بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی: کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ پێدانی ڕاستەوخۆی مووچە موزایەدەیە
زێدپرێس
شوان کەلاری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی کۆکردنەوەی ئیمزا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ناردنی ڕاستەوخۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، ڕاگەیاند.
دوێنێ دووشەم ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ نووسراوێکیان بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرزکردەوە و داوایان کرد، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دابەش بکرێت و بۆ ئەوەش دەستیان بە کۆکردنەوەی ئیمزا کرد و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنە عەرەبییەکانیش پاڵپشتی نووسراوەکەیان کرد.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی شوان کەلاری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی:
موزایەدەی ئیمزاکۆکردنەوە و چەواشەکردنی مووچەخۆران
ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕمان بە موزایەدە و چەواشەکاری و خەڵک فریودان نییە و لە هیچ دۆخێکدا (نە بەهۆی ڕۆیشتن بەرەو هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ، نە لە پێناوی بەدەستهێنانی دەستکەوتی «کاتی، حزبی» ناچینە ژێرباری یاریکردن لەگەڵ هەست و سۆزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان)، هەمووان لەبیرمانە له کاتی هاتنی پڕۆژەیاسایی بودجەی عێراق بۆ پەرلەمانی عێراق و بۆ لیژنەی دارایی، یوسف کیلابی و گرووپەکەی بۆ هەڵخەڵەتاندنی هەندێک کەس و لایەن و چاندنی کۆمەڵێک لوغم دژی هەرێمی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بابەتی گەڕانەوەی ١٠٪ی مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان وروژاند و یاریان لەگەڵ هەست و سۆزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرد، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی هەرزوو لەم یارییە ئاست نزمە تێگەیشتین و ڕامانگەیاند، کە ئەگەر وەک ئەوەی یوسف کیلابی و هاوڕێکانی دەیانەوێت پڕۆژەیاسای بودجە تێپەڕێت، نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە، بەڵکو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەکرێتە ئامانج و دەبڕدرێت، هەربۆیە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی لێژنەی دارایی پەرلەمانمان کرد و دواتریش بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانمان کرد، لەکۆتاییدا بۆچوونەکەی ئێمە ڕاست دەرچوو، نەک پاشەکەوت نەگەڕاوە، بەڵکو ئێستا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بەقەرز دەنێرێت! ئەوانەش کە ئیمزایان بۆ دانەوەی لە١٠٪ پاشەکەوتی مووچە کۆکردەوە، نەخۆیان قسەیەکیان ما بۆ گوتن، نەکەسیش زانی ئیمزاکانیان بۆ کوێ چوو؟! چی بەسەرهات؟!
ئێستا گەڕانەوەی لە ١٠٪ی پاشەکەوتیان لەبیرچووە و ئیمزا بۆ پێدانی مووچەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە کۆدەکەنەوە!
دیسان یوسف کیلابی پڕۆژەیەکی هێناوە گوایە لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە دەیەوێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بدرێت!
١- ئەمە هەمان سیناریۆی ئیمزاکۆکردنەوەی گەڕانەوەی ١٠٪ی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە و (موزایەدەیە)، هەوڵێکە بۆ لێدان لە حکوومەتی هەرێم و دروستکردنی کێشە لە نێوان فەرمانبەران و حکوومەتی هەرێم!
٢- بە عەقڵی کێوە دەچێت! حکوومەتی عێراق لەدوای چوونی وەفدی باڵای حکوومەتی هەرێم (سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی) و دووای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ و باڵا ئینجا ڕازی بوو ٧٠٠ ملیار بەقەرز بدات بۆ مووچەی فەرمانبەران، ئێستا لەسەر ئیمزای یوسف کیلابی و ٣٩ پەرلەمانتاری تر مانگانە ٩٥٠ ملیار ڕاستەوخۆ بدات بە فەرمانبەران؟!
٣- چەند ڕۆژێک پێش ئێستا خەڵکانێک چوون لە دادگای فیدراڵی شکاتیان لە حکوومەتی فیدراڵ کرد، دژی ئەوەی مانگانە ٧٠٠ ملیاری بەقەرز داوە بە هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران، ئایا ئەقڵ دەیبڕێت هەر ئەم خەڵکانە ئێستا ئیمزا کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی مانگانە حکوومەتی فیدڕاڵ ٩٥٠ ملیار مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت؟
٤- گریمان ئیمزای ئەم برادەرانە شتێکی بە شتێک کرد و سەریگرت، ئایا ئەوکات حکوومەتی فیدڕاڵ چۆن دەتوانێت بەبێ حکوومەتی هەرێم مووچە ڕاستەوخۆ لە هەرێم دابەش بکات، ئایا ئەمە لێدان نییە لە هەیبەتی حکوومەتی هەرێم؟ ئایا ئەمە پێچەوانەی دەستوور نییە؟ ئەی ئیشی حکوومەتی هەرێم چییە؟
٥- خوداکردی حکوومەتی فیدڕاڵ مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت ئەوا سوپاسی دەکەین و بەگوێرەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و بەگوێرەی بڕیاری پێشوەختەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەولەویەت بۆ مووچەیە و پێویستە حکوومەتی هەرێم پێش هەر شتێک مووچە دابەش بکات، ئیتر چی پێویست دەکات ئەم هەموو فراکسیۆن و پەرلەمانتارەی کورد دووای پڕۆژەی ئەو کەسانە بکەون و ئیمزایان بۆ بکەن کە سێ مانگە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان بڕیوە؟!
ئەگەر مەسەلە ئەوەیە کە بەغداد مانگانە و لەکاتی خۆیدا و هاوشێوەی فەرمانبەرانی تری عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت، ئەوا پێش هەر فراکسیۆنێک فراکسیۆنی پارتی دەستخۆشی لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات و هەزار جار (بەڵێ) و (ئیمزا) بۆ دابەشکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەیەککاتدا دەکەین.
ئەوەشمان لە بیرە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەنگێکی نەشاز لە هەرێمی کوردستانەوە پەیامی ئاڕاستەی خەڵک دەکرد و دەیگوت: ئەگەر حکوومەتی هەرێم نەوت ڕادەستی بەغداد بکات ئەوا هیچ کێشەیەک نامێنێت و بەغداد مانگانە شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت! نەوت تەسلیمکراوە و بەغداش پارە نانێرێت، کەچی ئێستا ئەو دەنگە نەشازانە کپ بوون و دەنگیان لێوە نایەت!
ئێمە دڵنیاین ئیمزا کۆکردنەوەی کاک یوسف کیلابی و جەماعەت هەمان ئەنجامی ئیمزا کۆکردنەوەی بۆ دانەوەی ١٠٪ی پاشەکەوتی مووچە دەبێت!
بەڵێ بۆ دابەشکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) لەیەککاتدا و بە یەک پاکێج، نەخێر بۆ یاریکردن بە هەست و سۆزی فەرمانبەران و بەکارهێنانی بابەتی مووچەی فەرمانبەران بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و کورسی و بۆ بەرژەوەندی حزبی.