ژینگه‌هه‌واڵ

تیمی گۆیژە بپارێزە: حکوومەت بووەتە پاسەوانی ژمارەیەک بەناو سەرمایەدار

زیاتر لە ٢٥٠ ڕێکخراو و چالاکانی مەدەنی و سیاسی و نووسەر و شارەزا، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە، بەتوندی ڕەخنە لە تێکدانی شاخی گۆیژە بەناوی پڕۆژەی نیشتەجێبوونەوە دەگرن و ڕایدەگەیەنن “حکوومەت بووەتە پاسەوانی ژمارەیەک بەناو سەرمایەدار و بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو ڕێکخراو و کەسایەتییانە، کە لە چوارچێوەی “تیمی گۆیژە بپارێزە” خۆیان ڕێکخستووە، لە بەیاننامەکەیاندا پێداگیری لەسەر “عەقڵیەتێکی بەرژەوەندیخوازی سەرمایەداری” لە هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن: “تاکە ئامانجی پڕکردنی گیرفانی خۆیەتی و لە بەرانبەردا دەستی تەماحکارانەی لە قوڵایی زەوی گیرکردووە و تا ئاستی پایەماڵکردنی دۆڵ و دادڕین و نەهێشتنی شاخەکانی کوردستان هەنگاوی ناوە”.

 

دەقی بەیاننامەی تیمی گۆیژە بپارێزە:

 

ئێمە وەک بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزیی، چالاکوانانی مەدەنیی، مامۆستایانی زانکۆ، نووسەران، هونەرمەندان و چین و توێژە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان؛ دەنگی ناڕەزایی و توڕەیی خۆمان هەڵدەبڕین بەرانبەر بەو دەستدرێژیی پێشێلکارییانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە ڕەگەزەکانی سرووشت و دایکە زەوی دەکرێت.

تیمی “گۆیژە بپارێزە” ئەو عەقڵییەتە بەرژەوەندییخوازە سەرمایەدارییە شەرمەزار دەکات کە تاکە ئامانجی پڕکردنی گیرفانی خۆیەتی و لە بەرانبەردا دەستی تەماحکارانەی لە قوڵایی زەوی گیرکردووە و تا ئاستی پایەماڵکردنی دۆڵ و دادڕین و نەهێشتنی شاخەکانی کوردستان هەنگاوی ناوە!

بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم پێشێلکارییە گەورەیە، کۆمپانیا تەماحکارەکان پاساوی جیاواز و ناڕاست دەدەن بە گوێی خەڵکیدا وەک ئەوەی دروستکردنی ئەم یەکە نیشتەجێبوونانە و شاری خەونەکان بۆ سوودی گشتی و چینە کەمدەرامەتەکانی ئەم هەرێم بێت، لە کاتێکدا ئەو یەکەی نشتەجێبوونانە تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن ببن بە خاوەنی کە لە کەمینەیەکی دەوڵەمەندی ئەم هەرێمەن و خاوەنی کۆمپانیاکان و کەمینەیەکی سەرمایەدار، کە تاکە ئامانجیان کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەیە، هەر ئەوانەشن کە دەستیان بەسەر بازاڕ، زانکۆ، نەخۆشخانە، ئاو و هەوا و سەرچاوەکانی سرووشتی ئەم هەرێمەدا گرتووە.

ئێمە ڕەخنەی جیدیی لەو عەقڵییەتە دەگرین و شەرمەزاریی دەکەین کە پێی وایە پێویستە شاخێکی ڕووتەڵ بکرێت بە یەکەی نیشتەجێبوون! لە کاتێکدا ئەو زەوییە خاوەنی چەندین کانیی و کارێز بووە، لەنێوانی ئەو گردەی ئێستا دەکرێتە یەکەی نیشتەجێبوون حەوز و ئاوی  زوڵاڵ و زۆر هەبوون کە زیاتر لە هەشت دۆنم باخی هەنجیر و قەیسی، قۆخ، توو و درەختی تری تێدا بووە. خەڵکی گوندی ئەو دەوروپشتە یادەوەریی خۆیان لەگەڵ ئەو کانیی و باخانەدا هەبووە.

هەموو شاخ، دۆڵ و کانیی و کانیاوێک بەشێکە لە یادەوەریی ئەم میللەتە و ئێمەی کورد هەمیشە شانازییمان بە بوونی شاخەوە کردووە و وەک هێمایەک بۆ بەرگریی و پشتوپەنای خۆمان پەنامان بۆ بردوون. بۆیە سڕینەوەی ئەم یادەوەرییانەی خەڵک و دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بەشێکە لە سڕینەوەی ناسنامەی کورد و ئەو هێمایانەی کە بەشێک بوون لە سیستمی بەرەنگاریی و پشتیوانییمان.

ئەم پرۆژەیەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هەموو ڕێکارێکی یاسایی بۆ تەواو کراوە و مۆڵەتی پێدراوە، ئەمەیش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە حکومەت بووە بە پاسەوانی ژمارەیەک بەناو سەرمایەدار و بەرژەوەندیی ئەوان دەپاریزێت.

ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە حکومەت هیچ پاساوێکی یاسایی و ئابووریی و ژینگەیی بەدەستەوە نییە بۆ درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە بەرانبەر سڕینەوەی شاخێکدا!.

