سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

پۆپۆلیزم وەک ستایلی سیاسی

عەبدولسەمیع محەمەد*

 

پۆپۆلیزم وەکوو چەمکێکی سیاسی لە ناو کایەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان زۆرترین مشتومڕی لەسەرە. دوو ڕێگا هەیە بۆ مامەڵەکردن و تێگەیشت لەگەڵ ئەم دیاردە جیهانییە؛ یەکەمیان بەکارهێنانێکی فرەوانی ڕۆژانەیە بە شێوەی سووکایەتی و بۆ بێڕێزیکردن بە هەر کەسایەتییەک و ڕەوتێکی سیاسی کە ئێمە حەزمان پێی نییە. لەم حاڵەتەدا بەها شیکارییەکەی لەدەستدەدات و بارگاوی دەکرێت بەجۆرێک لە ڕق و کینە و تۆمەت بەخشینەوە.

 

لە بەرانبەردا دەتوانین مشتومڕی بەردەوام لەسەر پۆپۆلیزم وەک ئاماژەیەک سەیر بکەین کە مانایەکی گرنگ و بایەخداری لە خۆیدا هەڵگرتووە. هەر هەوڵێکی جددی بۆ تێگەیشتن لە پۆپۆلیزم دەبێت چاوی لەسەر ڕێگای دووەم بێت و وەکوو چەمکێکی پر بایەخ بۆ تێگەیشتن لە دیمەنی سیاسی هاوچەرخ سەیر بکرێت. گفتوگۆ ئەکادیمییەکان کە لە سەر پۆپۆلیزم بەرهەمهاتوون جیاوازن لە زۆرێک  لە بەکارهێنانی ئەم چەمکە لە لایەن سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان و خەڵکی جیاجیا کە هەندێک جار وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر کۆمەڵگا و سیاسەت و دیمۆکراسی دادەندرێت.

 

پۆپۆلیزم چییە؟

لە کاتێکدا ئەم چەمکە سەرنجی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە، بەڵام بەکارهێنانی بەرفرەوانیش سەرلێشێواوی و بێزاری دروست کردووە. پۆپۆلیزم نەک تەنیا بە شێوەیەکی نەرێنی و وەکوو ڕەوتێکی زوو تێپەڕ تەماشا دەکرێت، بەڵکو وەکوو چەمکێکی پڕ لە ناڕوونی دادەنرێت.

وەکوو هەموو چەمکەکانی دیکەی ناو کایەکانی زانستە مرۆییەکان کارێکی ئەستەمە پێناسەیەکی ڕوون بخرێتەڕوو کە هەموو ڕەهەند و تایبەتمەندییەکانی بناسێنێت. لە ساڵی ١٩٦٧ کۆمەڵێک توێژەری پێشەنگ لە قوتابخانەی ئابووری لەندەن کۆبوونەوە بۆ پێناسەکردنی ئەم دیاردە جیهانییە تازە دەرکەوتووە، بەڵام دەرئەنجامی ئەم هەوڵە کۆدەنگییەکی ڕوونی لێ بەرهەم نەهات، چونکە لە ئەنجامدا پێناسەی جۆراوجۆری دژ بەیەک بۆ پۆپۆلیزم خرانەڕوو.

