شرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی

فەلسەفەی مێژوو لای مارکس

 

-١-

مێژوو یەکێکە لەو زانستە کۆمەڵایەتییانەی، کە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەی ڕابردووی مرۆڤەوە هەیە. هەرچەندە تا ئێستا پێناسەی جیاواز بۆ مێژوو دەکرێت، بەڵام پێشتر مێژوو تەنیا لە چوارچێوەی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی پێشوو بووە. لەگەڵ گەشەکردنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی شیکاری مێژوویی و پۆلێنکردنی ڕووداوە مێژووییەکان بۆ بەش و قۆناغی جیاواز بە مەبەستی تێگەیشتن لە ئەنجامەکانی، بوارێکی نوێی توێژینەوەی لە بواری مێژوودا درووست کرد.

مێژوو ڕووداوی لە پێشینەیە کە جوڵەی تیادا نییە و لە ڕابردوودا ڕوویداوە و ئەمەش جیاوازە لە چەمکی فەلسەفەی مێژوو، کە ئەرکەکەی شیکردنەوەی ڕووداوی پێشینەیە، بەڵام ئەو شیکردنەوەیە بە مەبەستی لێکدانەوە و خوێندنەوەی تیۆری و دۆزینەوەی ئەو یاسایانەیە کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی درووست کردووە و لە سەردەمی جیاوازدا عەقڵی مرۆڤی ئاڕاستە کردووە.

توێژینەوەکانی فەلسەفەی مێژوو لە چوارچێوەی بەشە ڕووداوێکی دیاریکراودا ناوەستێت و، دەڕوانێتە ڕووداوی مێژوویی بە شێوەیەکی هەمووەکی و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن و خستنەڕووی هۆکاری بنەڕەتی و هەمەلایەن و سەرەکی و گشتگیر، کە جۆڵە لە هزری مرۆڤ بۆ ئاڕاستەی ڕووداوەکان درووست دەکات و بەم جۆرەش فەلسەفەی مێژوو بەشێکە لە بەشەکانی فەلسەفە.

لە فەلسەفەی یۆنانیدا تەماشای مێژوو وەک خولی ڕووداوی دووبارەکراوی بەردەوام دەکرا، کە کۆتایی نایەت و لەم ڕوانگەیەوە دەستەواژەی “مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە” هاتە کایەوە.

لە سەدەکانی ناوەڕاست لە مێژووی ئەوروپادا و لە ئاکامی هەژموونی هزری لاهووتی، گرێدانی سەرجەم ڕووداوەکان بە بڕیار و ئیرادە و هێزی خواوەندەوە و، پشتگوێخستنی کار و ئیرادەی مرۆڤ لە کارکردن و بڕیاردان و درووستکردنی ڕووداوەکان، ئاڕاستەی سەرەکی لە فەلسەفەی مێژوو بوو. لەم سەردەمەدا جەخت لەسەر ئیرادەی خواوەند و هێزی نادیاری دەرەوەی کۆمەڵگا و قایلبوون بە ناخۆشی و ناجۆری و بوونی ڕەوشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری سەپێنراو و خراپ دەکرایەوە، بە جۆرێک مرۆڤ جگە لە قایلبوون بەوەی هەیە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەخرایە بەردەم.

ئەم ئاڕاستەیە لە بۆچوونەکانی پیاوانی کەنیسە وەک بابەتێکی ڕەها و حاشا هەڵنەگر دەرکەوت و بۆچوونەکانی سانت ئوگۆستین لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا نموونەی ئەم هزرەیە؛ کاتێک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە “شاری خودا لە ئاسمانە و هەموو شتێک لەوێدا ئەرێنییە و هەموو نەرێنی و خراپەکارییەک لە شاری زەویدایە کە شاری مرۆڤە”.

لە مێژووی ئەزموونی هزری کۆمەڵگای ئیسلامیدا ئیبن خەلدوون کە بۆچوونەکانی سەبارەت بە کۆمەڵناسی لە بازنەی دەستەواژەی (ئاوەدانکردنەوە) دەخاتەڕوو، ئاماژە بە لێکدانەوەی مێژوو دەکات بەو پێیەی مێژوو تەنیا کۆکردنەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو زانینی هۆکاری ڕووداوەکانە، کە بە شێوەیەکی خولەکی دوور لە فۆڕمێکی ڕاست و دروست ئەنجام دەدرێت. هەنگاوی جیاکردنەوەی مێژوو لە زانستەکانی شەریعەتی ئیسلامی هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانرا مێژوو لە کەلتووری باو ڕزگار بێت.

لە سەدەی شانزەهەمدا کە بە سەرەتای سەردەمی ڕێنیسانس دەژمێردرێت تا دەگاتە سەردەمی ڕۆشنبیری، فەلسەفە لە ئەوروپادا شۆڕشێکی بەرچاوی دژ بە هزری لاهووتی کرد و بابەتی مێژوو کرا بە بابەتی مرۆڤ نەک خواوەند. ڤۆلتیر بە یەکەمین کەس دادەندرێت، کە دەستەواژەی فەلسەفەی مێژووی بەکارهێناوە.

لە هەندێک سەرچاوەی مێژوو باس لە ئاخافتنی ئیمیلی دی شاتلێت لەگەڵ ڤۆلتێر دەکرێت کە دەڵێت: کۆمەڵێک ڕووداوی ناپەیوەندیدار و هەزاران ڕۆمان کە شەڕەکان دەگێڕنەوە کە هیچیان بەدەست نەهێناوە، چ سوودێکی دەبێت بۆ ژنێکی فەڕەنسی وەکوو من کە بزانێت ئێکڵ لە سوید شوێنی هاکان بووە و عوسمان کوڕی ئیرتوگرول بووە؟

زۆر جار باس لەوە دەکرێت، کە ئایا ئەو قسانەی مارکیز ئیمیلی لەگەڵ ڤۆلتێر لە خۆوە گوتوویەتی یان ڕەنگە لە ئەنجامی وانە و تێڕامانێکی پێشوودا پێی گەیشتبێت، هاندەر بووبێت بۆ ئەوەی ڤۆلتێر خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ مێژوو لەسەر بنەمای خوێندنەوەیەکی فەلسەفی نەک گێڕانەوەی ڕووداوەکانی هەبێت.

یەکێک لەو فەیلەسوفانەی وەرچەرخانێکی بابەتی لە بواری فەلسەفەی مێژوودا کردووە، هیگڵە، کە پێی وایە مێژووی ڕەسەن وەک خۆی و مێژووی تیۆری بابەتی فەلسەفەی مێژووە و، مێژووی جیهانیش ئاکامی ڕێڕەوی پەرەسەندنی عەقڵە. گرنگی فەلسەفەی مێژوو لای هیگڵ بۆ بنەماکای دیالکتیکی هیگڵ دەگەڕێتەوە.

