شرۆڤه‌كه‌لتوور

خۆدزینەوە لە بەرپرسیاری

کە وەچە دەخەینەوە، لەبەر ئەوە نییە، حەزمان لە منداڵە، لە سۆنگەی ئەوەوەیە لە مردن دەترسین، ئاخر وا هەست دەکەین بە مردنمان هەموو شتێک کۆتایی دێت، بۆیە دەمانەوێت کە مردین لەڕێی منداڵەکانمانەوە درێژە بە ژیانمان بدەین. ئینسان هێندە لە مردن ترساوە، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە، هەر چی چۆنێک بووە، نەمریی بۆ خۆی دابین بکات. مارکس پێی وابوو، بۆیە منداڵ دەخەینەوە، بۆ ئەوەی چی سامان شک دەبەین، بە میراتی بۆیان بمێنێتەوە و درێژە بە تەمەنی سەرمایەکەمان بدەین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەگەر خۆمان بە بەشێک لە گەردوون بزانین، ئیدی یارای مردن نابین، ئیدی لە مردن ناترسین، ئاخر بوون (وجود) نامرێت، تەنیا بەشێکی بچووکی لێ دەبێتەوە و هەر زوو بەشێکی بچووکی دیکە جێی دەگرێتەوە. ئەوانە دەمرن کە خۆیان بە بەشێک لە بوون نازانن. بۆ ئەوەی بە نەمریی بگەین، پێویستە سەرەتا بەهۆی ڕۆشنبوونەوەوە، ببین بە بەشێک لە بوون. ئەوەی تۆ خۆت بە تاکێکی جیا لە بوون دەزانیت، زادەی باوەڕە، هەر کە باوەڕ لە تۆدا مرد، ئیدی خۆت بە بەشێکی بچووک لە بوون دەزانیت و یارای مردن نابیت. کە بەهۆی نیرڤاناوە، بەرچاوت ڕۆشن بووەوە، ئیدی بوونەوەرێک نامێنێت، ناوی (من) بێت، ئیدی دەرک بەوە دەکەیت، ئەوەی بە (مار)ت زانیوە، لە (پەت)ێک بەولاوە هیچی دیکە نەبووە. کە خۆت دەدەیتە دەست بوون، لە وەهم زیاتر هیچی دیکە نادۆڕێنیت، بەڵام خۆت دەبەیتەوە. مارکس گوتوویەتی: (پرۆلیتاریا ئەگەر شۆڕش بکات، هیچ شک نابات لە کیسی بچێت، کۆت و زنجیر و پێوەندەکەی مل و دەست و لاقی نەبێت، بەڵام دونیایەک بە دەست دەهێنێت.)

 

گەوج دەروونی ئارامە، ئاخر زیرەکیی پێویست شک نابات، بۆ ئەوەی هەست بە نیگەرانی بکات، بۆ ئەوەی هەست بە نیگەرانی بکەین، حەوجەمان بە ئاستێکی بڵند لە زیرەکی هەیە

 

گەوج دەروونی ئارامە، ئاخر زیرەکیی پێویست شک نابات، بۆ ئەوەی هەست بە نیگەرانی بکات، ئاخر بۆ ئەوەی هەست بە نیگەرانی بکەین، حەوجەمان بە ئاستێکی بڵند لە زیرەکی هەیە. گەوج کەسێکە خەمی یەکەمی خڕکردنەوەی سامان، یان پەیداکردنی ناوبانگە، گەوج کەسێکە بە یەقین گەیشتووە و متمانەی بە خۆی قایمە. بۆچی مارتن هایدگەر لایەنی ئەدۆڵف هیتلەری دەگرت، کە ئەمیان فەیلەسووف و ئەویان پڕ بە مانای وشەکە گەوج بوو؟ چونکە هایدگەر شتێکی نوقسان بوو کە پێی دەڵێن: یەقین، بەڵام هیتلەر بە یەقینێکی تەواوەوە قسەی دەکرد. لە قامووسی گەوجدا (ئەگەر و بەڵام) بوونیان نییە، بۆیە چی بوێت دەیڵێت و چی بخوازێت دەیکات، بەڵام زیرەک تا بڕیارێک دەدات و تا هەنگاوێک داوێت، قیر دەڵێت: چەق. زیرەکی: دڵەڕاوکێ بەرهەم دەهێنێت، هیتلەر بۆیە هەواداری زۆربوو، چونکە بە ئاسانی بڕیاری کاربڕی دەدا.

