سیاسیشرۆڤه‌

ئایا حەماس لەناودەچێت؟

 

حەماس پێش ئەوەی گرووپ و ڕێکخراوێکی سياسی و چەکداریی بێت، فکر و کەلتوور و ئايدۆلۆژیا و جيهانبينييە. ئەم ئايدۆلۆژیا و جيهانبينييە پێش دامەزراندنی خودی حەماس هەبووە، حەماس لەو ئايدۆلۆژیایەوە درووستبووە، نەک بە پێچەوانەوە. واتە حەماس گرووپێک نييە تەنيا چەکدار و چالاک و سياسی و سەرکردەکانی بگرێتەوە، بەڵکو لەوان زیاتر خەڵکانێک دەگرێتەوە، کە بە فەرمی ئەندامی حەماس نين، تەنانەت دەکرێت فەڵەستينيش نەبن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

حەماس لقی ئيخوانە لە فەڵەستين، ئيخوان ئايدۆلۆژیایەکی بەربڵاوە، لە زۆربەی کۆمەڵگە موسڵمانەکان، بەتايبەت عەرەبييەکان لایەنگری زۆرە. واتە ئەگەر فکری حەماس لە فەڵەستينيش نەمێنێت، ئەوا لە دەوروبەری فەڵەستين هەر دەمێنیتەوە و هەوڵدەدەن هەناردەی فەڵەستينی بکەن، وەک چۆن حەسەن بەننا لە ساڵی ١٩٣٥ ئەو ئايدۆلۆژیایەی گەیاندە فەڵەستين.

لەڕووی سياسی و جيۆپۆلەتيکييەوە، ئيتر بە ناچاری بێت یا نا، چەند ساڵێکە حەماس لەبەرەی ئێرانە، یەکێکە لە ميليشيا سووننييەکانی سەر بە ئێران. ئەم بەرەیە نزيکترە لە بەرەی ڕووسيا و چين. هەرچەند ئەم دوو دەوڵەتە هەستيارن بەرانبەر بە پرسی ئيسلاميزم، بەڵام بەرژەوەندييە جيۆپۆلەتيکييەکان ئەوە دەخوازن لە هەندێک بارودۆخدا نزيکایەتی لەگەڵدا بکەن و بەکاری بهێنن. ئەمريکا یەکێک لە بەهێزترين ئامرازەکانی بۆ پرسی ڕەفتارکردن و کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریکردنی ئيسلامييەکان، دەوڵەتی قەتەرە. بۆ ئەم پرسە، ئەستەمە هيچ دەوڵەتێک هەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەندازەی قەتەر نزيک بێت لە ئەمريکا و خزمەتی ئەمريکا بکات، تەنانەت بە سعوودييە و ئيسڕائيلەوەش.

 

ئەو هاوکێشە جيۆپۆلەتيکی و سياسيیانەی لە دەوروبەری فەڵەستين هەن، دەتوانن دەيان حەماسی تر درووست بکەنەوە

 

لێرەوەیە پرسی لەناوبردنی حەماس، پەيوەست نييە بە غەززەوە، ئيسڕائيل ئەوپەڕی دەتوانێت دەسەڵاتی سياسی و ئيداری و سەربازی غەززە لەژێر دەسەڵاتی حەماس دەربکات و سەرکردەکانی بکوژێت و ئەندامەکانی ئاوارەی دەرەوە بکات. بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتوورييەوە دەکرێت غەززە هەر بە دەست حەماسەوە بمێنێتەوە. (جارێ ديار نييە ئایا زۆرينەی غەززە ئێستا پشتگيری حەماس دەکەن یان نا). ئەو زەمينە کۆمەڵایەتييەی لە ناو غەززە هەیە، هاوکات ئەو هاوکێشە جيۆپۆلەتيکی و سياسيیانەی لە دەوروبەری فەڵەستين هەن، دەتوانن دەيان حەماسی تر درووست بکەنەوە.

