هه‌واڵ

تورکیا ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبێکی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر دەکات

زێدپرێس

 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، دوو ڕۆژ لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە دەستبەسەرکراوە، لەکاتێکدا بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک بە فەرمی سەردانی تورکیای کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەم ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستبەسەرکردنی د. شاخەوان خالید ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بڵاوکردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای ئه‌وه‌ی پارتی چه‌پی سه‌وز به‌شێوه‌ی فه‌رمی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDKی بۆ کۆنگره‌ی چواره‌میان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ داوه‌تكرد، “به‌بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی و له‌به‌ر گرنكی كۆنگره‌كه بڕیادرا له‌سه‌ر ئاستی به‌رز به‌شداری بكرێت و هه‌موو ڕێی و شوێنێكی یاسایی گیرایه‌به‌ر بۆ به‌شداریكردنی هه‌ڤاڵ د. شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی YNDK و خوێندنه‌وه‌ی وتاری مه‌كته‌بی سیاسی YNDK له‌ كۆنگره‌كه‌”.

ئاماژەی دا، ڕۆژی پێش كۆنگره ‌و گه‌یشتنی ژماره‌یه‌ك له ‌حزب و لایه‌نه‌كانی باشووری كوردستان كه‌ به‌شدارییان له‌ كۆنگره‌كەدا ده‌كرد،‌ گه‌یشتنه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ له ‌توركیا‌، بەڵام هه‌ر له‌وێ ڕێگری له‌ چوونه‌ ناو ئه‌نقه‌ره‌ له‌ نوێنه‌ری YNDK كرا و “به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ناڕێك و نایاسایی نوێنه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌یان گرت و بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ و شه‌و‌ێك ده‌ستبه‌سه‌ركرا و پاسپۆرت و مۆبایل و كه‌رسته‌ كه‌سییه‌كانی ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا و ڕێگریان كرد له‌به‌شداریكردنی له‌ كۆنگره‌كه‌”.

یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، ئەم هەڵوێستەی تورکیا بۆ هەڵوێستە سیاسییەکانی حزبەکە دەگێڕێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، “به‌ توندی ئیدانه‌ی ڕووداوی گرتن و دەستبەسەرکردنی زۆرەملێی نوێنه‌رمان له ‌فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كه‌ین و ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی توركیا پێشێلکاری ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و ئازادی هاتوچۆ و گەشتکردنه‌، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسایه‌كی سیاسی و مه‌ده‌نییه‌ به‌پێی ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان”.

هەروەها داوایش لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی كوردستان و عێراق و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن کە به‌دواداچوون بۆ ئه‌م پرسانه‌‌ بكه‌ن و لێنه‌گه‌ڕێن دووباره‌بێته‌وه‌، “له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ڕێگرییكردنانه‌ ئه‌وپه‌ڕی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و یاسا مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانه”‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...