شاندەکانی هەولێر بۆ ڕێگریکردن لە کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە بەغدان

پرسی داڕشتنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ و دیاریکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا لە لوتکەی باسە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادایە. ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕەشنووسە نوێیەکەدا پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ ٪١٢.٦٧ کەمکردووەتەوە، کە بە گوتەی بەرپرسانی هەرێم، ئەم بڕە تەنانەت بەشی مووچەی فەرمانبەرانیش ناکات.
لە چوارچێوەی هەوڵە داراییەکاندا، شاندە تەکنیکی و باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لە نێوان هەولێر و بەغدادا لە هاتوچۆدان. ئامانجی سەرەکیی ئەم دانوستانە چڕانە، سڕینەوەی مەرجی “ئینفاقی فیعلی” (خەرجیی ڕاستەقینە) و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە بە ڕێژەی ٪١٤.١٤ بۆ ٪١٤.٦٧ لەسەر بنەمای داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ئەو ڕێژە کەمەی ئێستا لەلایەن بەغداوە پێشنیازکراوە ڕەتکردووەتەوە و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لە هەر جۆرە ململانێیەکی سیاسی دووربخرێنەوە. لە بەرامبەردا، بەغدا بەهۆی کورتھێنانی داراییەوە دەیەوێت بودجەیەکی بچووککراوە و کەمخەرجی بۆ ساڵی داهاتوو گەڵاڵە بکات، ئەمەش ئەرکی شاندی دانوستانکاری کوردی قورستر کردووە.