هیگڵ لە پێشەکی کتێبی (وانەکان لە فەلسەفەی مێژوودا) کە لە ساڵی ١٨٣٧ نووسیوێتی، ئاماژە بۆ سێ ڕێگا لە بواری توێژینەوەی مێژوودا کردووە. یەکەمیان مێژووی ڕەسەنە، واتە شیکردنەوەی ڕاستەخۆ بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ڕاستەوخۆی ڕووداو و کار و کردەوەکان و پشتڕاستکردنەوەی لە لایەن مێژوونووسەوە. لەم بوارەشدا هیگڵ سوودی لە هیرۆدۆتس وەرگرتووە و ئەم ڕەهەندەی بۆ سێ قۆناغ دابەشکردووە.

لە قۆناغی یەکەمدا لەسەردەمە دێرینەکاندا پیاوانی دەوڵەت و نووسەرانیان مێژوویان تۆمار دەکرد. لە سەدەی ناوەڕاستدا تۆمارکردنی مێژوو لە لایەن پیاوانی ئایینی دەکرا، بەڵام ئەم قۆناغانە بەپێی بۆچوونی هیگڵ کۆتایی هات و ڕۆشنبیری هاوچەرخ وای کردووە لە بازنەی هۆشدا تۆمارکردن و لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکان بکرێت.

هیگڵ لە بەشی دووەمدا باس لە مێژووی تیۆری دەکات، کە لە چوارچێوەیەکی زەمەنی داخراودا نییە و، مێژووی تیۆریش بۆ مێژووی جیهانی و مێژووی پراگماتی، کە بنەمای ئایدیۆلۆجی هەیە و مێژووی ڕەخنەگرانە و مێژووی تایبەتمەند، دابەش دەکات.

بە بۆچوونی هیگڵ سروشت بەرجەستەکردنی عەقڵە و زۆرێک لە قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ناعەقڵانییە و لە چوارچیوەی کاردانەوە دەردەکەون، چونکە کۆمەڵگا لە تاکەکان پێکهاتووە، کە بە هەست و هاندان و هێزی دەرەکی ڕێنمایی دەکرێن، بەڵام لە پشت ئەو ناڕێکییە ڕوواڵەتییەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە، پلانی خواوەند هەیە، کە لە چاوی خەڵک شاردراوەتەوە، بەڵام لە کاتی پڕۆسە و ڕووداوی مێژووییدا خۆی بە دی دەهێنێت.

دیالکتیکی هیگڵ پێی وایە گەشەسەندنی مێژووی نەک لە هێڵێکی ڕاستدا پێشدەکەوێت، بەڵکو لە خولگەیەکدا، کە بەرەو سەرەوە و بەرەو گەشەکردن و پێشکەوتن دەڕوات.

دیالکتیکی مێژوو لای هیگڵ بریتییە لەم خاڵانەی خوارەوە:

1ـ شتەکان بەیەکەوە گرێدراون و هیچ ڕووداوێک بە دابڕان لە ڕووداوەکانی دیکە وەرناگیرێت و سەیر ناکرێت.

2ـ هیچ شتێک هەمیشەیی نییە و هەموو شتێک لە قۆناغی گواستنەوە و لە گەشەکردنی بەردەوامدایە.

3ـ ململانێی دژەکان جەوهەر و ناوەڕۆکی هەموو دیاردە و شتەکانە و ئەم ململانێیە سەرچاوەی هەموو گەشەکردنێکە.

4ـ لە ڕێگەی ناکۆکی و ململانێی دژەکانەوە کە لە هەموو شتێکدا هەیە، بابەتی نوێ لە ڕێگای کەڵەکەبوونی چەندایەتییەوە لە دایک دەبێت.

5ـ لە پڕۆسەی گەشەکردن و درووستبوونی نوێ، بابەت و شتە نوێکان توخمی کۆن هەڵدەگرێت و لە هەمان کاتدا پەرەی پێدەدات و بۆ پێشەوەی دەبات.

ئەم بۆچوونانەی هیگڵ دوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد لە بۆچوونەکانی فۆکۆیاما سەبارەت بە کۆتاییهاتنی مێژوو دەرکەوتنەوە.

 

 

-٢-

بۆچوونەکانی مارکس سەبارەت بە مێژوو کۆمەڵێک هێڵی سەرەکین بۆ بنیاتنانی تێڕوانینی مارکسیستانە سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو. هێڵە گشتییەکانی مارکس لە بەرهەمەکانیدا، کە پشت بە یاساکانی دیالکتیکی هیگڵ دوای سەرەوخوارکردنەوەی ئەو یاسایانە لەسەر بنەمای ماتریالیزمی فیۆرباخ دەبەستێت، وەرچەرخانێکە لە بابەتی فەلسەفەی مێژوو، بۆیە فەیلەسوفی فەڕەنسی ئەلتۆسیر (1918ـ1990) پێی وایە مارکس دامەزرێنەری زانستی مێژووە و دەڵێت (ئەوەی دورگەی ماتماتیکی دۆزییەوە تالیسە و ئەوەی دورگەی سروشت و فیزیکی دۆزییەوە گالیلۆیە و ئەوەی دوورگەی مێژووی دۆزییەوە مارکسە).

بۆچوونەکانی مارکس سەبارەت بە مێژوو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پڕۆژەی تێگەیشتنی شوناسی سەرمایەدارییە لە پێناوی تێپەڕاندنی سیستەمی سەرمایەداری و کارکردن بۆ وەدیهێنانی جێگرەوەیدا کە کۆمەڵگای نەهێشتنی چەوساندنەوەیە لەسەر بنەمای چینایەتی و خاوەندارێتی تایبەتی هێزی بەرهەمهێنانی.

لێکدانەوەکان و بۆچوونەکانی مارکس سەبارەت بە سەرهەڵدانی سەرمایەداری و ڕێڕەوی پەرەسەندنی و ڕەخنەگرتن لەو سیستەمە و بابەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دژ بە سەرمایەداری وای پێویست دەکرد، کە مارکس تیۆرێکی بنەما زانست و قوڵ سەبارەت بە فەلسەفە و بزوێنەری مێژووی هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش داڕشتنی هێڵە سەرەکییەکان سەبارەت بە یاساکانی پەرەسەندن و گۆڕانکاری مێژوویی، زەمینەی داڕشتنی بنەماکانی فەلسەفەی مێژووە لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە.

مارکس هەر لە سەرەتاوە نەهات بۆچوونێکی تیۆری کۆتاییپێهنراو و چەقپەستوو سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو بخاتە ڕوو. میتۆدی بیرکردنەوەی مارکس لەم کارە مەعریفییەدا پشتی بە ئاڕاستەی وردبینیکردن لە چەمکەکانی پەیوەندیدار بە خوێندنەوەی مێژوو و پێداچوونەوە بە خوێندنەوی واقع و توێژینەوەی دیاردە نوێیەکان و گەیشتن بە دەرئەنجامی هزری نوێ سەبارەت بە بابەتەکان لە سەرجەم بەرهەمەکانیدا، دەبەست.

