هه‌واڵ

وەزیری دارایی: چەواشەکارییەکان لە بایەخی پڕۆژەی “هەژماری من” کەم ناکانەوە

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “ئەو چەواشەکارییانەی لەلایەن هەندێک لایەن و میدیای نابەرپرسیارەوە دەکرێن، لە بایەخ و گرنگی پڕۆژەی هەژماری من کەم ناکەنەوە”.

 

ئەو گوتانەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە میانەی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من هات، کە ئەمڕۆ سێشەم، ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەنجامدرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەیەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە کرا تا ئێستا نزیکەی ٢١٠ هەزار فەرمانبەر لە پارێزگای هەولێر هەژماریان بۆ کراوەتەوە و نزیکەی ٨٠ هەزار فەرمانبەریش کارتی بانکیان وەرگرتۆتەوە، هەر وەک باس لە قۆناغێکی تری پڕۆژەکە کرا، کە دانانی کابینەی ڕاکێشانی پارەیە لە شوێنە گشتییەکان و “توانراوە زیاتر لە ٣٠ ئامێری پارە ڕاکێشان لەناو شاری هەولێر دابنرێت و بەردەوام لە زیادبووندایە”، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پشتیوانی وەزارەتی بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: “ئەو چەواشەکارییانەی لەلایەن هەندێک لایەن و میدیای نابەرپرسەوە دژی پڕۆژەکە دەکرێت ناتوانێت لە گرنگی و بایەخی پڕۆژەکە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی بانکی دیجیتاڵی و پێشکەوتوو کەم بکاتەوە، کە بەتەواوی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هاووڵاتییاندایە”.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خراوەتە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی پڕۆژەکە لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک کە ئێستا تیمەکان سەرقاڵی وەرگرتنی داتا و فۆڕمی فەرمانبەرانن و “بەم نزیکانە دەست بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران دەکرێت و دواتریش خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دێنە ناو پڕۆژەکەوە”.

جەختیش لەوە کرایەوە “دەرگای پڕۆژەکە کراوەیە بۆ هەر بانکێک بیەوێت بێتە ناو پڕۆژەی هەژماری من بە مەرجێک ڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراقی هەبێت و مەرجەکانی پڕۆژەکەی تێدا بێت، بۆ ئەو مەبەستەیش گفتوگۆ لەگەڵ چەند بانکێکی تر لە ئارادایە و لە قۆناغی داهاتوودا ژمارەی بانکە بەشداربووەکان لە پڕۆژەکە زیاتر دەبێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...