به‌کر عه‌لی
له‌ناوه‌وه‌ی مندا شتێک هه‌یه، که له‌هه‌مانکاتدا به‌ده‌ورمدا ده‌سوڕێته‌وه. سلۆته‌ردایک
کۆمه‌ڵگا بریتییه له کارخانه‌ی ئیره‌یی. ڕینیه جیرارد
یه‌کێک له نیشانه دیاره‌کانی ڕۆشنبیری کوردی ئه‌وه‌یه، توانای خۆوه‌سفکردنی نییه، واته ڕۆشنبیرێک شک نابات بتوانێت یاخود هه‌وڵبدات دیارده‌گه‌رایی دۆخی هه‌نووکه‌ییانه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه له‌و ساته مێژووییه‌دا ده‌ستنیشان بکات. به‌م پێودانگه بێت، یه‌که‌مین ده‌ستنیشانکردنی ئێمه بۆ ئه‌م ڕۆشنبیرییه بریتییه له‌وه‌ی له‌م کایه‌یه‌دا که‌سی دیاگنۆستیکه‌ر Diagnostiker واته ده‌ستنیشانکه‌ر بوونی نییه.
دیاگنۆستیکه‌ر لێره‌دا به‌مانای ئه‌و مێژوونووسه دێت، پاش پشکنین و توێژینه‌وه له‌ناو کایه‌یه‌کی دیاریکراودا، بتوانێت ده‌ستنیشانی نیشانه دیار و نادیاره‌کانی دۆخی کۆمه‌ڵگا له قۆناغێکی مێژوودا یان له ته‌واوی مێژوودا بکات. دیاگنۆستیکه‌ر کتومت ئه‌و پزیشکه‌یه که نه‌خۆشێکی له‌به‌رده‌ستدایه و سه‌رقاڵی ده‌ستنیشانکردنی نه‌خۆشییه‌که و نیشانه و سیمپتۆمه‌کانی نه‌خۆشییه‌که‌یه.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە
لای که‌س شاراوه نییه، گه‌ر ئێمه ته‌واوی ئه‌ده‌بیاتی کوردی ته‌ی بکه‌ین، کاره‌کته‌ری وه‌ها له قۆناغه جیاجیاکانی گه‌شه‌کردنی ئه‌م ڕۆشنبیرییه‌دا یان هه‌ر نابینینه‌وه یان زۆر ده‌گمه‌ن و تاقانه‌یه‌ک ده‌بینینه‌وه. لێره‌وه مه‌به‌ستمه به هێپۆتێزه و گریمانه‌یه‌ک بپرسم گه‌ر له سه‌ده‌ی ٢٢دا مێژوونووسێک بخوازێت بزانێت دۆخی ڕۆحییانه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی ٢١دا، واته له ئێستای ئێمه‌دا، چۆن بووه و چ جه‌وهه‌رێکی هه‌بووه، زیاده‌ڕه‌وی ناکه‌م گه‌ر بڵێم ئه‌و مێژوونووسه له سه‌ده‌یه‌ک گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ دوواوه ناتوانێت مشتێک زانیاری و کۆپله‌یه‌ک نیشانه و چه‌ند ڕسته‌یه‌ک له‌ده‌ستنیشانکردن له‌گه‌ڵ خۆیدا بباته‌وه بۆ خوێنه‌ره‌کانی سه‌ده‌ی ٢٢ .
ئێمه ده‌بێت ماوه‌ی چه‌ند له‌ناو ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا بژین تاوه‌کو ژیانی ئاره‌زووه‌کانی دانیشتووانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره بناسین؟
من هاوینی ئه‌مساڵ پێنج هه‌فته‌م له کوردستاندا برده‌سه‌ر، له‌و ماوه شوێنکاتییه‌دا هه‌ستم به گۆڕانی گه‌وره‌ی سایکۆیی و مۆڕاڵی مرۆڤی کوردی کرد، دیمه‌ن و سیناریۆی نوێ خراونه‌ته سه‌ر شانۆی ژیانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه، که‌چی له هه‌موو بڵاوکراوه‌کانی ئه‌وێدا وتارێکم نه‌خوێنده‌وه گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده نوێیانه‌دا سازکردبێت، مه‌ره‌که‌بی هیچ په‌ڕه‌مووچێک ستوونێکی له‌مه‌ڕ ئه‌م دۆخه نوێیه‌ی جیهانی کوردی نه‌نووسیبوو، ئێستا مه‌ره‌که‌بی من هه‌وڵده‌دات کۆپله‌یه‌ک له‌و نیشانانه ده‌ستنیشان بکات که نه‌ک هه‌ر له قووڵایی و هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا حه‌شاردراون، به‌ڵکو بوونه‌ته یاریکه‌ری زیندووی دیار که له‌سه‌ر ڕووی واقیعدا له‌گه‌ڵ هه‌موومان یاری ده‌که‌ن، ڕاستتر بڵێم یاریمان پێ ده‌که‌ن. ئه‌م یاریکه‌رانه کۆمه‌ڵێک توخمی ده‌روونین ((وه‌ک ئیره‌یی ، خانه‌دڵی ، چنۆکی)) ، که‌چی ئه‌مڕۆی دنیای کوردی ده‌روونی بۆ واڵاکردوونه‌ته‌وه و هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه. ئیدی شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وان پێده‌چێت ((ناوه‌وه)) نه‌بێت، به‌ڵکو ((ده‌ره‌وه)) بووه‌ته هه‌واری نوێی ئه‌وان. هۆکاری هه‌ره سه‌ره‌کی گۆڕانی ڕه‌فتار و ڕه‌وشتی مرۆڤی کوردیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و وه‌رچه‌رخانه ده‌روونییه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه، وه‌رچه‌رخانی گواستنه‌وه‌ی ناوه‌وه بۆ ده‌ره‌وه، ده‌روون بۆ ناو واقیع و خه‌یاڵ بۆ هه‌قیقه‌ت.