لە کتێبی (ئایدیۆلۆجیای ئەڵمانی) ١٨٤٥، کە لە ماوەی ژیانی مارکس و ئینگڵز چاپ نەکرا، مارکس تێڕوانینێکی سەرەتایی بۆ مێژوو خستەڕوو، کە بە بنەمای سەرەتایی تیۆری مارکس سەبارەت بە مێژوو دادەنرێت. لەو کتێبەدا مارکس پێی وابوو، کە دابەشکردنی کار بزوێنەری مێژووە، بەڵام لە ساڵانی ١٨٥٧ـ١٨٥٨ کە مارکس دەستنووسی (گرۆندریسە)ی دەنووسی و ئەو کتیبەش لە ژیانی خۆیدا چاپ نەکرا، پێداچوونەوەی بە بۆچوونی پێشتری خۆی کرد، کە لە (ئایدیۆلۆجیای ئەڵمانی) ئاماژەی پێکردبوو.

لە (گرۆندریسە) مارکس ئاماژە بە چەمکی (خاوەندارێتی تایبەت)ی هێزەکانی بەرهەمهێنان کرد، کە پێی وابوو لە بابەتی دابەشکردنی کار گرنگترە وەک فاکتەری سەرەکی و بزوێنەر بۆ مێژوو.

لەو دەستنووسەدا مارکس باس لە سیستەم و ستایلێکی بەرهەمهێنان ناکات، بەڵکو باس لە شێوازی بەرهەمهێنانی جیاواز و جۆراجۆر دەکات، وەک شێوازی بەرهەمهێنانی سلاڤی و شێوازی بەرهەمهێنانی جەرمانی و، بەم جۆرە دوورکەوتەوە لە دۆگما و پێداچوونەوەیەکی مەعریفی ئەنجام دا لە بواری هەندێک لە بۆچوونەکانی خۆی کە لە (ئایدیۆلۆجیای ئەڵمانی) باسیکردبوو.

هەر لەو پێداچوونەوەدا باسی لە شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی کرد، کە لە کتێبی قۆناغەکانی مێژووی نووسەری سۆڤیەتی سیگال ئاماژە بە شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی نەکراوە. کتێبەکەی سیگال کاتی خۆی لە لایەن حزبی شیوعییەوە کرا بە زمانی کوردی.

لە کتێبی (سەرمایە) لە بەشی کەڵەکەبوونی سەرەتایی و گواستنەوەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوای ئەوروپا لە شێوازی بەرهەمهێنانی فیوداڵ بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، مارکس لەو پڕۆسە گواستنەوە ئاڵۆزەدا باس لە تێڕوانینە تیۆرییەکانی سەبارەت بە مێژوو دەکات.

لە کتێبی بەشداری بە ئاڕاستەی ڕەخنە لە ئابووری سیاسی لە ساڵی ١٨٥٩دا مارکس نووسیوێتی:

لە میانەی پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ بابەتی فەلسەفەی قانوون لای هیگڵ گەیشتمە ئەو ئاکامەی کە ڕەوشی قانوونی و سیاسی توانای شیکردنەوە و لێکدانەوەی خودی خۆی نییە و تەنانەت پشتبەستن بە چەمکی عەقڵی مرۆیی پەرەسەندنی گشتی ناخاتەڕوو، چونکە بە پێچەوانەی ئەو هۆکارانە بۆم دەرکەوتووە لە بەرهەمهێنانی ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکدا پەیوەندییەکی دەستنیشانکراوە و پێویست و سەربەخۆ لە ئیرادەی خەڵک درووست دەبێت، کە لەگەڵ پلەیەکی دیاریکراوی پەرەسەندنی هێزی بەرهەمهێنان ماتریالستی دەگونجێت.

پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان بنیاتنانی ئابووری کۆمەڵگایە و ئەو ژێرخانە ڕاستەقینەیە، کە کار لە سەرووی خۆی دەکات و سەرخانی قانوونی و سیاسی بنیات دەنێت… شێوازی بەرهەمهێنانی ژیانی ماددی مەرجی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سیاسی و عەقڵی ژیانە بە شێوەیەکی گشتگیر. هۆشمەندی خەڵک دەستنیشانی بوونیان ناکات، بەڵکو بوونی کۆمەڵایەتییان هۆشمەندییان دەستنیشان دەکات. کاتێکیش هێزی بەرهەمهێنانی ماددی کۆمەڵگایەک لە ئاکامی پلەیەکی دیاریکراو لە پەرەسەندنیدا دەگاتە دۆخی ململانێ لەگەڵ ڕەوش و شێوازی بەرهەمهێنانی پەیڕەوکراو، واتە بە هۆی شێوازی خاوەندارێتییەوە کە لە سایەیدا هێزی بەرهەمهێنان و شێوازی بەرهەمهێنان لەگەڵ یەکتر نەگونجاو دەبن، کات و سەردەمی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دێتەکایەوە. گۆڕانکاری و هەموارکردنی بنکەی ئابووری ئاڵوگۆڕ بە پلەیەکی کەم یان زۆر لە سەرخانی کۆمەڵگا درووست دەکات.

مارکس لە نووسینەکانی سەبارەت بە میکانیزمەکانی پەرەسەندنی مێژوو و، قۆناغەکانی پەرەسەندنی مێژووی مرۆڤایەتی، ئاماژەی بە شێوازی بەرهەمهێنانی کۆمۆنالیزمی سەرەتایی (المشاعیە البدائیە) و شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی و کۆیلایەتی و فیوداڵ و سەرمایەداری و، پێشبینی شێوازی بەرهەمهێنانی کۆمۆنیزمی کرد، بەڵام ئەم بابەتەی بە داخراویی نەخستەڕوو و، بۆچوونەکانی بە دوا وشەی هەوڵدانی زانستی بۆ تێگەیشتن لە مێژوو نەبوو.

مارکس کاری کرد، کە تێگەیشتنەکانی سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو نەبێتە عەقیدەیەکی جێگیر و نەگۆڕ لە مێژووی هاوچەرخدا، بۆیە سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو بۆچوونە تیۆرییەکانی مارکس ئێسکەپەیکەرێکە و ڕێگای بۆ هزرمەندە سۆشیالیستەکانی دوای خۆی خۆشکرد لە کاروانی گەڵاڵەکردنی تیۆرێکی مارکسیستانە سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو.

ماتریالیزمی مێژوویی بنەمای فەلسەفەی مێژووە لای مارکس و پشت بەو ڕاستییە دەبەستێت، کە مانەوەی مرۆڤ وا پێویستی کردووە بەرهەمهێنانی ماددی کارێکی پێویستی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤایەتی بێت و، لە میانەی ئەنجامدانی ئەم بابەتە پەیوەندی بەرهەمهێنان دوور لە خۆرسکی و ئارەزوومەندانە و ئەو پەیوەندییە لە نێوان خەڵک وەک پێداویستییەک لە چوراچێوەی پەرەسەندنی هێزی بەرهەمهێنان درووست بووە.