سەرنووسەرانی بڵاوکراوەی تایبەتی کۆنفرانسەکە، غیتا ئیۆنێسکۆ و ئێرنست گێلنەر، جەختیان لەسەر سروشتی ئاڵۆز و فرەلایەنەی پۆپۆلیزم کردەوە. سەرەڕای ئەوەی دیاردەی پۆپۆلیزم بە شێوەی جۆراوجۆر لە ئاستی جیهانیدا دەردەکەوێت، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسییە یان تەنیا زاراوەیەکە بۆ کۆمەڵێک ڕەوتی جیاوازی سیاسی ناپەیوەندیدار بەکاردەهێنرێت. تایبەتمەندییە نەتەوەیی و ناوچەییەکان لەگەڵ جۆراوجۆری ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی دیاردەی پۆپۆلیزم بەشدارن لە مانا بەخشین بە چەمکی پۆپۆلیزم. سروشتی فرە ڕەهەندی پۆپۆلیزم ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ بە بەکارهێنانی بۆ کۆمەڵێک ئایدیۆلۆژیای سیاسی و بزووتنەوە و حزب و حکوومەت و ڕژێم و هاوپەیمانییە کۆمەڵایەتییەکان، کە لە ڕووی ئەزموونەوە ڕەنگە پەیوەندییەکی لاواز و هاوبەشییەکی کەم بەیەکیانەوە ببەستێتەوە.

هەروەها پێناسەکردنی پۆپۆلیزم پەیوەستە بەوەی کە لە ڕێگای کام چەمکەوە لێی نزیک دەبینەوە، ئایا وەکوو ئایدۆلۆژیا، ستراتیژ، گوتار یان لۆژیکی سیاسی دادەندرێت؟ لە ڕێگای هەر کام لەم چەمکانەوە بۆ دیاردەی پۆپۆلیزم بچین ئەنجامی جیاواز، بەڵام لە هەمانکاتدا پێکەوە گرێدراومان دەستدەکەوێت.

 

پۆپۆلیزم وەک ستراتیژ

بە ڕای کورت وایلاند (Kurt Weyland) پۆپۆلیزم وەکوو ستراتیژ بریتییە لە ستراتیژییەکی سیاسی کە لە ڕێگەیەوە سەرکردەیەک، کە زیاتر وەکوو کەسایەتی کاریزما دەردەکەوێت، لە هەوڵی بەدەستهێنان یان بەکارهێنانی دەسەڵاتدایە لەسەر بنەمای پشتیوانی ڕاستەوخۆ و بەبێ نێوەندگیری و نادامەزراوەیی شوێنکەوتووانی بە شێوەیەکی ناڕێکخراو. پۆپۆلیستەکان لۆژیکێکی سیاسی هاوبەش و ستراتیژی سیاسی هاوشێوە بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و حوکمڕانی.

دەکرێت ئەم پێناسەیە بۆ بزووتنەوە و پارتێکی سیاسی ڕاست بێت، بەڵام سەرکردە ڕۆڵی یەكلاکەرەوەی هەیە لەناو هەر ڕەوتێکی سیاسی کە خەسڵەتەکانی پۆپۆلیزمی هەڵگرتووە.

 

پۆپۆلیزم وەک ئایدیۆلۆژیا

کاس مودێ (Cass Mudde) پۆپۆلیزم وەکوو ئایدۆلۆژیا پێناسە دەکات، لەو ناساندنەدا پۆپۆلیزم بریتییە لە دابەشبوونی کۆمەڵگا بۆ دوو گرووپی تەواو دابڕاو: یەکەمیان گرووپی هاوچەشن  “گەلی پاک” بەرانبەر گرووپی دژبەر “نوخبەی گەندەڵ”. بە شەیتانیکردن (demonization) پاشان بە دوژمنکردنی نوخبەی حکومڕانی سروشتی هەرە سەرەکی بزووتنەوەی پۆپۆلیزمە لە قۆناغی بەرایی.

لۆژیکی پۆپۆلیزم وەکوو ئایدۆلۆژیا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە سیاسەت دەبێت گوزارشت لە ئیرادەی گشتی خەڵک بکات، بەڵام ئەم ئیرادەیە بە چ میکانیزمێک دروست دەکرێت و چۆن نوێنەرایەتی دەکرێت بۆ پۆپۆلیستەکان گرنگ نییە، بە قەد ئەوەی کە ئەوان بانگەشەی ئیرادەی گشتی بۆ شەرعیەتدان بە ڕەوایەتی کردە سیاسییەکانیان بەکاردێنن.