گه‌ر کۆمه‌ڵگا بریتی بێت له پڕەنسیپی کۆبوونه‌وه و ئه‌رکی به‌خزمکردنی ناخزمه‌کان بێت، ئه‌ی چی واده‌کات له‌ناو ئه‌م کایه‌یه‌دا توخمێکی ناکۆک و دژ، جارێکی‌تر خزمه‌کان بکاته‌وه ناخزم؟
لێره‌وه‌یه ئه‌وه‌ی بخوازێت له‌م گۆڕانه زه‌به‌لاحه‌ی دنیای کوردی بگات ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ستنیشانکردنی هۆکاره ناوه‌کییه‌کان، ئه‌و هۆکارانه‌ی کانی و سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵقوڵانی ئه‌م ئاوه‌ن. ئه‌و، ده‌بێت ناوی نوێ له‌و یاریکه‌ره نوێیانه بنێت، که خه‌ریکن ده‌بنه که‌رتێکی به‌شداری پێکهێنانی ڕۆحی و کەلتووری کۆمه‌ڵگای نوێی کوردی.
له گه‌ڕانیشماندا بۆ دیاریکردن و پێناسه‌کردنی کۆمه‌ڵگا، بێ ئه‌وه‌ی پێویستمان به کۆششێکی گه‌وره بێت، پێم وایه هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌و پێناسه سه‌ره‌تاییه، که له‌ڕاستیشدا پێناسێکی جه‌وهه‌ریشه، کۆکین، که ده‌ڵێت: کۆمه‌ڵگا هیچ نییه جگه له پڕەنسیپی کۆبوونه‌وه. هه‌ڵبه‌ت کۆبوونه‌وه‌ش ئاماژه‌یه له‌سه‌ر پێکه‌وه‌ژیان و کۆهه‌بوونی تاکه‌کان و ده‌سته و گرووپه‌کان. به‌ڵام له‌دیدی مندا کۆمه‌ڵگا هیچ نییه جگه له پڕەنسیپی به‌خزمکردنی ناخزمه‌کان. کۆمه‌ڵگا کایه‌ی به‌ئاشناکردنی نامۆ و نائاشناکانه. ئێمه هه‌موومان، له یه‌ک خێزان و یه‌ک بنه‌ماڵه و هه‌مان ناوچه و هه‌رێمه‌وه نه‌هاتووین، له‌به‌رئه‌وه ئێمه هه‌موو به یه‌کتر نامۆین، به‌ڵام کۆمه‌ڵگا به‌یه‌کتریمان ئاشنا ده‌کات و ده‌مانکاته خزمی یه‌کتری و له کایه‌یه‌کدا گردمان ده‌کاته‌وه، که پێی دەگوترێت کۆمه‌ڵگا. واته کۆمه‌ڵگا قه‌واره‌یه‌کی تۆپۆلۆگییه که تیایدا هه‌ر تاکێک جێگه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی چێ ده‌کات، به‌بێ ئه‌وه‌ی له شوێنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که داببڕێت. تا ئێره پێم وایه چ خوێنه‌رێک لاری له‌م پێناسه‌یه نییه. به‌ڵام کێشه گه‌وهه‌رییه‌که له خودی ئه‌م پێناسه‌یه‌وه ده‌ست پێده‌کات، که ئه‌رکی ئه‌م وتاره‌یه ده‌ستنیشانی بکات.
ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگا بریتی بێت له پڕەنسیپی کۆبوونه‌وه و ئه‌رکی به‌خزمکردنی ناخزمه‌کان بێت، تاوه‌کو هه‌موو پێکه‌وه له‌ژێر یه‌ک ساپیته‌دا جیهانی ژیانی کۆهه‌بوونی خۆیان ساتار بکه‌ن، ئه‌ی چی واده‌کات له‌ناو ئه‌م کایه‌یه‌دا توخمێکی ناکۆک و دژ، یارییه‌کی هه‌ره‌سه‌ره‌کی خۆی گه‌مه پێ بکات و جارێکی‌تر خزمه‌کان بکاته‌وه ناخزم و گردبوونه‌وه په‌رت بکاته‌وه و کۆمه‌ڵگا به ناکۆمه‌ڵگا بکاته‌وه؟ چی واده‌کات له‌سه‌ر ئه‌م خوانه‌دا، که هه‌موویان گردبوونه‌ته‌وه، هێشتا له‌ناوه‌وه‌ی هه‌ر یه‌که‌یاندا یاریکه‌رێکی جیاخواز و منخواز چالاکانه گه‌مه بکات و ژیانی کۆمه‌ڵگایی ناوبنێت ((ململانێ))؟ هه‌ر لێره‌شه‌وه ئێمه ناچارین بپرسین، ئه‌گه‌ر ململانێ بریتی بێت له مۆتۆڕی گه‌شه‌کردنی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک، ئه‌گه‌ر ململانێ شایاریکه‌ری یاریگای گه‌شه‌کردن بێت، ئایا ئه‌و خۆی ڕیشه‌که‌ی له‌کوێدایه، واته ئایا ((ململانێ)) وه‌ک زینده‌وه‌رێکی ژیان له چ منداڵدانێکه‌وه له‌دایک ده‌بێت؟ و ئایا ململانێ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا چۆن کار ده‌کات؟
خه‌سڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی منخوازی “ئیگۆیزم”، ئه‌وه نییه باسی “من/ ئیگۆ” بکات، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه هه‌میشه ئاماژه به “تۆ” بدات، بێهۆ نییه نیتچه گوتوویه‌تی: “تۆ” کۆنتره له “من
بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به‌خێرایی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی دووایی بده‌مه‌وه، ناچارم خۆم گرێبده‌مه‌وه به ناونیشانی وتاره‌که‌مه‌وه و بڵێم، له‌ناو کۆمه‌ڵگادا هه‌میشه ڕه‌گه‌زه ناته‌باکان ئاماده‌ن، که بریتیین له بوونه‌وه‌ر و ماهیه‌ته ناسۆسیاله‌کان، ئه‌مه‌ش په‌ندێکه ئێمه له سۆسیۆلۆگی ناودار گیۆرگ زیمێله‌وه فێری بووین.
ده‌شکرێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه به‌وه بده‌ین، که ململانێ له منداڵدانی لاساییکردنه‌وه‌وه له‌دایکده‌بێت. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ئێمه پشتمان به‌ستووه به تێزه به‌ناوبانگه‌که‌ی سۆسیۆلۆگی فه‌ڕه‌نسی ((گابرێل دی تارده))، که له کۆتایی سه‌ده‌ی ١٩دا کتێبی ((یاساکانی لاساییکردنه‌وه))ی نووسی. تارده له‌وێدا هه‌وڵی داڕشتنی تیۆرییه‌ک ده‌دات له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک، که خۆی له‌سه‌ر مۆدێلی شیکردنه‌وه‌ی بیۆلۆگییانه‌ی بنه‌مای میراتی و بۆماوه پێوانه ده‌کات. ئه‌و، له‌م تێزه ناوازه‌دا کلیلێکی به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای تێگه‌یشتن له کۆمه‌ڵگا، که ناوی ده‌نێت لاساییکردنه‌وە “Imitation”. گه‌وهه‌ری تێزه‌که‌ی تارده ده‌کرێت له‌وه‌دا پیشان بدرێت که ئه‌و پێی وایه لاساییکردنه‌وه بریتییه له یاسای ژیانی کۆمه‌ڵگا و ڕێسای بیۆلۆگیانه‌ی گه‌شه‌کردنی جڤات. لێره‌وه شاپه‌یامی تارده له‌م ڕسته‌یه‌دا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت: “کۆمه‌ڵگا بریتییه له لاساییکردنه‌وه”.
دیدی تارده له‌م هه‌وڵه‌یدا ته‌نیا ته‌ماشای دۆخی یه‌کڕاستی و ڕێکخراوه‌یی و ڕێکوپێکی زینده‌گی جڤات ده‌کات، نه‌ک ته‌ماشای دۆخه شه‌پڕێو و ناڕێکوپێکییه‌که‌ی کۆمه‌ڵگا. واته ئه‌و ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت که‌وا “لاساییکردنه‌وه” کردارێکه زۆر به ڕێکخراوه‌یی له‌ناو ژیانی کۆمه‌ڵگادا کار ده‌کات، به‌ڕاده‌یه‌ک هه‌ڵوێست و ڕه‌فتار و بیرکردنه‌وه‌ی تاکه‌کان و ده‌سته‌کانیش دیاری ده‌کات.
