سه‌رۆكی هەرێم له‌گه‌ڵ سەرۆك و ئەندامانی دادگای پێداچوونه‌وە كۆدەبێتەوە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌م، ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگران و ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆبووەوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كە وەزیری دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، پرسی دواكه‌وتنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق سه‌باره‌ت به یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕه‌هه‌نده ده‌ستووری و یاساییه‌كان و ئەگەر و لێكەوتەكانی، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
زیاتر دەڵێ: “سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌موو ڕێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، لەمبارەیەشەوە ڕا و سەرنجی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه به‌هه‌ند و جێی بایه‌خ وه‌رده‌گیرێت و كاری جددییان له‌سه‌ر ده‌كرێت”.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدا دێت، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بۆ جاری دەیەم دانیشتنی تایبەت بە سکاڵای پێوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دواخست و بڕیارە دانیشتنی داهاتوو لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوە بچێت.
پێشتر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە، بەڵام بەهۆی بڕیارنەدانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر دۆسیەکە، نەتوانراوە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.