پارتی چاکسازی تورکمان: سوپاسی پارتی و بارزانی دەکەین
دوابەدوای ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، کە بەشداریکردن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەت دەکاتەوە، پارتی چاکسازی تورکمان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و “سوپاس”ی هەڵوێستی پارتی و بارزانی دەکات لەوڕووەوە.
پارتی چاکسازی تورکمان یەکێک لە حزبە تورکمانییەکانی هەرێمی کوردستانە و لەلایەن عەبدولقادر بازرگان ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتی دەکرێت و لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا مونا قاوەچی جێگری سەرۆکی پارتەکە، پۆستی سکرتێری پەرلەمانی کوردستانی هەبوو.
پارتی چاکسازی تورکمان، هەروەها یەکێک لەو پارتە تورکمانییانەیە، کە پێشتر بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆتای پێکهاتەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراقەوە، لەگەڵ زۆرینەی پارت و لایەنە تورکمانییەکانی دیکە، بایکۆتی بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.
دەقی بەیاننامەکە:
ئیرادەی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیەوە زۆر لەوە بەهێزترە کە بە نادەستوری و نایاسایی بیانەوێ سیستەمێکی سەپێندراومان بەسەردا بسەپێنن.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبۆوە و گرینگترین بڕیاری بەئاڕاستەی بەرژەوەندی گەل و کوردستانی دا كە پارتی نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بریاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت.
وەک پێکهاتەی تورکمان و پارتی چاکسازی تورکمان سوپاسی هەڵوێستی نیشتیمانی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دەکەین کە هەموو کات جەنابی سەرۆک سەنگەری بەرگری بووە لە پاراستن و چەسپاندنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان و هەمیشە کاری لەسەر پتەوبوونی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان کردووە جەختی لە بەشداریان لە کۆی کایەی حکومڕانی و پڕۆسەی سیاسی کردۆتەوە.
پارتی چاکسازی تورکمان
١٨ی ٣ی ٢٠٢٤