لێره‌وه گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت دیارده نوێکانی کۆمه‌ڵگای کوردی دیاری بکه‌ین، زه‌قترین ئه‌و دیاردانه‌ی دێنه به‌ر دیده‌مان “لاساییکردنه‌وه”ی تاکه بۆ تاکی تر، ده‌سته‌یه بۆ ده‌سته‌ی تر و چینه بۆ چینی تر. منداڵه‌کان لاسایی مه‌زنه‌کان ده‌که‌نه‌وه، خوێندکار لاسایی مامۆستا ده‌کاته‌وه، هه‌ژاره‌کان لاسایی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ده‌که‌نه‌وه، لادێنشینه‌کان لاسایی شارنشینه‌کان ده‌که‌نه‌وه. “مینیبه‌رپرسه‌کان” لاسایی “گه‌وره به‌رپرسه‌کان” ده‌که‌نه‌وه.
ئەگەر بمانه‌وێت دیارده نوێکانی کۆمه‌ڵگای کوردی دیاری بکه‌ین، زه‌قترین ئه‌و دیاردانه‌ی دێنه به‌ر دیده‌مان “لاساییکردنه‌وه”ی تاکه بۆ تاک، ده‌سته بۆ ده‌ستە و چینه بۆ چینی تر
لاساییکردنه‌وه مه‌رج نییه ئیدیۆلۆگیایه‌کی سیاسی له پشته‌وه بێت، چونکه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و په‌یوه‌سته به غه‌ریزه‌یه‌کی ناوه‌کی مرۆڤه‌وه، که له ژیان و له سروشتی په‌تییه‌وه به‌ده‌ستی ده‌هێنێت. لاساییکردنه‌وه له دیوه کەلتوورییه‌که‌شیدا ده‌بێته بزوێنه‌رێکی باشی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگا. به دیوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌شیدا لاساییکردنه‌وه بریتییه له شانۆی خۆنمایشکردنی هه‌موو تاک و چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا. که‌واته کۆمه‌ڵگا هیچ نییه جگه له شانۆی نمایش‌کردنی لاساییکردنه‌وه. ئیدی هیچ شتێک هێنده‌ی لاساییکردنه‌وه کاریگه‌ری پسایکۆلۆگی و مۆڕاڵی و وجودییانه له‌نێو کایه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا درووست ناکات، به‌ڕاده‌یه‌ک مرۆڤ هێنده سه‌رقاڵی بیرکردنه‌وه‌یه له‌وانیتر هێنده سه‌رقاڵی بیرکردنه‌وه نییه له خودی کێشه گرنگه‌کانی خۆی. لێره‌وه تێده‌گه‌ین خه‌سڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی منخوازی “ئیگۆیزم”، ئه‌وه نییه باسی “من/ ئیگۆ” بکات، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه هه‌میشه ئاماژه به “تۆ” بدات، بێهۆ نییه نیتچه گوتوویه‌تی: “تۆ” کۆنتره له “من”.
مێژووی مرۆڤ هیچ نییه جگه له مێژووی کەلتووری ململانێ، ژیانیش له خۆیدا هیچ نییه جگه له ململانێیه‌ک، له پێشبڕکێیه‌ک له نێوان تاکه‌کان و چینه‌کان و نه‌ته‌وه‌کاندا، پێشبڕکێیه‌ک گه‌ر پێشتکه‌وتن ئه‌وا پێت ناخۆشه، خۆ گه‌ر تۆ پێشیان که‌وتیت ئه‌وا پێت خۆشه .
لێره‌دا با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پرسیاره‌که‌ی سه‌ره‌وه‌مان، ئایا ململانێ له کوێوه له‌دایکده‌بێت و چۆن کار ده‌کات؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ڕاسته‌وخۆ نموونه‌یه‌ک ده‌هێنمه‌وه: کاتێک که‌سێک ده‌بینێت هاوڕێکه‌ی یاخود هاوسێکه‌ی ئۆتۆمبیلێکی نوێ یان خانوویه‌کی گه‌وره یان پاره‌یه‌کی زۆری هه‌یه، غه‌ریزه‌ی ئیره‌یی پێ‌بردن ده‌یخاته سه‌ر بیرکردنه‌وه له به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و شتانه‌ی هاوسێکه‌ی یان هاوڕێکه‌ی هه‌یه‌تی، به‌مه‌ش ده‌که‌وێته لاساییکردنه‌وه‌ی هاوسێکه‌ی له‌پێناوی هه‌مان ئه‌و شتانه‌ی که ئه‌و هه‌یه‌تی. له‌م نموونه‌یه‌دا ئه‌وه تێده‌گه‌ین که “ئیره‌یی” پێ‌بردنی ئه‌ویتر بریتییه له منداڵدانی له‌دایکبوونی لاساییکردنه‌وه.
