دۆسیه‌یاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

“حکوومەتی عێراق لە گرێبەستەکانمان تێناگات یان داننان بە مافەکانمان ڕەت دەکاتەوە”

ڕوونبین

کۆمپانیای HKNی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت، گەشبین نییە دانوستانەکانی عێراق و تورکیا ببنە هۆی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە داهاتوویەکی نزیکدا و دەشڵێت، حکوومەتی عێراق، لە گرێبەستەکانمان تێناگات یان دانان بە مافەکانمان ڕەت دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣، کۆمپانیای HKNی ئەمریکی، یەکێک لە کۆمپانیا خاوەنکارەکانی کەرتی نەوت و گازی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، نیگەرانی خۆی لە دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگەیاند.

کۆمپانیاکە دەڵێت، تا دیدێکی ڕوونی نەبێت بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان بەپێی گرێبەستی ئێستایان، بەنیازی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نییە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، کە هێڵی بۆڕی عێراق-تورکیا کە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ داخراوە، تا ئێستاش بە داخراویی ماوەتەوە.

 

  • کۆمپانیای HKN گەشبین نییە بەوەی دانوستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەبێتە هۆی کردنەوەی بۆری هەرناردەی نەوت لە داهاتوویەکی نزیکدا.
  • کۆمپانیای HKN بەنیازی ئەوە نییە هەناردەکردنی بۆڕییەکان دەستپێبکاتەوە، بەبێ دیدێکی ڕوون بۆ پابەندبوونی پێدانی شایستە داراییەکانمان بەپێی گرێبەستی ئێستامان.

 

  • ئێستا بەرپرسانی حکوومەتی عێراق پێیان وایە کە یاسای بودجەی عێراق کە لەم دواییانەدا دەرچووە، ڕێگری دەکات لە گەڕاندنەوەی تێچووی نەوت، کە زیاتربێت لە تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق. ئەم ئاستە لە گەڕاندنەوەی پارە لە ڕووی ماددییەوە بەس نابێت بۆ پێدانی تێچووی ڕاستەقینەی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەن. کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەپێی گرێبەستەکانیان مافی ئەوەیان هەیە، تەواوی تێچوونەکانیان وەربگرنەوە، بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشی بەرهەمهێنان (PSCs)ی ئێستا.

 

  • پێدەچێت هەندێک لایەن لە حکوومەتی عێراق، لە ڕێگەی یاسای بودجەی عێراق و لە ڕێگەی دانوستانەکانی ئێستا لەسەر ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازەوە، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەدەن.

 

کۆمپانیاکە لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت:

  • حکوومەتی عێراق یان لە مەرجە گرێبەستەکانمان تێناگات یان ڕەتیدەکاتەوە دان بە مافەکانماندا بنێت، لەوانەش پاراستنی سەقامگیری دارایی، هەروەها هیچ نیازێکیشی دەرنەبڕیوە کە پابەندبوونە گرێبەستییە هەبووەکانی حکوومەتی هەرێم لە ئەستۆ بگرێت.
  • سەرئەنجام ئێستا ڕێگایەکی ڕوون نابینین بۆ ئەوەی کۆمپانیای HKN لە ماوەیەکی نزیکدا نەوت بە نرخی بازاڕی جیهانی بفرۆشێت.

کۆمپانیای HKN پێی وایە بارودۆخی کوردستان بە سەختی دەمێنێتەوە تا:

  • گۆڕانکاری لە داینامیکی سیاسی نێوان بەغدا و تورکیا دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی بۆڕییەکە. هەروەها،
  • حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق بگەنەتە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ دڵنیابوون لەوەی ڕێز لە مەرجە گرێبەستە هەنووکەییەکان سەبارەت بە وەرگرتنەوەی تێچوون و مافی نەوت بگرێت. کۆمپانیای HKN پێی وایە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە.

