ئەمانە سياسەتيان کورت کردووەتەوە تەنيا لە چەند ژمارە و داتایەک و (بە دڵنيایەوە خستنەڕووی ئەو داتا و زانيارييانە سوود و گرنگی خۆی هەیە)، لە چەند دەقێکی دەستوری و یاسایی، کە زۆربەی کات ملکەچی هاوکێشە و ويستی سياسی و جيوپۆلەتيکين. ئەم تێڕوانينە بۆ سياسەت و پەيوەندی هەرێم و بەغدا، سادە و بەشێکی زۆری هەڵە و زیانبەخشە.
ئەوەی عێراق دەيکات بەرانبەر بە هەرێم، تەنيا بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و پێگەی کوردی باشوورە، چۆن؟
١.هەموو ئەوەی عێراق کردوویەتی تەنيا ڕێی لە هەرێم گرتووە، کە بە فەرمی و یاسایی و ئاشکرا نەوت بفرۆشێت. ئەمە بۆ ئايندەی هەرێم و کورد هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەیە. هەر ئەو کەسانەی پەسندی هەنگاوەکانی بەغدایان دەکرد و دەکەن، خۆیان ئاماژەیش بەوە دەکەن، کە پارتی ڕۆژانە نەوت بە تەنکەر دەفرۆشێت و کێشەی نييە. کەواتە، ئەگەر جاران هەندێک زانياری و داتا هەبووایە لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم، چونکە بە فەرمی و ئاشکرا بوو، ئێستا نەوتەکەی هەرێم دەفرۆشرێت و کەسيش ئاگاداری بڕ و نرخ و داهاتەکەی نييە. کەواتە ئەگەر جاران پارتی گلەیی و ڕەخنەی ئاڕاستە بکرایە لەبەر پڕۆسەی فڕۆشتنی نەوت، ئێستا ئەو گلەیی و ڕەخنانەشی ئاڕاستە ناکرێت و پارەکە بە تەواوی بۆ پارتييە. بەو جۆرەیش، ئەوەی تا ئێستا عێراق کردوویەتی، تەنيا ئەوەیە نەوتەکەی لە کوردستان سەندووەتەوە و داویەتی بە پارتی. زۆر ڕوونە هاوکێشەکە واتە لاوازکردنی هەرێم و دەوڵەمەندترکردنی پارتی. لە پرسی نەوتدا یەکێتی زۆربەی کات بنديوارە. ئەگەر گازی سروشتی هەرێم بفرۆشڕێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە عيراق ڕێ نادات هەرێم بە فەرمی بيفرۆشێت و بەشێکی زۆری دەداتە یەکێتی بە نهێنی بيفرۆشێت و داهاتەکەشی تەنيا بۆ خۆی بێت.
ئەگەر جاران پارتی گلەیی و ڕەخنەی ئاڕاستە بکرایە لەبەر پڕۆسەی فڕۆشتنی نەوت، ئێستا ئەو گلەیی و ڕەخنانەشی ئاڕاستە ناکرێت و پارەکە بە تەواوی بۆ پارتييە
٢. عێراق دوو مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەداوە. بە تەحەداوە، یەک ئەندامی باڵا و سەرکردایەتی و مەکتەب سياسی پارتی و یەکێتی نە مووچەیان کەمی کردووە، نە گوزەرانيان خراپتر بووە، نە ڤێلا و دەيان سەيارە و گەشتەکانی ئەوروپا و ئەمريکايان کەمی کردووە. بەڵکو، لەوانەیە ساڵێکی تر زیاتر بۆمان ڕوون بێتەوە، پارتی و یەکێتی بە پاساوی ڕادەستکردنی نەوت و مووچە بە بەغدا، خۆیان زۆر دەوڵەمەندتر بن. باسی هەردوو بنەماڵەی حوکحمڕانیش ناکەم، کە ئەوان ملياردێرن و عێراق بچووکترين هەڕەشەی بۆ مليارەکانی ئەوان دروست نەکردوە.
لەوانەیە ساڵێکی تر زیاتر بۆمان ڕوون بێتەوە، پارتی و یەکێتی بە پاساوی ڕادەستکردنی نەوت و مووچە بە بەغدا، خۆیان زۆر دەوڵەمەندتر بن
٣. ئەم قەيرانی مووچەیە کە لە هەرێمدا هەیە، دۆخێکی دروستکردووە کە خەڵکێکی زیاتر پەنا دەبەنە بەر پارتی و یەکێتی بۆ دامەزراندن لە دامەزراوە حزبييەکانی ئەو دوو حزبە. ئيتر پەنابردن بێت بۆ بوون بە ئەندام لە هێزە چەکدارەکانی ئەو دوو حزبە، یان ميدياکانیان، ئەمەش وا دەکات قەوارەی هەرێم تەواو لاواز و بچووک ببێتەوە، پارتی و یەکێتی زیاتر لە جاران لە حکوومەت و دامودەزگا حکوومييەکانی هەرێم بەهێزتر و بە هەژموونتر بن. چونکە عێراق دۆخێکی دروستکردووە، هەرێمی کوردستان و خەڵکی باشوور موفليسە، بەڵام پارتی و یەکێتی ملياردێرن.
