وەزیری پێشمەرگە: پابەندین بە جێبەجێکردنی تەواوی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی (پێنتاگۆن ـ پێشمەرگه)
ئەمڕۆ دووشەم، ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق بابیری بریکاری وەزارەت و سەرۆکی ئەرکان و ئەمینداری گشتی و ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان وەزارەتی پێشـمەرگە و تیمی باڵای ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی لە هەرێمی کوردستان کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا، بە گرنگییەوە باس لە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی سەرجەم هێزی پێشمەرگە کرا. لە چوارچێوەی پێکهێنانی لیوای زیاتری هاوبەش و جێکردنەوەیان لە دروستکردنی فیرقەی نوێدا.
هاوکات پرسی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوە کرا و، “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەو ڕەشنووسەی لەماوەی ڕابردوو کاری لەسەر کراوە”.
وەزیری پێشمەرگە، ڕوونی کردەوە: “هەنگاوەکان بە ئاڕاستەی یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکان دڵخۆشکەرن، و بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، پڕۆسەی یەکخستنەوە و کۆکردنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بۆ سەر وەزارەت بەردەوامی دەبێت”.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، کۆڵونێڵ گاچێڕۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێم و ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی هاوپەیمانان، پوختەیەکی لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانی کارکردن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی یەکخستنەوە و هەیکەلی نوێی وەزارەت و پڕۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە و دروستکردنی فیرقەکان خستەڕوو.