 

نوێکردنەوەی کارکردن و دارایی

  • کۆمپانیای HKN بۆ ماوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی لە هەموو دامەزراوەکان لە ١٩ی نیسان ڕاگرت، کاتێک توانای هەڵگرتنی لەناو کێڵگەکە و دەرەوەی کێڵگەکە گەیشتە زۆرترین توانای خۆی.
  • دوای ٦ ڕۆژ لەوەستانی عەمبارکردن، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی سنووردار بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان لە ٢٥ی نیساندا دەستیپێکرد.
  • ئێستا بەرهەمهێنان لەو دامەزراوانەی کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی سوارە تیکە و سوارە تیکە پاد ئەی وەستاوە.
  • بەرهەمهێنان لە دامەزراوەکانی سوارە تیکە پاد بی Swara Tika Pad B بەردەوامە.
  • داهاتەکان بۆ چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٨٢.٣% کەمیکردووە. ئەم دابەزینە گوزارشت لە دابەزینی 54.5%ی بەرهەمهێنان و دابەزینی 61.2%ی نرخی بەدیهاتووی نەوت دەکات.
  • نرخی بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکە لە چارەگی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣دا ٤١.٤٧ دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە چارەگی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢دا ١٠٦.٨٧ دۆلار بووە.
  • بەرهەمهێنان لە ماوەی چارەگی دووەمدا کەمکرایەوە بەهۆی داخستنی بۆڕی هەناردە و ڕەنگدانەوەی سنوورداربوونی بازاڕی ناوخۆ بۆ زیاترە فرۆشتنی نەوتی خاو.
  • بڕی ٤٧١ هەزار بەرمیل نەوت (کۆی گشتی) تا ٣٠ی حوزەیران لە دامەزراوەکانی دەرەوەی کێڵگەکە هەڵگیرابوو.
  • تەنیا پشکی کۆمپانیای HKN لە خەرجییە سەرمایەییەکان بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا بریتی بووە لە ٣٩.١ ملیۆن دۆلار. پلان وایە خەرجییەکان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن دۆلاری تر بێت، تەنیا پشکی HKN، کە کەمترە لە ٨٠٪ ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا.
  • کۆمپانیای HKN لە ماوەی چارەگی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣دا بڕی ١٩.٩ ملیۆن دۆلاری وەک پارەی فرۆشتنی نەوتی ناوخۆیی وەرگرتووە. (کۆمپانیاکە نەوت بە بازاڕی ناوخۆ بەشێوەی نەخت دەفرۆشێت واتە لەگەڵ بارکردنی نەوتەکەدا پارەوەردەگرێت).
  • شایستەی کۆمپانیاکە لای حکوومەتی هەرێم بۆ سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ و سێ مانگی یەکەمی٢٠٢٣ بریتییە لە ١٩٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار. ئێستا هیچ پلانێک نییە بۆ پێدانی شایستە داراییەکانمان.
  • کۆمپانیای HKN تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بڕی ٢٣.٦ ملیۆن دۆلاری زەرەری قەرزەکانی بۆ قەرزە نەدراوەکانی حکوومەتی هەرێم زیادکرد.
  • باڵانسی نەختینەیی تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ١٢٧.٠ ملیۆن دۆلار بووە، لەنێویاندا پارەی نەختینەی سنووردار کە ١٠.٥ ملیۆن دۆلار بووە.
  • کۆمپانیاکە دەڵێت ئێمە بە شێوەیەکی زۆر خەرجییەکانی کارکردن و کارگێڕیمان کەمکردووەتەوە و بەردەوام دەبین لە باشترکردنی تێچوونەکانمان. کەمکردنەوەی تێچوونەکان بەمانی کەمکردنەوەی ٥٠٪ی ژمارەی کارمەنداکانمان دێت لە کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠٢٣ ەوە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە، “ڕێنمایی پێشوو بۆ بەرهەمهێنانی ساڵی 2023 ڕاگیراوە، ئێمە ناتوانین خەمڵاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانە پێشکەش بکەین بەهۆی نادڵنیاییەکان سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی نەوت و ناجیگیری فرۆشی نەوتی خاو لە بازاڕی ناوخۆدا”.

 

بلۆکی سەرسەنگ

ئەم بلۆکە نەوتییە کەوتووەتە پارێزگای دهۆکەوە، کۆمپانیای وزەی ئێچ کەی ئێن HKN Energyی ئەمریکی پشکی ٦٢٪ ی کێڵگەکەی هەیە، کە ڕووبەرەکەی ٤٢٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، هەروەها کۆمپانیای شاماران ١٨٪ ی پشکەکان و حکوومەتی هەرێمیش ٢٠٪ی پشکەکانی هەیە.

ئاستی بەرهەمی کێڵگەی سەرسەنگ ​​لە ماوەی حەوت ڕۆژی پێش داخستنی بۆڕییەکان لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ بە تێکڕا ٤٢ هەزار بەرمیل نەوت بووە لە ڕۆژێکدا.

 

  • ئەم ڕاپۆرتە، لە ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت وەرگیراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...