‌ هه‌رێم

 

به‌شێكی تر له‌ كه‌سانی بیانی وه‌ك كارمه‌ندی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن. فراوانبوونی سێكته‌ری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بۆخۆی یه‌كێكه‌ له‌سه‌رچاوه‌كانی زیادبوونی داهات و گه‌شه‌ی ئابوری له‌ هه‌رێم. هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌داهاتی ئه‌م ڕێكخراوانه‌ له‌ ڕێگای كارمه‌نده‌ بیانیه‌كانیانه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، به‌ڵام وجودی كارمه‌نده‌ بیانیه‌كان ڕۆڵی ئه‌رێنی هه‌یه‌ له‌ به‌ره‌وپێشبردنی سێكته‌ری كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌ و تواناداركردنی كارمه‌ند و كرێكارانی ناوخۆیی له‌م‌ سێكته‌ره‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌شێك له‌ ڕێكخراوه‌كان و كارمه‌نده‌ بیانیه‌كانیان به‌شداری ئه‌رێنیان هه‌یه‌ له‌به‌ره‌و پێشچوونی ڕه‌وشی مافه‌كان به‌گشتی و مافی كرێكاران (به‌ كرێكارانی بیانیشه‌وه‌). داتا و ئاماری ورد و دروست به‌رده‌ست نییه‌ بۆ نیشاندانی ڕێژه‌ و به‌شداری ئه‌م كارمه‌ند و كرێكارانه‌ له‌ سێكته‌ری كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانرێت كه‌ مووچه‌ی مانگانه‌ یاخوود حه‌قده‌ستی كاری ئه‌م كارمه‌ندانه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی باشه‌و به‌ پێی یاسا و ڕێنماییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی وه‌ك باجی مووچه‌ی كه‌سی‌(Personal Income Tax) ده‌درێت به‌ حكومه‌تی هه‌رێم.

 

وێنه‌ی گشتی و به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌ی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانی

كۆمه‌ڵگا و هاوڵاتیان چ جۆره‌ تێڕوانینێكیان هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی كرێكارانی بیانی تاڕاده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی كه‌ چۆن زانیاری و مه‌عریفه‌ی دروست ده‌رباره‌ی كرێكانی بیانی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و بڵاوده‌كرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیداره‌ به‌وه‌ی كه‌ تاچه‌ند ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و دامه‌زراوه‌كانی وه‌ك زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ و توێژه‌ران له‌لایه‌ك گرنگی به‌ كرێكارانی بیانی ده‌ده‌ن و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ تاچه‌ند به‌ میتۆدی گونجاو زانیاری و مه‌عریفه‌ی دروست به‌رهه‌م دێن و به‌كه‌ناڵی كاریگه‌ر بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌گشتی مامه‌ڵه‌ی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌نوسان ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی له‌سه‌ر بنه‌مای ستراتیج و پلان و به‌رنامه‌ی به‌رده‌وام نیه‌، به‌ڵكو زیاتر مامه‌ڵه‌كردنێكی ووروژێنه‌رانه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕووداوه‌كان‌. به‌ واتایه‌كی تر، ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌نوسان ئه‌وكاتانه‌ گرنگی به‌م دۆسیه‌یه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ڕووداوێكی دیاریكراو ڕووده‌دات یاخوود بۆنه‌ و چالاكیه‌كی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی بیانی له‌ئارادابێت. به‌پێی زانیاری و به‌دواداچونه‌كانی تیمه‌كانی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی له‌ماوه‌ی ساڵی ٢٠٢٣ هیچ ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندنی بینراو، بیستراو و نووسراو نه‌بووه‌ كه‌ پرۆگرامی به‌رده‌وامی تایبه‌تی هه‌بوبێت له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و ده‌زگا و دامه‌زراوانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌بواری كرێكارانی بیانی میدیای تایبه‌ت و كاریگه‌ری خۆیان نیه‌. بۆ نمونه‌، به‌شی ڕاگه‌یاندن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كارو ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی جگه‌ له‌ وێبسایتێك، په‌ڕه‌یه‌كیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌یه‌ و له‌ تازه‌ترین هه‌نگاویش كه‌ناڵێكی یوتوبیان كردۆته‌وه‌ كه‌ كارو چالاكیه‌كانی دامه‌زراوه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه ‌. سه‌ندیكاكانی كرێكارانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ جگه‌ له‌ په‌ڕه‌ی سه‌ندیكا له‌ فه‌یس بووك ده‌زگایه‌كی تری میدیاییان نیه‌ كه‌ باس له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی كرێكارانی بیانی بكه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هیچ له‌م دامه‌زراوانه‌ ڕاپۆرتی تێر و ته‌سه‌لی تایبه‌تیان نیه‌ به‌ دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی كه‌ ساڵانه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ و ڕای گشتی لێ ئاگاداربێت.

