هه‌واڵ

وەزارەتی کاروباری شەهیدان داوای قەرەبوو لە حکوومەتی عێراق دەکات

زێدپرێس

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەریمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێشتا دەوڵەت و حکوومەتی عێراق بە ئەرکی یاسایی و دەستوری خۆیان هەڵنەستاون لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق و داوای پابەندبوونی عێراق بە ماددەی ١٣٢ی دەستووری هەمیشەیی دەکات.

ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بەبۆنەی ٣٥مین ساڵوەگەڕی ئەنفالی بادینان بڵاوکردەوە و وێڕای بیرهێنانەوەی تاوانەکە، ئاماژەی بە ناپابەندبوونی حکوومەتی عێراق کرد، بە ناوەڕۆکی دەستووری عێراق و بەدیاریکراویش ماددەی ١٣٢ی دەستوورەکە، کە تەرخانکراوە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

لەساڵیادی ئەنفالی بادیناندا

سڵاو لە ڕۆحی شەهیدانی جینۆسایدی کوردستان.

ئەمڕۆ ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣ بەڕێز و شکۆوە بیرەوەری شەهیدان و قوربانیانی دواهەمین قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفال وەبیر دەهێنینەوە، کە تیایدا ڕژێمی بەعسی عێراق لە میانەی ٨ قۆناغی یەک لە دوای یەک و لە ساڵی ١٩٨٨دا لە زنجیرە شاڵاوێکی دڕندانە و بێوێنەدا هەستا بە کاولکردنی گوندەکان و ڕاپێچکردنی بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی بەرەو بیابانەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و لەوێش لە پاش هەموو جۆرە ئازار و ئەشکەنجەدانێک بێ بەزەییانە  کۆمەڵکوژی کردن.

ئەگەرچی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەم ئەم زنجیرە تاوانەی بەجینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی ناساند، بەڵام هێشتا دەوڵەت و حکوومەتی عێراق بە ئەرکی یاسایی و دەستوری خۆیان هەڵنەستاون، هەربۆیە جارێکیتر داواکارین کە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندییەکانی خۆی بە جێبەجێکردنی مادەی ١٣٢ی دەستور جێبەجێ بکات کە بەدەق باس لە قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زیانلێکەوتووی ئەو تاوانانە دەکات .

ئێمەش لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وێڕای هاوخەمیمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان، لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئازیزانی جینۆسایدکراومان.

لەم ساڵیادەدا دروود دەنێرین بۆ ڕۆحی شەهیدانی هەر هەشت قۆناغەکەی ئەنفالی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی جینۆسایدی کوردستان.

سڵاو لە خانەوادە خۆڕاگر و هەمیشە سەربەرزەکانیان.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

٢٥ی ئابی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...