سیاسیشرۆڤه‌

قومار لەسەر جەنگی ئێران

ڕاستگۆترین کەس قسەی لەسەر هەمئاهەنگی (تەنسیق)ی ژێربەژێری ئێران و ئەمریکا کردبێت سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ بوو، ئەو لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی پێداوە کە ئێران ئاگاداریان کردووەتەوە کە پێویستیان بە تۆڵەیەك هەیە و هەر خۆشیان ئاگاداریان کردووەتەوە کە ئەو مووشەکانەی دەگیرێنە مۆڵگە سەربازییەکان (لە عێراق) زیانی نابێت و بۆیە مووشەکەکان بەر مۆڵگەکان نەدەکەوتن و هەم ئێران باسی تۆڵەی دەکرد و هەرم ئەمریکاش وەبەرهێنانی ستراتیژی و سیاسی لەسەر ئەم هێرشانە دەکرد.

 

کەم نین ئەم هێز و لایەن و دەوڵەتانەی کە پێویستیان بەوەیە کە ئێران بە “ڕاستی و ڕاستەوخۆ” یان بە پێچەوانەوە بە “نمایشی نیمچە ڕاستی” تێکەڵی هەرای جەنگ و پشێوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. لە ئیسرائیل دوو ئاڕاستە هەیە پێویستی بە تێوەگلانی ئێران هەیە بە هەردوو جۆری باسمان کرد (چونکە چیتر جەنگ بەوەکالەت بۆ ئێران وەڵامی ئەم پێویستییەی ئیسرائیل ناداتەوە)، ئەم دوو ئاڕاستەیە یەکێکیان باڵێکی توندڕەوی سەربازی-ئایدیۆلۆژی توندڕەوە کە لە ڕووی سیاسییەوە ناتەنیاهۆ نوێنەرایەتی دەکات و دەیەوێ دۆخی جەنگ تا ئەوپەڕی درێژەی هەبێت و بەرفرەوان بێت، باڵەکەیتریش کە ئەمیش تێکەڵێکە لەسەربازی –سیاسی و فشاری کۆمەڵگە کە دەیانەوێت تێوەگلانی ئێران وەکو کارتی فشار بەکاربێت دژ بە حکوومەت و باڵە توندڕەوەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ وەستاندنی جەنگ.

هەمان سروشتی دووباڵ لە نێو ئیدارەی بایدنیش ڕەنگدانەوەی هەیە، ئەوانیش هەمان میتۆدی وەبەرهێنان دەکەن لەسەر تێوەگلانی ئێران یەکێکیان بۆ فرەوانکردنی جەنگ و یەکێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناتەنیاهۆ، ئەمریکا لەبەر زۆر هۆکار ئێستا نایەوێ دۆخەکە یەکلابکاتەوە چ بە ئاڕاستەی وەستاندنی جەنگ چ بە ئاڕاستەی فرەوانکردن و تۆخکردنەوەی، ئەمریکا دەیەوێت ئیدارەی ئەم دۆخە بە جۆرێك بدات سەرە داوەکانی داهاتووی ئەم دۆخە بە زەمانەتێکی زیاتر لە هەژموونی خۆی بمێنێتەوە، جا نرخەکەی کۆمەڵکوژی بێت، یان کۆتایی پێهێنانی داهاتووی کەسانی وەکوو ناتەنیاهۆش بێت.

ئێران لەم قومارەدا کە بە زیرەکانە دەیکات دەیەوێت وەبەرهێنانی سیاسی بکات نەك تەنیا وەکوو هێزێکی نمایشکاری ئیقلیمی، بەڵکو دەیەوێت وەکوو سەرەتای جەنگی ئێران – عێراق لە ١٩٨٠دا کۆتوبەندی ناوخۆیش و سەپاندنی دۆخی جەنگ بەسەر کۆمەڵگەی ئێران تۆختر بکات. بەڵام هەروەك لە قوماری ئاسایی قومارچیان باوە؛ کە نەبردنەوەی بەردەوام درێژەی هەیە نەئارامی بەڕێوەچوونی یارییەکەش زەمانەتی هەیە، ئەم تەنسیقە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیانە ڕۆژێك دەگاتە کەنارێك کە ڕەنگە بە فیکری هیچ کام لە قومارچییەکان نەهاتبێت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...