لە ميسر، بەهۆی ئەو زەمينەیەی ئيدارەی ئۆباما ڕەخساندی، ئيخوانەکان لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی پاکەوە دەسەڵاتيان گرتەدەست و لە ٢٠١٣ بە کودەتایەکی سەربازی لە دەسەڵات لابردران، زۆربەیان خرانە زيندان و کوژران و ئاوارەکران. دەسەڵاتی سياسیی ئيخوان لە ميسر ئێستا نەک لاوازە، بەڵکو هەر نەماوە، بەڵام ئایا ئيخوان لە ميسر لەناوچوو؟ بێگومان نەخێر، ئيخوان وەک فکر و کەلتوور ئەمڕۆش لە ميسر بەهێزە. دوای ڕووخانی سۆڤيەت، فکر و جيهانبينی چەپ نەک لەناونەچوو، بەڵکو ئێستا ڕوون ديارە کە بەربڵاوتر بووە لە جيهاندا لەسەر ئاستی ميديا و کۆمەڵگە و ڕۆشنبيری. کەلتوور و فکر و ئايدیولۆژیاکان کاتی زۆريان دەوێت بۆ ئەوەی لەناوبچن و گۆڕانيان بەسەردا بێت. ئايدۆلۆژیاکان بە پڕۆسەیەکی فکری و کۆمەڵایەتی و زانستی دوورودرێژ گۆڕانيان بەسەردا دێت، نەک بە ئۆپەراسيۆنی سەربازی.

 

ئێران و وڵاتانی عەرەبی ئەگەر بيانەوێت گورز لە ئيسڕائيل بدەن، ئەوا هەر لە ڕێگەی گرووپە فەڵەستينييەکانەوە لێی دەدەن

 

ئيسڕائيل ئەم فاکتانە باش دەزانێت، بەڵام بۆچی بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەيەوێت حەماس لەناوببات؟ ئەوەی بە وردی تەماشای مێژووی ململانێی ئيسڕائيل لەگەڵ فەڵەستين بە تايبەت لەگەڵ غەززە، لە ساڵانی ٢٠٠٠ەکانەوە تا ئەمڕۆ، بکات، دەرک بەوە دەکات ئيسڕائيل زۆربەی کات دەستپێشخەری دەکات بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسيۆنی سەربازی. هەرچەند ساڵ جارێک ئيسڕائيل دەيەوێت نەيارەکەی لاوازتر بکات و ژێرخانی شارەکانی وێران بکات و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی فەڵەستينی بکوژێت، بەتايبەت کاتێک دەزانێت نەيارەکەی بەرەو بەهێزی دەڕوات. یان لە ڕێگەی ئەو ئۆپەراسيۆنانە و چوونە ناو غەززە، زانياری و تێگەيشتنی زیاتر بەدەست دەهێنێت لەبارەی هێز و تەکتيکی حەماس و نەيارەکانی تری. ئەمجارە ڕاستە حەماس دەستپێشخەری کرد، بەڵام ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵی ڕابردوو و، سياسەتەکانی ئيسڕائيل لە قودس و کەناری ڕۆژئاوا و دەوروبەری غەززە، دەزانێت کە هێرش و وەڵامی حەماس شتێکی چاوەڕوانکراوە.

