وەزارەتی کاروباری شەهیدان داوای قەرەبوو لە حکوومەتی عێراق دەکات
زێدپرێس
ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بەبۆنەی ٣٥مین ساڵوەگەڕی ئەنفالی بادینان بڵاوکردەوە و وێڕای بیرهێنانەوەی تاوانەکە، ئاماژەی بە ناپابەندبوونی حکوومەتی عێراق کرد، بە ناوەڕۆکی دەستووری عێراق و بەدیاریکراویش ماددەی ١٣٢ی دەستوورەکە، کە تەرخانکراوە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق.
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
لەساڵیادی ئەنفالی بادیناندا
سڵاو لە ڕۆحی شەهیدانی جینۆسایدی کوردستان.
ئەمڕۆ ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣ بەڕێز و شکۆوە بیرەوەری شەهیدان و قوربانیانی دواهەمین قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفال وەبیر دەهێنینەوە، کە تیایدا ڕژێمی بەعسی عێراق لە میانەی ٨ قۆناغی یەک لە دوای یەک و لە ساڵی ١٩٨٨دا لە زنجیرە شاڵاوێکی دڕندانە و بێوێنەدا هەستا بە کاولکردنی گوندەکان و ڕاپێچکردنی بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی بەرەو بیابانەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و لەوێش لە پاش هەموو جۆرە ئازار و ئەشکەنجەدانێک بێ بەزەییانە کۆمەڵکوژی کردن.
ئەگەرچی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەم ئەم زنجیرە تاوانەی بەجینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی ناساند، بەڵام هێشتا دەوڵەت و حکوومەتی عێراق بە ئەرکی یاسایی و دەستوری خۆیان هەڵنەستاون، هەربۆیە جارێکیتر داواکارین کە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندییەکانی خۆی بە جێبەجێکردنی مادەی ١٣٢ی دەستور جێبەجێ بکات کە بەدەق باس لە قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زیانلێکەوتووی ئەو تاوانانە دەکات .
ئێمەش لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وێڕای هاوخەمیمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان، لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئازیزانی جینۆسایدکراومان.
لەم ساڵیادەدا دروود دەنێرین بۆ ڕۆحی شەهیدانی هەر هەشت قۆناغەکەی ئەنفالی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی جینۆسایدی کوردستان.
سڵاو لە خانەوادە خۆڕاگر و هەمیشە سەربەرزەکانیان.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
٢٥ی ئابی ٢٠٢٣