سەرکردە پۆپۆلیستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەنگی ڕاستەقینە و بەرجەستەبووی خەڵکن، بەگشتی ئەوان سیاسەت وەک ململانێیەکی دژبەرانەی (Antagonism) نێوان خەڵک و دوژمنەکانیان تێدەگەن. ناوبردنی پۆپۆلیزم وەکوو ئایدۆلۆژیا بێگرفت نییە، بۆچوونی باو لەناو توێژەران ئەوەیە کە پۆپۆلیزم خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی جێگر و دامەزراو نییە، بەڵکو توخمی ئایدیۆلۆژی جیاواز وەردەگرێت و بەپێی بەرژەوەندی و پێویستی خۆی لە پێناو ئامانجە سەرەکییەکەیدا بەکاریاندەهێنێت، کە بریتییە لە گەیشتن و پراکتیزەکردنی دەسەڵات. ئەم دۆخە نائایدیۆلۆژیایە بە ئایدیۆلۆژیای تەنک (Thin ideology)  ناودەبردرێت.

هەر کام لەم چەمکە شیکارییانەی باس کران ڕەهەندێکی دیاردەی پۆپۆلیزممان بۆ ڕووندەکەنەوە و سەرنجمان بۆ لایەکی دیاردەکە ڕادەکێشن، بەڵام ڕەنگە ستایلی سیاسی لە هەمووی زیاتر گشتگیرتر بێت بۆ تێگەیشتن لە پۆپۆلیزم.

 

پۆپۆلیزم وەک ستایلی سیاسی

تێگەیشتن لە پۆپۆلیزم وەکوو ستایلی سیاسی بە پێناسەیەکی “لانی کەم” دادەندرێت، پێناسەی لانی کەم لە پڕۆسەی چەمکسازی ناو کایەکانی زاستە کۆمەڵایەتییەکان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە چەمکەکان کەمتر لەسەر تایبەتمەندییە زۆر وردەکان پێناسە بکرێن، بەڵکو جەخت لە خەسڵەتە هاوبەشە گشتییەکان دەکاتەوە کە زیاتر لەخۆگر (Inclusive) بێت نەک وەدەرنەر (Exclusive). لە پێناسەکردن و دەستنیشانکردنی تایبەتمەندییەکانی پۆپۆلیزم دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە پۆپۆلیزم فۆڕم و قۆناغی گەشەسەندنی جیاوازی هەیە؛ لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەوە بۆ پارتی سیاسی و تا دەگات بە گەیشتنە دەسەڵات و دواتریش دامەزراندنی ڕژێمێکی سیاسی دەسەڵاتخواز (Authoritarianism).

لە هەر یەک لەم قۆناغانە دەرکەوتەکانی پۆپۆلیزم جیاوازن  و پێویستی بە شیکردنەوەی تایبەت هەیە کە لە هەر یەک لەم قۆناغانەدا چۆن و بە چ میکانیزمێک و لۆجیکێک کاردەکات. بەڵام پێناسەکردنی وەکوو ستایلی سیاسی دیسان لەم ڕووەوە دەتوانێت کۆمەکمان بکات کە پۆپۆلیزم سنوردار نەکرێت بە قۆناغێک و فۆڕمێکی دیاریکراوەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە لە کاتێکدا ڕەنگە توێژەران لەسەر ئەوە کۆک نەبن کە پۆپۆلیزم ‘چییە’، بەڵام زیاتر لەسەر ئەوە کۆکن کە پۆپۆلیستەکان کێن، ئەمەش زیاتر ئەوە ساخ دەکاتەوە کە پۆپۆلیزم ستایلێکی سیاسییە.