لای ئيسڕائيل فەڵەستين هەڕەشە و دوژمنی سەرەکييە، فەڵەستين نەک نزيکە لە ئيسڕائيل، بەڵکو بەیەکەوە دەژين و لەسەر یەک خاکن. ئێران و وڵاتانی عەرەبيش ئەگەر بيانەوێت گورز لە ئيسڕائيل بدەن، ئەوا هەر لە ڕێگەی گرووپە فەڵەستينييەکانەوە لێی دەدەن. تەنيا فەڵەستينە مافی ئەوەی هەیە ئەو خاکەی کە ئەمڕۆ ئيسڕائيلە، بچووکتری بکاتەوە و لە ئيسڕائيلی بسەنێتەوە. لەناوبردنی هەموو فەڵەستينييەکان بژاردەیەکی ناواقعی و نامومکينە، ڕازیکردنی فەڵەستينييەکان بەوەی کە ئيسڕائيل دەيکات و دەيەوێت، هەر مەحاڵە. کەواتە یەک بژاردە دەمێنێتەوە، دۆخێکی بەردەوام لە ململانێ و کێبڕکێ و جەنگ و ملشکاندنی یەکتر. ئيسڕائيل دەيەوێت لەم دۆخەدا هەميشە بەرەی بەهێز بێت و ئەو بەرەیە بێت کە دەستپێشخەری دەکات و گەمەکە بەڕێوەدەبات، تا ئەمڕۆ و تا ئايندەیەکی ديار، گومانی تێدا نييە ئيسڕائيل بە تەواوی سەرکەوتوو بووە لەوەدا.

 

شەڕ گرنگە بۆ ئیسڕائیل، چونکە ئارامی و سەقامگيری، دەبێتە مایەی گەشەکردنی لایەنی ئابووری و پيشەسازی و سەربازی و بازرگانی، واتە بەهێزبوونی فەڵەستین

 

ئيسڕائيل دوو تاکتيکی سەرەکی بەکاردەهێنێت لەم هاوکێشە پڕ ململانێيەدا: یەکەم، بەردەوامیدان بە مانەوەی ناهاوسەنگی لە هێز، سوپا، زانست، ژێرخان، پيشەسازی شەرعيەتی نێودەوڵەتی، لە نێوان خۆی و فەڵەستينييەکاندا. ئەوەی سەيرێکی داتا ئابووری و بازرگانييەکانی نێوان فەڵەستين و ئيسڕائيل بکات، بەڕوونی دەردەکەوێت، فەڵەستین تا چ ئاستێک ژیانی پەيوەستە بە ئیسڕائیلەوە. جياوازی لەنێوان ژێرخانی شارە ئیسڕائیلييەکان و شارەکانی فەڵەستین لە بەرزترين ئاستە. جياوازی لە هێزی سەربازی و زانست و تەکنەلۆژیا، لە نێوان ئەو دوو بەرەیە لە بەرزترين ئاستە. شەرعيەت و پشتگيری نێودەوڵەتی بۆ ئیسڕائیل بەراورد ناکرێت بە هیی فەڵەستین. دەتوانين بڵێين ناهاوسەنگی لە نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین، هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە، کە هەر هەمووی لە بەرژەوەندی ئیسڕائیلە. یەکێک لە ئامرازەکانی بەردەواميدان بەم ناهاوسەنگييە، بريتييە لە جەنگ و ململانێ سەربازييەکان. چونکە لەم جەنگانەدا ئەگەر یەک شەقامی ئیسڕائیل وێران بکرێت، ئەوا دەيان شەقامی فەڵەستین وێران دەکرێت، یەک باڵەخانەی ئیسڕائیل بڕوخێت، سەدان و هەزاران باڵەخانەی فەڵەستین دەڕوخێت. لەکاتێکدا ئیسڕائیل داهات و ئابوورييەکی گەورەی هەیە و بە ئاسانی چاکی دەکاتەوە، بۆ فەڵەستینييەکان بە پێچەوانەوە، دەبێت بە هاوکاری نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی چاکی بکەنەوە، کە ئەوانەش بێمەرج نابن و پێويستی بە سازشی فەڵەستینييەکانە.

ئەم شەڕانە بۆچی گرنگن بۆ ئیسڕائیل؟ چونکە ئارامی و سەقامگيری لە شارەکانی فەڵەستین، دەکرێت ببێتە مایەی گەشەکردنی لایەنی ئابووری و پيشەسازی و سەربازی و بازرگانی، ئەمانەش واتە بەهێزبوونی فەڵەستین، ڕوونە جەنگ هەموو ئەو شتانە وێران دەکات. بۆ نموونە شاری غەززە بەهۆی ئەم جەنگەوە، لە ڕووی ژێرخان و مرۆییەوە چەندين ساڵ گەڕایەوە دواوە. تا دەگاتەوە دۆخی پێش جەنگەکە، ئیسڕائیل جەنگێکی تر بەرپا دەکات بۆ دووبارە وێرانکردنەوەی شارەکە.