پێشتر مرۆڤی کورد هه‌موو شتێکی ده‌به‌خشی له‌پێناوی به‌زیندوومانه‌وه‌دا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو شتێک ده‌به‌خشێت له‌پێناوی پێشکه‌وتنی به‌سه‌ر هاوسێکه‌یدا
هه‌روه‌ک چۆن ئه‌وه‌شمان لا ساغ ده‌بێته‌وه که‌وا “ئیره‌یی” وه‌ک هه‌ست و غه‌ریزه‌یه‌کی ناوه‌کی چۆن ده‌توانرێت وه‌رچه‌رخێته سه‌ر دیارده‌یه‌کی ماتریالی و ده‌ره‌کی. هه‌روه‌ها لێره‌دا ده‌بینین لاساییکردنه‌وه ڕێگه‌یه‌که له ڕێگه‌کانی فێربوون. ئه‌و نموونه‌یه ده‌شێت به یه‌کێک له‌و نهێنییه نوێیانه‌ی ناو کۆمه‌ڵگای کوردی دابنێین، هه‌ڵبه‌ت له‌وه‌وبه‌ر مرۆڤی کورد ڕه‌فتاری وه‌های به‌و جۆره فرەوانه نه‌ده‌نواند، چونکه له‌وه‌وبه‌ر مرۆڤی کورد ته‌نیا سه‌رقاڵی مانه‌وه و به‌رگری له‌خۆکردن بوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو شتێکی ده‌به‌خشی له‌پێناوی به‌زیندوومانه‌وه‌دا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو شتێک ده‌به‌خشێت له‌پێناوی پێشکه‌وتنی به‌سه‌ر هاوسێکه‌یدا. ئه‌و نهێنییانه ئه‌مڕۆ وه‌ک ئه‌وسا له حه‌شارگه‌کاندا مت ڕانه‌کشاون، به‌ڵکو بوونه‌ته دیارده‌ی فیزیکی و له‌ناو واقیعدا بوونی کارا و ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌یه. دروست ئه‌و دۆخه‌یه که لۆگیکی دیالێکتیکی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه پیشان ده‌دات. ئه‌مڕۆ لای هه‌ر تاکێک و له هه‌موو ماڵێک و له‌ناو هه‌ر خێزانێکدا و لای هه‌ر یه‌که‌یه‌کی سۆسیال شێوه‌ژیانێکی تر په‌یدا بووه. ئه‌مڕۆ گرنگترین دیارده که زۆرترین یاریکه‌ری هه‌یه و که‌مترین خوێنه‌ر و ته‌ماشاکه‌ری هه‌بێت دیارده‌ی لاساییکردنه‌وه‌یه.
له‌و ماوه‌یه‌ی له سلێمانیدا مامه‌وه هه‌ندێک که‌سم ده‌بینی له‌ناو گێژاوێکی گه‌وره‌ی لاساییکردنه‌وه‌دا ده‌ژیان، به‌ڕاده‌یه‌کی ئه‌وتۆ هه‌ندێکیان ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و که‌سانه نه‌ده‌هاتن که لاساییان ده‌کردنه‌وه، که‌چی وه‌ها خۆیان نمایش ده‌کرد هه‌مان ئه‌و توانا داراییه‌یان هه‌یه که به‌رانبه‌ره‌که‌یان هه‌یه‌تی. هاوڕێیه‌کم پێی‌گوتم هه‌ندێکجار ئه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی پێداویستییه‌کی پێویست بکڕێت ده‌چێت ئه‌و شته ناپێویسته ده‌کڕێت که‌پێوه‌ی له‌نێو کۆمه‌ڵدا ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌مه کتومت ئه‌و ڕسته‌یه‌ی گابرێل تارده ده‌هێنێته‌وه بیرم که گوتوویه‌تی: “ئه‌و تینوێتییه‌ی له‌ڕێی لاساییکردنه‌وه‌وه په‌یدا ده‌بێت په‌تایه‌کی درێژخایانتره له برسێتی”. لێره‌وه تێده‌گه‌ین کێشه سۆسیۆلۆگییه‌کان زۆرجار له ستره‌کتوردا بریتیین له کێشه‌ی ناکۆمه‌ڵایه‌تی، یاخود ڕاستتر بڵێین کێشه‌ی ئه‌نترۆپۆلۆگین، واته له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌ین، هه‌م زانست و زانین هه‌م ژیان و سروشت ناچارمان ده‌که‌ن بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌یه‌کی تر، بۆ ئاستێکی تری دژ و ناباوی کایه‌که، بۆ خودی مرۆڤ و مرۆڤناسی. له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ خودی ئه‌و سوبیه‌کته‌یه که سه‌رچاوه‌ی هاتنه ئاراوه‌ی کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگایه.
مرۆی ئه‌مڕۆ له‌ڕێی ڕه‌مه‌کی لاساییکردنه‌وه‌وه فێری خۆنمایشکردنێکی توندڕه‌وانه بوون، ئه‌و په‌نده ڕه‌وشتییه‌یان پێچه‌وانه کردۆته‌وه بۆ: وه‌ها ده‌ربکه‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌وانی دی باشتر و پۆشته‌تر بیت
خۆ ئه‌گه‌ر بشێت بۆمان ئه‌و هه‌سته ناوه‌کییانه‌ی مرۆڤی کورد ناوبنێین به‌و نهێنییه نوێیانه‌ی ده‌رکه‌وته‌ی کەلتوورییان له‌دوای خۆیانه‌وه خستۆ‌ته‌وه، ئه‌وا لاساییکردنه‌وه بریتییه له‌و دیارده نوێیه‌ی وه‌رچه‌رخانی کەلتووری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوە. لێره‌دا په‌نا ده‌به‌مه به‌ر نموونه‌ی به‌رده‌ست و بینراو و بیستراو، که بۆ سه‌لماندنی ده‌ستنیشانه‌که‌مان هاریکاری و کۆمه‌کمان ده‌که‌ن .
