هه‌واڵ

مەرجەکانی تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان ڕادەگەیەنرێت

زێدپرێس

 

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سەدان داواکاری بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان پێشکەشکراون، بەڵام هاووڵاتییان ڕەخنەیان هەیە کە بەشێک لە داواکارییەکانیان ڕەت کراونەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا، وردەکاری تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان دەخاتەڕوو و دەڵێ، پاش بڵاوکردنەوەی ناوی سەدان هاووڵاتی کە داواکارییەکانیان بە ئەنجام گەیشتووە و لەلایەن لیژنەی باڵاوە بڕیاری لێ دراوە هەندێک لە هاووڵاتییان گلەیی ئەوە دەکەن کە بەشێکی داواکارییەکان ڕەتکراونەتەوە و بۆیان تاپۆ ناکرێت، لەو ڕوانگەیەوە، کۆمەڵێک وردەکاری دەخاتەڕوو.

بەپێی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، مەرج نییە هەر کەسێک ناوی لە پەیجی شارەوانی بڵاوکرایەوە، مانای ئەوەبێت کە خانووەکەی بۆ تاپۆ کراوە، بەڵکو ئەو ناوانەی بڵاودەکرێنەوە بە مانای ئەوە دێت کە داواکارییەکەیان بە ئەنجام گەیشتووە، ئیدی بە تاپۆکردن بێت یان بە تاپۆنەکردن یان بە قەرەبووکردنەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، کە مەرجیش نییە هەر کەسێک داواکاری بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکەی پێشکەش کردبێت مافی تاپۆکردنی هەبێت و خانووەکەی بۆ تاپۆ بکرێت، بەڵکو تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان بەپێی یاسای (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٩) هەموارکراو بە یاسای (ژمارە ٧ ساڵی ٢٠٢١) لەگەڵ ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٢١) کۆمەڵێک مەرجی هەیە کە پێویستە هەموو ئەو مەرجانە بێنە دی، تاکوو خانووە زیادەڕۆکە تاپۆ بکرێت.

وەک ئەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕوونیدەکاتەوە، مەرجەکانیش دەکرێن بە دوو بەشەوە: (٦) مەرجیان پەیوەندارن بەو کەسەی داوای تاپۆکردنەکەی کردووە و (١٠) مەرجیش پەیوەندارە بەو خانووەی داوای تاپۆکردنی کراوە، بەم شێوەیە:

 

مەرجەکانی زیادەڕۆکار:

١- پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە عێراقی بێت.

٢- پێویستە داواکار تەمەنی یاسایى تەواو کردبێت.

٣- پێویستە پێش ڕێککەوتى (٢٠٢٢/٠٩/٠٩) داواکاری دابێت بە یەکە کارگێڕییەکان (پارێزگا، قایمقامیەت، ناحیە) بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکە، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا داواکاری پێشکەش نەکردبێت ئەوا خانووەکەی بۆ تاپۆ ناکرێت.

٤- پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە خاوەنی بینای خانووەکە بێت، بۆیە ئەگەر کرێچیی دەوڵەت یان کرێچیی کەسێکی تر بێت یان پاش پێشکەشکردنی داواکارییەکە خانووەکەی فرۆشتبێت ئەوا بۆی تاپۆ ناکرێت.

٥- پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە خێزاندار بێت، بۆیە ئەگەر سەڵت بێت بۆی تاپۆ ناکرێت، چونکە سەڵت کێشەی نیشتەجێبوونی نییە، مەگەر داواکارە سەڵتەکە بەخێوکەر یان بەخێوکراوی کەسێک بێت و ئەمەش بە بەڵگەنامەی بەخێوکردن (حجە الإعالە) بسەلمێنێت و پەیوەندی نێوان بەخێوکەر و بەخێوکراویش لە پلە چوار تێپەڕ نەکات ئەوسا لەسەر سەڵتیش تاپۆ دەکرێت.

٦- پێویستە ئەو کەسەی داواکارییەکەی داوە خۆی و هاوسەرەکەی پێشتر بەپێی یاسای (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٩ هەموارکراو) خانووی تریان بۆ تاپۆ نەکرابێت و هەروەها بەپێی ئەو یاسایەش قەرەبوو نەکرابنەوە، چونکە لەم یاسایەدا داواکار و هاوسەرەکەی بە یەک کەس دادەنرێن.

