هه‌واڵ

ئەنجوومەنی وەزیران چەند کرێیەکی لەسەر قوتابیان زیاد کرد

زێدپرێس

 

سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندی لەسەر چەند پێشنیازێکی وەزارەتی پەروەردە دەرکرد، کە پێوەستن بە زیادکردنی داهاتەوە و دووان لە پێشنیازەکانیش وەرگرتنی پارەی زیاترە لە قوتابیان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمانگەی بەدواداچوونی پڕۆژەکان سەربە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە ئیمزای ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی لەسەر هاتووە و لە ٦ی ئابی ئەمساڵ دەرکراوە، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر چەند پێشنیازێکی وەزارەتی پەروەردە داوە، کە وەزارەتەکە بەمەبەستی زیادکردنی داهات بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرزکردووەتەوە.

پێشنیازی یەکەم پێوەستە بە ڕەزامەندیدان لەسەر زیادکردنی کرێی بڕوانامەی دەرچوون بۆ دەرەوەی وڵات لە ١٥ هەزار دینارەوە بۆ ٣٥ هەزار دینار و بەپێی خاڵی دووەمیشیان کرێی بەشداریکردنی قوتابییانی دەرەکی لە ئەزموونەکانی کۆتایی لە ٢٥ هەزار دینارەوە بۆ ٥٠ هەزار دینار زیاد دەکرێت.

هەر بەپێی پێشنیازە پەسندکراوەکان، گۆڕەپانی وەرزشی قوتابخانەکان بە کرێ دەدرێن و نرخی پەرتووکەکانی خوێندنیش لەسەر قوتابخانە تایبەتەکان بۆ دوو ئەوەندەی نرخی پێشوویان بەرز دەکرێنەوە.

هەروەها، چاپخانەکانی وەزارەتی پەروەردە هەندێک پۆستەری وەک نەخشەی کوردستان، نەخشەکانی مێژوو و جوگرافیا دروست دەکەن، بەمەبەستی فرۆشتنەوەیان لە بازاڕدا و هاوکات ڕەزامەندیش دراوە، لەسەر دروستکردنی چاپخانەیەکی سەردەمیانە بۆ وەزارەتەکە، بەمەبەستی چاپکردنی کتێبەکانی ناوەندەکانی خوێندن.

لە هەمان کاتدا، ڕەزامەندی دراوە، بەڕێوەبەرایەتی هۆیەکانی فێرکردن، کە خۆیان هۆیەکانی فێرکردن بە قوتابخانە تایبەتەکان بفرۆشن لەبری ئەوەی لە بازاڕەکاندا بە نرخی بازرگانی بیکڕن، کە دروستکراوی وڵاتانی بیانیین.

لە کۆتا خاڵیشدا، ڕەزامەندی دراوە لەسەر پەیداکردن و دۆزینەوەی سپۆنسەر بۆ تەلەفیزیۆنی پەروەردەیی و ڕیکلامکردن تێیدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...