هه‌واڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووری: داوای دواخستنی مووچەمان نەکردووە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە شاندەکەیان لە بەغدا داوای دواخستنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کردبێت.

 

وەزارەتەکە، ئەمڕۆ شەممە، ٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو دەنگۆیانە بڵاوکردەوە کە لە چەند میدیا و هەژماری جوایەز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە و باس لەوە دەکەن کە ئەو شاندەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە سەردانی بەغدای کردبوو، داوای دواخستنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە، دەڵێ: “هەر کەس و لایەن و میدیا و پەیجێک باسی ئەوەی کردبێت کە گوایە شاندی هەرێم داوای نەناردنی مووچەی کردبێت ڕاست ناکات و درۆیەکە و شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە مووچەی بەدەرکردووە لە هەموو کێشە و بابەتێکی سیاسی و تەکنیکی و هتد…. بۆیە ئەو قسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە”.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕوونکراوەتەوە: ئەرکی دواین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد پەیوەست بووە بە چەند پرسێکەوە، لەناویاندا: “کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکۆدا. کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەم و پرسی کوالیتی کۆنترۆڵ”.

 

زیاتر هاتووە: “هەرچی پەیوەستە بە بابەتی داهاتی ناوخۆ، لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا شاندی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیان کردووە و شاندەکە داوای کردووە بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێت، واتە لە (٥٠٪ ) داهاتە ناوخۆییەکان بدرێتە حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە”.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەوەش دەڵێ: “بەو پێیەی کە هەمیشە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە، بە شێوەیەکی ئاساییش ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بەپێی یاسا دەکەوێتە دە ڕۆژی مانگی دواترەوە، کە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنەبێتەوە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت، داهات و خەرجی مانگانە بەردەست نابێت، چۆن دەکرێت بەو بیانووە مووچە ڕابگیرێت و دوابخرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button