بۆ ئەوەی بتوانن سەقامگیری ناوخۆی عێراق و هەرێم بپارێزن حکوومەتی عێراق و هەرێم پێویستیان بە هەبوونی پەیوەندییەکی باش و هاوسەنگە لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ دراوسێیەکان و دەوروبەری خۆیان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. هەروەها گەر ئەو گوتانەی سەرۆکی هەرێم بە دروستی جێبەجێ بکرێن و ببن بە بنەمای سیاسەتی ئەمنی، لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانیدایە و وڵات لە تێوەگلان لە شەڕ و ماڵوێرانی دەپارێزرێت.
بۆ پاراستنی سەقامگیری عێراق و هەرێم، حکوومەتی عێراق و هەرێم پێویستیان بە پەیوەندییەکی باش و هاوسەنگە لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ دراوسێیەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی
لە ڕاستیدا و بە دوور لە دروشمە بێکردارەکان و کردارە ناعەقڵانی و مەترسیدارەکان، عێراق تەنیا لەو کاتەدا دەتوانێت زیاتر کاریگەری هەبێت لە بەرگری و پاڵپشتیکردن لە پرسی فەڵەستین، کە نەکەوێتە ناو ململانێیەکان، هەوڵ بدات بە ڕێگای دیپلۆماسی و سیاسەتی نیشتمانی یەکگرتوو و کارامەوە، پشتیوانی پرسی ڕەوای گەلی فەڵەستین بکات.
پرسی فەڵەستین پرسێکی زۆر ئاڵۆزە، مێژوو سەلماندوویەتی بەزەبری چەک چارەسەر نەبووە و نابێت و بڕیاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە، بۆ ئەوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلی فەڵەستین و ئیسڕائیل لە چوارچێوەی دوو دەوڵەت بۆ ئەو دوو گەلە مسۆگەر بکات. سەرۆکی ھەرێمیش بە فەرمی و ئاشکرا هەڵوێستی هەرێمی بۆ چارەسەری ڕیشەی پرسی فەڵەستین و ئیسڕائیلی بە هەبوونی دوو دەوڵەت ڕاگەیاند.
سەرەڕای دروشمە توند و ئاگرینەکانی هەندێک وڵات و لایەنەکان، بەڵام ئەوانیش دەزانن کە پەرەسەندنی جەنگ لە غەززە بۆ وڵاتانی تر لە بەرژەوەندی ئەوان و ناوچەکەدا نابێت
هەربۆیە بۆ ڕێگەگرتن لە تێوەگلانی عێراق و هەرێم، باشترین ڕێگا گفتوگۆی خێرای لایەنە سیاسییە عێراقی و کوردستانییەکانە بە دوور لە دەمارگیری لەسەر بارودۆخی ئێستا، بۆ دۆزینەوەی مکانیزمێک کە ڕێگە نەدەن عێراق و گەلەکەی باجی هەڵوێستە هەڵەکان بدەن.
سەرەڕای دروشمە توند و ئاگرینەکانی هەندێک وڵات و لایەنەکان، بەڵام ئەوانیش دەزانن کە پەرەسەندنی جەنگ لە غەززە بۆ وڵاتانی تر لە بەرژەوەندی ئەوان و ناوچەکەدا نابێت. بۆیە باشترین بژاردە هەوڵی خێرایە بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە و پاراستنی خەڵکی مەدەنی بێتاوان.