سیاسیشرۆڤه‌

لە بارەی ڕووداوەكەی قەزای سۆران

یەك: ئەم ڕووداوانە ڕووداوی سروشتی نین، ئەوەی ڕوویداوە درووستكراوە، قەیران و ئیشكاڵیەتی عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی حكوومەت و بوونی قەیرانی گشتگیر پیشان دەدات، بەبەستنەوەی بە قەیران و ڕووداوە ڕۆژانییەكانی تر.

 

دوو: تەشریعكردن و تێپەڕاندنی یاسای وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە، لە بری گەشەپێدانی ڕاستەقینە، بڵقی گشەپێدانی درووستكرد، وەك پشتێنەیەكی یاسایی بۆ هەڵمژینی هەرچی خێروبێری ئەم وڵاتە بەكارهێنرا، سەرەنجام كەمینەیەكی دەوڵەمەند و زۆرینەیەكی هەژار لە چوارچێوەی سیاسیەتی حوكمڕانی.

 

سێ‌: كاتێك ڕووداوێكی وەك ئەوەی ئیدارەی سۆران دێتە پێشەوە دەڵێن: ئەوە پەیوەندی بە كەرتی تایبەتەوە هەیە. لە ناوەڕۆكدا ئێمە شتێكمان نییە بە ناوی كەرتی تایبەت، ئەوەی هەمانە زۆرینەی كەرتی كەسی و سەر بە حزبەكانە  یان نزیك لە حزبە دەسەڵاتدارەكانن، بۆیە هیچ سنورێك و یاسایەك ناتوانێت ببێتە ڕێگر بۆ كۆنەكردنەوەی زۆرترین سامان لەسەر حیسابی سەلامەتی  و سامانی گشتی .

 

چوار: ئێمە نەك تەنیا قەیرانمان لە سەلامەتی لە یەكەی نیشتەجێبووندا هەیە، ئەی ئامارەكانی سەڵامەتی شوێنی كاری كرێكاران چیمان پێ‌ دەڵێن؟ ساڵانە زیاتر لە سەد كرێكار بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی لە شوێنی كاردا زمدار یان گیان لەدەستدەدەن، ئەی سەلامەتی بەكارهێنانی غاز، ڕووداوەكانی تری ئاگركەوتنەوە لە شاری دهۆك و ئەوەی  لە هوتێل سۆمای سلێمانی ڕوویدا كە دەیان كەس گیانیان لە دەستدا؟

 

پێنج: بۆچی سەرۆكی حكوومەت لێژنە پێك دەهێنێت؟ لەكاتێكدا خودی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەرپرسە لەم ڕووداوانە، دەكرێت هەر خۆیان حاكم و مەحكوم بن، ئەی ئەركی دەسەڵاتی قەزایی و داواكاری گشتی چییە، یان لەبری خستنە ژێر پرسیاری ناوەندی دەسەڵات ئەوان دەیانەوێت وەك فیگەری ڕزگاركەر لەم ڕووداوانە پیشان بدرێن، پرسیارێكی تر هەر لێرە درووست دەبێت بۆچی داواكاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری بەم دۆخەی ئێستا گەیەنراوە؟

 

شەش: ئەمڕۆ ئەوەی دەكرێتە بەرپرس لەسەر بنەمای ئەوەیە تاچەند دەتوانێت مومارەسەی دەسەڵاتەكانی بكات لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا یان تاچەند ئامادەی سازشە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حزبە حكومڕانەكان و كوتلەكانی ناوندی دەسەڵات.

ئەم ڕووداوانە لەبری بە كەسایەتیكردن و بچوككردنەوەی لە چەند كەسێك، دەبێت ڕامانبكێشێت بۆ بیركردنەوە لە وێنە گەورەكە، ئەویش سیستەمی سیاسی و ئابوورییە، كە بەداخەوە میدیای ئەمڕۆ ناتوانێت ئەوە بكات.

هیوا عومەر

نووسەر و سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...