ماتریالیزمی مێژوویی بە شۆڕشێکی چلۆنایەتی لە مێژووی فەلسەفە دادەنرێت و ئاماژەیەکە بەوەی هەر نەوەیەک هێزی بەرهەمهێنانی پەرەسەندووی لە نەوەی پێشتر بۆی ماوەتەوە و، مێژوو بریتی نییە لە گێڕانەوەی ڕووداوی ڕابردوو، هێزێکی نادیاریش لە دەرەوەی کۆمەڵگا و مرۆڤ ئاڕاستەی نەکردووە و ئایندەی بۆ دەستنیشان نەکردووە.

 

 

-٣-

خاڵە سەرەکییەکان سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو لای مارکس لە تێڕوانینی مارکس بە گشتی بۆ چەمکی فەلسەفە و شیکردنەوەی بۆ سیستەمی سەرمایەداری جیاناکرێتەوە. مارکس ئاماژە بۆ ڕۆڵ و ئەرکی فەلەسەفە لە گۆڕانکاریکردن لە واقیعی کۆمەڵایەتی نەک تەنیا لە بازنەی مانەوەیدا لە شیکردنەوەی واقیع، دەکات. ئەم بۆچوونە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەشداریکردنی فەیلەسوفە مارکسیستەکانی دوای مارکس لە گەڵاڵەکردنی تیۆرێکی پتەو سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو و، ئەم ئەرکەش لۆکاش و ئەلتۆسیر و ئەریک هۆبسباوم و بیری جۆنسون و کەسانی دیکە بینییان و، پێش ئەمان ئینگلز سەبارەت بە مێژووی ئەڵمانیا و مێژووی کریستیان بەرهەمی هەبووە.

میتۆدی مارکسیزم لە بەرهەمەکانی هۆبسباوم تایبەت بە مێژوو ڕوونە و، ئاماژە بە ڕۆڵی مێژوونوس دەکات سەبارەت بە دۆزینەوە و خستنەڕووی میکانیزمەکانی گۆڕانکاری لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکە ئاستی جیهاندا و، لای ئەو ئەرکی مێژوونوس وەک میتۆدی مارکسیزم تەنیا دۆزینەوە و هەڵدانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو لێکدانەوە و شیکردنەوە و زانینی ئەو پەیوەندییە، کە ڕابردوو بە سەردەم دەبەستێتەوە.

لە بەرهەمەکانی هوبسباوم (سەردەمی شۆڕش 1789ـ1848)، (سەردەمی سەرمایە 1848ـ1875)، (سەردەمی ئیمپراتۆری 1875ـ1914)، (سەردەمی توندڕەوی)، جەخت لەسەر لێکدانەوەی کۆمەڵایەتی بۆ جوڵەی مێژوویی دەکات. جگە لە بەرهەمەکانی خۆی، هۆبسباوم دەستنووسی مارکس سەبارەت بە (پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی پێش سەرمایەداری) لە ساڵی 1964، لە زمانی ئەڵمانییەوە بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕا و، تیایدا پێشەکییەکی تیۆری و شیکەرەوانەی خستەڕوو و، باسی لە شێوازەکانی کۆمۆنیالیزمەکانی (المشاعیە) کۆنەکان کرد، کە کارتێکردنی لەسەر بنیاتی کۆمەڵایەتی هەبوو، بەمەش هەندێک بابەتی نوێی خستەڕوو، کە لە ئەدەبیاتی سۆڤیەت سەبارەت بە قۆناغەکانی پەرەسەندنی مێژوو باس نەکرابوو.

مارکس لە سەرجەم بۆچوونەکانی سەبارەت بە مێژوو، کە خاڵی بنیاتنانە بۆ مێژوونووسە مارکسیستەکان، دوور لەوەی تیۆرێکی تەواو و کۆتاییپێهێنراو سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو بخاتەڕوو، چەندین خاڵی بنیاتنەرانەی داڕشت، کە پڕەنسیپ و کلیلی تێگەیشتنە بۆ فەلسەفەی مێژوو لای مارکس و، بەم جۆرە ئێمە لە بەردەم کلیلی کردنەوەی دەرگاکانی مێژووداین، لە ڕێگای تێگەیشتن لە ڕووداوە مێژووییەکان کە بتوانین یاساکان و ئاڕاستە و بنیاتنانی مێژووی مرۆڤایەتی و ئاقاری پەرەسەندنی بدۆزینەوە.

ئەم پڕەنسیپ و کلیلانە بۆ حاڵیبوون لە مێژوو بەم جۆرە دەبینم:

 

١. چەمکی ململانێی چینایەتی

سەبارەت بەم بابەتە لە مانیفێستی کۆمۆنیستیدا هاتووە، کە مێژووی مرۆڤایەتی تا ئێستا مێژووی ململانێی چینایەتییە، کە سێ تەوەری هزری گرنگ لای مارکس دەگرێتە خۆی: (بەجەمسەربوون، چەوساندنەوە و نامۆبوون).

سەبارەت بە جەمسەربوون تێڕوانینی مارکس لەوەدایە، کە تێکڕای ململانێی کۆمەڵگای شارستانی بۆ بەرهەمهێن و خاوەندارەکان، کە مەرج و ئامرازی بەرهەمهێنانیان بە دەستەوەیە دەگەڕێتەوە و، لەسەر ئەم بنەمایە شێوازی خاوەندارێتیش دەگۆڕدرێت.

شارستانی لای مارکس ئەو کاتە دەستیپێکردووە، کە بەرهەمهێنەرەکان زێدەیەک لە پێداویستی خۆیان بۆ خواردن و گوزەرانی ژیانیان بەرهەمدەهێنن. ململانێی چینایەتی لەگەڵ ئەو زێدەیە درووست دەبێت و ناکۆکی لەو بازنەیەدایە، کە ئەو زێدەیە بۆ کێ بگەڕێتەوە و چ لایەنێک ببێتە خاوەنداری ئەو زێدەیە.

بە شێوەیەکی مێژوویی ئەوەی ئامرازی بەرهەمهێنانی بەدەستەوە بێت، هێزی مادی و مەعنەوەی هەیە و زێدەکە بۆ خۆی دەمژێت. لە مێژوودا ململانێی سەرەکی نێوان ئەوانەی خاوەنداری شێوازەکانی بەرهەمهێنان و ئەوانەی بە شێوەیەکی کردەیی بەرهەمهێنن و، لە هەمان کاتدا لە نێوان دەستە و تاقمی خاوەندارەکان ململانێ درووست دەبێت و زۆرجار بە شەڕ و جەنگ یەکلادەکرێتەوە.