 

سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم

هۆکارەکانی سەرهەڵدان و ژینگەی دروستبوونی پۆپۆلیزم فرە و جیاوازن. ئەو فۆڕمە پۆپۆلیستییەی کە لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا لە هەڵکشاندایە، زۆر جیاوازە بۆ نموونە لە سەرکردە و بزووتنەوە و ڕژێمە پۆپۆلیستەکانی ئەمریکای لاتین. ئەم دەستەواژەیە بۆ وەسفکردنی سەرۆکە چەپەکان لە ئەمریکای لاتین و پارتە ڕکابەرە ڕاستڕەوەکان لە ئەوروپا بەشێوەیەکی سەرەکی و پاشان لێرە و لەوێش بۆ هەندێک لە کاندیدەکان بەکاردێت کە لە ئەمریکا و ئاسیا و ئەفریقا نەهجی پۆپۆلیزم بەکاردەهێنن. بە گشتی سەر‌هەڵدانی پۆپۆلیزم بە بارودۆخی قەیراناوی و ناسەقامگیری کۆمەڵگا دەبەسترێتەوە، بە تایبەتیش لە ڕووی ئابوورییەوە.

پاشەکشەی گەورەی ئابووری جیهانی ساڵی ٢٠٠٨، کە ڕێژەی  بێکاری بەرزکردەوە و داهاتی خێزانەکانی کەمکردەوە، سووتەمەنی بوو بۆ هەڵکشانی پۆپۆلیزم لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا بە گشتی، متمانەی هاووڵاتییانی بە دەوڵەت و دامەزراوەکان لاوازکرد. لە ئەمریکای لاتین هەندێک لێکدانەوە هەیە کە پۆپۆلیزم وەکوو قۆناغێکی گواستنەوە لە پڕۆسەی گەشەپێدان سەیر دەکرێت. کاتێک کۆمەڵکا لە فۆڕمێکی نەریتییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ڕێکخستنێکی مۆدێرن کە تێیدا بەپیشەسازی و شارییبوون ڕوودەدات و  چینی کرێکاران و ناوەڕاست تێکەڵی پڕۆسەی سیاسی دەبن، لەم قۆناغەدا سیاسەتی پۆپۆلیزم دێتەکایەوە.

بەپێی تیۆرەکانی مۆدێرنیزەیشن و کۆمەڵگای جەماوەری، لەم قۆناغەدا جەماوەرێک بەرهەمدێت کە لە دۆخێکی شڵەژاودان (Anomie) و ئاسان لەسەرەوە لەلایەن سەرکردەیەکەوە ئاڕاستە دەکرێن.

بەلای هەندێکی تریشەوە وەکوو ئێرنستۆ لاکلاو سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم  وەکوو کاردانەوە بەرانبەر بە باڵادەستبوونی نیولیبڕالیزم دەبینرێت.

بە بۆچوونی ئەو، نیولیبراڵیزم بواری گفتوگۆی گشتی و بەشداری خەڵکی لە پرسە ئابووری و سیاسییەکانی سنوردار کرد، حکومڕانی کرد بە پڕۆسەیەکی زانستی و تایبەتمەند کە تەنیا پسپۆڕەکان دەتوانن لێی تێبگەن و بڕیاری تیدا بدەن، لە سایەی ئەم دۆخە، هاووڵاتی جگە لە قبوڵکردنی نیولیبڕالیزم هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نەبوو. بۆیە لاکلاو پێی وایە پۆپۆلیزم ڕێنسانسی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ ڕاپەڕینێکە لە دژی عەقڵیەتی تەکنۆکراتی، تەسلیمکردنی سەروەری نەتەوەیی بە دامەزراوە سەروو نەتەوەییەکان و ئیرادەی جەماوەری بە نوخبە سیاسییە نیولیبڕاڵەکان. گەڕانەوەی دەوڵەت بۆ سنورە نیشتمانییەکانی و دژایەتیکردنی گلۆبالیزم یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی گوتاری پۆپۆلیزم.