قەيرانی مووچە، دۆخێکی دروستکردووە کە خەڵکێکی زیاتر پەنا دەبەنە بەر پارتی و یەکێتی بۆ دامەزراندن لە دامەزراوە حزبييەکانی ئەو دوو حزبە
٤. عێراق و ئێران و تورکيا دەيانەوێت سنوورەکانی نێوان باشووری کوردستان لەگەڵ بەشەکانی تری کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن، ئەمەش یەکيکە لە مەرجە ڕانەگەیەنراوەکانی عێراق بۆ پێدانی مووچە. ئەمە چ پەيوەندی بە لاوازکردنی پارتی و یەکێتييەوە هەیە، تەنيا گورزوەشاندنە لە دۆزی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە.
٥. عێراق دەيەوێت خاڵە سنووری و مەرزەکان کۆنتڕۆڵ بکات. ئەمەش واتە کۆنتڕۆڵکردنی داهاتی فەرمی هەرێمی کوردستان بە تەنيا، ئەگەرنا ئەوەی بە قاچاخ حزبەکان دەيهێنن، هەر لە بنەماوە داهاتێکی فەرمی نييە و تۆمارناکرێت. لێرەشدا داهاتەکەی پارتی و یەکێتی دەستی بۆ نابردرێت و تەنيا داهاتی هەرێمی کوردستان دەدرێت بە عێراق.
ئەوەی بە قاچاخ حزبەکان دەيهێنن، هەر لە بنەماوە داهاتێکی فەرمی نييە و تۆمارناکرێت
٦. لەگەڵ ئەم هەموو هەنگاوەی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، زۆر بەڕوونی هەستی پێدەکرێت کە پارتی و یەکێتی و هێزە چەکدارەکانيان زیاتر دەبن، ميدياکانيان زیاتر و بەربڵاوتر دەبن. خەرجی پارتی و یەکێتی بۆ چەکدار و ميديا و کادرەکانيان زیاتر دەبێت. واتە ئەو داهاتەی کە لای پارتی و یەکێتييە، نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو زیاتری کردووە. لەبەرانبەردا قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەوەندە لاواز بووە، کە توانای نييە دوو مانگ جارێک مووچەی فەرمانبەرانی بدات.
ئەم خاڵانە و چەندان خاڵی تر ئەوە دەسەلمێنن کە هەنگاوەکانی عێراق تەنيا دژ بە باشووری کوردستان و کوردە. حکوومەتی عێراق و ئەوانەی لە عێراقن، بە سەدرييەکان و تەنسيقييەکان و سووننەکان و ئەوانی تريش، لەگەڵ پارتی و یەکێتی مامەڵە و نزيکایەتی بەردەواميان هەیە و بە یەکەوە حکوومەت دروست دەکەن و هەموو حکوومەتێکی عێراق، پێويستی بە دەنگ و پشتگيری پارتی و یەکێتييە نەک خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆیە لای عێراق، خەڵکی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی ئامانجی سەرەکييە کە لێی بدات و لاوازی بکات نەک پارتی و یەکێتی. ئەوە عێراقە سەرۆک کۆمارەکەی دەداتە یەکێتی و وەزيری دەرەوەی دەداتە پارتی، ئەوە عێراقە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و داهاتی خاڵە سنوورييەکان دەبات بۆ خۆی، بەڵام دەست نابات بۆ پارتی و یەکێتی کە نەوت دەفرۆشن و دەيان جۆری بازرگانی دەکەن لە خاڵە سنوورييەکانەوە.
