بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەمانەوێت هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بونیادبنێین
زێدپرێس
ئەمڕۆ سێشەم ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی جۆوڵ ڤاوڵ، فهرماندهی گشتیی هێزهكانی هاوپهیمانان له عێراق و سوریا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەی کۆبوونەوەکە، لە دیدارێکدا كە دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، دوایین گۆڕانكارییە ئەمنی و سەربازییەكان و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، “هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات بەردەوامە و کارەکانمان بە ئاڕاستەی دوورخستنەوەی وڵاتە لەو دۆخە ناسەقامگیرەی ناوچەکەی تێکەوتووە، بۆ ئەوەش لەگەڵ هێز و لایەنەکان لە هەماهەنگیداین و نامانەوێت وڵاتەکەمان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان”، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.
لەبارەی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و سەرخستنی هەوڵەکان، بافڵ تاڵەبانی گوتی “لە هەوڵەکانمان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایە بەردەوامین و دەمانەوێت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و یەکسانی، هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بونیادبنێین. هەموو ئیرادەیەکیش لەدەرەوەی ئەم نییەتە ڕەتدەکەینەوە و نامانەوێت بەرژەوەندیی حزبی تێکەڵی ئەم پرسە نەتەوەییە بکرێت”.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، “لەبەرانبەردا جۆوڵ ڤاوڵ سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد لەڕێگەی دەستپێکردنەوەی ئەرک و چالاکییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کێشەکانی وەزارەتەکە”.