هه‌واڵ

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق وەڵامی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم دەداتەوە

زێدپرێس

 

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لێدوانەکانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم “تۆمەتی جیاجیای ناواقیعی و نابەرپرسانەی لەخۆگرتووە”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم، ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە ڕاگەیەندراوێکی تایبەت، وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایەوە.

عەوادی، ئاماژەی بەوە کردووە، کە حکوومەتی فیدڕاڵی سەرسوڕمانی خۆی بەرانبەر لێدوانەکەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت، کە تۆمەتی جیاجیای ناواقیعی و نابەرپرسانەی لەخۆگرتووە.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی هەرێم بە زانیاری ناڕاست و چەواشەکارانە لەقەڵەم دەدات و بەتایبەتیش ئەو بەشەی ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژەکەی هەرێم ڕەت دەکاتەوە، کە بانگەشەی برسیکردنی هاووڵاتییانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەکاتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەم، ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنوری پیرمام-هەولێر بڵاوکردەوە و تیایدا بەتوندی ڕەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت، بەهۆی بێدەنگی و بێهەڵوێستییان لە بەرانبەر ئەو میلیشیا و گرووپە چەکدارانەی لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان.

هەورامانی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێ، حکوومەتی عێراق بێدەنگ و بێتوانایە لە بەرانبەر کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپە لەیاسادەرچووانە، بەڵام ئازایە لە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی حکوومەتی عێراقدا، لێدوانەکەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم بە لێدوانی نابنیاتنەرانە پێناسە دەکات و دەڵێ، “زیان بە دۆخی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگەیەنن، و لەگەڵ سیاسەت و ڕێباز و بەرنامەی نیشتمانی حکوومەتدا ناگونجێن، کە تێیدا پابەند بووە بە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی عێراقییەکان لە هەموو بەشەکانی عێراق بەبێ جیاوازی”.

هەر ئەمڕۆ یەکشەم ٣١ی کانوونی یەکەم، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نیگەرانی خۆی لە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە پێویستی زانی “حکوومەتی فیدڕاڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جددی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە، چونکە بێهەڵوێستی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی، ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...