هه‌واڵ

دانا عەبدولکەریم: ڕێگای زیاتر لە ٢٥٠ گوندمان قیڕتاو کردووە

زێدپرێس

 

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چەندین پڕۆژەی جووتسایدی نێوان شار و پارێزگاکان بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون و باس لەوەش دەکات کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا، ڕێگای زیاتر لە ٢٥٠ گوند لە هەرێمی کوردستان قیڕتاوکراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەم ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەکێک لەو کارانەی زۆر بۆ وەزارەتەکەی گرنگ بووە، تەواوکردنی ڕێگا جووتسایدەکان بووە.

ئاماژەی دا، ڕێگای جووتسایدەکانی نێوان پارێزگاکان، شادەماری هاتوچۆی هەرێمی کوردستانن، یەکێکیش لەو پڕۆژانەی زۆر باس دەکرێت، جووتسایدی کەلار-دەربەندیخانە، کە ئێستا ڕێژەی تەواوکردنی گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٠٪، لەکاتێکدا ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١١ گرێبەستی بۆ کراوە، دواتر لە کۆمپانیای جێبەجێکارەکەی سەندراوەتەوە و بە کۆمپانیایەکی دیکە دراوە، پاشان لەو کۆمپانیایەش سەندراوە و دراوەتە کۆمپانیایەکی دی، کە ئێستا کاری تێدا دەکات و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە گرێبەستی بۆ کراوە و دەستبەکاربووە.

وەک ڕوونیکردەوە، لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٩ کە ٨ ساڵ دەکات، ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کەمتر لە ١٥٪ بووە، بەڵام لە ٢٠١٩ەوە تا ئێستا، ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٠٪ و وەک دەڵێ “بەراورد بە ٨ ساڵی یەکەم، لەماوەی دەستبەکاربوونی ئێمە لەم کابینە نوێیەدا، چوار ئەوەندەی ئەوکات ئیشی تێدا کراوە”.

پڕۆژەکە لە بنەڕەتدا دەبوو لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ تەواو بکرێت.

“سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئەو ئاڵنگارییانەی تووشمان بوون، توانیومانە بەردەوامبین لە کارکردن تێیدا و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بین، لەکۆتایی هاوینی ساڵی داهاتوو، ڕێگای جووتسایدی کەلار-دەربەندیخان تەواو دەبێت”، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وای گوت.

زیاتر دەڵێ “بەڵام، ئەگەر بارودۆخی دارایی باشتر بێت، لەوانەیە بتوانین پێش ئەو ڕێککەوتەیش ڕێگەکە تەواو بکەین”.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن باسی لە پڕۆژەی جووتسایدی دەربەندیخان-سلێمانی کرد، بەتایبەت جووتسایدی نێوان دەربەندیخان-وارماوا، کە جێبەجێکارەکەی کۆمپانیایەکی ئێرانییە و وەک دەڵێ “بەداخەوە ئێستا ناتوانێت کارەکانی بکات و هەندێک گیروگرفتی یاسایی و تەکینیکی هەیە و ئەوەش هۆکاری درەنگکەوتنی تەواوبوونی ڕێگای وارماوا-دەربەندیخانە”.

دانا عەبدولکەریم هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، باسی لە پلانی وەزارەتەکەی کرد، بۆ دروستکردنی دوو تونێلی نوێ لە دەربەندیخان کە سایدەکانی هاتن و ڕۆیشتن دەگرێتەوە، “لە دانوستانێکی چڕوپڕدا بووین بۆ ئەوەی بتوانین بودجەی بۆ دابین بکەین بە قەرز بێت یان کۆمپانیایەک بە قەرزی درێژخایەن بۆمان تەواو بکات، بەڵام بەداخەوە، بەهۆی ئەو قەیرانانەی بەردەوام بەرۆکی کوردستان دەگرێت، ئەو گفتوگۆیانەش سەرکەوتوونەبوون”.

دانا عەبدولکەریم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دروستکردنی جووتسایدی هەولێر-سلێمانی کرد، کە قۆناغێکی پڕۆژەکە جووتسایدی هەولێر-کۆیەیە و گوتی “بەداخەوە ئەویش هەر بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیدا وەستاوە و ئەو پڕۆژەیەش بەشی زۆری لای کۆمپانیاکانی ئێرانن”.

وەک ڕوونیکردەوە، بەشێکی دیکەی جووتسایدی هەولێر-سلێمانی، کە ڕێگای دوکان-چوارقوڕنەی پێدەگوترێت و لە سێ قۆناغ پێکدێت، قۆناغی یەکەمی ٩٥٪ی زیاتر تەواوبووە و هاووڵاتییان هاتوچۆی پێدا دەکەن، بەڵام قۆناغی دووەمی جووتسایدەکە کە لە پردی هزۆپ بۆ خەلەکان دەگرێتەوە، کارکردن تێیدا وەستاوە، لەکاتێکدا لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ تا ناوەڕاستی ٢٠٢١ کاری تێدا کراوە، “پێش دەستبەکاربوونی ئێمە، ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ٢٠٪ بووە و ئێستا گەیشتووەتە ٤٥٪، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەندێک گیروگرفتی تەکنیکییەوە کارکردن لەم ڕێگەیەشدا وەستاوە”، دانا عەبدولکەریم وای گوت.

بەگوتەی ئەو، ئەو گیروگرفتە تەکنیکییانەی لەبەردەم پڕۆژەکەدا هەن، پێوەندییان بە ساڵانی ٢٠١٢-٢٠١٣ هەیە، “ئێستا خۆشبەختانە گرفتە تەکنیکییەکانمان چارەسەرکردووە و چاوەڕوانین بارودۆخی دارایی باش بێت، بۆ ئەوەی بتوانین بودجەی بۆ تەرخان بکەین و دەست بەجێبەجێکردنی بکەینەوە”.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن باسی لە قۆناغێکی دیکەی جووتسایدەکە کرد، کە ڕێگای دوکان-خەلەکان دەگرێتەوە و درێژاییەکەی ١٠ کیلۆمەترە و بۆ ئەوەیش پڕۆژەیەک پێشکەش بە بانکی نێودەوڵەتی کراوە، “بەنیازین لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی ئەو ١٠ کیلۆمەترە تەواو بکەین”.

دانا عەبدولکەریم هەروەک ئاماژەی بە کارکردن لە ڕێگاوبانی شارۆچکە، شارەدێ و گوندەکان کرد و گوتی “کاری زۆر باشمان کردووە و لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ڕێگای زیاتر لە ٢٥٠ گوندمان لە هەرێمی کوردستان قیڕتاوکردووە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...