چەمکی ململانێی چینایەتی لای مارکس گۆڕانکاری و ڕیزبەندی لە بواری شوناس و پێکهاتەی چین دەخاتە ڕوو. مارکس ئاماژە بەوە دەکات، کە چینی کۆمەڵایەتی دژەکانی خۆی درووست دەکات و بەرهەمدەهێنێت و، هەر چینێک پێویستی بە دژەکەیەتی و لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە و، ئەمەش ناوەڕۆکی دیالکتیکە لە ماتریالیزمی مێژووییدا لای مارکس، کە پێی وایە پەیوەندی نێوان چینەکان لەسەر بنەمای بەجەمسەربوونە و، بەم جۆرەش چینی دەسەڵاتدار و خاوەندار سامان و داهات بۆ خۆی ڕادەکێشێت و ماوە و بوار نادات چینی بەرهەمهێن ئەو سامان و داهاتەی بەرهەمی هێناوە بە دەستی بگات.

لەم سەردەمەدا بە جەمسەربوونی داهات و کەڵەکەبوونی سامان گەیشتۆتە دۆخێکی ئەوتۆ، کە دەستەبژێرێکی زۆر سنووردار واتە ئۆلیگارشییەکی بەرچاو داهاتی جیهانی بە ملیارەها لا کەڵەکە دەکرێت و زۆربەی مرۆڤایەتی لە دۆخی هەژاری و نەبوونیدایە.

هۆکاری سەرەکی ئەم جەمسەرگەرییە بۆ بابەتی چەوساندنەوە دەگەڕێتەوە، واتە توانا و هێزی ئەو چینەی سەرجەم داهاتی بەدەستەوەیە و دەستی بەسەر مەرجەکانی بەرهەمهێنان لە جیهاندا گرتووە کە زێدەبایی بۆ خۆی بمژێت و توانای چەوساندنەوەی ئەو هێز و چینەی هەبێت کە بەرهەمهێنەری ڕاستەقینەیە.

بوونی جەمسەرگیری بەهۆی چەوساندنەوە دۆخێکی چلۆنایەتی بەرهەمدەهێنێت کە پێی دەڵێن نامۆبوون، کە تیایدا بەرهەمهێن دووچاری نامۆبوون سەبارەت بە وزە و تواناکانی و نامۆبوون لە خودی خۆی دەبێتەوە و بەم جۆرە سێ کۆچکەی ململانێی چینایەتی، کە بریتین لە بەجەمسەربوون و چەوساندنەوە و نامۆبوون لە ناو یەک بازنە و یەک چەمکدا، کە ململانێی چینایەتییە درووست دەبێت.

 

٢. ململانێی چینایەتی، کە کلیلی یەکەمە بۆ تێگەیشتی فەلسەفەی مێژوو لای مارکس گریمانەیەکی تیۆری پشتبەستوو بە هزر و بیری داماڵڕاو لە واقعی کۆمەڵایەتی و لە بنەما و شێوازێکی بەرهەمهێنانی مێژوویی کۆمەڵگا نییە. زێدەبوونی بەرهەم، کە بابەتی بنەمای ململانێی چینایەتی لە شارستانییەکان بابەتێکی زاتی نییە، بەڵکو دەبێت لە ڕوانگەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و لە بواری شێوازی بەرهەمهێنان و بەڕەچاوکردنی ژینگەی پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بڕوانییە ئاست و ئاڕاستەی ناکۆکی و ململانێیەکان، واتە ناکۆکی ناوخۆیی خودی ئەو ژینگەیە و ئەو ناکۆکییەش، کە گۆڕانکاری درووست دەکات، کە مەرج نییە ئەو گۆڕانکارییە بۆ بەرزکردنەوە و پێشخستن بێت و ئەگەری تێکدان لە ئارادایە.

مارکس لە مانیفێستدا سەبارەت بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگاکان دوو ئەگەر دادەنێت. ئەو ناکۆکییانە لەوانەیە ببێتە هۆکاری پێشکەوتن و بەرزبوونەوە و، لەوانەیە بە پێچەوانەوە ببێتە هۆکاری تێکدان و خراپبوون.

 

٣. ئه‌و چه‌مكه‌ی به‌ ته‌واوكه‌ر بۆ پڕەنسیپی یه‌كه‌می فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو لای ماركس داده‌ندرێت و، دواتریش فه‌یله‌سوف و بیرمه‌نده‌ ماركسیسته‌كان له‌ سه‌ر بنه‌مای گۆڕانكارییه‌كان له‌ واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی، لێكدانه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ی هزری قۆڵیان بۆ كردووه‌، چه‌مكی ژێرخانی ئابووری و سه‌رخان و په‌یوەندی نێوان ئه‌و دوو به‌شه‌یه‌.

ململانێی چینایه‌تی ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رهه‌مهێنان له‌ قۆناغێكی مێژووییدا و به‌ڕەچاوكردنی بنكه‌ی ئابووری، كه‌ مه‌به‌ستمان په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و هێزی به‌رهه‌مهێنانه‌ ڕاناوه‌ستێت. چه‌مكی ململانێی چینایه‌تی لای ماركس بۆ شیكردنه‌وه‌ی بنه‌مای كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدیۆلۆجی سیاسی و هزری و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ بنكه‌ی ئابووریدا، ده‌گرێته‌وه‌.

په‌یوه‌ندی نێوان بنكه‌ی ئابووری و ژێرخان له‌گه‌ڵ سه‌رخانی كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هزری له‌ ئه‌زموونی پێشتری خوێندنه‌وه‌ی هزری هه‌ندێک پارتی‌ كۆمۆنیستی، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌ حوكمڕانیدا بوون و، هه‌ندێک جار له‌ ئاكامی هه‌ندێک وه‌رگێڕان بۆ ده‌قه‌كانی ماركس سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نێوان ژێرخان و سه‌رخان، جۆره‌ شێوازێكی ته‌قلیدی له‌ خستنه‌ڕووی په‌یوه‌ندی چه‌مكه‌كان درووست بووه‌. بنه‌مای ئه‌م خوێندنه‌وه‌ ته‌قلیدییه‌ له‌وه‌وه‌ هاتبوو، كه‌ ئابووری بنكه‌ی سه‌ره‌كییه‌ و سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی سه‌رخان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژێرخانه‌، كه‌ ئه‌و سه‌رخانه‌ به‌رهه‌مده‌هێنێت.

ئه‌لتۆسیر (1918ـ1990) له‌ لێكدانه‌وه‌كانیدا به‌ ڕوونتر باسی له‌ چه‌مكی په‌یوه‌ندی نێوان ژێرخان و سه‌رخان كردووه‌، كه‌ ئه‌ركی سه‌رخان به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ژێرخانه‌، كه‌ له‌ خودی خۆیدا ناته‌واوه‌ و، سه‌رخان ڕۆڵی ته‌واوكه‌ر و پاساوهێنانه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ژێرخان ده‌بینێت و، به‌م جۆره‌ سه‌رخان له‌ پێناوی خودی ژێرخان درووست ده‌بێت و، ئه‌ركی سه‌رخان له‌ ناو خودی ژێرخاندایه‌، كه‌ خۆی توانای به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خودی خۆی نییه‌.

