سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

چۆن کوردی باشور کۆتایی هات؟

 

لە چەند ساڵی ڕابردوودا پڕۆسەیەکی چڕی هەمەلایەن لە لایەن سیخوڕ و گەمژەی بە سود و داخ لە دڵ و کەمئاگا بە خەستی بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی سود لە گەندەڵی و خراپی حوکمڕانی و شەڕی ناوخۆ و نامۆدێرنی دەسەڵاتی باشور ببینرێت بە مەبەستی ئامانجێکی جیاوازتر و گەورەتر.

زیاتر لە دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوپێش ستراتیژیستی گەورەی چینی سەن تزو ڕوانگەیەکی داڕشت کە هەتا بێت کاریگەری زیاتر دەبێت. بەلای ئەوەوە شەڕ ئەوە نییە ڕووبەڕووی دوژمنەکەت ببیتەوە  ڕووبەڕوو، بەڵکوو چۆن لە ناوەوە دەیگەنێنیت. ئەم پڕۆسەیە لە لایەن زۆربەی زۆری دەزگا و ناوەندە سیخوڕییەکانی دنیاوە پیادە دەکرێت. لە سەردەمی ئەمڕۆدا بە هۆی گەشەی تەکنەلۆجیا و گەیشتنی ئەو تەکنەلۆجیایە بە هەمووان و لە ڕێگایەوە گەیشتی زانیاری بە هەمووان، جەنگی نازانیاری یان زانیاری هەڵە یان چەواشەکاریی بووەتە کارێکی ئاسانتر. ئەمڕۆ بە ئاسانی خەڵکانێکی زۆر دەخزێنرێنە ناو دنیایەکی ئاڵۆزی درووستکراوی ئاڕاستەکراوەوە. هیچ کاتێک هەستم بەچڕی ئەم دنیایە نەکرد، هێندەی کە کتێبەکەی مایک ڕۆپچایلدم خوێندەوە، دەربارەی درووستبونی  گرووپی Qanon لە ئەمریکا. گرووپێکی ڕاستڕەوەی توندڕەوی ترەمپ-دۆست.

بەم جەنگە دەڵێن شەڕی دەروونی یان disinformation. بەکورتی چۆن سوود لە قەیرانەکانی خەڵکانێک دەبینیت بۆ ئاڕاستەکردنیان بەو ئاڕاستەیەی کە دژ بە بەرژەوەندی خۆیانە و بە سوودی تۆیە، بەڵام خۆیان لە پێچەوانەکەی تێگەشتوون. بەو مانایە خۆیان وەها دەزانن کە تۆ فریادڕەسیت، چونکە تۆی فریودەر ونیت.

کەس هێندەی کۆنە سیخوڕی کەی جی بی یوری بێزمینۆڤ ڕاشکاوانە دەربڕی ئەم گەمەیە نییە. یوری باس لە ئەوە دەکات کە چۆن بڕی زۆری کاری دەزگای سیخوڕی سۆڤیەت بۆ ئەوە بوو کە چۆن گەلان لە ناوەوە ڕیسوا بکات. ئەم پڕۆسەیە بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت: قۆناغی یەکەم، کە درێژخایەنە و زەمینەسازە قۆناغی نەهێشتنی ورە یان کەسایەتی کەسەکانی ناو کۆمەڵگایە. ئەم پڕۆسیە کاتێک دەگاتە لوتکە کە زۆرینەی خەڵک یان نەوەیەک لە کۆمەڵگا گەورە دەبن لە سایەی ئەم جەنگە دەروونییەدا و تێڕوانییان بۆ واقیع بە تەواوی گۆڕاوە، یان مێشکیان بە جۆرێک شۆراوەتەوە کە جارێکی تر بە ئاسانی ناتوانن واقیع هەست پێبکەنەوە.

بیزمینۆڤ دەڵێت تێکشکانی ڕۆح یان نەمانی باوەڕ بە خود، (دیمۆراڵەیسەیشن)، پڕۆسەیەکە بە کە بە ئاسانی ناتوانرێت بۆ دواوە بگەڕێنرێتەوە. لە دۆخی وەهادا چیدی ڕاستی و حەقیقەت و واقیع هیچ بەهایەکیان نییە، سەلماندن و دۆکیومێنت و بەڵگە هیچ کاریگەرییەکی نییە. کاتێک ئەم دۆخە فەراهەم دەبێت، قۆناغی دواتر قۆناغی درووستکردنی ناسەقامگیرییە. کە زۆر کەمتر لە قۆناغی پێشووتر دەخایەنێت. لەم قۆناغەدا بنەما سەرەکییەکانی گەلێک دەکرێنە ئامانج: وەک ئابووری، پەیوەندییەکان، سیستەمی بەرگری. پاش ئەمە قۆناغی سێیەم دێت کە قۆناغی قەیرانە. کە قەیران درووست دەبێت زەمینە دەسازێت بۆ دەستوەردانی ئەوانی تر بۆ ئاساییکردنەوە. لەم قۆناغەدا ئیتر وڵات لە ئاستی ناخی کەسەکان، دنیابینییان، پاشان ژیانی ڕۆژانەیان بە تەواوی دەستی بە سەردا دەگیرێت.

