پشتیوان جەلال
ئەمە هەروا بڕیارێکی ئیداریی ئاسایی نییە، ئەمە کێشەی گەورەی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، چونکە ئەوان مۆڵەتیان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستانەوە پێدراوە و باجەکانیشیان بەوێ دەدەن.
ژمارەی ئەو کارگانەی بە بچوصک و مامناوەند و گەورەوە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و مۆڵەتیان پێدراوە بەم جۆرەیە:
– هەولێر (هەزار و 897 کارگە)
– سلێمانی (هەزار و 844 کارگە)
– دهۆک (94 کارگە)
کۆی گشتیی کارگەکان (3 هەزار و 835 کارگە) ژمارەی فەرمی.
“هەموو کارگە گەورە و مامناوەندەکانی هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەی 80% پشت بە ناوەڕاست و خواروصی عێراق دەبەستن”، قسەم لەگەڵ چەند کارگەیەک کردووە و وایان پێ گوتووم.
ئێستا ئەگەر کاڵا و بەرهەمێک لە کارگەیەکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم هێندرابێت، ناتواندرێت هەناردەی سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق بکرێت، تەنها دوو ڕێگا لە بەردەستە.
ڕێگای یەکەم- دەرکردنی مۆڵەتی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق، ئەمەش کاتی زۆری دەوێت و ڕۆژانە هەزاران دۆلار زیان بە کارگەکانی ناوخۆی هەرێم دەکەوێت تا ئەو مۆڵەتە دەردەکەن، ئەگەر دەریشی بکەن، ئەوا دەبێت باج بدەن بە بەغدا؛ ئایا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بەوە ڕازییە؟ وەڵامەکە لای خۆیانە.
ڕێگای دووەم- لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، وەک بەروبوومێکی بیانی حسابی بۆ بکرێت و گومرگ بدرێت، ئەوەش نرخی بەرهەمەکە بەرز دەکاتەوە و لە بازاڕەکانی عێراق کێبڕکێی پێناکرێت و کەس نایکڕێت.
هەر ئەمانە نین، تەنها دوو بازگەش دیاری کراون کە لە هەرێمی کوردستانەوە شمەک و کاڵا و بەرهەم هەناردەی عێراق بکرێت ناوخۆ بێت یان هاوردەکراو، ئەوەش کێشەی گەورەی بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدان، هەرێمی کوردستان، لەڕووی کارگەکانی پێشەسازییەوە ڕووی لە گەشە کردووە و خەریکە ژێرخانی پیشەسازییەکەی بەهێز دەبێت، بەڵام ئەم هەنگاوەی بەغدا دۆخەکە پێچەوانە دەکاتەوە.
بڕیارەکە بۆ کارگەکان و دۆخی ئابووریی هەرێمیش ئاسان نییە، چونکە بە پەککەوتنی کارگەکان هەزاران کەس بێکار دەبن و زیانی گەورەش بەر ژێرخانی ئابووریی هەرێم دەکەوێت.