به‌م جۆره‌ له‌ فه‌لسەفه‌ی ماركسیزمدا، چه‌مكی ژێرخانی ئابووری به‌ سه‌رپێی له‌ ئاسته‌كانی كه‌لتوور و سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆجیا و بواره‌كانی دیكه‌ی سه‌رخان جیاناكرێته‌وه‌ و، لێكدانه‌وه‌ی ڕه‌وشی كۆمه‌ڵگا له‌ قۆناغێكی مێژوویی دیاریكراودا، پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌یەكی گشتیر و هه‌مووەكی هه‌یه‌.

ئه‌نتۆنیۆ گرامشی (1891ـ1937) یه‌كێكه‌ له‌ فه‌یله‌سوفه‌ ماركسیسته‌كان، كه‌ تێزه‌كانی له‌ بواری بابه‌تی سه‌رخان گۆڕانكارییه‌كی چلۆنایه‌تی له‌ هزری سیاسیی هاوچه‌رخدا ئه‌نجام دا. به‌ پشتبه‌ستن به‌ بنه‌ماكانی میتۆدی ماركسیزم گرامشی چه‌مكی هه‌ژموون یان باڵاده‌ستی (Hegemony) داڕشت، كه‌ تا ئێستا به‌ها و چوستی خۆی، وه‌ك تیۆری سیاسی هاوچه‌رخ له‌ ده‌ستنه‌داوه‌ و، به‌ هۆكارێكی نه‌بوونی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ ڕۆژئاواكان داده‌ندرێت.

پێناسه‌ی چه‌مكی (هه‌ژموون) لای گرامشی بریتییه‌ له‌وه‌ی چینێكی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ڕێگای خودی خۆیه‌وه‌، یان له‌ ڕێگای هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ چین و توێژی كۆمه‌ڵایه‌تی دیكه‌ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگا و ئاڕاسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تیایدا كۆنتڕۆڵ ده‌كات. به‌پێی بۆچوونی گرامشی ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌ی سه‌رمایه‌داری له‌ كۆنتڕۆڵكردن، ته‌نیا له‌ ڕێگای ئامرازه‌كانی هێزبه‌كارهێنانه‌وه‌، وه‌ك هێزی ئاسایش و سوپا و دادگا و به‌ندیخانه‌ و….هتد، ئه‌نجام نادرێت و، هاوكات له‌گه‌ڵ ئامرازی هێز، هه‌ژموونی سه‌رمایه‌داری بریتییه‌ له‌ ئاڕاسته‌ و سه‌ركردایه‌تی و كۆنتڕۆڵكردن و سه‌پاندنی نه‌ریت و كه‌لتوور و به‌های چینه‌ حوكمكراوه‌كان له‌ ڕێگای سنووردانان بۆ نه‌ریت و ڕه‌وشت و كۆنتڕۆڵكردنی بیركردنه‌وه‌ی حوكمكراوه‌كان، به‌ جۆرێك له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنه‌ و سیمایه‌ی چینی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌یه‌وێت بگونجێت.

په‌یڕه‌وكردنی چه‌مكی هه‌ژموون جۆرێك له‌ سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ قۆناغێكی دیاریكراودا درووست ده‌كات و هه‌رچه‌نده‌ مانای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت، كه‌ ململانێی سیاسی به‌ پله‌ی جۆراجۆر درووست نابێت، به‌ڵام سه‌رمایه‌داری ئه‌و توانایه‌ی ده‌بێت ململانێیه‌كان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی هێمن له‌ بواری مانه‌وه‌ی ئایدیۆلۆجیای باو و سه‌روه‌ر ببات و، كێشه‌كان به‌ دانوستانی لۆكاڵی و ده‌ستبه‌رداربوون له‌ هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندی بچووك چاره‌سه‌ر بكرێت و، به‌م جۆره‌ بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و سنووره‌ی له‌ سه‌رمایه‌دارییدا بۆی ده‌ستنیشانكراوه‌ تێناپه‌ڕێت و به‌ هیچ شێوه‌یەك مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووری سه‌رمایه‌داری و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری چینی ده‌سه‌ڵاتدار درووست نابێت.

له‌ پڕۆسە‌ی به‌ نه‌رمی هه‌ژموون سه‌پاندن، به‌رهه‌مهێنه‌رانی هزر و كه‌لتوور له‌ كۆمه‌ڵگا له‌ بواری ئه‌ده‌ب و زانست و ڕاگه‌یاندن و یاسا ئه‌ركی به‌رده‌وامبوونی هه‌ژموون و پاراستنی هاوسه‌نگیی باو ده‌گێڕن.

گرامشی له‌ ته‌واوكردنی چه‌مكی هه‌ژموونی سه‌رمایه‌داری ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی (ڕۆشنبیری ئۆرگانیك)ی كرد، كه‌ ڕۆڵی ڕۆشنبیری شۆڕشگێره‌ له‌ پڕۆسە‌كانی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ڕێگای قایلنه‌بوون به‌ كه‌لتووری سه‌پاو.

مێژوونووسی ماركسیستی به‌ریتانی بیری ئه‌ندرسۆن خاوه‌نی كتێبه‌كانی (له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ماتریالیزمی مێژوویی، ده‌وڵه‌تی ئیستبدادی ڕۆژهه‌ڵات و بنه‌ماكانی پۆستمۆدێرنیزم)، سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی هه‌وڵدانه‌ بۆ تێگه‌یشتن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سۆسیۆلۆجیای كۆمه‌ڵگا هاوچه‌رخه‌كانی سه‌رمایه‌داری و، به‌ میراتگری گرامشی و لۆكاش و ئه‌لتۆسێر له‌ بواری هزری سیاسی داده‌ندرێت، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌ بنه‌مای ماركسیسزمێكی نه‌ریتی، ناكۆكی و ململانێیه‌كانی سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخ به‌ ڕوونی لێكنادرێته‌وه‌.

ئه‌ندرسۆن له‌ میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ڕه‌وشی سیاسی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا و هیندستان و به‌ریتانیا، كه‌ ته‌مه‌نی سه‌رمایه‌داری تیایدا له‌ سێ سه‌ده‌ زیاتره‌ و، به‌ پشتبه‌ستن به‌ ماتریالیزمی مێژوویی پڕۆژه‌یه‌كی هزری له‌ بواری شیكاری مێژوو ــ سۆسیۆلۆجی خسته‌ڕوو، كه‌ گفتوگۆیه‌كی فرەوانی له‌ ناوه‌نده‌كانی چه‌پی ئه‌وروپا درووست كرد.

بۆچوونه‌كانی ئه‌ندرسۆن په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تی حه‌تمیه‌تی مێژوویی (Histotical determinism) و بابه‌تی هه‌ژموونه‌وه‌ هه‌بوو، كه‌ باس له‌ پاشخانی مێژوویی بابه‌تی هه‌ژموون له‌ سه‌رده‌می ململانێكانی سه‌رده‌می گریكه‌كان تا “ئیمپراتۆری” ئه‌مهریكای ئێستا و ئه‌زموونی چه‌پ و حزبی كۆمۆنیست له‌ سۆڤیه‌ت و ئه‌زموونی شۆڕشه‌ چه‌پگه‌رییەکانی ئه‌وروپا ده‌كات.