عێراق، پێويستی بە دەنگ و پشتگيری پارتی و یەکێتييە نەک خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆیە لای عێراق، خەڵکی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی ئامانجی سەرەکييە کە لێی بدات
یەک نموونەی سەرنجڕاکێش و ئاشکرا، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، لەوانەیە دەيان و سەدان جار سەرۆک وەزيرانی عێراق و سەرکردە ديارەکانی عێراق هاتبن بۆ هەولێر و سلێمانی بۆ کۆبوونەوە و سەردانی پارتی و یەکێتی و داواکردن لێيان کە پشتگيريان بکەن و بە یەکەوە کار بکەن، بەڵام چەند جار وەفدی عێراق هاتووە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر پرسەکانی نەوت و مووچە و بودجە و سنوور؟ بۆچی سەرکردە عێراقييەکان بەلایانەوە ئاساییە هەفتانە و مانگانە سەردانی پارتی و یەکێتی بکەن بۆ دانوستان و ڕێککەوتن و گفتوگۆ، بەڵام بەلایانەوە ئاسایی نييە بۆ یەکجاريش بێت وەفدی حکوومەتی عێراق بێتە کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵکو لەوەدا، کە عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات وەک قەوارەیەکی سياسی، ئەوا دەبێت هەميشە وەفدی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا و بپاڕێنەوە. کاتێک عێراق مامەڵە لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەکات، خۆیان بە پەرۆشەوە دێنە هەولێر و سلێمانی، بەڵام کاتێک مامەڵە لەگەڵ قەوارەی هەرێم دەکات، دەبێت وەفدی کوردی بچنە بەغدا.
کە عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات، ئەوا دەبێت هەميشە وەفدی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا و بپاڕێنەوە. کاتێک عێراق مامەڵە لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەکات، خۆیان بە پەرۆشەوە دێنە هەولێر و سلێمانی
پێويستە کورد بە گشتی لەو فێڵ و سياسەتانەی داگيرکەران تێبگات و ئيتر نەبێتە بوقی داگيرکەران. کاتێک تورکيا بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە دەيەوێت پەکەکە لاواز بکات، نەک کورد، ئەوا بە دڵنیاییەوە مەبەستەکەی تەنيا کوردی باکورە، نەک پەکەکە. چونکە مامەڵەکردنی تورکيا لەگەڵ پەکەکە ئاسانترە، پەکەکەی قەدەغە کردووە و خستوویەتییە ليستی تيرۆرەوە، بە پاساوی پەکەکە هەر کات بيەوێت باکوری کوردستان دەکاتە سەربازگە و زيندان. کاتێک ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە کێشەی لەگەڵ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە نەک گەلی کورد، ئەوا بە دڵنياییەوە ئامانجەکەی تەنيا لێدانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک لە چەند حزبێکی دەرەوەی ڕۆژهەڵات، کە کاريگەرييەکی کەميان هەیە. عێراقيش بە هەمان شێوە، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە قەوارەی هەرێم لاواز بکات و نزيکی بکاتەوە لە داڕووخان. ئەگەر بۆ ساتێک دوور لە کاريگەری ميديا و ئەو ڕای گشتييە چەواشەکراوەی هەرێم بير بکەينەوە، دەتوانين بە ڕوونی ئەوە ببينين و پرسيار بکەين، بۆچی هەرێم مایەپووچ بووە و دوو مانگە مووچە نەدراوە، بەڵام هاوکات پارتی و یەکێتی هێزە چەکدارەکانيان و مووچەخۆرانی خۆیان و ميدياکانيان زیاد دەکەن و فرەوانتر دەبن؟ بۆچی لەم دۆخەی هەرێم کە گوایە عێراق بۆیە مووچە نادات دەيەوێت پارتی و یەکێتی لاواز بکات، پارتی و یەکێتی نەک داهات و خەرجيان کەمی نەکردووە، بەڵکو زیادی کردووە؟
کاتێک ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە کێشەی لەگەڵ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە نەک گەلی کورد، ئەوا بە دڵنياییەوە ئامانجەکەی تەنيا لێدانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک لە چەند حزبێکی دەرەوەی ڕۆژهەڵات، کە کاريگەرييەکی کەميان هەیە
بۆ ئەوەی بتوانين گۆڕانکارييەک بکەين و هەنگاوێک بەرەو باشتر بڕۆين، پێويستە ڕای گشتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک بێت، کە ئەگەر یەک جار دژی پارتی و یەکێتی بێت، دە جار دژی سياسەتەکانی عێراق بێت بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، چونکە دواجار ئەو سياسەت و هەنگاوانەی عێراق بەرانبەر بە هەرێم، زیاتر لە جاران خەڵکی هەرێم دەخاتە ژێر هەژموونی پارتی و یەکێتی. لە ئێستایشەوە ئەوە بە ڕوونی دەرکەوتووە.
هەر بژی کاک رنج، بەلام بەداخەوە بۆق و کەڕەنای خۆبەکەمزانان بەهێزترە
زۆر سوپاس. ڕاستە هاوڕام. بەداخەوە.