زێدپرێس
ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی بەرگری عێراق لیستی ناوی ١٠ هەزار سەربازی تازە دامەزراوی لە هێزی تایبەت (قوات خاسە) ڕاگەیاند. دامەزراوان بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دابەش دەبن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس، ڕێژەی ٢٨٪ی تازە دامەزراوانی هێزی تایبەتی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق لە نەتەوەی کوردن و زۆرینەیشیان کەوتوونەتە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی.
دامەزراوان گەنجانی لەدایکبووی نێوان ساڵانی ١٩٩٧-٢٠٠٥ دەگرێتەوە.
لەسەر ئاستی هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی، ناوی هەزار و ٦٨٦ کەس لە ڕیزی دامەزراوەکاندا گەڕاوەتەوە. لەو ژمارەیەدا، زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێرن؛ ٦٢٩ دامەزراو، کە ٥٨ کەسیان بە نەتەوە عەرەب و ٥٧١ کەسەکەی دیکە کوردن. لە پارێزگای سلێمانی ناوی ٥٩٨ کەس گەڕاوەتەوە، ٤٥٦ کەسیان بە نەتەوە کورد و ٢٨ کەسیان عەرەبن. لە پارێزگای دهۆک ناوی ٤٥٩ کەس گەڕاوەتەوە، تەنیا سێ عەرەب و سەرجەم ئەوانی دی کوردن.
لەسەر ئاستی ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکانیشدا، کە پارێزگای کەرکووک و ئەو ناوچانە دەگرێتەوە لە چوارچێوەی تەعریبدا، خراونەتە سەر پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەلاحەددین و بەکۆی گشتی ناوی ٢٦٣ گەنجی کورد لەچوارچێوەی دامەزراندن لە هێزی تایبەت گەڕاوەتەوە.
لە پارێزگای کەرکووک، ناوی ٥٦٦ کەس هاتووەتەوە، کە ٧٣ کەسیان کوردن؛ لە پارێزگای نەینەوا ناوی هەزار و ٣١٣ کەس گەڕاوەتەوە، لەو ژمارەیەدا، ١٤٦ کەسیان کوردن؛ لە پارێزگای دیالە، ناوی ٥٨١ کەس هاتووەتەوە کە تەنیا ٣٢ کەسیان کوردن و لە پارێزگای سەلاحەددینیش ناوی ٥٦٤ کەس گەڕاوەتەوە، کە تەنیا ١٢ کەسیان کوردن.
لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکاندا، ڕێژەی ٨.٧٠٪ی دامەزراوان لە نەتەوەی کوردن. بەڵام هەر ئەوەندە نییە، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زیاتر لە دامەزراوانی کورد، ناویان لە چوارچێوەی لیستی دامەزراوانی پێکهاتەکاندا هەیە. لەناویاندا کوردانی ئێزدی و شەبەک لە پارێزگای نەینەوا و هەروەها کوردانی فەیلی لە پارێزگای بەغدا.
دوو لیست کە ناوی هەزار و ٦٢٥ ئەندامیان لەخۆگرتووە، وەک پشکی پێکهاتەکان لە دامەزراوانی هێزی تایبەتی سەر بە وەزارەتی بەرگری خراونەتەڕوو؛ پێکهاتەکانی ئێزدی، شەبەک، تورکمان، مەسیحی، فەیلی و سابئەی مەندائی لەخۆدەگرن.
دامەزراوانی پێکهاتەکان بەم شێوەیەن؛ ٤١٩ تورکمان، ٤١٧ شەبەک، ٤١٤ ئێزدی، ٢١٧ مەسیحی، ١٢٩ فەیلی و ٢٩ سابیئەی مەندائی. لەو چوارچێوەیەدا، ٩٥٠ کوردی ئێزدی، شەبەک و فەیلی هەن.
لە لیستی پێکهاتەکاندا، تێبینی تێکەڵکردنێک لە نێوان نەتەوە و ئایینی پێکهاتەکاندا دەکرێت. بەنموونە، ئێزدییەکان بەگشتی هەم وەک نەتەوە و هەم وەک ئایین پێناسە کراون. لەکاتێکدا شەبەک وەک نەتەوە و بە ئایین موسڵمان پێناسەکراون.
هێشتا، حاڵەتی جیاوازتر هەن؛ “ئەدیب شەمۆ قاسم، گەنجێکی لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥، دانیشتووی پارێزگای نەینەوا، بە نەتەوە ئێزدی و بە ئایین مەسیحییە”، ئەوە پڕۆفایلی گەنجێکی تازە دامەزراوی وەزارەتی بەرگری عێراقە بە پلەی سەرباز و لە چوارچێوەی هێزی تایبەت.
ئەدیب تەنیا حاڵەتێک نییە، سەلیم مجۆ عیدۆ خەلەف گەنجێکی دیکەی لەدایکبووی ٢٠٠٢ بە نەتەوە ئێزدی و بە ئایین مەسیحی پێناسەکراوە. عەلا حەسەن ڕەشۆ هەسکانی، بە نەتەوە ئێزدی و بە ئایین سابیئەی مەندائی، بریا بوڕهان کاکەیی، هەرچەند ناسناوی کاکەیی هەڵگرتووە، بە نەتەوە کورد و بە ئایین سابیئەیە یان ڕافد دسم منیل ئەڵوەند بە نەتەوە ئێزدی و بە ئایین سابیئە هاتووە.
لیستەکە هەرچەند، پێکهاتەکانی ئێزدی و شەبەک وەک نەتەوە هەژمار دەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا وەک ئایینیش پێناسەیان دەکات. فەلاح محەمەد حوسێن شەبەکی و عەلی حوسێن عەباس شەبەکی، دوو گەنجێکی دیکەی لەدایکبووی ٢٠٠٥، بە نەتەوە شەبەک و بە ئایین مەسحی پێناسەکراون. لە ڕیزبەندی پێکهاتەی تورکمانیشدا حاڵەتی هاوشێوەیە هەیە، بەنموونە، فەرحان ساڵح مالۆ عەبدۆ گەنجێکی دیکەی لەدایکبووی ١٩٩٨، بە نەتەوە تورکمان و بە ئایین ئێزدی پێناسەکراوە. هەندێکیش لە ئێزدییەکان بە نەتەوە کورد و بە ئایین ئێزدی پێناسەکراون، حەواس خەلەف حەجی حەسەن شەمۆ یەکێکیانە.
هەر چۆنێک بێت، لە ڕووی شوێنگەی جوگرافییەوە زیاتر لە نیوەی دامەزراوان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانیین، کە ڕێژەی ٥٦.٦٣٪ پێکدێنێت لە بەرانبەر ڕێژەی ٤٣.٣٧٪ی گەنجانی دامەزراوی کورد لە ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان و لەسەر ئاستی پێکهاتەکاندا.