ڕۆژگارێک بوو ئێمه هه‌ڵگری جۆره شه‌رمێکی مۆڕاڵی جوان بووین، ئه‌گه‌ر شتێکی جوان یاخود پاره‌یه‌کی زۆرمان شک بردایه، وه‌ها فێرکرابووین خۆمانی پێوه فش نه‌که‌ینه‌وه و پێی نه‌نازین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌رانبه‌ره‌که‌مانی پێ بریندار نه‌که‌ین، پێمان ده‌گوترا: ئه‌وه‌ی هه‌ته با نه‌بێته مایه‌ی هه‌راسانکردنی هاوڕێ و هاوسێکه‌ت. ئه‌مڕۆ ئه‌م شه‌رمه ڕه‌وشتییه شکێنراوه و پێچه‌وانه کراوه‌ته‌وه، مرۆی ئه‌مڕۆ له‌ڕێی ڕه‌مه‌کی لاساییکردنه‌وه‌وه فێری خۆنمایشکردنێکی توندڕه‌وانه بوون، که ئه‌و په‌نده ڕه‌وشتییه‌یان پێچه‌وانه کردۆته‌وه بۆ: وه‌ها ده‌ربکه‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌وانیتر باشتر و پۆشته‌تر بیت. یان ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ی له خۆرئاوا به په‌نده ڕه‌وشتییه جووییەکان ناسراون که ده‌ڵێت: “تۆ نابێت داوای خانووی هاوسێکه‌ت بکه‌یت، ناشبێت ئاره‌زووی خانمی هاوسێکه‌ت بکه‌یت، هه‌روه‌ک چۆن نابێت داوای که‌نیشکه‌که‌ی یاخود خزمه‌تکاره‌که‌ی بکه‌یت، ئاوهاش نابێت داوای وڵاخه‌که‌ی یاخود ئه‌سپه‌که‌ی یان هه‌ر شتێکی تر بکه‌یت، که هیی هاوسێکه‌ت بێت”. به‌ڵام من پێم وایه دنیای ئێمه‌ش به‌و په‌ندانه ئاشنایه، وه‌ک ئامۆژگاری: من، وه‌ک خۆم، به‌پێی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تیایدا ژیاوم و ئه‌و په‌روه‌رده زانستی و ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فییه‌ی پێیگه‌یاندووم، هه‌میشه ئامۆژگاری ئه‌وه کراوم، که نابێت له هیچ بارێک‌دا چاو له که‌سانی تر بکه‌م و خۆم له‌گه‌ڵ که‌سێکدا به‌راورد بکه‌م، که له‌خۆم باشتر بێت، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ یه‌کێکدا که له‌خۆم خراپتر بێت. به‌م پێیه من هه‌میشه خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا به‌راورد کردووه، که له خۆم خراپتر بوون، هه‌ر بۆیه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت من هه‌ستی ئیره‌یی و چنۆکی زیاتر هه‌بوونیم تیادا درووست نه‌بووه. پێم وایه ئه‌م نموونه‌یه‌ی من مۆدێلی باوی جاران بوو، ئه‌گه‌ر جاران ئامۆژگاری کرابین به‌وه‌ی: نابێت چاوت له‌وه بێت که هاوسێکه‌ت هه‌یه‌تی، یاخود نه‌که‌ی شمه‌کی بێگانه گومڕات بکات، و هه‌رگیز چاولێکه‌ری نه‌که‌یت. ئه‌وا ئه‌م په‌ندانه تیاماندا نه‌بوونه بزوێنه‌رێکی بیۆلۆگیانه‌ی ناوه‌کی بۆ گه‌شه‌کردنمان، به‌ڵکو ڕه‌وتی میکانیکییانه‌ی سروشت و زینده‌گی له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌ره‌و نادیاری بردن، که له‌بری “ئیراده”، “ڕێکه‌وت” به‌هێزترین یاریکه‌ری ناو مێژووی ئێمه بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌و هۆکاره‌یه که بۆچی ئێمه تا ئێستا نه‌مانتوانیوه له‌ناو مێژوودا یاری بکه‌ین و ببینه یاریکه‌ر نه‌ک یاری پێکراو.