بۆیە دەبینین هەتا لە دیاریکردنی ئەو هەلومەرجانەش کە تێیدا پۆپۆلیزم سەرهەڵدەدات کۆدەنگییەک لە ئارادا نییە، بەڵام نیمچە کۆدەنگییەک هەیە کە لە هەر شوێنێکدا نایەکسانی و ناسەقامگیری فرەوانی ئابووری هەبێت، دەربڕینە پۆپۆلیستییەکان کاردەکەن و هەوڵدەدەن بناغەیەک دابمەزرێنن بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. هەروەها ڕایەکیش هەیە کە لۆژیکی میدیای هاوچەرج زۆر تەبایە و لە هەمانکاتدا یارمەتیدەرە لە سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی پۆپۆلیزم، هەتا هەندێک کەسایەتی میدیایی وەکوو پۆپۆلیست ناودەبردرێن، هەرچەندە سەر بە هیچ ڕەوتێکی سیاسی دیاریکراو نین.

 

پۆپۆلیزم و ستایلی سیاسی

بۆ ڕەواندنەوەی ئەم تەمومژەی دەوری چەمکی پۆپۆلیزمی داوە، بنیامین مۆفیت لە کتێبەکەیدا (سەرهەڵدانی جیهانی پۆپۆلیزم: ئەدا، شێوازی سیاسی و نوێنەرایەتی) پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە باشترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە پۆپۆلیزمی هاوچەرخ پێناسەکردنیەتی وەک ستایلێکی سیاسی (بە سادەیی وەکو ئالان نایت دەڵێ ستایلی سیاسی بریتییە شێوازی سیاسەتکردن)، کە لەلایەن کۆمەڵێک کارەکتەری سیاسی بەرفرەوان لە سەرانسەری جیهان بەکاردەهێندرێت. پێناسەکانی پۆپۆلیزم وەک ستایلی سیاسی تیشکیان خستۆتە سەر لایەنی جوڵاندنی خەڵک (Mobilization) و دەربڕینەکانی، لەوانەش گوتار و ئەداکانی. ستایلی سیاسی بە ڕای مۆفیت ئەو کۆمەڵە ڕەفتار و کردار و نمایشە هێمادارانە دەگرێتەوە کە کەسایەتییە سیاسییەکان بۆ جەماوەرەکانیان پیشانی دەدەن. ئەم ڕەفتارانە تەنیا کردەوەی هەڕەمەکی نین؛ بەڵکو بە وردی دروستکراون و بە شێوەیەکی ڕەمزی سەرنجراکێش ئەدا دەکرێن و بە ئامانجی گەیاندنی پەیامێکی تایبەت و دروستکردنی وێنە یان کاریگەرییەکی دیاریکراو لە مێشکی جەماوەر داڕێژراون.

لە بنەڕەتدا ستایلی سیاسی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن ئەکتەرە سیاسییەکان ئامادەبوون و دەرکەوتنە گشتییەکانیان و کردار و دەربڕینە ڕەمزییەکانیان بەکاردەهێنن بۆ کاریگەری و پەیوەندی و ئاڕاستەکردن لەناو تۆڕی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە هەردوو چوارچێوەی سیاسی فەرمی و نافەرمیدا.

پۆپۆلیزم وەکوو ستایلێکی سیاسی زۆرتر لە شێوازی دواندن و گەیاندنی پەیامە سیاسییەکان بۆ “خەڵكی ئاسایی” یان “خەڵکی بێبەشکراو” دەردەکەوێت، کە پشت بە زمانێکی سادە و بانگەوازێکی ڕیتۆریکی (Rhetoric appeal) و دوور لە چەمکی سیاسی دەبەستێت. هەروەها پشت بە سادەکردنەوەی لەڕادەبەدەری کێشە و پرس و چارەسەرییەکانیان دەبەستێت تا بۆ خەڵکی ئاسایی بەشێوەیەک سەرنجڕاکێش و قەناعەتپێکەر بێت بۆیان. بەدڵنیاییەوە هەموو بوونێکی سیاسی ئەم جۆرە پراکتیکانە دەکات، بەڵام پۆپۆلیزم تایبەتمەندی خۆی هەیە.