 

مەرجەکانی زیادەڕەوییەکە:

٧- پێویستە خانوو بێت، واتە زەوی و هەیکەل تاپۆ ناکرێت.

٨- پێویستە خانووەکە لەسەر موڵکی دەوڵەت دروستکرابێت، واتە زیادەڕۆکە سەر موڵکی نیشتەجێی هاووڵاتی تاپۆ ناکرێت، بەڵکو ئەوە کێشەیەکی تایبەتە لەنێوان خاوەنی زەوییەکە و ئەو کەسەی زیادەڕۆیی کردووەتە سەر موڵکەکەی و خۆیان یەکلای دەکەنەوە یان ڕێگەی دادگا دەگرنەبەر.

٩- پێویستە خانووەکە بە زیادەڕەوی دروستکرابێت، بۆیە ئەگەر خانووەکە خانووی میری بێت یان طێکخراوەکان درووستیان کردبێت ئەوا تاپۆ ناکرێت.

١٠- پێویستە خانووەکە پێش ڕێککەوتى (٢٠٢٠/١٢/٣١) دروستکرابێت، ئەمەش بە وێنەی سەتەلایتی بە ئاسانی دەسەلمێت و هەرکەسێک خانووەکەی پاش ئەو ڕێککەوتە درووستکردبێت بۆی تاپۆ ناکرێت.

١١- پێویستە خانووەکە لە پێش (٢٠٢٠/١٢/٣١) لە ناو سنووری شارەوانیدا بووبێت، مەبەستیش لە سنووری شارەوانی سنووری ماستەرپلانە نەوەک سنووری قەدەغەی ماستەرپلان، بۆیە ئەگەر خانوویەک لەو ڕێککەوتەدا لە دەرەوەی سنووری شارەوانی بووبێت و دواتر کەوتبێتە سنووری شارەوانییەوە ئەوا تاپۆ ناکرێت.

١٢- پێویستە خانووەکە لە دەرەوەی حەرەمی گوندەکان بێت، و حەرەمی گوندیش بەپێی نەخشەی کادسترۆی کشتوکاڵی دیاری دەکرێت نەوەک بەپێی نەخشەی شارەوانی.

١٣- پێویستە خانووەکە بەپێی عورفی ناوچەکە شیاوی نیشتەجێبوون بێت، بۆیە ئەگەر خانوویەکی ناو شاری سلێمانی بە لەوح و جەمەلۆن درووستکرابێت ئەوا تاپۆ ناکرێت.

١٤- پێویستە خانووەکە ماڵی تێدا بێت، واتە ئەو خانووانەی چۆڵن و بۆ قازانج درووستکراون تاپۆ ناکرێن، چونکە ئەم یاسایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەزانجی خەڵک دانەنراوە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی خەڵک دانراوە.

١٥- لەم یاسایەدا تەنیا یەک پارچەزەوی تاپۆ دەکرێت، بۆیە ئەگەر خانووەکە لەسەر زیاد لە یەک پارچە زەوییەک درووستکرابێت و سەرەپارچەی خانووەکە کەوتبێتە سەر زەوییەکانی چواردەوری ئەوا تەنیا ئەو ڕووبەرەی بۆ تاپۆ دەکرێت کە زۆرینەی خانووەکەی لەسەر درووستکراوە.

١٦- پێویستە جێخانووی خانووەکە لە نەخشەی شارەوانیدا نیشتەجێ بێت و بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون دانرابێت، بۆیە ئەگەر خانوویەک لە باخچە یان شەقام یان خزمەتگوزاری یان زۆنی پیشەسازی یان زۆنی وەبەرهێناندا درووستکرابێت یان لەسەر تەوەری بازرگانی بێت ئەوا بە خانوویەکی دژەنیشتەجێ دادەنرێت و ئەگەر هەر پانزە مەرجەکەی تری تێدا بێت ئەوا دەڕوخێندرێت و بە پارچەیەک زەوی قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەموو مەرجەکانی تری تێدا نەبێت ئەوا قەرەبووش ناکرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...