تۆماس جێفه‌رسۆن گوتی: “حکوومه‌تی سه‌رکه‌وتوو له‌سه‌ر بنه‌مای ئیره‌یی پێ‌بردن داده‌مه‌زرێت، نه‌ک متمانه”. که‌واته ئیره‌یی بریتییه له بزوێنه‌رێکی پۆزه‌تیڤی هه‌ر کایه‌یەک
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مڕۆی دنیای کوردی له‌ڕووی کەلتوورییه‌وه دۆخێکی ته‌واو نوێی جیاواز ده‌ژیێنێت، که هه‌رگیز له‌وه‌وبه‌ر نه‌یژیاندووه، له‌به‌رئه‌وه پێده‌چیت مرۆڤی کورد به ئیراده‌یه‌کی تره‌وه بچێته ناو یاری مێژووه‌وه، ئه‌مڕۆ ئامۆژگارییه‌کان ئاوه‌ژووکراونه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه شتێکی لۆگیکییه ئه‌نجامه‌کانیش ئاوه‌ژوو ببنه‌وه. واته ئه‌وسا بۆیه ئێمه “ڕێکه‌وت” مێژووی درووست ده‌کردین، چونکه غه‌ریزه ناوه‌کییه‌کانمان “ئیره‌یی و خانه‌دڵی” فێریان نه‌ده‌کردین لاسایی ئه‌وانیتر بکه‌ینه‌وه، که له خۆمان “باشتر” بوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕه‌مه‌کانه فێرمان ده‌که‌ن، لاسایی ئه‌وانه بکه‌ینه‌وه، که شتێکیان هه‌یه و ئێمه نیمانه. واته په‌نده‌که گۆڕاوه بۆ: “ئه‌وه‌ی هاوسێکه‌م هه‌یه‌تی منیش ده‌مه‌وێت هه‌مبێت”. ئه‌م ڕسته‌یه بریتییه له مانیفێستی ڕاگه‌یاندنی کەلتوورێکی نوێ له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا. که ئه‌گه‌ر چیتر ڕه‌وتی مێژوو به‌پێی لۆگیکی “هۆکار” و “ده‌رئه‌نجام” ڕه‌و بکات، هه‌روه‌ها عه‌قڵێکی دیسپلینساز هه‌بێت، ئه‌وا ئیراده‌ی کوردیش ده‌توانێت مێژوو درووست بکات. له‌م ڕووه‌وه تۆماس جێفه‌رسۆن یه‌که‌مین ڕاگه‌یه‌نه‌ری وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له مانیفێسته‌که‌یدا گوتی: “حکوومه‌تی سه‌رکه‌وتوو له‌سه‌ر بنه‌مای ئیره‌یی پێ‌بردن داده‌مه‌زرێت، نه‌ک متمانه”. که‌واته ئیره‌یی که منداڵدانی لاساییکردنه‌وه‌یه، بریتییه له بزوێنه‌رێکی پۆزه‌تیڤی هه‌ر کایه‌یه‌ک.
به‌وه‌شدا که لاساییکردنه‌وه بریتییه له هه‌ڵپه‌کردنی ئه‌وه‌ی هاوسێکه‌ت ببه‌زێنیت و پێشی بکه‌ویت، ئه‌وا ئه‌وه‌ی بخوازێت خۆی به‌دی بهێنێت، ده‌بێت به‌ناو زه‌روره‌تی ئه‌م ململانێیه‌دا گوزه‌ر بکات. چونکه لاساییکردنه‌وه که‌سێک ده‌یکات که ده‌خوازێت خێراتر له که‌سانیتر بگاته ئه‌و ئامانجه‌ی که که‌سانیتریش به‌نیازن پێی بگه‌ن.
با ئێمه له شاره‌که‌ی خۆمانه‌وه به‌راورد بکه‌ین، هه‌نووکه ئه‌و ته‌لار و باڵەخانه و خانووانه‌ی درووست ده‌کرێن، که هه‌ر یه‌که‌یان قه‌باره و ڕووپێوییان له‌ویتر گه‌وره‌تره، ئاماژه‌ن له‌سه‌ر به‌رجه‌سته‌بوونی ڕه‌مه‌کی ئیره‌یی وه‌ک هه‌ستێکی ناوه‌کی، له‌ناو دیفاکتۆی واقیعدا. لێره‌وه چیتر ئیره‌یی هه‌ستێک یان ڕه‌مه‌کێکی ناوه‌وه‌مان نییه، به‌ڵکو بوونه‌وه‌رێکه و له‌ئارادایه و هه‌بوونێکی فیزیکی هه‌یه و، له‌ده‌ره‌وه‌دا خۆی نمایش ده‌کات، له‌ڕێی ئه‌رشیتێکتۆری خانوو و ته‌لاره‌کانه‌وه، له‌ڕێی ئۆتۆمبێله نوێکانه‌وه، له‌ڕێی ئامێره‌کانی کۆمیونیکاسیۆن و مولتیمیدیاوه، هه‌موو به‌لاساییکردنه‌وه خۆیان مانیفێست ده‌که‌ن، واته ئیدی لاساییکردنه‌وه بووه‌ته میدیالێک بۆخۆڕاگه‌یاندن و خۆنمایشکردن. هه‌روه‌ک چۆن ئیدی ئیره‌یی به ته‌نیا ناوه‌ڕۆکێک، به‌ته‌نیا خه‌سڵه‌تێک یان چییه‌تییه‌ک نییه، به‌ڵکو فۆڕمێکیشه.
