هه‌واڵ

دەستپاکی داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەکات

دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەستپاکی ئەکادیمی لەدەستداوە و لەو ڕوانگەیەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم پڕۆسەکە دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان کە لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤ بە واژۆی ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەکە ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، بە ئاماژەکردن بە لێژنەی لێکۆڵینەوە لە پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ کە لەلایەن دەستەکەوە پێکهێندراوە، باسی لەوە کردووە کە لێژنەکە بەدواداچوونی بۆ سەرجەم پڕۆسەکە کردووە، لە قۆناغەکانی پێشکەشکردنی بەراییەکان تا ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و لە ئەنجامدا ئەو نووسراوەی کە ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵایان کردووە، تا ئێستایش وەڵام نەدراوەتەوە.

نووسراوەکە باس لە چوار جار هەموارکردنەوەی ڕێنمایی ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٢٢ دەکات، کە بووەتە هۆی قورسکردنی کارەکانی لێژنەکە و لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ، دەرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی ڕێنمایی لەماوەی کەمتر لە پێنج مانگدا، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری یاسایی و لەبەر هۆکارەکانی لە هەموارکردنەوەی ڕێنماییەکان و وەڵام نەدانەوەی نووسراوەکانی دەستەکە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، دەستەی دەستپاکی داوا دەکات:

یەکەم: پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەستپاکی زانستی ئەکادیمی خۆی لەدەستداوە.

دووەم: وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەستێت بە پۆلێنکردنی ئەو خوازیارانەی خوێندنی باڵا کە بەپێی ڕێسا کارپێکراوەکان وەرگیراون، بۆ ئەوەی گرووپی یەکەم بەردەوام بێت لە خوێندنی خۆیان و سەبارەی بە گرووپی دووەم، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی وەرگیرانەکانیان بدرێت، چونکە لە بەشێک لەو کۆلێژانەی کەوا وەکوو سامپڵ وردبینیمان تێدا کردبووە، نمرە بۆ خوازیاران زیادکراوە بۆ پڕکردنەوەی کورسی.

سێیەم: ئەگەر وەزارەتەکەتان نەیتوانی خاڵی دووەم جێبەجێ بکات، ئەوا سەرجەم پڕۆسەی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ هەڵبوەشێنێتەوە و دووبارە دەرفەت بدرێت بۆ پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا لە پڕۆسەیەکی نوێ کەوا هەموو گەرەنتییە یاساییەکان فەراهەم بکرێن بۆ ئەوەی دووبارە گەندەڵی لە پڕۆسەکە ڕوونەدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...