لاو زی (٦٤٠ – ٥٣١ پ. ز) دەیگوت: لەوە دەچێت من ڕاڕاترین کەسی دونیا بم، لەوە دەچێت هەموو خەڵکی دونیا بە یەقین گەییشتبن، من نەبێت. لاو زی ئەوەی باشە پێمان ناڵێت، ئەوە چاکە و ئەوە خراپە، پێمان ناڵێت، وا بکە و وا مەکە، پێمان ناڵێت، ئەوە ڕاستە و ئەوە هەڵەیە، نە ئەمرمان بەسەردا دەکات، نە ئامۆژگاری، لەوە دەچێت شیعرمان بۆ بخوێنێتەوە، شیعرێک لە خوڕەی کانیاوی وەجد دەچێت. لاو زی فێرمان دەکات، ڕێز لە بژارەی ئەوی دیکە بگرین، بە هەڵەی لە قەڵەم نەدەین و زنەی خەونی ئەوی دی شلوێ نەکەین. لاو زی دەیگوت: بوون یارای دابەشبوون نییە، بوون دوو بژارەمان ناخاتە بەردەست، تا یەکێکیان پەسەند بکەین، بوون چونکە یەکێکە لەبەردەم دووڕیانی گومان و یەقیندا ڕامانناگرێت.

ڕامان سەرچاوەیە، هاوسۆزی ئاوی بەخوڕی ئەو سەرچاوەیەیە، کەسێک ئاشنای ڕامان نەبێت، نە خاوەنی وزەی هاوسۆزی دەبێت، نە وزەی خۆشەویستی. ئەگەر ڕانەمێنیت، لە سەرچاوەی وزەی خۆت دادەبڕێیت، تەنیا هەوا و خۆراکت پێ دەگات و تەنیا وەک جەستە دەژیت. کەسی وا وەک چۆن لە ساتەوەختێکدا دێتە دونیاوە، هەر وایش لە ساتەوەختێکی دیکەدا دەمرێت، سەفەری ژیانی بریتی دەبێت لە بڕێنی ڕێی نێوان ژیان و مردن، تەواو وەک چرایەک کە هەر نەوتی تیدا نەما، دەکوژێتەوە.

 

حیکمەت: زانینە، کە شتێک بزانین، ئیدی پێویستمان بە گریمانە نابێت، کە تۆ دەزانیت بەیانیان چۆلەکە دەجریوێنێت، خۆر هەڵدێت و ئاونگ گیا دەڕازێنێتەوە، ئیدی چ حەوجەت بە گریمانەیە؟

 

ئینسانی ڕاهاتوو لەسەر ڕامان، زانیاری لەبارەی ناکۆتاوە فێر دەبێت، ئاخر ڕامان ئەو ناوکەداوی پێوەندییەیە کە دەمانبەستێتەوە بە سەرچاوەی وزەوە، سەرچاوەیەک کۆتاییی نییە و چرایەکە خامۆش نابێت، چرایەکە نازانین کەی داگیرساوە، تا بزانین کەی دەکوژێتەوە، چرایەکە بۆ ئەوە لەدایک نەبووە، بمرێت. هەر کە پێوەندیمان بەو سەرچاوەیەوە پەیدا کرد، ئیدی یارای کوژانەوە نابین، ئاخر ئەو سەرچاوەیە کە دەتوانیین ناوی بنێین حەقیقەت، یان ڕەها، نە سەرەتای هەیە نە کۆتایی.

ئەوی لە ئەنجامی ڕامانەوە بگاتە ئەو دۆخەی ڕەها ڕێنوێنیی بکات، ئیدی بە ناخی خۆیدا شۆڕ دەبێتەوە و ناکۆتا دەبینێت، ئەوەی مەسیح پێی دەگوت: مەملەکەتی خوا، مەملکەتێک کە لە ناخی خۆماندایە و مەسیح هانی دەداین بۆ ئەوێ بچین. ڕامان ڕێیەکە بەرەو ناخی خۆمان دەمانبات، هەر کە گەییشتینە ئەوێ، هەست بە هاوسۆزی دەکەین. ئەگەر هاوسۆزی لە ئێمەدا ڕووی نەدا، کەواتە هێشتا لە سەرەتای، یان نیوەی ڕێی ئەو سەفەرەداین کە بەرەو ناخی خۆمان دەستمان پێ کردبوو، هێشتا ماومانە بۆ هەوار. ئەگەر لەسەر ڕێی دروستی ڕامان بین، کانیاوی هاوسۆزی هەڵدەقوڵێت و وەک چرا چۆن کە دادەگیرسێت، تاریکی دەڕەوێنێتەوە، چرای هاوسۆزییش ئاوا، ناخمان ڕۆشن دەکاتەوە.

