هه‌واڵ

مەریوان قەرەنی: عێراق بە مووچەی خەڵکی کوردستان کورتهێنانی بودجەکەی پڕ دەکاتەوە

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، نرخی نەوت دابەزیوە و عێراق لە جیاتی یەدەگی بانكی ناوەندی، بە دەستبردن بۆ مووچەی خەڵكی كوردستان كورتهێنانەكەی پڕ دەكاتەوە.

 

مەریوان قەرەنی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥ەوە كە زیاتر لە ١٥ ڕۆژ دەكات، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستانی ئاڕاستەی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق كردووە، كەچی بەداخەوە تا كۆتایی دەوامی ڕۆژی پێنجشەم ٨ی ئایاری ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی عێراق نەك هەر هیچ بڕە پارەیەكی بۆ مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی كوردستان نەنارد، بەڵكوو نووسراوی خەرجكردنی پارەی مووچەش لە لایەن وەزارەتی داراییەوە واژۆ نەكرا كە ئەمە جێی نیگەرانییەكی زۆرە.

 

زیاتر دەڵێ: “ئێمە دەزانین كە حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق مووچەخۆرانی كوردستان بە هاووڵاتیی عێراقی نازانن، بۆیە هەر كاتێك حەزیان لێی كرد، بە ئارەزووی خۆیان مووچەی خەڵكی كوردستان دوادەخەن، بەڵام وادیارە كە لە عێراقدا هیچ بەها و ڕێزێك بۆ دامەزراوەكانی خودی ئەو وڵاتەش نەماوە و حكوومەتی فیدڕاڵی ڕێز لە بڕیاری دادگای ئیتیحادیی عێراق ناگرێت”.

 

لەو ڕوانگەیەشەوە دەڵێ: “ئەگینا خۆ بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی ڕوون بوو كە دەبێت مانگانە هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانیش دابەش بكرێت. ئەرێ گەلۆ، ئێستا كە لە عێراقدا مووچەی خانەنشینان و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی بۆ مانگی پێنج دابەش دەكرێت، كەچی هێشتا مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی كوردستان نەدراوە، ئەمە وەك یەك دابەشكردنە؟”.

 

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە: “بەداخەوە هەندێك كەس لە هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی نۆكەرایەتییان بۆ عێراق، پاساوی جۆراوجۆر بۆ دواخستنی مووچە لە لایەن بەغدا دەهێننەوە، هەندێك باسی داهاتی ناوخۆ یان بابەتی دیكە دەكەن، لە كاتێكدا هەموو ئەم پاساوانە درۆ و دەلەسەن، بەڵكوو حەقیقەتەكە ئەوەیە كە عێراق پێی حەیفە مووچە بۆ خەڵكی كوردستان بنێرێت و هەر كاتێك داهاتەكانی عێراق كەم ببێتەوە، بەغدا لە جیاتی ئەوەی دەست بۆ بەكارهێنانی پارەی یەدەگی خۆی ببات، دەست بۆ مووچەی خەڵكی كوردستان دەبات و كورتهێنانەكەی پێ پڕ دەكاتەوە”.

 

دەشڵێ: “پێویستە هەموو كوردێك لە هەر شوێنێكن، بەو شێوەیەی كە دەتوانن فشار بكەنە سەر حكوومەتی فیدڕاڵی و هەموان بپرسن ئاخۆ خەڵكی كوردستان بە هاووڵاتیی عێراق دەزانن یانیش بە بیانی؟ چونكە ئەگەر هاووڵاتیی عێراقن، دەبێ لە مافیشدا چونیەك بن، ئەگەریش بیانی، ئەوا گەلی كورد پێویستە مافی ئەوەی هەبێت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات!”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button