تێلەگراف: لە سێ دەیەی ڕابردوو زیاتر لە ١١ هەزار ژن لە هەرێمی کوردستان خۆیان سووتاندووە
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تێلەگرافی بەریتانی، لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١١ هەزار ژن لە هەرێمی کوردستان بە خۆسووتاندن بوونەتە قوربانی. ڕۆژنامەکە دەڵێ، هێشتا داتای باوەڕپێکراو کەمن، لەبەرئەوەی زۆرێک لە قوربانییەکان هیچ کات ناگەنە نەخۆشخانە.
نێردراوی ڕۆژنامەکە، کە ماوەی هەفتەیەک لە نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری و نەشتەرگەری سووتان بووە لە سلێمانی، باسی لەوە کردووە، کە تەنیا لەماوەی ئەو هەفتەیەدا، سێ ژن بە سووتانێکی سەختەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکە.
داتاکانی نەخۆشخانەکەی سلێمانی دەریدەخەن نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو چوار هەزار و ٩٣٥ ژنەی لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە، لە نەخۆشخانەکە خەوێندراون، بەهۆی سووتانەکەیانەوە گیانیان لەدەستداوە، کە نزیکەی ٨٠٪یان تەمەنیان لە نێوان ١٥ تا ٤٥ ساڵ بووە. لەبەرانبەردا تەنیا ١٠٪ی ئەو پیاوانەی گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکە، تووشی سووتانێکی وا توند بوون کە بەهۆیەوە گیان لەدەست بدەن و ئەوەش بەگوێرەی ڕۆژنامەی تەلەگراف لەگەڵ ئامارەکانی ئەوروپادا دەگونجێت.
ڕۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، لەماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا، تەنیا یەک مانگ هیچ حالەتێکی خۆسووتاندن لە نەخۆشخانەکە تۆمار نەکراوە، ئەویش لەکاتی کەرەنتینە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تێلەگراف، دۆخەکە لە سلێمانی قورس و سەختە، کە خاوەنی تاکە یەکەی تایبەتمەندی سووتانە لە سەرتاسەری عێراقدا.
ڕۆژنامەکە هەروەها تیشکی خستووەتە سەر داتایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە پیشانی دەدات ژنان لە عێراق ڕووبەڕووی بەرزترین ئاستی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە، حالەتەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بەڕێژەی ١٢٥٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٢ هەزار حالەت.
پێشتر زێدپرێس ڕاپۆرتێکی ئاماریی لەبارەی توندوتیژییەکانی بەرانبەر بە ژنان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، کە داتای حەوت ساڵ (٢٠١٥-٢٠٢١) پیشان دەدات. لەو ماوەیەدا، ، ٢٨٤ ژن کوژراون، ٤٤٩ ژن خۆیان کوشتووە، زیاتر لە هەزار ژن سووتاون و ٦٩٨ ژنی دیکەیش خۆیان سووتاندووە. بەتێکڕای گشتی هەر حەوت ساڵەکە؛ هەر سێ ڕۆژ جارێک ژنێک لە کوردستان دەکوژرێت یان خۆی دەکوژێت، لە هەر ڕۆژ و نیوێکدا ژنێک خۆی دەسووتێنێت یان دەسووتێت.