 

هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ و توێژه‌رانه‌وه‌ هه‌یه‌، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌پێی پێویست توێژینه‌وه‌ و گه‌ڕان و به‌دواداچوونی زانستی ده‌رباره‌ی كرێكارانی بیانی ئه‌نجام نه‌دراوه‌

 

هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ و توێژه‌رانه‌وه‌ هه‌یه‌، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌پێی پێویست توێژینه‌وه‌ و گه‌ڕان و به‌دواداچوونی زانستی ده‌رباره‌ی كرێكارانی بیانی ئه‌نجام نه‌دراوه‌. جگه‌ له‌ چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كی كه‌م، هێشتا ئه‌ده‌بیاتی  كه‌ڵه‌كه‌بووی مه‌عریفی ده‌رباره‌ی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌ده‌بیاتێكی هه‌ژاره‌. ئه‌گه‌ر لێره‌ و له‌وێ توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی ئه‌نجام درابن، به‌پێی پێویست سوودیان لێ وه‌رنه‌گیراوه‌ و نه‌كراون به‌ بنه‌مای دیبه‌یت و گفتوگۆی تێرو ته‌سه‌ل له‌پێناو باشتركردنی سیاسه‌ت و یاساو ڕێسا و ڕێكاره‌كانی پاراستنی مافی كرێكارانی بیانی.

به‌سه‌رنجدان له‌ ناونیشان و ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرته‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان و به‌رنامه‌كانی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دوو جۆر گووتار ده‌رباره‌ی كرێكاری بیانی له‌ئارادایه‌ ئه‌وانیش: (١) نیشاندانی وێنه‌یه‌كی ناشرین و نه‌رێنی كرێكارانی بیانی كه‌ بارگرانین به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردستانی و بازاڕی كارو كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێم كه‌ زیاتر هاوڵاتیانی ئاسایی و كرێكاران پشتگیری ده‌كه‌ن، (٢) نیشاندانی وێنه‌یه‌كی باش و ئه‌رێنی‌ ده‌رباره‌ی كرێكارانی بیانی‌ كه‌ زیاتر به‌شێك له‌و خاوه‌نكارانه‌ پشتگیری ده‌كه‌ن كه‌ ته‌ركیزیان لای حه‌قده‌ستی كه‌م و قازانجی زۆرتره‌، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌و هاوڵاتیانه‌ش كه‌ تێڕوانینێكی مرۆڤدۆستانه‌ و به‌زه‌ییانه‌یان هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر كرێكارانی بیانی‌.

 

ڕاسپارده‌ و پێشنیاز

–     پابه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ پابه‌ندی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌و ڕێككه‌وتننامانه‌وه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەسدیقی ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی ژمارە ٤٥/١٥٨ی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بکات کە ساڵی ١٩٩٠ دەریکردووە و تایبەتە بە کرێکارانی بیانی و ئەندامانی خێزانەکانیان، چونكه‌ نیشاندانی پابه‌ندبوون به‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ ڕێگا خۆش ده‌كات بۆ باشتركردنی چوارچێوه‌ی یاساو ڕێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ پاراستنی مافی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

–     پێویسته‌ سیاسه‌ت، یاسا، و ڕێنماییه‌كان به‌جۆرێك دابڕێژرێنه‌وه‌ كه‌ مافی كرێكارانی بیانی مسۆگه‌ر بكات به‌جۆرێك كه‌ كه‌مترین لێكدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵبگرن و له‌گه‌ڵ پێوه‌ر و ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بگونجێن.

–     له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم پێشتر پلانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ٢٠٢١-٢٠٢٥ په‌سه‌ند كردووه‌و یه‌كه‌مین ڕاپۆرتی جێبه‌جێكردن و به‌ره‌وپێشچوونی پلانه‌كه‌ش‌ به‌ بڕیاری ١٩٤ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ ١٥\١\٢٠٢٣ په‌سه‌ند كراوه‌، جه‌خت له‌ هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچون كراوه‌ته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆك و بڕگه‌كانی ڕاپۆرته‌كه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا گرنگیدانی زیاترپێویسته‌ به‌ ئاڕاسته‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی بازاڕی كار و سوود وه‌رگرتن له‌ توانای هێزی كاری بیانی به‌پێی پێداویستی و پسپۆڕیه‌ ده‌گمه‌نه‌كان كه‌ له‌خزمه‌ت گه‌شه‌ی ئابوری هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی مافی كرێكارانی بیانی بێت.

