شاندی هەرێم گەیشتە بەغدا
زێدپرێس
ئەمڕۆ شەممە، ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری گەیشتنە شاری بەغدا.
شاندەکە پێکهاتووە لە هەریەک لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، خالید هادی چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و د. محەمەد شاکر ڕاوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم پێوەست بە سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێ، “ماوەی چەند مانگێکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە سەر ئاستی هەردوو سەرۆک وەزیران هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای هەمواکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤”.
زیاتر هاتووە “بڕیارە شاندی هەرێم لە بەغدا چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئەنجام بدەن، هەروەک یاسای نەوت و گاز و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی شاندی هەرێمن لە گەڵ بەغدا”.