له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رجه‌م ئه‌و ئه‌زموونانه‌، ئه‌ندرسون پێی وایه‌ پڕۆسیسی هه‌ژموون له‌ كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كاندا به‌ شێوه‌یەكی مێژوویی بریتی بووه‌ له‌ به‌كارهێنانی لۆجیكی هێزبه‌كارهێنان به‌ هاوسه‌نگی له‌ كاركردن بۆ ڕازیكردن و قه‌ناعه‌تكردن به‌ به‌رانبه‌ر له‌ ڕێگای فشاری نه‌ریت و كه‌لتوور و به‌های كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌.

جیاوازی نێوان ئه‌ندرسۆن و گرامشی له‌ چه‌مكی هه‌ژموون له‌وه‌دایه‌، كه‌ گرامشی ئه‌م چه‌مكه‌ی بۆ لێكدانه‌وه‌ی ناوخۆیی كۆمه‌ڵگاكان به‌كارهێناوه‌ و، ئه‌ندرسۆن بۆ لێكدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ناكۆكی نێوان نه‌ته‌وه‌كان به‌كارهێناوه‌.

په‌یوه‌ندی دیالكتیكییانه‌ی نێوان ژێرخان و سه‌رخان و به‌ پشتبه‌ستن به‌ چه‌مكی هه‌ژموون به‌و شێوازه‌ی گرامشی و ئه‌ندرسۆن باسیان كردووه‌، جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی ماركس، كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات (خه‌ڵك له‌ میانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ژیاندا ده‌چنه‌ نێو په‌یوه‌ندی سنووردار و پێویست و سه‌ربه‌خۆ له‌ ئیراده‌ی خۆیان، كه‌ له‌گه‌ڵ قۆناغێكی دیاریكراو له‌ په‌ره‌سه‌ندنی هێزی به‌رهه‌مهێنانی ماددییان ده‌گونجێت).

سه‌رخان لای ماركس جگه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ سیاسی و یاساییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، بۆچوونه‌ سیاسی و ئایینی و ڕه‌وشتی و فه‌لسه‌فییه‌ سه‌پێندراوه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی دیالكتیكییانه‌ی له‌گه‌ڵ ژێرخانی ئابووریدا هه‌یه‌، كه‌ ته‌نیا له‌ شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی و چالاكی دارایی كۆناكرێته‌وه‌ و ته‌شكیله‌ی ئابووری كۆمهڵایه‌تی جگه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی ماددی، بنیاتێكی دیاریكراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵك و نێوان ئه‌وان و سروشت ده‌گرێته‌وه‌.

 

٤. چواره‌مین پڕەنسیپ، كه‌ وه‌ك میتۆدێك بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی مێژووه‌ لای ماركس به‌نده‌ به‌ په‌یوه‌ندی ئۆرگانیكی نێوان شێوازی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی و، ته‌واوی كۆمه‌ڵگا له‌ قۆناغێكی دیاریكراودا، كه‌ پێویسته‌ به‌ ئاستێكی گشتگیر ته‌ماشا بكرێت.

له‌ نێو هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا له‌ سایه‌ی شێوازی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراودا په‌یوه‌ندی ناوخۆیی و په‌یوه‌ندی ده‌ره‌كی هه‌یه‌، كه‌ له‌ سایه‌ی یاساكانی ناكۆكی و ململانێ و دژبه‌یه‌كه‌كان له‌ جۆره‌ كارلێكیدان و، ده‌بنه‌ مایه‌ی سه‌ره‌كی گۆڕانكاری.

ئه‌و گۆڕانكارییه‌ دوو ئه‌گه‌ر و ئاڕاسته‌ی ناكۆك به‌ یه‌كتر لەخۆده‌گرێت. ئه‌گه‌ر و ئاڕاسته‌ی ئه‌رێنی بنیاتنان و به‌رزبوونه‌وه‌ و،ئه‌گه‌ر و ئاڕاسته‌ی نه‌رێنی وێرانكاری.

ماركس له‌ مانیفێستی كۆمۆنیستیدا ئاماژه‌ی به‌م بابه‌ته‌ كردووه‌ و نووسیوێتی: كۆمه‌ڵگاكان له‌ناو خۆیاندا ده‌چنه‌ ناو دژبه‌یه‌كه‌وه‌ و ئه‌و دژایه‌تییانه‌ ده‌توانن كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێشكه‌وتن ببه‌ن، یان ده‌توانن كۆمه‌ڵگا تێكوپێكده‌ن.

ئاماژه‌كردنی ماركس بۆ دوو ئاڕاسته‌ی جیاواز و ناكۆك، جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕۆڵی سه‌ره‌كی مرۆڤ له‌ ململانێ و له‌ ده‌ستنیشانكردنی چاره‌نووسه‌كان، دوور له‌ مسۆگه‌ركردنی ئاكامی پێشوه‌ختانه‌ی ئه‌رێنی و چه‌مكی حه‌تمیه‌ت و بێچه‌ندوچوونی سه‌ركه‌وتن.

به‌م جۆره‌ ماركس له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مێژوودا جیاوازی نێوان چه‌مكی پێداویستی و چه‌مكی مسۆگه‌ری یان (حه‌تمیەت) ده‌كات و، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ته‌ماشای مێژووی شارستانی جیهانی كردووه‌، كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ مێژووی ململانێی چینایه‌تی و له‌ هیچ كاتێكدا به‌ شێوه‌یه‌كی میكانیكی ته‌ماشای حه‌تم‌یه‌تی مێژووی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو وه‌كو چه‌مكێك له‌ شوناسی ململانێیه‌كان و ئاڕاسته‌بوونیان جیاناكرێته‌وه‌.

 

٥. پێنجه‌مین پڕەنسیپی ته‌واوكه‌ر بۆ كلیله‌كانی شیكردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو لای ماركس ئاماژه‌كردنه‌ به‌وه‌ی قۆناغه‌ مێژووییه‌كان به‌ چه‌ند ساڵ و چه‌ند سه‌ده‌ ده‌ستنیشان ناكرێن. پێوه‌ری جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ر قۆناغێك به‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ به‌نده‌ و له‌ هه‌ر قۆناغێكدا شێوازێكی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنان دێته‌ كایه‌وه‌ و پاشماوه‌ی شێوازه‌كانی پێشتری خۆی له‌گه‌ڵیدا تێكه‌ڵ ده‌بێت.

شیكردنه‌وه‌ی ماركس بۆ شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، ڕاسته‌وخۆ به‌نده‌ به‌ تێڕوانینی ماركس بۆ مرۆڤ. ئه‌م تێڕوانینه‌ له‌ نووسینه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی و له‌ (ده‌ستنووسه‌كانی پاریس) ساڵی 1844 هاتووه‌ و، به‌و پێیه‌ مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی بایۆلۆجی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رهه‌مهێنه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ژی و مێگه‌ل نییه‌.

