با جارێ سەرێک لە ڕۆژاڤای کوردستان بدەین.
شەشی ئەم مانگە، ئێران لە ڕێگای میلیشییاکانییەوە و لە دێرەزۆرەوە هێرشێکی فرەوانی کردە سەر ڕۆژاڤا و تا ئەم چرکەساتەش بەردەوامە. هەرچەندە بەگیانبازی کچ و کوڕانی ڕۆژاڤا هێرشەکە تا ئێستا شکستی هێناوە، بەڵام، وەک ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەیڵێت یەکێک بووە لە هێرشە هەرە مەترسیدارەکان بۆ سەر ڕۆژاڤای کوردستان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە
ئەو پیلانەی ئێران داینابوو، هەرەسهێنانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و گرتنەوەی سەرجەم دێرەزۆر و ئەگەر بکرایە حەسەکەش و بە هەرەسهێنانی هێزەکانی ڕۆژاڤاش، ئەمریکا ناچار دەبوو هێزەکانی لە ڕۆژاڤا و باکووری سووریا بکشێنێتەوە. ئەمەش دەبووە سەرکەوتنی مێژوویی بۆ ئێران و بە دۆست و دوژمنی دەگوت تۆڵەی کوشتنی هەنییەم لە ئیسڕائیلی دووەم کردەوە.
چیرۆکی ئیسرائیلی دووەم چییە؟
لەگەرمەی دوا شەڕی شۆڕشی ئەیلول لەگەڵ داگیرکەری عێراقی، هەواری بۆمیدیان، سەرۆکی ئەوسای جەزائیر، بەسیفەتی نوێنەری کۆمکاری عارەبی و سەرۆکی ڕێکخراوی ئۆپێک، دەچێتە کۆشکی سپی و چاوی بە نیکسۆن دەکەوێت.
نیکسۆن بە بۆمیدیان دەڵێت، ئەمریکا و عارەب پەیوەندی باشمان هەیە و تاکە کێشەیەک هەبێت لە نێوانماندا کێشەی ئیسرائیل و عارەبە، ئەویش چارەسەر دەکەین.
بۆمیدیان لەوەڵامدا دەڵێت، پێدەچێت ئەمریکا بە ئیسرائیلی یەکەم واز نەهێنێت و کار بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەمیش لە باکووری عێراق دەکات.” بەمجۆرە کێشەی کورد، وەک ئیسرائیلی دووەم دەچێتە سەر مێزی دانوستانی گەورەترین زلهێزی دونیا.
کاتێک ئەم هەواڵە دەگاتە ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆکی باندی بەعسییەکان و سەرۆکی ئەوسای عێراق، فرمێسک بەچاویدا دێنەخوار.
لە ئەدەبیاتی سیاسیدا، ئەمین سامی ئەلغەمڕاوی، کە ئەفسەرێکی سوپای میسر و هاوسۆزی ئیخوانەکان بوو، یەکەم کەسە کە لە دووتوێی کتێبێکدا، کوردستان بە ئیسرائیلی دووەم ناودەبات. ئەو لە کتێبەکەیدا، قضیە الاکراد فی شمال العراق،” کە لە ١٩٦٧دا چاپکراوە، ئەم ناونیشانە بۆ کوردستان بەکاردێنێت.
دوای ئەو، چەمکی ئیسرائیلی دووەم، دەبێت بەشێک لە ئەدەبیاتی عارەبەکانی عێراق و ڕۆژنامەگەری بەعسییەکان، لەوانەش ئەلسەورە، و ئەلعێڕاق و هاوکاری و ڕەنگین چەندان ناونیشانی لەم جۆرە دەبینین.
لەسەر ئاستی میدیای عارەبیشدا، ڕۆژنامەی (القدس العربی)ی فەلەستینی کوردستانی بە ئیسرائیلی دووەم تۆمەتبار کردووە.
بە ئیسرائیلی دووەم لەقەڵەمدانی باشووری کوردستان بە کۆتایی حوکمی بەعسییەکان کۆتایی نەهات. نزیکترین نموونە نوری مالیکییە. ئەو لە ئەیلولی ٢٠١٧دا هەمان پەیامی “ئیسرائیلی دووەم”ی بۆ کوردستان بەکار هێنا. هەڵبەت وەک هەزاران هەڵوێستی داگیرکەرانەی تری حوکمڕانە شیعەکان، ئەمەش بەسەر سیاسییە نانیشتمانییەکانی باشووردا تێپەڕی.
