ههواڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی تیرۆریستێکی داعش ڕادەگەیەنێت
بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسێونەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەهەماهەنگی دەزگای دژەتیرۆری عێراق توانیان تیرۆرستێک لەسنوری گوندی (چیمەن)ی پارێزگای کەرکووک دەستگیربکەن.
ئەمڕۆ سێشەم، ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤، دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و دەزگای ئاسایش، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسێونەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، توانیان شوێنی خۆحەشاردانی داواکراوێکی داعش بدۆزنەوە و چاودێری بکەن و پاشان دەستگیر بکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم. داواکراوەکە بەناوی (ج. م. ج) بەڕەگەز عەرەب و پلەی سەربازی هەبووە لەناو ڕێکخراوی داعش، لەڕێگەی وڵاتی سوریاوە هاتووەتە عێراق و بە بڕیاری دادوەر لە ٤ی ئازاری ٢٠٢٤دا دەستگیر کراوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێ، داواکراو بەماددەی ٤ی تیرۆر دەستگرکراوە و دۆسیەکەی ڕادەستی یاسا کراوە.