 

ئەو گوتارەی حەماس بە سڕینەوەی ئیسڕائیل بانگەشەی بۆ دەکات، مۆسایدیش درووستی کردبووایە هەر ئەوەندە سوودی بۆ ئیسڕائیل دەبوو

 

دووەم، دۆزی فەڵەستینييەکان بەدەر لەوەی لاوازبن یان بەهێز، پێشکەوتووبن یان دواکەوتوو، دۆزێکی یاسایی و ڕەوا و دادپەروەرانەیە. بە تايبەت دۆزی فەڵەستینی لە چوارچێوەی چارەسەری درووستکردنی دوو دەوڵەت، کە ئەمەیان کۆمەڵگە و یاسای نێودەوڵەتی، خودی ئیسڕائیل و تاکە نوێنەری فەرمی فەڵەستینييەکان کە دەسەڵاتی فەڵەستینييە ڕەزامەنديان لەسەر داوە. ئیسڕائیل لە واقعدا بەم بژاردەیە ڕازی نييە. کەواتە لێرەدا ئیسڕائیل بە تەنيا دەمێنێتەوە، بە هەموو پێوەرێکش ئەم ويستەی ئیسڕائیل نایاسایی و نادادپەروەرانەیە. ئیسڕائیل بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە و ڕەوایەتيدان بە ئامانجە نایاساییەکەی، سياسەتێکی زۆر ورد و ئاڵۆز پەيڕەو دەکات. پێش هەموو شتێک دەيەوێت دۆزی فەڵەستینی لە لایەن یەک گرووپ یان یەک دەسەڵاتەوە نوێنەرایەتی نەکرێت، سياسەتی پەرت بکە و زاڵبە. ناکۆکی حەماس و فەتح، جياکردنەوەی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لە ڕووی سياسیيەوە، گرنگترين هاوکاری بوو بۆ ئەو ئامانجەی ئیسڕائیل. ئێستا حەماس تێڕوانينێکی هەیە بۆ دۆزی فەڵەستین، فەتح تێڕوانينێکی تر. فەتح لەگەڵ هەبوونی دوو دەوڵەتييە، کە ئیسڕائیل دژیەتی، حەماس دژی چارەسەری دوو دەوڵەتييە، بەڵکو لەگەڵ سڕينەوەی ئیسڕائیلە وەک کۆتا ئامانج. ئیسڕائیل لێرەدا سياسەت و ستراتيژی فەتح بە هەڕەشەی جددی دەزانێت، چونکە مومکينە بەپێی یاسا و ڕێککەوتنەکان، نەک ئەوەی حەماس.  ئەوەی حەماس لە کۆتاييدا هەر لەگەڵ ئامانجەکەی ئیسڕائیل یەک دەگرێتەوە، ڕەتکردنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی. گوتاری سڕينەوەی ئیسڕائیل وەک چارەسەری دۆزی فەڵەستین، گوتارێکە مۆساديش درووستکەری بووایە، هەر ئەوەندە سوودی دەبوو بۆ ئیسڕائیل.

سياسەتێکی تری ئیسڕائیل بەرانبەر بە دۆزی فەڵەستین و چارەسەری دوو دەوڵەتی، ئەوەیە کە دەيەوێت دۆزی فەڵەستین تێکەڵ بکات بە پرسی تيرۆريزم، یان پرسێکی بارگاوی بە توندڕەوی و نەخوازراو.