ئیسرائیلی دووەم، هەر تایبەت نییە بە عارەبەکان و هەر بۆ باشووری کوردستانیش بەکار نایەت.
ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ و دوو ڕۆژ پێش ڕیفراندۆم، هەزران تورک ڕژانە سەر شەقامەکانی تورکیا بۆ ناڕەزایەتی دژی ڕیفراندۆم. خۆپیشاندەرانی ئەدەنە بە شیعاری “نا بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەم،” چوونە سەر بنکەی ئەنجەرلیک.
ئاڵتان تان ئەندامی سەرکردایەتی پێشووی حزبی ریفاهی ئەربەکان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە ئایاری ئەمساڵدا بڵاوی کردووەتەوە باس لەو ڕۆژانە دەکات کە چۆن نیگەرانبووە لەوەی ئەربەکان و سەرکردایەتی حزبەکەی، باشووری کوردستانییان بە ئیسرائیلی دووەم دەشوبهاند. ئەو دەڵێت ڕۆژێک پێمگوتن هەمووتان تۆرەیەک لە کورد بدەن، بڵێن تیرۆریست، کافر، جوداخواز بەس مەڵێن ئیسرائیلی دووەم، ئاخیر ماقووڵ نییە کە سوپای ئیسرائیل و فڕۆکەوانەکانی ئاسمان و زەمینی تورکیا بۆ مەشق بەکاردێنن و تورکیا یەکەم وڵات بوو ئیسرائیلی بەفەرمی ناساند، ئێمەش بە کورد بڵێین “ئیسرائیلی دووەم،”
ئەوەی ئاڵتان تان تێینەگەییشتووە، ئەوەیە ئەوان بەهۆی پەیوەندی کورد و ئیسرائیل، کوردستان بە ئیسرائیل ناشووبهێنن. پرسەکە لە شوێنێکی ترە و پەیوەندی بە ڕوانگەی تورکەکان و عارەبەکانەوە هەیە بۆ دۆزی کورد و وڵاتی کوردستان. چۆن ڕای گشتی ئەو دوو نەتەوەیە بە دوژمن و نامۆ و داسەپاو و دژە دین مامەڵە لەگەڵ پرسی ئیسرائیل دەکەن، بەهەمان زەهنییەت و جیهانبینیشەوە لە پرسی کورد دەڕوانن.
ئێستا لە عاڕەب و تورک گەرمتر، ئێرانییەکانن کە ئیسرائیلی دووەم بۆ کوردستان، هەردوو بەشی باشووری و ڕۆژاڤاکەی بەکاردێنن.
لە گووگڵ کنەی “اسرائیل دوم” بە فارسی بکەن، لە زۆربەی ڕۆژنامە و میدیای فەرمی و سێبەری کۆماری ئیسلامی چەندان بابەتت لەمەڕ ناونانی کوردستان بە “ئیسرائیلی دووەم” دەست دەکەوێت.
دژایەتی ئیسرائیلی دووەم، وەک خاڵی هاوبەشی داگیرکەرانی کوردستان
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، لە تۆڵەی لێدانی قونسوڵییەکەی ئێران، لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێران هەولیری پایتەختی بۆردمان کرد. ئەوەی جێگای سەرنجە تەلەفزیۆنی ئۆداتیڤی ئەرگەنەکۆن، کە یەکێکە لە پڕبینەرترین تەلەفزیۆنی تورکەکان، بە مانشێتێکی گەورە نووسیبووی “ئێران لە ئیسرائیلی دووەمی سرەواند”.
تۆڵەی ئێران لە باشوور ئەگەرێکی کراوەیە
هەروەک لە هێرشە شکستخواردووەکەی سەر ڕۆژاڤا و پەیامەکەی پزیشکییان لە ئەگەری لێدانی هەرێمی کوردستان، لەبری ئیسرائیل ئەگەرێکی کراوەیە. ڕەنگە ئەمجارەش وەک زۆربەی جارەکانی پێشووتر، ئێران لەبری ئیسرائیلی یەکەم هێرش بکاتە سەر ئیسرائیلی دووەم.
لێدانی ئیسرائیلی دووەم هەم سەلامەت و بێکێشەیە و هەم ئاوی ڕووی کۆماری ئیسلامیش دەکڕێتەوە، دواجار لە ڕوانگەی ئەوان ئیسرائیل هەر ئیسرائیلە، جا چ ئیسرائیلی یەکەم بێت یان ئیسرائیلی دووەم.