ماركس له‌ كتێبی (تێزه‌كان سه‌باره‌ت به‌ فیۆرباخ) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ مرۆڤ بریتییه‌ له‌ سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی و ته‌نیا هه‌بوو نابینێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ بووندا ده‌شێ بێته‌ كایه‌وه‌ ده‌بینێت و ڕێگای گۆڕینی داده‌نێت و پێش هه‌موو شتێكیش بژێوی ژیانی به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێكه‌ له‌ به‌رهه‌می مرۆڤ و له‌ ئاكامی چالاكی مرۆڤدا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و ژینگه‌ به‌رهه‌مهێن و گۆڕدراوه‌، گۆڕانكاری له‌ مرۆڤدا ده‌كات و په‌یوه‌ندی هه‌ردوو جه‌مسه‌ری هاوكێشه‌كه‌ دیالكتیكییانه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش پوخته‌ و كڕۆكی مێژووه‌.

توانای به‌رهه‌مهێنان له‌ هه‌ر قۆناغێكی مێژووییدا بریتییه‌ له‌ توانای به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان له‌ بواری ته‌كنه‌لۆجیا و مه‌رجه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و زانست و هۆشیاری و لێهاتوویی و كارامه‌یی و ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، كه‌ تێكڕای ئه‌م بابه‌تانه‌ لای ماركس بریتییه‌ له‌ هێزی به‌رهه‌مهێنان.

په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی مێژوو لای ماركس ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، كه‌ ئاستی په‌ره‌سه‌ندنی هێزی به‌رهه‌مهێنان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان خێراتره‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا هێزی به‌رهه‌مهێنان له‌ نێو ئامێزی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێناندایه‌.

بوونی دۆخی سه‌قامگیری بریتییه‌ له‌ هاوسه‌نگی و گونجانی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و كاتێكیش په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ دۆخی بوون به‌ ئامێزەوە بۆ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، ئه‌وا هێز‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ گه‌شه‌كردنی خۆی ڕاناوه‌ستێت و كۆتوبه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ده‌شكێنێت و كار بۆ به‌رهه‌مهێنانی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رهه‌مهێنانی گونجاو له‌گه‌ڵ ئاستی گه‌شه‌كردنیدا ده‌كات.

ئه‌م تێكشكانه‌ و گۆڕانكارییه‌ بابه‌تێكی خۆڕسكی نییه‌ و هۆشمه‌ندی و هۆشیاری چینایه‌تی ڕۆڵی تێدا ده‌بینێت و ئه‌مه‌ش كرۆكی ململانێی چینایه‌تییه‌.

له‌م حاڵه‌ته‌دا ململانێی چینایه‌تی بریتییه‌ له‌ ململانێی هێزی چینێكی به‌رهه‌مهێنانی خاوه‌ن هۆشمه‌ندی چینایه‌تی دژ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رهه‌مهێنان، كه‌ چینێكی دیكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا داكۆكی له‌ مانه‌وه‌ی ده‌كات و بوار به‌ گۆڕانكاری نادات.

له‌ مێژووی شارستانی مرۆڤایه‌تیدا ناكرێت به‌ عه‌قڵیه‌تی مسۆگه‌ربوونی سه‌ركه‌وتن واته‌ (حه‌تمیه‌ت) وه‌كوو یاسایه‌ك ته‌ماشای فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو بكرێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ڕێڕه‌وی په‌ره‌سه‌ندنی ئاسا له‌ مێژوودا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی ئاسایی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان به‌ربه‌سته‌كانی په‌یوه‌ندی كۆنی به‌رهه‌مهێنان وه‌لاده‌نێت و جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نوێی به‌رهه‌مهێنان، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی په‌ره‌سه‌ندنیدا بێت، ده‌خوڵقێنێت.

ئه‌م گۆڕانكارییه‌ له‌ قۆناغێكی مێژووی مرۆڤایه‌تی بۆ قۆناغێكی دیكه‌ له‌ ڕێگای چه‌مكی شۆڕشه‌وه‌ ڕوویداوه‌، كه‌ لای ماركس شۆڕش بنه‌مایه‌كی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌ مانا مێژووییه‌كه‌ی و یاوه‌ری په‌ره‌سه‌ندنی مێژوو بووه‌.

 

٦. شه‌شه‌مین پڕەنسیپ له‌ میتۆدی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو لای ماركس بابه‌تی پڕۆسە‌ی پێگه‌یشتنی مێژووه‌، كه‌ ئه‌م پڕەنسیپه‌ش نزیكه‌ له‌ تیۆری (هه‌ڵبژاردنی سروشتی) چارلز داروین.

له‌ ڕوانگه‌ی ماركسه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی هێڵی گشتی مێژوو به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ و، كاتێكیش هێزی به‌رهه‌مهێنانی نوێ له‌ گه‌شه‌كردندا ده‌بێت، ئه‌وا چاوه‌ڕێی په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی نوێ و په‌ره‌سه‌ندووتر ده‌كرێت.

ماركس تێگه‌یشتنی خۆی بۆ پڕەنسیپ و كلیله‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو به‌ جۆرێكی كراوه‌ خسته‌ڕوو، كه‌ مێژوو به‌ داخراوی لێكنه‌درێته‌وه‌ و چه‌مكی په‌ره‌سه‌ندنیش كۆتایی نایه‌ت. به‌م جۆره‌ ماركس له‌ تێڕوانینی دۆگمایی بۆ خستنه‌ڕووی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو دووركه‌وته‌وه‌ و نه‌هات مێژوو له‌ قاڵب بدات و په‌نای نه‌برده‌ به‌ر تاكه‌ هاوكێشه‌یەك و گشتاندنی له‌سه‌ر پڕۆسە‌كانی گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی دیكه‌، به‌ڵكو پێی وابوو پڕۆسە‌ی گواستنه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی جیاوازدا كارێكی ئاڵۆزه‌ و له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مێژوودا ناكرێت په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكاری له‌ قاڵب بدرێت.

فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو لای ماركس بابه‌تێكی داخراوی ئایدیۆلۆجی نه‌گۆڕ نییه‌ و تەنیا ئه‌زموونی پڕۆسە‌ی مێژوویی ئه‌وروپا بناغه‌ی بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌كانی مێژوو لای ماركس نه‌بوو، لەکاتێکدا له‌ كتێبی (گرۆندریسه‌) ماركس باس له‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی ئاسیایی و سلاڤی ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ میتۆدێك، كه‌ چه‌ندین پڕەنسیپ و كلیلی لێكدانه‌وه‌ی لە‌خۆگرتووه‌ و بوو به‌ زه‌مینه‌ی به‌رهه‌می هزری لای بیرمه‌نده‌ ماركسیسته‌كانی دوای ماركس، له‌وانه‌ش لۆكاش و گرامشی و ئه‌لتۆسیر و بێری ئه‌ندرسۆن و سه‌میر ئه‌مین.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...