هاوسۆزی بەڵگەیە بۆ ئەوەی درەختی ڕامان، زڕ نییە، بەری گرتووە. خۆشەویستی بۆنی خۆشی گوڵی گەشاوەی کرۆکی بوونی ئینسانە و بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئیدی تۆ کەسەکەی جاران نیت، کە لە تاریکیدا دەژیایت، ئیدی ناخت ڕۆشن بووەتەوە. بیرکردنەوە کۆششە بۆ گەیشتن بە زانین، حەکیم بەبێ ئەوەی بیر بکاتەوە، دەرک بە شتەکان دەکات و بەرلەوەی بدوێت، بە تیری تیشک، تاریکیی ڕەواندووەتەوە. حیکمەت: زانینە، کە شتێک بزانین، ئیدی پێویستمان بە گریمانە نابێت، کە تۆ دەزانیت بەیانیان چۆلەکە دەجریوێنێت، خۆر هەڵدێت و ئاونگ گیا دەڕازێنێتەوە، ئیدی چ حەوجەت بە گریمانەیە؟

ئەو (هۆشیاری)یەی بە هی خۆتی دەزانیت، هی تۆ نییە، تایبەت نییە بە تۆ، بە کۆششی خۆت پەیدات نەکردووە، بەر لەدایکبوونی تۆیش هەبووە، هۆشیارییەکی بوودایی، مەسیحی، یان ئیسلامییە. تۆ کە هیچ داهێنانێکت نییە و هیچی خۆت پێ نییە تا بیبەخشیت، باریت بەسەر ژیانەوە، وەک چۆن واعیز بارە بەسەر شانی باوەڕدارانەوە. تا شانازی بە عەقڵی خۆتەوە بکەیت، تا خاوەنی باوەڕێکی پتەوی بەردینی داخراو بیت، ناتوانیت شیعر بنووسیت، ئاخر شیعر بەرهەمی عەقڵ و فیکر نییە، زادەی خەون و خەیاڵە.

 

توندڕۆ کەسێکە فشەی بە ئەزموونی ئەوانی دی دێت و هەمیشە خۆی پێ ڕاستە، کەسێکە قەت ددان بە هەڵەیەکی خۆیدا نانێت، بەرپرسیارییەکە دەخاتە سەر شانی ئەوانی تر و پاساو بۆ نسکۆکانی خۆی دەبینێتەوە

 

لە ماتماتیکدا دوو کۆ دوو دەکاتە چوار، بەڵام لە شیعردا ناکەتە چوار، ئاخر شیعر بە لۆگیک لێک نادریتەوە. لە شیعردا شتێکی وا نییە، بڵێین چونکە ئەمە وابوو، بۆیە ئەوەیش وا دەبێت، ئاخر لە شیعردا پێوەندییەکی لۆگیکی لە نێوان هۆکار و ئەنجامدا نییە، ئەگەر لۆگیکێک لە شیعردا هەبێت، ئەوەیە کە لۆگیک ڕەچاو ناکات. توندڕۆ کەسێکە فشەی بە ئەزموونی ئەوانی دی دێت و هەمیشە خۆی پێ ڕاستە، کەسێکە قەت ددان بە هەڵەیەکی خۆیدا نانێت، بەرپرسیارییەکە دەخاتە سەر شانی ئەوانی تر و پاساو بۆ نسکۆکانی خۆی دەبینێتەوە. خۆت لە بەرپرسیاری مەدزەوە! تۆ خۆت بیر دەکەیەوە، هەست دەکەیت، ڕادەمێنیت و هەڵوێست دەنوێنیت، ئەوانی دی چی بکەن! کەلـلەڕەق پێی وایە، تەنیا ڕێی خۆی ڕاستە، با چەندان ڕێگەیش بەرەو لوتکەی ئێڤریست بچن.

هەیە کە پێی دەگەیت، وا هەست دەکەیت مۆتەکەیە و چۆکی لەسەر سینگت داداوە، خوا خواتە زوو لە دەستی ڕزگارت ببێت. هەیشە تامەزرۆیت بۆ دیداری و کە دەیبینیت، ناخت پڕ دەبێت لە بۆنی خۆش، کە بەجێشت دەهێڵێت، لە دوای خۆیەوە دڵت بە گۆرانییەکی خۆش دەگەشێنێتەوە. ئەگەر خەڵک خۆیانت لێ دەدزنەوە، سەرکۆنەیان مەکە، چونکە هەڵەی خۆتە و دیارە یادگاریی ناخۆشیان لەگەڵتدا هەیە. (ناتوانیت لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دلۆڤان بیت، ئەگەر لەگەڵ خۆتدا دڵڕەق بیت، ناتوانیت لە ئازاری ئەوانی دیکە کەم بکەیەوە، ئەگەر ئازار بە خۆت بگەیەنیت، ناتوانیت بۆ ئەوانی دیکە فەڕ بیت، ئەگەر بۆ خۆت شەڕ بیت، چونکە پێت ناکرێت، شتێک ببەخشیت کە نەتبێت.) ئەمە یەکێکە لەو نهێنییانەی، بەڵگەیە بۆ ئەوەی، تۆ ئینسانێکی پێگەییشتوویت یان نا.

 

(*) أوشو، کتاب الحکمة، ترجمة: متیم الضایع، دار الحوار ٢٠١٣ اللاذقیة.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...