مەسعوود بارزانی: ئێمە سواڵکەری بەر دەرگای بەغدا نین

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەم ١٥ی ئایاری ٢٠٢٥ لە میانەی بەشێک لەو وتارەی کە لە کۆنگرەی یەکگرتنی هەردوو یەکێتی لاوان و قوتابییانی سەر بە پارتەکەی پێشکەشی کرد، بەتوندی ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی حکوومەتی عێراق لە بەرانبەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گرت.
بارزانی ڕایگەیاند، “مەسەلەی مووچەیان وا لێکردووە کە خەبات و تێکۆشانی ئەو میللەتە، ئەو هەموو شەهید و ئەنفال و کیمیابارانە لەبەر داواکردنی مووچە بووە، بەڵام ئەگەر مەسەلە مووچە بووایە، ئەوانەی پێشوو دەستی کوردیشیان ماچ دەکرد”.
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کە گەلی کوردستان لە برسان شۆڕشی نەکردووە و ڕایگەیاند: “ئەگەر کەرامەت و ئیرادە نەبێ، پارە چ قیمەتی هەیە؟”
بارزانی گوتیشی: ئەو شێوە ڕەفتارەی لەگەڵ میللەتی کورد دەکرێت لە پرسی مووچەدا “بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە”، وەک مانگەکانی پێشوو، کە دەینرێ و ناینرێ یان واژۆی دەکات و ناکات، لەو ڕوانگەیەوە گوتی: “بۆچی ئێمە سواڵکەرین لەبەر دەرگای بەغدا؟”.
بارزانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە بۆ ئەو جێگەی “سەرسوڕمان” بووە.
ڕەخنەیشی لە کورتکردنەوەی پرسی گەلی کوردستان لە داواکردنی مووچەدا گرت و ڕایگەیاند: “ئەوەی هەموو ئامانجی پارە و مووچە بێت فەرموو با بۆخۆی بڕوات لەگەڵیان چ بڕیارێک دەدەن بیدەن و ئەوانەیش شەرەف و کەرامەتی خۆیان مەبەستە، بڕیاری خۆیان دەدەن”.