شائه‌رکی ڕۆشنبیری کوردی ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و نهێنییه نوێیانه‌ی ناو کۆمه‌ڵگای کوردییە که هه‌قیقه‌تێكی ڕۆحی و ده‌رکه‌وته‌یه‌کی کەلتووری هه‌نووکه‌ی کۆمه‌ڵگا ساغ ده‌که‌نه‌وه
لێره‌وه‌یه ده‌رکه‌وته‌ی نوێی ژیان له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌بێته مه‌سه‌له‌یه‌کی فۆڕمگه‌ری، له‌به‌رئه‌مه‌یه ئێمه بۆمان نییه نهێنییه‌کانی ژیان له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا له نهێنییه‌کانی فۆڕم داببڕین. ڕێکهک‌وت نییه مرۆڤی نوێی کورد هه‌موو به‌هایه‌ک ده‌دات له‌پێناوی ئه‌وه‌ی خانووه‌که‌ی جوانترین دیزاین و ئۆتۆمبیله‌که‌ی نوێترین مۆدێل و مۆبایله‌که‌ی نوێترین فۆڕم ده‌رکه‌وێت. هه‌موو ئه‌م ده‌رکه‌وته نوێیانه مرۆڤی نوێی کوردیان ڕووبه‌ڕووی وه‌رچه‌رخانێکی بنه‌ڕه‌تی کردۆته‌وه، وه‌رچه‌رخانێکه گه‌ر په‌نابه‌رینه به‌ر پێناسی فه‌لسه‌فی ئه‌وا ده‌کرێت بڵێین مرۆڤی کورد له‌م سه‌رده‌مه‌دا له “سوبیه‌کته‌وه” گۆڕاوه بۆ “ئۆبیه‌کت”. له “مرۆڤه‌وه’ بووه به “شت”. له “خود”ەوە بووه به “ئه‌ویتر”، چونکه ئه‌و چیتر له چاوی خۆیه‌وه ته‌ماشای جیهان ناکات، به‌ڵکو له‌چاوی هاوسێکه‌یه‌وه شته‌کان ده‌بینێت.
فۆڕم له کەلتووری نوێی کوردی‌دا کاریزمایه‌کی هێنده قه‌به و فرەوانی هه‌یه که ده‌کرێت لێوه‌ی هه‌موو ئاماژه‌کانی خۆنمایشکردن، به ململانێی له‌گه‌ڵ فۆڕمه‌کانی تردا و به لاساییکردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌کانی تر بخوێنینه‌وه. واته ململانێ له‌شێوه‌ژیانی نوێ‌دا له‌ڕێی فۆڕمه‌وه کاریزمای خۆی په‌خش ده‌کاته‌وه. ئه‌مه ئێستا ئاماژه‌یه له‌سه‌ر له‌دایکبوونی هه‌قیقه‌ت و به‌های کەلتووری نوێ له‌م هه‌رێمه‌دا که داوای ئه‌وه‌مان لێده‌کات به که‌ره‌سته‌ی زانین و زانستی نوێوه بیانخوێنینه‌وه و ڕاڤه‌ی نوێیان بۆ به‌رهه‌م بهێنین. ئه‌م به‌ها نوێیانه پێویستیان به دیاگنۆستیکه‌ری نوێ هه‌یه، ئه‌م نهێنییه نوێیانه پێویستیان به دۆزه‌ره‌وه و پشکنه‌ری نوێ هه‌یه، به‌م پێیه شائه‌رکی هه‌نووکه‌ی ڕۆشنبیری کوردی له‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت که ڕۆچێته بن و قوڵایی ئه‌م کایه‌یه‌وه و هه‌وڵی ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و نهێنییه نوێیانه‌ی ناو کۆمه‌ڵگای کوردی بدات که هه‌قیقه‌تێكی ڕۆحی و ده‌رکه‌وته‌یه‌کی کەلتووری هه‌نووکه‌ی کۆمه‌ڵگا ساغ ده‌که‌نه‌وه. چونکه ئێستا ئه‌و سه‌رده‌مه نوێیه‌یه که “ده‌ره‌وه” و “ناوه‌وه” به‌پڕی ڕژاونه‌ته ناویه‌کترییه‌وه. که ئه‌م ساغکردنه‌وه‌یه له قۆناغه مێژووییه‌کاندا شک به‌رین ئه‌وسا له‌هه‌ر سه‌ده‌یه‌که‌وه هه‌ر مێژوونووسێک و هه‌ر دیاگنۆزه‌نووسێک بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و قۆناغه، ئه‌وا به‌بێ هیچ گومان و دوودڵییه‌ک ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکه‌ین که ئه‌و میوانه به‌ده‌ستی خاڵی و به نائومێدی ناگه‌ڕێته‌وه.