پارتی و یەکێتی لە سەر دەستبەکاربوونی پەرلەمان هاوڕان

شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنن، کە هاوڕابوون لەسەر بەگەڕخستنی هەوڵەکان بۆ ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکییەکانی بکات .
ئەمڕۆ پێنجشەم، ١٤ی ئابی ٢٠٢٥، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، هەردوو شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
هەردوو حزبەکە، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەمەڕ کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: هەردوولا لەکۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە کە؛ لەژێر ڕۆشناییی ئەو بنەما و پڕنسیپانەی لە دیدگای هاوبەشی نێوان هەردوولادا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەو هەنگاوانەی نراون لەپێناو ڕێکخستنی کاری هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی کوردستان، بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها باس لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە کرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ طێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئەو بەڵێنانەی هەردوولا بە جەماوەری خۆیان دابوو و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاری لە پێگەی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان؛ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاساییی خۆی بکات و هەنگاوەکانی تری پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بن”.



