سیاسیشرۆڤه‌

وانەكان

 

گەلی كوردستان قوربانییەكی گەورەی سیستەمی جیهانیی دوای شەڕی یەكەم و شەڕ و تەنگپێهەڵچنین و بێبەشكردن و دڵڕەقیی یاساكانی نێودەوڵەتی و جینۆساید و كارەساتە یەك لەدوای یەكەكان بووە، كە بەدرێژایی سەدەی بیستەم و چارەگی یەكەمی سەدەی بیستویەكەمدا بەسەریدا سەپێندراوە. بەم پێیە بێت، كەس وەك كوردستانیان دژی شەڕ و زوڵم و بێدادی و داگیركاریی نین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو ئاگرەی لە نێوان غەززە و ئیسرائیل لەئارادایە، هێندەی بڵێی ویژدانهەژێن و مەترسیدار و ناعەقڵانییە. ئاوسە بە ڕووداو و گۆڕانكاریی و پەرەسەندنیتر، كە ئەگەر چارەی بۆ نەدۆزرێتەوە، دوور نییە بڵێسەكانی بەرۆكی هەموو جیهان بگرێت.

ئەمە دەرهاوێشتە و پەنگخواردووی كۆمەڵێك كێشەی جەوهەرین، كە سیستەمی جیهانیی لە ڕابردوودا توانای چارەسەركردنی نەبووە. بە تایبەتیتریش كە لە ئاستی جیهانیدا حاڵیحازر جۆرێك لە گەڕانەوە بۆ كاركردن بە یاساكانی دارستان و بنەماكانی هاوكێشەی هێز لە ڕەفتاری دەوڵەتەكاندا دەبیندرێت. لێرەدا پرسیار بۆ ئێمەی كوردی بەشخوراو كە دۆست و هاوسۆزمان لەو سەردەمە تاریكەدا بگرە هەر نییە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و ئەگەرە مەترسیدارەكانی، هەڵگری چ مانا و وانەیەكن؟ لەم ڕووداوە تاڵ و خوێناوییانەدا چیی فێربین؟

كێشەی فەڵەستین و كێشەی كورد خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئەویش كێشەی خاك و بوون و ژیانە. بەڵام كێشەی كورد لە چاو كێشەی فەڵەستین دێرینترە و لەبری یەك دەوڵەت، كورد گرفتی لەگەڵ چوار دەوڵەتی گرژ و نكۆڵیكار و عەسەبیدا هەیە. فەڵەستینییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جگە لە ٢٢ وڵاتی عەرەبی و دەوڵەتە موسڵمانەكان، هاوسۆزی تریشیان هەن. قەزییەكەیان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانیش گوێگری هەبووە و چەند هەنگاوێك چووەتە پێش. بەڵام هەموومان دەزانین كورد و دۆزە ڕەواكەی لە ئاستی جیهانیدا ئەو هاوسۆزی و پشتگیرییەی هەرگیز نەبووە.

 

سەردەمانێك وێنەی سەدام وەك فریادڕەس لە ماڵی فەڵەستینییەكان بوو، ئێستا دیار نییە دەبێت وێنەی كێ هەڵواسن، نەسروڵڵا یان ئایەتوڵڵاكان یان پاشاكانی عەرەب

 

سەرباری ئەو پشتگیرییەی كە هەیە، كۆمەڵێك هۆكار وایكردووە دۆزی فەڵەستین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر ببێت و ڕەهەندی قووڵتر و توندتر وەربگرێت و لەڕووی خاك و ماف پاشەكشە بكات. بە سەدان هەزار فەڵەستینی ئاوارەی وڵاتانن و لە كەمترین مافی هاووڵاتییبوونیش بێبەشن. تەنانەت لە خودی وڵاتە عەرەبییەكانیش جالییەی فەڵەستینی ڕەفتاری تژی لە نایەكسانی لەگەڵدا دەكرێت و فەڵەستینییەكان بەداخەوە لەسەر خاكی موسڵمانانیش لە پەراوێزی پەراوێزەكاندا دەژیین.

هۆكاری ئاڵۆزبوون و چەقبەستوویی قەزیەی فەڵەستین زۆرن. ئێستا قەزییەی فەڵەستینی جگە لەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتێكی پڕچەكی ئایینی و بەهێز لە ململانێدایە، لە هەمانكاتیشدا بەدەست دەستوەردانی دەرەكی دەناڵێنێت. هەر ڕۆژە و هێزێكی هەرێمایەتی بەكاری دەهێنێت و لەپێناو ئەجێندای ناڕوون و ئاڵۆزدا خۆی لێ دەكاتە خاوەن. هیچ كامێكێشیان چارەسەرێكی نیازپاكانە و هەمیشەییان بۆ گەلی مەزڵوومی فەڵەستینی پێ نەبووە و لەنیوەی ڕێگەدا بەجێیان هێشتوون. سەردەمانێك وێنەی سەدام وەك فریادڕەس لە ماڵی فەڵەستینییەكان بوو، ئێستا دیار نییە دەبێت وێنەی كێ هەڵواسن، نەسروڵڵا یان ئایەتوڵڵاكان یان پاشاكانی عەرەب. هەر بەهۆی ئەم دەستوەردانە بێشومارانەوە لێكترازانی قووڵ لەناو ماڵی فەڵەستینیدا هەیە. دیار نییە كێ دەمڕاستی قەزییەی فەڵەستینە. حەماس یان بەرەی ڕزگاریخوازی فەڵەستین یان جیهادی ئیسلامی؟ غەززە یان كەرتی ڕۆژئاوا؟ چەپەكان یان نەتەوەییەكان یان ئیسلامییەكان؟ كامەیان خاوەنی قەزییەن؟