لێرەدا دوو پڕۆسە لە ئارادایە، یەکەم، مێشک شۆردنەوە، دووەم، وەرگرتنی ئەو زانیارییانەی کە لە مێشکشۆرەکانەوە دێت. یەکەمیان دس-ئینفۆرمەیشنە، دووەمیان، مسئینفۆرمەیشنە. هەمیشە هەردوو پڕۆسەکە لە ئارادان. هەروەها پڕۆسەکە بە ڕاستەوخۆیی و ناڕاستەوخۆیی بەڕێوەدەچێت، لە لایەن سیخوڕ و گەمژەی بە سوودەوە. [چەمکی گەمژەی بە سوود، بە گشتی دەگوترێت کە لینین دایڕشتووە، بەڵام لە ڕاستیدا، کۆمیدیاکەرێکی ئیتاڵی دایهێناوە، مەبەست لێی ئەو نیمچە ڕۆشنبیرانەن کە باوەڕیان پێدەهێنرێت بە کۆمەڵێک شت کە بەرنامەی خەڵکانێکی ترە، بەڵام ئەوان وەها دەزانن بەرنامە و دنیابینی خۆیانە].

دۆخی داڕمانی تاکی کورد، پاشان ئەگەری داڕمانی سەرجەم پڕۆسەکە بە چەند قۆناغێک بەڕێوەچوو. قۆناغی یەکەم، هەردوو یەکێتی و پارتی نەیانتوانی جۆرێک لە سیستەمی سیاسی دابڕێژن کە لە خۆگربێت، بەو مانایە هەوڵی ئەوە بدات کە چۆن کۆمەڵگا لە خۆی بگرێت، ئینکلوسیڤ. بەڵکو ئەو گرێ دەروونی و دەزگایی و ئاگاییانە کە لە سەردەمی پێشووترەوە هەیانبوو درێژەیان پێدا. ئەم دۆخە بە دەست گرێی دەروونی و شەخسی و کەمی ئاگایی و ترس لە زانیاری و ڕکەبەری ئەوی تری باڵ و شەخسی دەیناڵاند و دەناڵێنێت.

ئەم قۆناغە لە لایەن کۆمەڵگای کوردییەوە بەرگریی لێنەکرا، بەڵکو بە زۆری قبوڵکرا، لە بەر نەبوونی زانیاری و ئاگایی و دەزگای نوێ و ڕێگەپێنەدانی.

نەبوونی توانای دەستنیشانکردنی گرێکان و هەوڵدان بۆ چارەسەریی بەردەوامی دا بە هەڵە بە دوای هەڵەدا. ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ هێزە ئیقلیمییەکان بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە ئیدارەی هەرێم بدەن وەک جێگایەک کە هەرگیز نەتوانێت بە سەر کێشە سەختەکانیدا سەرکەوێت. ئەمە لە شەڕی ناوخۆدا بە چڕی دەستی پێکرد. کاتێک لە ١٩٩٨ ڕێککەوتنی واشنتۆن دەکرێت، تورکیا جەخت لە سەر دوو زۆنی هەرێم دەکاتەوە. ئەم جەختکردنەوەیە بە نیازی پەرت بکە و زاڵبە بوو. سیاسییەکانی هەرێم، ئەمەیان پێخۆش بوو چونکە بەلای ئەوانەوە حوکمداری یانی ئەوەی کە ئەوان حوکمداربن، نەک بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگا.

قۆناعی دوای ئەمە قۆناغی کرانەوەیە. کۆمەڵگای کراوە، ئەگەر ئامادەنەبێت بۆ کرانەوەکەی، ئەوا کرانەوەکەی دەبێتە مایەی هەڵوەشانەوەی. بەڵام ئەگەر ئامادەبێت ئەوا بە پێچەوانەوە دەبێتە مایەی بەهێزیی. بەڵام کۆمەڵگای کوردی ئامادەنەبوو بۆ کرانەوە، چونکە خەسڵەتی کرانەوە، بەو جۆرەیە کە ئەگەر لە هەناوی خۆتدا هێز و چوارچێوەکانت نەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوەی دێت مامەڵە بکەیت، ئەوا بە ئاسانی دەبیتە نێچیری ئەوانی تر.