 

تایبەتمەندییەکانی پۆپۆلیزم

پرسیارەکە ئەوەیە تایبەتمەندییەکانی پۆپۆلیزم وەکوو ستایلێکی سیاسی لە چی ڕوویەکەوە دەردەکەون؟ خەڵك یان گەل یان نەتەوە لە گوتار و ڕیتۆریکی پۆپۆلیستیدا بابەتێکی سەنتەرییە، هەم وەک بەردەنگی سەرەکی و هەم وەک ئەو بوونەی کە پۆپۆلیستەکان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی کردار و گوتارەکانیانەوە بەرجەستە و نوێنەرایەتی بکەن.

دووانەی “ئێمە – ئەوان” یەكێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی گوتاری پۆپۆلیستەکان، خەڵک کە “ئێمەیە” بۆ پۆپۆلیستەکان یەکەیەکی یەک چەشن و خاوەن یەک ئیرادەی یەکگرتووە، متمانەیان بە عەقڵی گشتی (Common sense) و حیکمەتی خەڵک هەیە، ڕەچاوی هەمەچەشنەیی پێکهاتەکەی ناکەن، لێرەدایە پۆلۆلیستەکان دژ دەوەستنەوە لەگەڵ بنەمای فرەیی یان پلۆرالیزم لە سیستەمی دیمۆکراسیدا کاتێک ئەزموونی دەسەڵات دەکەن وەکوو حکوومەت و ڕژێم. پۆپۆلیستەکان خەڵک وەک سەروەر و سەرچاوەی شەرعیەت وێنا دەکەن، کار لەسەر دابەشبوونێکی دووانەیی توند لە نێوان “خەڵک” و “نوخبە”دا دەکەن، نوخبە بە مانای “ئەوان” وەکو دوژمن پیشاندەدەن، کە بابەتێکی هاوبەشە لە زۆربەی پێناسەکانی پۆپۆلیزمدا ئاماژەی پێدەدرێت. پۆپۆلیستەکان زۆرجار گرووپە تایبەتەکان وەک کۆچبەران یان کەمینەکان وەک نەیارانی خەڵک دەناسێنن، بەڵام ئەم گرووپانە بەزۆری پەیوەستن بە کردار یان سیاسەتی نوخبە.

بۆ نموونە، ڕەنگە گوتاری پۆپۆلیستی “نوخبە لیبراڵەکان” بە بەرپرس بزانن بۆ سیاسەتەکانی وەک زیادکردنی کۆچبەری، کە دواتر وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بژێوی خەڵک دەخرێنەڕوو. هەروەها ڕیتۆریکی پۆپۆلیستی ڕەخنە لە ڕاستگۆیی سیاسی نوخبەری دەسەڵاتدار و سیستەمی دامەزراو لەخۆدەگرێت، پۆپۆلیستی هەوڵدەدات وەک ئەوەی هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ بیری خەڵکی ئاسایی و دەرەوەی بازنەکانی نوخبە، پێگەی خۆی بەهێز بکات.