 

لە نێوان مانەوەی حەماس لە غەززە یان گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ غەززە و هەبوونی یەک دەسەڵات کە نوێنەری دۆزی فەڵەستین بکات، بێگومان ئیسڕائیل مانەوەی حەماسی پێ باشترە

 

ڕوون و ئاشکرایە، ساڵانێکە حەماس و غەززە بوونە بە نوێنەری سەرەکی دۆزی فەڵەستین، کە باس لە دۆزی فەڵەستینی دەکرێت، باس لە حەماس دەکرێت. حەماس لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لای زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبيش، یان گرووپێکی تيرۆريستييە، یان گرووپێکی توندڕەو، یان گرووپێک سەر بە ئێران. کەواتە دۆزی فەڵەستین دراوەتە دەست گرووپێک، کە مەحاڵە بگاتە هيچ کام لەو ئامانجانەی کە ئیسڕائیل دژیەتی. چونکە دۆزی فەڵەستین، وەک دۆزی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی تر، چەنێک پێوەستە بە ناوخۆ ئەوەندەش پێوەستە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتييەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر کات لەگەڵ دۆزێک مامەڵە ناکەن کە گرووپێکی نەخوازراو خاوەندارێتی بکات. ئیسڕائیليش تەنيا ئەوەی دەوێت، دۆزی فەڵەستینی لەو دۆخەدا بهێڵێتەوە.

لێرەوە، بۆ تێگەيشتن لە جەنگەکەی ئیسڕائیل لە غەززە، ناکرێت تەنيا لە ڕێگەی ميديا و لێدوانی فەرمی سوپا و حکوومەتی ئیسڕائیلەوە لێی تێبگەين. بەپێی پێدراوەکانی باگراوندی ئیسڕائیل سەبارەت بە ململانێکەی لەگەڵ فەڵەستین، ئەگەر دوو بژاردە هەبێت لە نێوان مانەوەی حەماس لە غەززە یاخود گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ غەززە و هەبوونی یەک دەسەڵات کە نوێنەری دۆزی فەڵەستین بکات، ئەوا بێگومان ئیسڕائیل مانەوەی حەماسی پێ باشترە. هەر بۆیە ئەگەر ئیسڕائیل بزانێت لە دوای حەماس نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نە وڵاتانی عەرەبی ئامادە نين غەززە بەڕێوە ببەن، ئەوا بە هەر پاساوێک بێت جەنگەکە ڕادەگرێت و حەماس دەهێڵێتەوە بە هەندێک ڕێککەوتنی سياسی.

 

ئەگەر ئیسڕائیل بزانێت لە دوای حەماس کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی ئامادەنين غەززە بەڕێوە ببەن، بە هەر پاساوێک بێت جەنگەکە ڕادەگرێت و حەماس دەهێڵێتەوە

 

بۆیە لە نووسينێکی پێشتر ئاماژەم بەوە کرد ئەگەر حەماس بيەوێت گورزێکی ستراتيژی لە ئیسڕائیل بدات، یان ئەگەر بيەوێت بە ڕاستی ئیسڕائیل بخاتە ژێر فشار و ئيحراجييەکی گەورە، ئەوا بە فەرمی ڕايدەگەيەنێت کە ئامادەیە دەسەڵاتی غەززە ڕادەستی دەسەڵاتی فەڵەستینی بکاتەوە، بەو مەرجەی جەنگەکە بوەستێت و سوپای ئیسڕائیل بکشێنەوە لە غەززە. بەڵام حەماس وەک گرووپێکی ناسەربەخۆی سەر بە هاوکێشە ئيقليمييەکان، ئەستەمە ئەو گورزە لە ئیسڕائیل بدات.

لێرەدا باسی ئەو بژاردەیەم نەکرد ئەگەر ئیسڕائیل بيەوێت غەززە یان بەشێکی غەززە بکاتە سەر ئیسڕائیل و دانيشتووانەکەی دەربکات، چونکە تا ئێستا ئەم بژاردەیە ئەمريکا و ئەوروپا و ميسر و زۆربەی وڵاتان بە تەواوی ڕەتی دەکەنەوە. هەروەها لەناو ئیسڕائیليش زۆرێک پێيان وایە ئەم هەنگاوە هەڵەیەکی گەورەیە و زیانی زیاترە وەک لە سوود.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...