کورد نە خاوەن کەلتوورێکی وەها پتەوبوو کە بتوانێت بەرگەی ئەمە بگرێت نە دەزگاکانی نوێی وەک زانکۆ و میدیا و ڕۆشنبیرانی هێندە تۆکمەبوون کە بتوانن مەتەرێزێکی وەهای بۆ درووست بکەن هەتا بتوانێت خۆی بە دنیا دەوڵەمەند بکات. بۆیە بوو بە بەرخۆری دنیا نەک سوودمەندبوون لێی.

دیارە هەندێک هۆکاری تر پاڵنەری گەورەبوون بۆ ئەمە. یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکان بەشاربوونی خێرای کۆمەڵگای کوردییە. ئەم پڕۆسەیە مرۆڤی کوردی لە زۆر ڕەگی دابڕی و بە هەندێک ڕوواڵەتی ڕووکەشی ناساند. بەڵام بەبێ بوونی توانای جوڵەی خێرا. لێرەدا چەمکێکی دۆلۆزی هەیە کە ڕایزۆمە، بە مانای کشان بە سەر ڕووکەشدا بەبێ بوونی ڕەگ، بەڵام ئەمە بۆ مرۆڤی کورد سەختە بەرجەستە بێت. ئەو جەدەلەی لە نێوان داربوون و هەرێزبووندا هەیە لێرەدا جێگای بایەخە. دار ئەو بوونەوەرەیە کە ڕەگی هەیە، لە جێگای خۆیدایە، کاتێک ڕەگەکانی دەچنە قوڵایی و تاریکی خاک، پەلەکانیشی لە شینایی ئاسماندا پەلوپۆدەکەن. بەو مانایە هەردوو پڕۆسەی ئازارچەشت و چوونە قوڵایی و پەلکشان و چوونە پانتایی هەیە. بەڵام مرۆڤی شاریی لەم ئەزموونانە دادەبڕێت، ئەگەر سیستەمی نوێ نەبێت ئەوا لە دنیایەکی شلی هەمیشە گۆڕاودا تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت. [بۆ ئەم پاشخانە لە ئاستی ئەوروپادا کە کەسێکی وەک کارل مارکسی تیادا درووست دەبێت، تێگەیشتن لە پەیڤە شیعرییەکانی ناو مانیفێستی کۆمۆنیزم بە سوودە]. شار پانتایی شل بوونەوەیە. ئەمەش هۆکاری ئەو دووفاقیەیە کە ئەمڕۆ دنیای کوردی بە دەستیەوە دەناڵێنێت، لە لایەک دەیەوێت لە هەموو نوێیەک سوودمەندبێت لە لایەکی تر لە هەموو نوێیەک دەترسێت، بۆیە دینداری توندی تیک-تۆکی بەرهەم دێت.

کە خەڵکی کورد پەرتبوون و هەڵەی گەورەیان کرد و ڕەگیان نەما و بە ئاسانی کرانەوە لە بەرانبەر ئەوانی تردا، ئەوا بوون بە نێچیری پڕۆسەی مێشک شۆردنەوە. ئەم پڕۆسەیە ئەمڕۆ لە ئاستێکدایە کە کورد بڕوای وەها نییە کە دەتوانێت خۆی خۆی ڕزگار بکات، هەر گرووپێک فریادڕەسێکی بۆ دیاری دەکەن. هەموو هێزە کوردییەکان بڕوایان وەهایە ئەگەر پشتیوانێکی دەرەکیان نەبێت نامێنن.

کۆمەڵگای کوردی لە دۆخێکی ئاڵۆزی داڕماندایە. دۆخێک کە ناتوانێت وێنای دنیایەکی جیاوازی پێ بکرێت. هەمووان بە ڕازی و ناڕازی هەوڵی درێژەپێدان بە یەک مۆدێل دەدەن. ئەوەی بەغداییە، تارانی، هەولێریی یان ئەنکەرەیی هەموو هەر هەوڵی ئەوە دەدەن و پەیمانی ئەوە دەدەن کە ئەوەی هەیە وەک خۆی لێبکەنەوە و درێژەی پێبدەن. لە کاتێکدا هەموو دەبوو لە ئەوە بە ئاگابن کە ئەوەی هەبوو تێپەڕی. جیاوازی نێوان کۆمەڵگای خاوەن کەلتوور و کۆمەڵگای بێکەلتوور ئەوەیە کە کۆمەڵگای بێ کەلتوور لە بەردەم قەیرانەکاندا دادەڕمێت یان دەبێتە نێچیرێکی ئاسانی هێزەکانی تر، بەڵام کۆمەڵگای خاوەن کەلتوور لە بەردەم قەیراندا فێری نوێ و داهێنان و بەرگری و بەرخودان دەبێت.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...