پۆپۆلیستەکان بۆ ئەوەی بە خێرایی زیاترەوە سەرنجی خەڵک ڕابکێشن، لە بەکارهێنانی زمانی سیاسییان بە ئاستێکی نزمی وەکوو قسەی ناشرین و جنێودان دەدوێن. ئەمەش پێچەوانەی گوتاری سیاسی تەقلیدییە کە زیاتر زمانێکی فەرمی و عەقڵانییە. پۆپۆلیزم لەسەر تێڕوانینی خەڵک بۆ قەیران، تێکچوون، یان هەڕەشە گەشە دەکات و پشت بە وروژاندنی سۆزداری دەستەجەمعی دەبەستێت. زۆرجار سەرکردە پۆپۆلیستەکان ئەم دۆخانە دراماتیک دەکەن بۆ ئەوەی هەستکردن بە مەترسی و دروستبوونی قەیرانی لەناکاو بوروژێنن، کە دواتر داوای هەنگاوی دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە دەکەن. ئەم قەیرانانە دەتوانن لە چەندین بابەتی جۆراوجۆرەوە سەرچاوە بگرن، لەوانە پچڕانی پەیوەندی نێوان هاووڵاتییان و نوێنەرەکانیان و ئاڵنگاریی کۆچبەری، کێشەی ئابووری، نادادپەروەری، هەڕەشەی سەربازی و یان گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دیکە. پۆپۆلیزم بە چوارچێوەدان بەم پرسانە وەک باری نائاسایی، مشتومڕە سیاسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ئاسان دەکات. ئەم دراماتیزەکردنەی قەیرانەکان ڕەنگدانەوەی گومانێکی فرەوانترە بەرانبەر بە سروشتی ئاڵۆزی حوکمڕانی مۆدێرن و داڕشتنی سیاسەت، کە بە شێوەیەکی گشتی پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و ڕاوێژکاری و پلاندانان لەخۆدەگرێت. لە بەرانبەردا پۆپۆلیستەکان کردەوەی دەستبەجێ و کورتخایەنیان پێ باشترە لە میتۆدی لەسەرخۆ و ڕاوێژکاری سیاسەتی نەریتی. بەم پێیە پۆپۆلیزم هەڵوێستێکی زۆر پراکتیکی و سوودمەندانە دەگرێتەبەر، زۆرجار هەر شتێک کە ڕێگری لە چارەسەرکردنی ڕاستەوخۆی قەیران یان پرسێکی هەستپێکراو بکات، پەراوێزی دەخات یان ڕەتیدەکاتەوە.

بە ڕای مۆفیت پێناسەکردنی پۆپۆلیزم وەکوو ستایلێکی سیاسی یارمەتیمان دەدات کە دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە لە کۆنتێکستی جۆراوجۆر و بە درێژایی ئایدۆلۆجییە جیاوازەکان دەرک و شیبکەینەوە. پۆپۆلیزم وەکوو ستایلێکی سیاسی ئەو دابەشبوونە تەقلیدییە لە نێوان پۆپۆلیزمی ڕاست و چەپ تێدەپەڕێنێت.

فۆڕمی ڕاستڕەوی پۆپۆلیزم لەسەر ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و پاراستنی تەجانسی کەلتوور و بەهای نەتەوەیی و سەروەری دەوڵەتی نەتەوە لەگەڵ هەستی دژە بێگانە و کۆچبەر و ئەوروپاسەنتەری گەشە دەکات. بەڵام بۆ پۆپۆلیستە چەپەکان پرسەکانی نایەکسانی ئابووری و دژە سەرمایەداری و هەستی دژە دامەزراوەیی و  زۆرجار بانگەشە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی سامان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی چینی کرێکار و پەراوێزخراوەکان سەنتەرن.

هەروەها دیدگای ستایلی سیاسی لە بینینی پۆپۆلیزم وەک پۆلێکی دووانەیی دوور دەکەوێتەوە بەرەو چەمکسازیکردنی وەک چەمکێکی پلەبەندی. پۆلێنکردنی دووانەیی بەشێوەیەکی سادە پۆپۆلیزم بەرانبەر بە ناپۆپۆلیزم دەبینن، لە کاتێکدا تێڕوانینی ستایلی سیاسی دان بەوەدادەنێت کە ئەکتەر و قەوارە سیاسییەکان دەتوانن کەم تا زۆر پۆپۆلیستی بن لە کاتێکی دیاریکراودا. هەروەها ستایلی سیاسی ناوچەیەکی خۆڵەمێشی لە نێوان دوو جەمسەری پۆپۆلیزم و ناپۆپۆلیزم دادەنێت، کە ئەکتەرە سیاسییەکان ڕادەی پۆپۆلیزمبوونیان دەگۆڕێت بەپێی هاتوچۆیان لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە لە کات و کۆنتێکستە جیاجیاکاندا.

