یاداشتێکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەریتانیا ئیمزا کرا
زێدپرێس
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ئاسایشی بەریتانیا، یاداشتێکی “لێکتێگەیشتنی هاوبەش”یان دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری و ڕاهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان ئیمزا کرد.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەم ڕێککەوتی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣، هەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تۆم توگنهات وەزیری ئاسایشی بەریتانیا “لێکتێگەیشتنی هاوبەش”یان دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری و ڕاهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان لە نێوان هەردوو حکوومەتدا واژووکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، “ئەم یاداشتە بەشێکە لە پەیوەندی گرنگ و بەردەوامی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان کە سنوورە نیشتیمانییەکان دەبەزێنن و هەڕەشە لە سەر هاونیشتیمانیان دروست دەکەن”.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، یاداشتەکە، نەخشەڕێگایەک بۆ پێکەوەکارکردن دادەنێت، بۆ باشترکردنی سەلامەتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی هەردوولا. هەروەها “پێکەوە کاردەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بونیادی تواناسازی، بە پشتبەستن و پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ و ستاندەردە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان لەئاستێکی فرەوانتردا”.