شرۆڤه‌
ئاراستەکان

بەمەککەکردنی کەربەلا

ئەم زاراوەیە لە ڕووکەشدا سیۆلۆژی-ئاینییانە دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا سیاسی-جیۆپۆلەتیکییە. هەلومەرجێک هاتۆتە پێشەوە کە ساڵ دوای ساڵ کەلەپور، ڕابردوو و یادەوەریی مەزهەبییانەی شیعە، کەربەلا زیاتر وەک سەرچاوە، ناوەند و ناوک بینادەکات، بنیاتدەنێت و مانا مەزهەبییەکانی پتەو و کۆنکریتتر دەکات و؛ سەردانکاری زیاتریش وەک ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و هاوشێوەی موگناتیش ڕادەکێشێت و ژمارەیان بەرزتردەکاتەوە.

 

ئەم ڕووداوە بەلایەنی کەمەوە فەلسەفەی <دیاردەناسی Phenomenology> مان بیردەهێنێتەوە کە <ئیدموند هوسێرل> چوارچێوە بنەڕەتییەکەی داڕشتووە و گەشەی پێداوە. دیاردەناسی گرێدەری دووانەی <سەبجێت و ئۆبجێکتە> سەردانکار وەک سەبجێکت-خود و شوێن/کەربەلا وەک ئۆبجێکت و ئەویتر. دیارە ئەم دووانەیە بەردەوام مانا و ناسنامە و سەروەرێتی بەیەکتردەبەخشنەوە و سەرچاوەی خۆراک و زیندووبوونەوەن بۆ سوڕی ژیانی یەکتر! دواتریش بەیەکەوە کێڵگە و مەیدانێکی سیاسی بەگەڕدەخەن.

 

لەماوەی چل ڕۆژی ماتەمینییدا، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە ئیتنیک، ڕەگەز، نەتەوە، زمان و جوگرافیای جیاوازدا سەردانی کەربەلایان کردووە؛ ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی کە ساڵانە بەشداری لە مەراسیمی حەجدا دەکەن

 

ئەمساڵ، لەماوەی چل ڕۆژی ماتەمینییدا، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە ئیتنیک، ڕەگەز، نەتەوە، زمان و جوگرافیای جیاوازدا سەردانی کەربەلایان کردووە بۆ بوون بە بەشێک لەو ڕیتواڵ-سروتە مەزهەبییەی کە شیعەکان ئەنجامی دەدەن. دیارە ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی کە ساڵانە بەشداری لە مەراسیمی حەجدا دەکەن! ئەم ڕووداوە وەک ئاماژەیەکی سەرەتایی و پۆتێنشیاڵ/ماتەوزەیەکی مەزهەبی دەتوانێت بەمشێوەیە بۆمان بدوێت:

یەکەم: شیعە وەک مەزهەب لەپڕۆسەی بزواندن/مۆبیلیزەکردن و کۆکردنەوەی شوێنکەوتووانیدایە، لەدۆخی بەرگری دەپەڕێتەوە بۆ دۆخی خۆ بەدەزگاییکردن و هێرشبردنەوە، دواتریش بەسانایی دەچێتە نێو کردەی بنیاتنانی مەزهەب Sectarian-Building وەک چۆن نەتەوەسازی Nation-Building کۆکردنەوەی ئەندامانی نەتەوە و بەیەکەوەبوونی نەتەوەیە. دیارە ئێستا بارودۆخەکە بەپیت و لەبارە بۆ پتەوکردنی پایەکانی ئەم پڕۆژەیە. جیۆپۆلەتێک و ڕێگەی ئاسان و خێرا، کات، سروشتی ململانێکان و زۆر بواری تر.

 

جیۆپۆلەتێک و ڕێگەی ئاسان و خێرا، کات، سروشتی ململانێکان و زۆر بواری تر، بارودۆخەکەیان بەپیت و لەبار كردووه‌ بۆ پتەوکردنی پایەکانی بنیاتنانی مەزهەب

 

دووەم: هەوڵدان بۆ لەڕووداوخستنی ڕووداوەکە، ڕووتکردنەوەی لەمانا ئاینی-مەزهەبییەکەی ئەگەرچی زمان، سیمبول، دروشم و گوتارەکان مەزهەبییانە خۆیان نمایش و مانیفێست دەکەن، بەڵام لەبنەڕەتدا سیاسییانە دێنەگۆ و نوێنەرایەتی پەیکەرێکی سیاسی فرەوان دەکەن لەدنیادا. پڕۆسەکە بەمشێوەیە: ڕووداوێک ئامادەبیت، توانای کۆکردنەوەی زۆرینەی هەبێت بەخێرایی، دواتر چوونە نێو بەدەزگاییبوونی ئەم گشتە ئاسان دەبێت! دەتوانن بەیەکەوە بچنە نێو گرێبەستێکی مەزهەبییەوە کە باز بەسەر ناسیۆنالیزمی نەژادی، سنور، نەخشەی سیاسی و بەربەستەکانی تر بدات.

 

لەماوەی چلەی ماتەمیینیدا زیاتر لە ملیۆنێک بیانی سەردانی کەربەلایان کردووە. لێرەوە بیانی وەک پەراوێز دەبینرێت و ناوک لەلای خۆی گلیاندەداتەوە

 

سێیەم: نۆژەنکردنەوەی ناوک Core و بەستنەوەی بە پەراوێز Periphery هەرچەند دوانەی ناوک-پەراوێز زیاتر لە ئەدەبیاتی چەپ و مارکسیدا باڵادەستە, بەڵام دەکرێت لێرە سوودی لێوەربگرین بەتایبەت کاتێک دنیای شیعە چەمکی دادپەروەری و دادوەری و ستەم دەکات بە ڕووکاری زاڵی مەزهەبەکە. دەکرێت ئەو ئاڕگیۆمێنتە بخەینەگەڕ کە لەماوەی چلەی ماتەمیینیدا زیاتر لە ملیۆنێک بیانی سەردانی کەربەلایان کردووە. لێرەوە بیانی وەک پەراوێز دەبینرێت و ناوک لەلای خۆی گلیاندەداتەوە. دیارە ئەم چیڕۆکە سالانە درێژەی هەیە، بەڵام گێڕانەوەکان و ڕووداوەکان مانا سیاسی و جیۆپۆلەتیکیەکەیان قوڵتردەبێتەوە.

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...