ههواڵ
کەمترین مووچەی کرێکاری ناکارامە بە ٤٥٠ هەزار دینار دیاریکرا

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر دیاریکردنی لانیکەمی مووچەی کرێکارانی ناکارامە بە ٤٥٠ هەزار دینار دا.
بەگوێرەی نووسراوێکی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە ژمارە ٩٤١٠ی ڕێککەوتی ٣ی ئابی ٢٠٢٥ بە واژۆی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەرکراوە، تێیدا ئاماژە بە ڕەزامەندی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بە دیاریکردنی ٤٥٠ هەزار دینار وەک کەمترین کرێی مانگانەی کرێکاری ناکارامە.
نووسراوەکە، ئاڕاستەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە نابێت کرێی مانگانەی کرێکاری ناکارامە لە ٤٥٠ هەزار دینار کەمتر بێت و هاوکات ئەو کرێکارانەیش کە بە کرێی ڕۆژانە کار دەکەن، نابێت کرێی ڕۆژانەیان لە ١٥ هەزار دینار کەمتر بێت، کە ئەوەش یەکسانە لەگەڵ کرێی مانگانەی کرێکارێکی ناکارامە کە بە ٤٥٠ هەزار دینار دەستنیشان کراوە.