قڕکردنی هەمەچەشنەی زیندەوەر و ڕووەک و گیانلەبەرەکان لەپێناو دابینکردنی بلۆک و کاشیی بۆ چینێکی دەوڵەمەندی ئەم هەرێمە؛ بە پاساوی درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ چینێک کە زۆرینەیان کەس نازانێ بە چی دەوڵەمەند بوون، کە سەرەنجام کۆی قازانجی ئەم پرۆژانەش دەچێتە گیرفانی کەمینەیەکەوە کە خۆیان و خێزانەکانیشیان لەم هەرێمەدا ناژین و لەسەر قووتی خەڵکی هەرێمەکە هەر ڕۆژەی لە وڵاتێکی ئەوروپییدا نیشتەجێ دەبن.

بۆیە لە ڕێگەی ئەم بەیاننامەیەوە بانگەواز لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکەین پاڵپشتی تیمی “گۆیژە بپارێزە” بکەن کە ئامانجی سەرەکیی وەستانەوەیە بەرانبەر هەر پیشێلکارییەک کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بەرانبەر بە ژینگە و سرووشتی شار و شارۆچکەکانمان، لە ئێستادا پەیام و ئامانجی سەرەکییمان دۆخی شاخی گۆیژەیە وەکو دەسپێکێک بۆ ڕاگرتنی کۆی پێشلکاریی و دەستدرێژییەکانی دیکە بۆ سەر ژینگە و سرووشتی هەموو هەرێمی کوردستان و کوردستانی گەورە لە داهاتوودا.

هەنووکە، هەموو هەوڵێکمان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندییدارەکان:

یەکەم؛ دەستبەجێ هەموو ئەو پرۆژانەی لە بناری گۆیژەدا هەن ڕابگیرێن بە چاوپۆشیی لەوەی چ سەرمایەدار و کۆمپانیایەک جێبەجێی دەیکات.

دووەم؛ پێویستە هەموو دامەزراوە یاسایی و جێبەجێکارە بەرپرسەکانی حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی یاسای ژمارە (٨)ـی ساڵی (٢٠٠٨)ـەوە ڕێگریی لە هەموو ئەو پێشێلکارییانە بکات و ڕەزامەندیی نەدات بەو پڕۆژانەی پێشێلکاریی بەرانبەر ژینگە دەکەن.

سێیەم؛ لێپرسینەوە لە فەرمانگەی ژینگە بکرێت کە چۆن ڕێگەی داوە ئەم پیشێلکارییە لە گۆیژەدا بکرێت؟.

چوارەم؛ لیژنەیەک لە لایەن شارەزایانی شارەوانیی و یاسایی و ژینگەیی و ئابوورییەوە پێک بهێنرێت بۆ ڕاگرتنی هەموو ئەو پرۆژانەی پێشێلکاریی دەکەن.

پێنجەم؛ پێویستە دەستەیەکی تایبەت لە ژینگەناسان، یاسایی، ئابوورییناسان، شارەزایانی کشتوکاڵ و تەلارسازیی، جیۆلۆجیی و شوێنەوارناس و کەسانی دیکەی دڵسۆز پێک بهێنرێت کە بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و هەر پرۆژەیەکی دیکە لە داهاتوودا کۆی لایەنەکانی ئەو زەوییانەی دەدرێنە وەبەرهێنەران هەڵبسەنگێنن ئینجا مۆڵەتی کارکردنیان پێ بدرێت.

شەشەم؛ بەو پێیەی هەموو یاساکانی عێراق بە یاسای وەبەرهێنانی ئاماژەبۆکراویشەوە لەژێر چاودێری دەستووری دادگای فیدراڵییدان و لە دەستووری عێراقیشدا بەپێی ماددەی (۲٦) کە دەڵێت: “وەبەرهێنان لەلایەن دەوڵەتەوە ئیدارە و پاڵپشت دەکرێت و یاسای بۆ دەردەکرێت”، هەروەها مادەی (۲۷) بڕگەی یەکەم “ماڵی گشتیی دەبێت بپارێزرێت و پاراستنی واجبە لەسەر هەموو هاوڵاتییەک”؛ کەواتە نابێت وەبەرهێنان بە جۆرێک بێت بەهەدەردان و بەخشینەوەی زەویی و داهاتی تێدا بێت وەک ئەوەی لە یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.. لێرەدا دەپرسین دەرچوواندنی یاسایەک بەو جۆرە لە هەرێم کە زەویی و شاخ و باخ و سەوزایی کردۆتە بەخشش بۆ وەبەرهێنەران و لە سایەیدا بوونەتە ملیۆنەر و ملیاردێری دۆلار لەسەر موڵک و زەویی دەوڵەت پێچەوانەی دەقەکانی ئەو دەستوورە نییە؟

تیمی (گۆیژە بپارێزە) لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤، لە شاری سلێمانی پێک هێندرا، ئەم تیمە بایەخ دەدات بە لایەنەکانی (ژینگە و ڕەگەزەکانی، جیۆلۆجیی، شوێنەوار و یاسایی) ئەو پرۆژانەی ئێستە لە گۆیژە کاردەکەن و مەترسییەکانی ئاشکرا دەکات. لەم چوارچێوەیەدا هەوڵەکانی بەگەڕدەخات لە ڕێگەی چالاکی مەدەنییەوە لە پێناو ڕاگرتنی ئەو پرۆژەیەدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...