–     لە ڕابردوودا هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانی ڕووپێویه‌كی تایبه‌ت به‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی كه‌ له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن. گرنگه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ و دروستكردنی داتابه‌یسێكی تایبه‌ت و گشتگیر به‌ كرێكارانی بیانی كه‌‌ ده‌كرێت ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاری ڕاست و دروست ده‌رباره‌ی ئه‌م كرێكارانه‌ و داڕشتنی پلانی تایبه‌ت بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان و پاراستنی مافه‌كانیان.

 

هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانی ڕووپێویه‌كی تایبه‌ت به‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی كه‌ له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن. گرنگه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ ئه‌نجامدانی

 

–     سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان پێویستە کاری جدی لەسەر ڕەوشی ژیانی کرێکارانی بیانی بکەن لە هەرێمی کوردستان و هاوشێوەی کرێکارانی ناوخۆ گرنگیان پێ بدەن، گرنگه‌ جەخت لەسەر مافی ئەندامێتی ته‌واوی کرێکارانی بیانی لەسەندیکاکانی کرێکاران بكرێته‌وه‌ تا ڕاده‌ی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای تایبه‌ت به‌م كرێكارانه‌. له‌ مه‌ودای نزیكدا ده‌كرێت لیژنەیەک یان بەشێکی تایبەت بە کرێکارانی بیانی لە یەکێتی سەندیکاکان دروست بکرێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ سه‌ندیكاكانی كرێكاران گرنگه‌ په‌یوه‌ندی به‌هێز دروست بكه‌ن له‌گه‌ڵ سه‌ندیكاكانی كرێكارانی ئه‌و وولاتانه‌ی كه‌ كرێكارانی بیانی لێوه‌ هاتوون له‌ پێناو پاراستنی مافی ئه‌و كرێكارانه‌.

–     کاربكرێت بۆ هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەربارەی مافی کرێکارانی بیانی و ڕەواندنەوەی هەر تێڕوانیێکی نەرێنی کە هانی جیاکاری بدات لە نێوان کرێکاری ناوخۆ و بیانی.

–     چڕکردنەوەی ڕێکارەکانی پشکنین و بەدواداچوون بۆ ڕەوشی ژیانی کرێکاری بیانی لە پێناو پاراستن و مسۆگەرکردنی مافەکانیان.

–     هه‌وڵه‌كانی هوشیاركردنه‌وه‌ی كرێكارانی بیانی زیادبكرێن ده‌رباره‌ی ماف و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ یاساییه‌كانیان و ئاشناكردنیان به‌ میكانیزم و ڕێكاره‌كانی ڕیپۆرتكردنی كه‌یسی پێشێلكاریه‌كان.

–     ڕێکخستنەوەی ڕێوشوێنەکانی هاتنی کرێکاری بیانی لەڕێگای ڤیزای سەردان یان قاچاغ بەجۆرێک ببێتە هۆی پاراستنی مافی کرێکاری بیانی.

–     دروستکردنی تۆڕێک لەو ڕێکخراوانەی کە لە بواری کرێکاری بیانی کار دەکەن.

–     میدیا و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن به‌جۆرێك گرنگی به‌ دۆسیه‌ی كرێكارانی بیانی بده‌ن كه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و یارمه‌تیدانی داڕێژه‌رانی سیاسه‌ت به‌ ئاڕاسته‌ی پاراستنی مافی كرێكارانی بیانی.

–     گرنگه‌ پڕۆژه‌كانی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەلایەن توێژەران و ناوەندە ئەکادیمیەکان زیادبكرێن له‌ پێناو به‌رهه‌مهێنانی زانیاری و مه‌عریفه‌ی دروست و پشت پێ به‌ستراو كه‌ ببنه‌ بناغه‌ی داڕشتنی سیاسه‌ت و پلانی تایبه‌ت به‌ پاراستنی مافی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

 

*ده‌رباره‌ی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی

ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی ڕێکخراوێکی ناحکومی قازانج نەویستە، کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ پاراستنی ماف و ئازادیەکان بۆ دڵنیابوون لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە ڕێگای بەهێزکردنی متمانە و هاوکاری لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و پاڵپشتیکردنی و گەشەپێدانی بۆ مسۆگەرکردنی ماف، ئازادی، دادی کۆمەڵایەتی بەپێیی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...