لە دیاریکردنی جەمسەری بەرانبەری پۆپۆلیزم، تەنیا ئەوە بەس نییە کە بگوترێت “ناپۆپۆلیزم”، بۆیە مۆفیت “ستایلی سیاسی تەکنۆکراتی” بەرانبەری پۆپۆلیزم دیاریکردووە، تاوەکو بتواندرێت لە ئەکتەر و پارت و بزووتنەوە و حکومەت و ڕژێمەکان بەڕەچاوکردنی جیاوازی ئایدۆلۆژیا و شوێنکاتەوە لە ڕادەی نزیکبوونەوەیان لەهەر کام لەم دوو جەمسەرە تێبگەین.

ستایلی سیاسی تەکنۆکرات بە گشتی بریتییە لە باوەڕبوون بە پسپۆڕی و شارەزایی زانستی لە حکومڕانی، خەڵک جێگای نیگەرانی زۆر نییە لەم ستایلە، لە کایەی سیاسیدا زمانی زانستی ‘وشک’ بەکاردەهێنن، جلوبەرگی فەرمی دەپۆشن و خۆیان بە شێوەیەکی ‘فەرمی’ پیشان دەدەن. تەکنۆکراتەکان ئامانجیان چارەسەرکردنی کێشەکان و سەقامگیری یان پێشکەوتنی پێوانەکراوە، بە پێچەوانەی پۆپۆلیستەکان کە لەسەر قەیران و سیاسەتی ناسنامە دەژین.

گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە جیاوازی نێوان پۆپۆلیزم و تەکنۆکراسی لێرەدا ئاماژە نییە بۆ دوو شێوازی حوکمڕانی یان مەیلی ئایدیۆلۆژی، بەڵکو ئاماژەیە بۆ دوو ستایلی سیاسی جیاواز لە ڕووی ئەدا و بەرجەستەکردنەوە.

پێناسەکردنی پۆپۆلیزم وەکو ستایلێکی سیاسی یارمەتیشمان دەدات کە دیاردەی پۆپۆلیزم لە بزووتنەوەیەکی جەماوەری یان پارتێکی سیاسی یان حکوومەتێک و ڕژێمێکی دیاریکراو کورت نەکەینەوە، بەڵکو دەکرێت بە پلەی جیاواز سوود لەم ستایلە سیاسییە وەربگیرێت.

دیدگای تەدریجی (gradational approach) ڕێگا بە مەیلە پێوەرییە (نۆرماتیڤە) ناڕاستەوخۆکانی توێژەران نادات بە ئاسانی ناسنامەی پۆپۆلیزم بەسەر ئەم یان ئەو کەس و لایەن بسەپێنن، لەبری ئەوە دان بەوەدا دەنێت کە هەندێک لەو ئەکتەرانەی کە بە شێوەیەکی باو بە ‘پۆپۆلیست’ ناوزەد دەکرێن، لە ڕاستیدا ڕەنگە ئەوەندە پۆپۆلیستی نەبن کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە، کاتێک بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت. لە کاتێکدا ئەکتەرەکانی دیکە، بە تایبەتی ئەوانەی کە بەزۆری ڕەوتی سیاسی باو دادەنرێن، لە ڕاستیدا ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان کەڵک لە ستایلی پۆپۆلیستی وەربگرن.

 

 

*عەبدولسەمیع محەمەد، مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەددین و خوێندکاری دکتۆرا لە بواری کۆمەڵناسی. ئەزموونی کارکردنی هەیە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە تایبەتی لە بواری مافەکانی کرێکاران و ئازادی کاری سەندیکایی. ژمارەیەک توێژینەوەی بڵاوکراوەی پەیوەست بە مافەکانی کرێکاران و بوارەکانی تری وەکوو  بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕۆیی و ناوچە کێشە لەسەرەکان هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...