هەر بەهۆی ئەم لێكترازانە ئایدیۆلۆژی و فكری و دەستوەردانی دەرەكییەوە كێشەی فەڵەستین لە كێشەی خاك و نەتەوە بووەتە گرفتی زۆر قووڵتر و گەورەتر و ڕەنگی ناكۆكیی و دوژمنایەتیی دینی وەرگرتووە. لەوەدا ئیسرائیلییەكانیش ڕۆڵی كاریگەرییان هەبووە، دەوڵەتەكەی ئەوانیش دەوڵەتێكی دینییە و لەڕێی دینەوە ویستوویەتی ڕەوایەتی بە بوون و كارەكانی بدات. بەپێی ئەزموونە مێژووییەكانیش ناكۆكی و شەڕی نێوان دینەكان چارەسەركردن و ساڕێژكردنیان زۆر ئەستەمە و كات و خوێنی زۆر بەفیڕۆ دەچێت.

 

كورد چاوی لە خاكی كەس نەبووە و تەنیا بەرگری لە بوونی خۆی كردووە. ژن و منداڵ و خەڵكی مەدەنی نەكردۆتە ئامانج و نەیكردۆتە قەڵغان بۆ شەڕەكانی. ئەم ڕەفتارەی كورد مایەی شانازییە و هێندەی تر ڕەوایەتی داوەتە دۆز و داوا ڕەواكانی

 

بەداخەوە سیمای هەرە سەرەكیی ململانێی ئەم دواییەی ئیسرائیل و فەڵەستین توندوتیژی و بێڕەحمی و پێشێلكردنی یاساكانی جەنگ و كەرامەتی مرۆڤە. چەندە لایەنەكان دەست بۆ كاری نامرۆڤانە و شكاندنی بەهاكان و ئازاردان و ئابڵۆقە و برسیكردن و كوشتنی بە كۆمەڵ و عەقڵیەتی تۆڵەسەندنەوە ببەن، ئەوەندەش لە ڕەوایەتیی داواكانیان كەم دەبێتەوە و چارەسەرەكانیش زەحمەتتر دەبن.

لە دەستگرتن بە بەهاكانەوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە چاو خەڵكی تر دۆسیەیەكی ڕووناك و پاقژی هەیە. كورد قەت نەیویستووە ناكۆكی سیاسی بكاتە ناكۆكیی نێوان نەتەوە و ئایینەكان. ڕەفتاری لەگەڵ دیلەكانی شەڕ تەنانەت لە شەڕی داعشیش ئینسانی و باڵا بووە. لە دوای ڕاپەڕین پەنجا هەزار سەربازی عێراقی كە دەستیان لە ئەنفالی كوردستان هەبوو، كەوتنە دەست خەڵكی كوردستان، بەڵام بەبێ ئەوەی یەكیان ئازار بدرێن ڕەوانەی عێراق كرانەوە. كورد چاوی لە خاكی كەس نەبووە و تەنیا بەرگری لە بوونی خۆی كردووە. ژن و منداڵ و خەڵكی مەدەنی نەكردۆتە ئامانج و نەیكردۆتە قەڵغان بۆ شەڕەكانی. ئەم ڕەفتارەی كورد مایەی شانازییە و هێندەی تر ڕەوایەتی داوەتە دۆز و داوا ڕەواكانی.

دیوێكی هەرە دیاری قەیرانەكانی ئەم سەردەمە بە شەڕی ئۆكراین و كێشەی فەڵەستین و ناكۆكیی ئەرمەنستان و ئازەربایجان و دۆزی كورد و سەدان گرفتی تریشەوە، ناكارامەیی سیستەمی جیهانی و نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسای نێودەوڵەتییە. لەدوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە هەتا ئێستا هیچ كات بە قەدەر ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان دەستەوەستان و بێكاریگەر نەبووە. ئەمە ئاماژەیە بۆ گۆڕانێكی قووڵ و دەستپێكی سەردەمێكی پڕ لە ئەگەر و ترسی جۆراوجۆر.

 

لەم دنیا ئاڵۆز و بێباك و بێڕەحمەدا، دەبێ كورد وانە لە ڕووداو و شەڕ و پەرەسەندنەكان وەربگرێت و خۆی و دۆزەكەی بپارێزێت و بەهێزتر بكات. نابێ پەرتەوازە و فرەئاواز بێت

 

لەم دنیا ئاڵۆز و بێباك و بێڕەحمەدا، دەبێ كورد وانە لە ڕووداو و شەڕ و پەرەسەندنەكان وەربگرێت و خۆی و دۆزەكەی بپارێزێت و بەهێزتر بكات. نابێ پەرتەوازە و فرەئاواز بێت، دەبێ لەسەر كۆمەڵێك هێڵی گشتی و ستراتیژی خۆی ساغ بكاتەوە و مەترسییەكان بە جددی وەربگرێت. پشت بە خۆی و تواناكانی ببەستێ و دواڕۆژی لەسەر هاوسۆزی و یارمەتیی خەڵكی تر هەڵنەچنێت. هەتا بكرێت دەبێ دەست بە بەها مرۆییەكان بگرێت و  نەكەوێتە داوی توندوتیژی و هاشوهوشی فریودەری تر.

دیمەنەكانی شەڕی ئەم دواییەی غەززە و ئیسرائیل ناخهەژێنن. تاك تاكی دیمەن و هەواڵ و ڕووداوەكانی شەڕەكە بۆ هەموو مرۆڤایەتی وانە و دەرسی عیبرەتن. گەورەترین وانە ئەوەیە: لۆژیكی شەڕ و توندوتیژی و ئازاردانی ئینسانەكان هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات، بەڵكو ئازاری زیاتر و بەدبەختی و ناسەقامگیری و لەناوچوون بەدی دەهێنێت.

زكری موسا

نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...